میدیاو سۆشیال میدیا
4 ساڵ لەمەوپێش
ئالان عەتوف*
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی هەواڵی ناو میدیای کۆمەڵایەتی نەبوونی ستراکچەری تەحریر یان دەستەی نووسینە کە ئەرکی پیاچوونەوەی دەقەکانی هەواڵ و راو سەرنجە هەر لە دەستنیشانکردنی هەڵەی رێنووسەوە بیگرە هەتاکو دەستنیشانکردنی هەڵەی ئەخلاقی رۆژنامەنووسی و دیاریکردنی پرەنسیپە سەرەتاییەکانی رۆژنامەنووسیی وەک بێ لایەنی، وەرگرتنی بۆچوونی هەردوولایەنی کێشەکە، دوورکەوتنەوە لە تۆمەتبارکردن و بابەتی بوون و هتد. ئەم ستراکچەرەی تەحریر پایەیەکی گرنگی دەزگای میدیاییە تاوەکو رۆڵی دادگا نەبینێت و کوێرانە خەڵکی پێ مەحکەمە نەکرێ.
ئەوەی مەترسیدارە، سۆشیال میدیا ئەم ستراکچەرە و ئەم فلتەرە هەرە گرنگەی تێکشکاندووە. مەبەستم لە میدیای ناو سۆشیال میدیا هەواڵ و ووتاری ئەو ماڵپەڕە ئەلکترۆنیانە نین کە ئەوانیش مەفروزە خاوەنی ئەو ستراکچەرەی تەحریر بن. زیاتر مەبەستم هەواڵی پەیج و هەواڵی ئەکاونتەکانی فەیسبوکە بە نموونە. بەهۆی نەبوونی ئەم فلتەرەوە، میدیای ناو سۆشیال میدیا کێی بوێت تەشهیری پێ دەکات، چی بوێت لەسەر هەر کەسێک دەیڵێت و بڵاوی دەکاتەوە. راستە هەنێ هەوڵ هەیە بۆ نموونە لە فەیسبوک دەتوانی خەڵکێک کە هەنێ هێڵێ ئەخلاقی تێدەپەڕێنێت (ریپۆرت) کرێن و ئەکاونتەکانیان داخرێت (کە بڕیاری ئەخلاقی بوونی و نەبوونی بڵاوکراوەیەک شتێکی رێژەییشە)، بەڵام ئەم هەوڵە هێزێکی زۆر گەورەی نیە تا جێگەی ئەو ستراکچەرەی تەحریر بگرێتەوە کە میدیای تەقلیدی هەیەتی. دەستەی تەحریر دەستوورێکی خۆی هەیە کە لە باشترین حاڵەتدا دەبێ پێ بە پێ لەگەڵ پێورە نێودەوڵەتیەکانی ئەخلاق و پرەنسیپەکانی رۆژنامەنووسیدا بڕوات. هەواڵی سۆشیال میدیا ئەم دەستوورەی نیە سەرباری ئەوەی دەزگاکانی سۆشیال میدیا هەنێ سیاسەتی گشتیان هەیە کە نابێت بەکارههێنەرانیان لێی لابدەن بەس ئەمە زۆرینەی خەڵک ناگرێتەوە. هەتا دوو ئەکاونت و پەیچی فەیسبول دادەخرێت لەسەر تەشیهر یان رەگەزپەرستی، هەزاران پۆستی خراپی تر بڵاوکراونەتەوە.
باشترین نموونەی بێ ستراکچەری لە بڵاوکردنەوە و رۆژنامەنووسی ئۆنلایندا بڵاوکردنەوەی فایلەکانی ویکی لیکس بوون کە جولیان ئاسانژی دامەزرێنەری بێ گوێ دانە پاراستنی سەلامەتی سەدەها کەس کە حکومەتی ئەمریکی چاوپێکەتنی لەگەڵ کردبوون، ناوەکانیانی بڵاو کردنەوە و ژیانی چەندین کەسی چالاکوانی مافی مرۆڤ و میدکاری چەوسێنراوی خستە مەترسیەوە.
میدیای خاوەن ستراکچەری تەحریر دەرگیرە لەگەڵ فاکت و ئەو زانیاریانەی دڵنیاییان لێ کراوەتەوە و وەک راستی وەر دەگیرێت. ئەم ستراکچەرەش ناهێڵێت میدیا ببێتە دەستەمۆی هیچ ئەجێندە و لایەنێك.
هەردوو رۆژنامەنووسی بە ئەزموونی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریکی کارل بێرنیستین و بۆب وودۆرد، کە راپۆرتەکانیان سکانداڵی واتەرگەیتیان بۆ خەڵک ئاشکرا کردوو و بووە هۆی لەسەر کارلابردنی ریچارد نیکسنی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، لەباری میتۆدی کارکردنیان هەمیشە دەڵێن، رۆژنامەنووسی و ریپۆرتینگ «باشترین ڤێرژنی حەقیقەتە کە دەتوانی بەدەستی بێنیت». بە دڵنیاییەوە من لام وایە پاراستنی ستراکچەری تەحریر، کە سۆشیال میدیا خاوەنی نیە، ئەم ووتەیە بەدی دەهێنێت گەر پەیڕەوی ستانداردە ئەخلاقی و رۆژنامەنووسیە نێو دەوڵەتیەکان بکات.
میدیای چاک ئەو میدیایەیە کە ئەم ستراکچەرە ئەپارێزێ و ناچێتە خزمەتی هیچ ئەجێندایەکی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، ئاییینی، بازرگانیەوە. بە کورتی میدیای چاک بەهۆی ئەم ستراکچەرەی تەحریرەوە جیا ئەکرێتەوە لە دامودەزگاکانی پروپاگەندە. ئەمەش ئەو جیاکەرەوەیەیە کە پەیج و میدیای ناو سۆشیال میدیا نیەتی.
*پسپۆڕی کۆمینیکەشن و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی