بزوتنه‌وه گۆڕان له‌به‌رده‌م سه‌نگى مه‌حه‌کدا
4 ساڵ لەمەوپێش
عومه‌رى حاجى عینایه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌یی
شادڕه‌وان نه‌وشیروان مسته‌فا دواى بێئومێدبوونى له‌پڕۆسه‌ى ریفۆرمى ناو یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان، ساڵى 2009 به‌مه‌به‌ستی به‌گژداچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و نادادى کۆمه‌ڵایه‌تی، داهێنانى حوکمى ره‌شید، هه‌ڵبژاردنى پاک، دابِڕینى ده‌سه‌ڵاتى حزب له‌حکومه‌ت، به‌پشتیوانى ژماره‌یه‌ک هاوسه‌نگه‌رى دێرینى خۆى و هه‌ندێک له‌ڕۆشنبیران که‌پێشتر هیچ پێشینه‌یه‌کى حزبى یان یه‌کێتیبوونیان نه‌بوو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕ‌انى راگه‌یاند، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه بووه جێگاى ئۆمێدى جه‌ماوه‌رى سته‌مدیده‌ى خه‌ڵکى کوردستان و به‌شێوه‌یه‌کى چاوه‌ڕواننه‌کراو ده‌نگده‌رانى لێ کۆبووه‌وه، به‌تایبه‌ت دواى 17ى شوباتى 2011، خه‌ڵک هاوکارى ماددى و مه‌عنه‌وى به‌رچاویکردن، له‌ساڵى 2009، (25) کورسى و له‌ساڵى 2013 (24) کورسى په‌رله‌مانى کوردستانى به‌ده‌ستهێنا، نهێنى سه‌رکه‌وتنى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردنى به‌ره‌ى خه‌ڵک بوو به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سته‌مکار، ئه‌م سه‌رکه‌وتنه تاکۆتایى خولى سێهه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌رده‌وامبوو، واته تا ئه‌وکاته‌ى بزوتنه‌وه‌که له‌به‌ره‌ى خه‌ڵکدا بوو.
له‌گه‌رمه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى خولى چواره‌مى په‌رله‌مان ساڵى 2013 نه‌وشیروان مسته‌فا دروشمى به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتى به‌رزکرده‌وه‌ِ، ئه‌م دروشمه وایکرد جۆرێک له‌پاشه‌کشه به‌ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌وه دیاربێت له (25) کورسیه‌وه بوو به (24) کورسی، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى گۆڕان نه‌یتوانى خۆى حکومه‌ت پێکبهێنێ، یان جڵه‌وى پێکهێنانى حکومه‌ت به‌ده‌ستبهێنێ، سووربوو له‌سه‌ر به‌شدارى له‌حکومه‌ت، لێره‌وه بزوتنه‌وه‌که ده‌ستى به‌پاشه‌کشه کرد، له‌برى به‌ره‌ى خه‌ڵک که‌وته به‌ره‌ى ده‌سه‌ڵات، ئه‌ندامه‌کانى تووشى جۆرێک له‌شپرزه‌یى بوون، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانى خولى چوار وه‌ک ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵسوکه‌وتیان ده‌کر، له‌ولاشه‌وه تیمى حکومه‌ت وه‌ک به‌شێک له‌ده‌سه‌ڵات ره‌فتاریان ده‌کرد، پاش تێپه‌ڕبوونى که‌متر له‌یه‌ک ساڵ به‌سه‌ر پێکهاتنى کابینه‌ى هه‌شت، دڵنیابووین که‌به‌شداریمان له‌حکومه‌ت هه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌بووه، له 30/9/ 2014 به‌نده‌و دکتۆر شێرکۆ حه‌مه‌ئه‌مین وه‌ک نوێنه‌رانى خه‌ڵک له‌بانگه‌وازێکدا داوامان له‌گۆڕان کرد له‌حکومه‌ت بکشێته‌وه، له‌گه‌ڵ مه‌ڕحومى کاک نوشیروان کۆبووینه‌وه، ده‌سخۆشى کرد، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێکى بۆ کشانه‌وه نه‌نا.