خیانەت و کوردایەتی
4 ساڵ لەمەوپێش
بهیار ملازم عومهر
لەساڵانی (٩٠)کاندا پارتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلی بەدەستەوە بوو، چەندین کادری سیاسی و ئیعلامی حزبی شیوعی و هەندێک لەو حزبانەی چەکداریان کەم بوو، پارتی فشاری لێدەکردن، بوون بە پارتی.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتری پارتی و ماڵبات بەرەنجامی دەستگرتن بەسەر داهاتی نەوت و گازدا، پارەیەکی بێشومار کەوتە دەستیان و توانای کڕینیان زیادی کرد. ئەمە وایکرد کە ئەم جارە دەستبدەنە کڕینی کادری باڵای حزبە سەرەکیەکان کەخۆیان داناوە بۆ فرۆشتن.
سەرەنجام چەند کەسێک لەئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، وەزیر و پەرلەمانتاری گۆڕان سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو پارتی. هەروەها چەندین کادری ئیعلامی هەردوولا سەنگەریان گواستەوە بۆ کەناڵەکانی رووداو و K24.
ئەمە چەند خەتای پارتییە کە خەڵک وەک کاڵا سەیردەکات و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکات، ئەوەندەش خەتای یەکێتی و گۆڕانە یان نەشارەزابوون لەهەڵسەنگاندنی خەڵکداو نەیانتوانیوە بەدواداچون بۆ کەسایەتی و رەگوڕیشەی ئەوانە بکەن کە پۆستیان دەدەنێ، یان بەپێچەوانەوە، بەدواداچوونیان کردووە و خاڵی لاوازیان زانیون، بۆیە پلەی باڵایان داونەتێ بۆ ئەوەی ملکەچ و گوێڕایەڵیان بن؟!
کەسێک کەبڕیای ملکەچبون و گیرفانپڕکردنی دا، دواجار لای ئەو حزب و ماڵباتە دەگیرسێتەوە کە زۆرترین پارەو دەسەڵاتی لایە، کە لەکوردستاندا پارتی و ماڵباتیی بارزانییە. کەواتە هەڵبژاردنی کادر بۆ پۆست لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەڵی هەر ئەمەی لێدەکەوێتەوە کە دەیبینین.
بەڕای من نابێت تەنها گلەیی لەملکەچ و بەرژەوەند پەرستەکان بکەین، دەبێت گلەیی لەوانە بکەین کە ئەم ملکەچانەیان بەدڵە و خستیاننە پلەو پۆستی باڵاوەو دواتر سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو پارتی و هێندەی تر متمانەی خەڵکیان بەسیاسەت لەم دەڤەرە کاڵکردەوە. لەهەموو وڵات و کۆمەڵگایەکدا خەڵکی ملکەچ هەیە، بەڵام هەرگیز پۆست و پلەی باڵایان پێنادرێت، چونکە گەندەڵی و بێمتمانەیی بڵاودەکەنەوە.
ئەوانەی سەنگەریان گواستۆتەوە، هەوڵدەدەن لەپارتیە رەسەنەکان پارتی تر بن. لەخۆبردنە پێشەوەو ریاییدا بۆ ماڵباتی بارزانی داهێنان دەکەن؛ بەجۆرێک کەڕێگەی چونەپێشەوەی پارتیە رەسەنەکانیان زەحمەت کردووە.
ئەمانە ئێستا لەهەولێر پاڵیانداوەتەوەو موچەو خانەنشینی خەیاڵی و خانوو زەوییان لەشوێنە گرانەکانی هەولێر وەرگرتووە، ئاگایان لەدۆخی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و پشدەرو بتوێن نیە. بەمەرجێک بەدەنگی خەڵکی ئەم سنورە بوون بە مەکتەب سیاسی و وەزیرو پەرلەمانتار.