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌پێى داواکه‌ى ئێمه‌ى نه‌کرد له‌حکومه‌ت نه‌کشایه‌وه تا له‌ڕۆژى 12ى ئۆکتۆبه‌رى 2016 له‌حکومه‌ت ده‌رکرا، ده‌رگاى په‌رله‌مان داخرا، ئه‌زمونێکى تاڵمان بینی، دواى تێکچوونى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتی، رێکه‌وتنى ده‌باشان له‌گه‌ڵ یه‌کێنى مۆرکرا، به‌نده هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ ئه‌م رێکه‌وتنه نه‌بووم، باوه‌ڕم به‌دۆستایه‌تیکردنى یه‌کێتى هه‌بوو، نه‌ک رێکه‌وتن له‌گه‌ڵیان، له‌ڕۆژى ئاهه‌نگگیڕانى رێکه‌وتنه‌که له‌شارى جوان ئاماده نه‌بووم، به‌خودى کاک نه‌وشیروانم وت، نابێ سیاسه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماى په‌رچه‌کرداربێت، کاتێک له‌گه‌ڵ یه‌کێتى تێکده‌چین له‌گه‌ڵ پارتى رێکبکه‌وین، به‌هۆى تێکچوونمان له‌گه‌ڵ پارتی، بگه‌ڕێینه‌وه بۆلای یه‌کێتی، رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کێ؟! له‌گه‌ڵ حزبێک که به‌هۆى گه‌نده‌ڵى و نادادى ئه‌و حزبه‌وه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دروستبووه.
پاش تێپه‌ڕبوونى که‌متر له‌یه‌ک ساڵ به‌سه‌ر داخوازیه‌که‌ى ئێمه بۆ کشانه‌وه له‌کابینه‌ى حه‌وتى حکومه‌تى هه‌رێم، زۆربه‌ى ده‌سڕۆیشتوه‌کانى گۆڕان و لایه‌نگرانى گۆڕان خۆزگه‌یان ده‌خواست که‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ده‌نگ ئه‌و داوایه‌ى ئێمه‌وه بهاتایه، پێشئه‌وه‌ى پاشه‌کشه‌ى پێکرابا، خۆى پاشه‌کشه‌ى کردبا.
په‌ندێکى باوى کوردى هه‌یه ده‌ڵێ ( ئه‌گه‌ر یه‌که‌م جار خه‌ڵه‌تێنراى خوا بیانگرێ، ئه‌گه‌ر بۆ جارى دووهه‌م هه‌ر ئه‌و که‌سه خه‌ڵه‌تاندتى خوا خۆت بگرێ) عه‌ره‌به‌کانیش وته‌یه‌کى جوانیان هه‌یه ده‌ڵێن ( نابێت مرۆڤ له یه‌ک کوونه‌وه دوو جار مار بیگه‌زێ).
له‌سه‌روبه‌ندى کابینه‌ى نۆهه‌مدا پاش مشتومڕێکى زۆر بۆ به‌شداربوون له‌حکومه‌ت یان به‌شدارنه‌بوون، تاى ته‌رازوو به‌لاى ئه‌وانه‌دا شکایه‌وه که لایه‌نگرى به‌شداریکردنبوون، ئه‌وانه‌ى هانى به‌شداریکردنیاندا هه‌ر ئه‌وانه‌بوون، یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمیان له‌پشتى په‌رده‌وه ئاماده کردبوو، پێشئه‌وه‌ى خولى چواره‌مى په‌رله‌مان کۆتایى بێت ئه‌وان رێکه‌وتنیان بۆ کابینه‌ى نۆى حکومه‌ت کردبوو، ئه‌ویش به‌تێپه‌ڕاندنى ئه‌م یاسایه که‌خزمه‌تى به‌پارتى کرد، هه‌رچه‌ند سێ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى خولى چوار (به‌نده، دکتۆر شێرکۆ، په‌رواخانم) دژایه‌تى تێپه‌ڕاندنى ئه‌م یاسایه‌مان کرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى ژێر به‌ژێر کاره‌که کرابوو، دژایه‌تیکردنه‌که‌ى ئێمه به‌رهه‌مى نه‌بوو.
له‌سه‌ر بنه‌ماى راى زۆرینه بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى کابینه‌ى نۆهه‌مى حکومه‌تى کرد، بیانوش ئه‌وه‌بوو، که‌گۆڕانى پاش کاک نه‌وشیروان، وه‌ک گۆڕ‌انى سه‌رده‌مى کاک نه‌وشیروان نیه، بارى ئابورى خراپه، نانبڕاوێکى زۆرمان هه‌یه، یه‌کێتى دژایه‌تى ته‌وامان ده‌کات، ته‌قه‌یان له‌گرده‌که کربوو، ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ى که‌گۆڕان ده‌یه‌وێ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا باشتر بۆى جێبه‌جێ ده‌کرێت وه‌ک له‌وه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بێت، ئێمه‌ش بێده‌نگ بووین و پیرۆزباییمان لێکردن، تا ئه‌م ساته‌ش هیچمان نه‌وتووه
زیاتر له نۆ مانگ به‌سه‌ر ده‌سبه‌کاربوونى کابینه‌ى نۆى حکومه‌تدا تێده‌په‌ڕیوه، سه‌رۆک جێگر‌و وه‌زیره‌کانى ئه‌م کابینه‌یه هیچ وه‌عدو په‌یمانێکیان له‌وه‌ى که به‌خه‌ڵک و په‌رله‌مانیاندا جێبه‌جێ نه‌کرد، بارودۆخى کوردستان له کابینه‌ى پێشووى خۆیان خراپتر بووه:
- له‌سه‌ره‌تاوه سه‌رجه‌م ئه‌و پڕۆژانه‌یان کرده‌وه که‌پێشتر وه‌ستابوون، پاش تێپه‌ڕبوونى که‌متر له‌دوو مانگ و پێش سه‌رهه‌ڵدانى په‌تاى کۆڕۆناو دابه‌زینى نرخى نه‌وت، به‌بیانوى قه‌یرانى داراییه‌کى تر، پڕۆژه کۆنه‌کان و تازه‌کانیشیان وه‌ستاند، به‌مه‌ش خه‌ڵکى کوردستانیان بێئومێدتر کرد‌و خاوه‌ن کۆمپانیا خۆماڵیه بچوک و ناوه‌نده‌کانیان رووبه‌ڕووى زیانێکى گه‌وره‌تر کرده‌وه.
- بڕیاربوو سه‌رجه‌م داهاته‌کان بێته‌وه خه‌زێنه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى دارایی، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رچاوه‌ى داهاتى سه‌ره‌کى که‌نه‌وته لاى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌کانه، تائێستا بێ وه‌زیره، که‌س نازانێ کێ ده‌یبا به‌ڕێوه، هه‌رچه‌ند گومان زۆره ئاشتى هه‌ورامى له‌پشتى په‌رده‌وه ئه‌و وه‌زاره‌ته به‌ڕێوه‌ده‌بات، وه‌زیرى دارایى که سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه، چاوه‌ڕێى مه‌رحه‌مه‌تى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ى پڕۆژه‌کان دابین بکات.