کەکار دێتە سەرئەوەی خەڵکی ئەم سنورە داوای مافی خۆیان بکەن و بیانەوێت فیدراڵیەتی پارێزگاکان پەیڕەوبکەن و داهات و دەسەڵات و شکۆ بۆ ئەم سنورە بگەڕێننەوە، تازە پارتیەکان دەکەونە باسی کوردایەتی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەمانەی نەیانتوانیوە یەک مۆڕاڵ و یەک مەبدەئی و یەک ویژدان بن، ئەی ئێستا بە چ روویەکەوە داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەکەن. ئەوەی خیانەت لەخەڵک و خاکێک بکات، چیتر مافی نیە قسە لەسەر ئایندەی بکات.
ئەوان لەسایەی ئەم دزی و تاڵانیەی ناوی نراوە کوردایەتی و سەربەخۆیی ئابوری، ژیان و گوزەرانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان و کەسوکاریان لەهەولێری پایتەخت فەراهەم کردووە، خراپی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەم سنورە بۆ ئەوان هیچ نرخێکی نیە.
ئێستا لەبازگەکانی پارتی هەر کەسێک ناسنامەی پارێزگای سلێمانی پێبێت لەدێگەڵە ناهێڵن داخڵی هەولێر بێت و دەیگێڕنەوە. ئەمەیان پارچەکردنی ئەو کیانە نیە کەگوایە بەلای تازە پارتییەکانەوە پیرۆزە. کەواتە بۆ لەئاست ئەم زوڵم و پارچەکردنەی هەرێمدا بەدەستی پارتی بێدەنگن؟!!
ئەگەر دیقەت بدەین لەکاتی ئاڵۆزبوونی کێشەی نێوان پارتی و حزبەکانی ترو دەستپێکردنی شەڕی ئیعلامی، هەرگیز بارزانییەک یان پارتیەکی رەسەنمان نەبینی بێتە سەر تیڤی و شەڕە جوێن بکات و سوکایەتی بەحزبەکانی ترو خەڵکی ئەم دەڤەرە بکات. بەڵکو تەنها تازە پارتییەکانن هەڵدەستن بەو کارە.
جێی تێڕامانە کەسانێک روویان بێت و ماف بەخۆیان بدەن قسە لەسەر چارەنووسی خەڵک و خاکێک بکەن کەپێشتر خیانەتیان لێکردووە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەوەیە کە خەڵکی ئەم سنورە بڕیاریدا، هیچ هێزو تەوژمێک ناتوانێت رایبوەستێنێت، چجای ئەو کەسانەی لەشەرمەزاریدا روویان نایەت رووبکەنەوە ئەم سنورە.
پارتی لەسەر ئەرزی واقع خەڵکی کوردستانیان لەیەک دابڕاندووەو خاکیان پارچەپارچە کردووە؛ کەرتەکانی پەروەردەو تەندروستی و تەنانەت دادگاو ئابورییان کردوە بەدوو پارچەوە. لەهەموو روویەکەوە وڵاتەکەیان کردووە بە دوو زۆنەوە. ئەوەی لەم زۆنەدا ئیش بکات ناهێڵن لەزۆنی زەردا ئیشبکات. بەپراکتیک میللەتەکە و حکومەت و دامودەزگاکانیان کردووە بە دوو بەشەوە، بەڵام لەڕووکەش و رواڵەتدا باسی یەکپارچەیی خاکی هەرێم و یەکڕیزیی حزبەکان دەکەن.
پارتی بەعەمەلی (٥٠) ساڵە ئیش بۆ ئەم پارچەکردنە دەکات، لەدوای راپەڕینیش لەسەر ئاستی ئیدارەو حکومڕانی کاری بۆ دەکات. ئێستاش کە دەسەڵات هەمووی لای پارتییە، کەس ناتوانێت رێگری لەم پارچەکردنە بکات.
تەنها چارەسەر بۆ ڕێککردنەوەی ئەم دۆخە پەیڕەوکردنی فیدراڵییەتی پارێزگاکانە بەپێی دەستوری عێراق کە بە دەنگ و ڕەزامەندی کورد تێپەڕیوە.
هەرێمی سلێمانی دەسەڵاتەکە دەکات بەدوو بەش، بەڵام هەنگاوێک دەبێت بۆ یەکبوون و کۆکردنەوەی میللەتەکەمان لەئایندەدا. هەموو ئەزمونەکانی فیدراڵیش لەجیهاندا بۆ یەکبوونی میللەتان بووە.