- قه‌راربوو یاساى سندوقى داهاته نه‌وتى و گازییه‌کان، بکه‌وێته گه‌ڕ، به‌ڵام تائێستا حکومه‌ت خۆى لێ بێده‌نگ کردووه
- له‌کابینه‌ى هه‌شتدا زۆربه‌ى ناڕه‌زاییه‌کانى ئێمه‌ى په‌رله‌مانتار ئه‌وه‌بوو که‌داهاتى نه‌وت و گاز نا‌بێـت له‌بانکى کوردستانى ئه‌هلى بێت (که‌خاوه‌نه‌که‌ى خزمى نزیکى سه‌رۆکى حکومه‌ت بوو) پێویسته پاره‌که بچێته بانکه حکومیه‌کان، له‌ئه‌نجامى ئه‌م پڕۆسه نایاساییه‌دا له‌سه‌ر حسابى بودجه‌ى گشتى مانگانه ده‌یان ملیۆن دۆلار قازانج به‌کۆمپانیاى کوردستان ده‌گه‌یشت، ئه‌وه‌ى له‌م کابینه‌یه‌دا گۆڕا ته‌نها گواستنه‌وه‌ى پاره‌که بوو، له‌بانکى کوردستانى ئه‌هلیه‌وه بۆ بانکى ئار تی، ئه‌ویش بانکێکى ئه‌هلیه، گومان هه‌یه که خاوه‌نه‌که‌ى نزیکبێت له‌سه‌رۆکى حکومه‌تى تازه، قازانجێکى مانگانه‌ى به‌رچاو له بودجه‌ى گشتى ده‌بات، له‌کاتێکدا چاودێرى دارایى و ده‌سته‌ى ده‌سپاکى چه‌ند جار جه‌ختیان کردووه‌ته‌وه له‌نایاسابوونى دانانى ئه‌م پارانه له‌بانکه ئه‌هلیه‌کاندا، بۆچى جڤاتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، لێپێچینه‌وه‌ى له‌وه‌زیرى دارایى نه‌کرد له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه؟
- دواى قه‌یرانى دارایى ساڵى 2014 به‌دواوه‌و له‌کابینه‌ى هه‌شته‌وه‌و له‌به‌رنامه‌ى کارى ئه‌م کابینه‌یه‌شدا هاتووه که‌نابێت له‌مه‌ودوا حکومه‌ت ته‌نها پشت به‌نه‌وت وه‌ک سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌کى داهات ببه‌ستێیت و پێویسته سه‌رچاوه‌ى داهات زیاد بکات، به‌ڵام به‌شکانى نرخى نه‌وت ئه‌م کابینه‌یه ئه‌ژنۆى شکاو ئیعلانى مایه‌پوچى کرد‌و په‌ناى بۆ ئه‌و کۆمپانیا زه‌به‌لاحانه برد‌و قه‌رزى لێکردن که له‌سایه‌ى کابینه یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کاندا گه‌شه‌یان کرد‌و بوونه سه‌رمایه‌دارى زه‌به‌لاح ( ئایا وه‌زیرى دارایى وه‌ڵامى چى بوو له‌به‌رده‌م جڤاتى گشتى بۆ ئه‌م بابه‌ته؟!)، ئه‌گه‌ر لێپرسراو بێت!!
- له‌سه‌روبه‌ندى بانگه‌شه‌ى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیشه‌وه په‌یمانیاندا نه‌ک هه‌ر ده‌ست بۆ مووچه‌و قووتى مووچه‌خۆران نه‌به‌ن، پاشه‌که‌وته‌که‌شیان بده‌نه‌وه، به‌داخه‌وه به‌رگه‌ى ته‌نها ماوه‌ى یه‌ک مانگى دابه‌زینى نرخى نه‌وتیان نه‌گرت، دوو مانگى تر موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیان دواخست، مووچه‌یه‌کى قارسکراوى به‌ده‌ر له‌یاسایان پێدان، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه له‌بڵاوکراوه‌که‌ى جڤاتى نیشتمانى گۆڕاندا هاتووه، داوا ده‌کات، قارسکردنى مووچه با ته‌نها بۆ ئه‌م مانگه بێت، له‌کاتێکدا وه‌زیره‌که له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا بووه، له‌برى دڵنیاکردنى جڤات داوا له‌حکومه‌ت ده‌کات له‌کاتێکدا خۆى حکومه‌ته، تۆ بڵێى له‌وه‌زیرى داراییان پرسیبێت تۆ که له‌بزوتنه‌وه‌یه‌کى دژه نادادییه‌وه چوویته ئه‌وێ به‌چ یاسایه‌ک ئه‌م بڕینه‌ت کرد؟ بۆچى له‌برى بڕینى قووتى خه‌ڵک شه‌قێکت له‌کورسسیه‌که‌ى ژێرت هه‌ڵنه‌داو واژۆى ئه‌م بڕینه‌ت نه‌کردایه؟!!
- وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌که‌ى له‌مه‌ێ خۆمانه، په‌یمانیدا هیڵى شه‌مه‌نده‌فه‌ر بۆ شاره‌کانى کوردستان دابین بکات، گه‌ر من له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌بووم لێمده‌پرسی، ئایا له‌سه‌ر وه‌عدو په‌یمانى خۆت ماوی؟! نه‌ده‌کرا ئه‌و لێدوانه نه‌ده‌یت و سکه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌رکه بکه‌یته (مفاجأه) بۆ خه‌ڵک؟!
- ئایا جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان لێپیچینه‌وه‌ى له‌وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازیه‌که‌ى خۆی کردووه له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا؟! پێى بڵێ تۆ پلانت چی‌بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ى بازاێ بۆ به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌کانى ئه‌م هه‌رێمه،؟! جاران گله‌یى له‌جوتیارى کورد ده‌کرا که له‌ده‌سکێک که‌وه‌ره‌وه تا فه‌رده‌یه‌ک برنج له‌ده‌ره‌وه دێت ئێستا به‌سه‌دان هه‌زار تۆن (گه‌نم، به‌تاته، برنج، خه‌یار، شووتی، کوله‌که، خه‌یار) به‌رهه‌مدێت و که‌س کڕیارى نییه، پیشه‌سازى که‌رتى گشتى هه‌ر نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش حاڵى بازرگانى ئه‌م هه‌رێمه‌یه، ده‌بوو کاتێک له‌بێ بازاڕیدا جوتیاره‌کان به‌ده‌یان تۆن ته‌ماته‌و شووتى و چى و چی‌یان خسته ژێرپێیان وه‌زیره‌که‌ى له‌مه‌ێ خۆمان بێ سێ و دوو له‌حکومه‌ت وازى بهێنایه، ئه‌گه‌ر بازرگانى ئه‌مه حاڵى بێت و پیشه‌سازى که‌رتى گشتیش سفر بێت، ده‌بوو براده‌رانى جڤات له‌وه‌زیره‌که‌یان پرسیبا، گه‌لۆ ئه‌رێ تۆ وه‌زیرى چیت؟!
- له‌وه‌ته‌ى جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمه‌که‌ى سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ستى به‌کار کردووه چالاکییه‌کمان لێ نه‌دیوه، تۆ بڵیى چی‌یان له‌م پیاوه هه‌ژاره مووچه‌خۆره پرسى بێت؟ تۆ بڵێى رۆژانه له‌ده‌ربارى هه‌رێم چۆن کات به‌سه‌ربه‌رێت؟ ئه‌و جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمه بۆ کاروبارى سه‌ربازیی، ئێران به‌شێکى به‌رچاوى خاکى کوردستانى ده‌ڤه‌ره‌که‌ى ئه‌و کۆنترۆڵ کردووه، تورکیا به (40) کم سنورى بڕیوه، زیاتر له (30) بنکه‌ى سه‌ربازیى داناوه، (200) گوند چۆڵکراوه، تائێستا نوته‌قى له‌خۆى بڕیوه هیچ ناڵێ بێگومان که‌سه‌رۆکى هه‌ریم هیچ نه‌ڵێ ئه‌م بۆ بیڵێ؟! ئه‌ى له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، له‌م به‌یانه خیتامیه‌ى بزوتنه‌وه‌ى هه‌ژاراندا بۆچى به وشه‌یه‌کیش باس له‌م له‌شکرکێشیه‌ى تورکیا‌و ئێران نه‌کراوه، ئه‌مه نیشانه‌یه‌کى پرسى گه‌وره‌یه، ئه‌بێ وه‌ڵام بده‌نه‌وه.
- له‌بڕگه‌یه‌کى تردا هاتووه، پێویسته هێزه‌کان بکرێنه نیشتمانی، به‌ڕێزان بۆچى خۆتان له‌وێڵى داوه، هه‌رێم (400) هه‌زار موچه‌خۆرى به‌ناوى پێشمه‌رگه‌وه هه‌یه، نیوه‌ى ئه‌م ژماره‌یه له‌خزمه‌تى فیعلیدا نییه، پاسه‌وانى سنوورى عێرَاق پشتى لێگرتووین، ئیتر هێزى چى و چه‌کدارى چی؟ نیشتمانى بوونى چی؟ ئه‌وان ئیشیان به‌م هێزانه نییه بۆ پاراستنى خاک، ته‌نها بۆ شه‌ڕى داعش و سه‌رکوتکردنى خۆپیشاندانه‌کان به‌کاریان دێنن، له‌کاتێکدا پیاوى نه‌به‌ردو ئازاى فره له‌م هێزانه‌دا هه‌ن ئاماده‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سوپاى داگیرکه‌رى عه‌ره‌ب و تورک عه‌جه‌من، به‌داخه‌وه فه‌رمانى به‌رگریان پێناده‌ن، ئه‌و کابینه‌یه‌ى ئێوه پشتگیریتان کرد، به‌هۆى لاوازى و گرێدراوى به‌ده‌وڵه‌تانى ده‌وروبه‌ر زاتى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان نییه، نه له سه‌روو نه له‌خوار رێگه‌یان نه‌دا ئه‌م هێزانه به‌رگرى بکه‌ن، ئه‌م پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و ئاسایشه بوێرانه‌شیان ئیحراجى خه‌ڵک و خاکى کوردستان کردوه، له‌کاتێکدا به‌به‌رچاوى ئه‌م هێزه ئازایه‌وه، خاکى کوردستان ده‌بێته سوتماک، رێگه به‌م هێزانه نادرێ به‌رگرى له‌م خاکه بکه‌ن.
به‌داخه‌وه جڤاتى نیشتمانى له‌برى لێپێچینه‌وه له‌ئه‌دائى شکستخواردوى کابینه‌که له‌ڕووى ئابوری، دارایی، ئیداری، سیاسی، سه‌ربازیى و دیپلۆماسییه‌وه، که‌چى له کۆبوونه‌وه‌که‌دا هاتوه، پشتگیرى تیمى حکومه‌ت ده‌که‌ن، ئایا تیمه‌که‌ى تۆ به‌شێک نییه له‌حکومه‌ته شکستخواردووه‌که؟ کاتێک تۆ ئه‌دائى به‌شه‌که‌ى خۆت به‌ئه‌رێنى هه‌ڵده‌سه‌نگێنى پشتگیرى ده‌که‌یت که‌واته پشتگیرى سه‌رجه‌م کابینه‌که‌ت کردووه، ناکرێت خراپه‌کان بۆ ئه‌وان بێـت باشیه‌کان بۆ ئێوه، چۆن پشتگیرى حکومه‌تێک ده‌که‌یت، که‌زه‌وى داگیربکرێت هیچ نه‌ڵێ؟! مووچه‌ى خه‌ڵکى پینه‌درێ، پڕۆژه‌کانى وه‌ستاندبێ (جگه له‌وانه‌ى خۆیان مه‌به‌ستیانه)، کاره‌با وه‌ک پێویست نه‌بێ، خه‌ڵک له‌بێئاویدا شه‌و تابه‌یانى نه‌خه‌وێ، مافیاکان سنوره‌کانیان کۆنترۆڵ کردبێ و وه‌زیرى داراییه‌که‌ى تۆ ناردووه‌ته له‌دووره‌وه ته‌ماشا بکات، حکومه‌تى مایه‌پوچ و کۆمپانیاى سایه‌ى به‌رپرسانى قاسه‌پڕ، حکومه‌تێک له‌سه‌ر به‌حرى نه‌وت بێت، پڕۆژه به‌قه‌رز جێبه‌جێ بکات، بۆرى نه‌وتى دروستکردبێت به‌پاره‌ى گه‌ل، دواتر به‌تاڵان فرۆشتبێتى به‌کۆمپانیاى رۆزنه‌فت و ئێستا ساڵانه (700) ملیۆن دۆلار کرێى ئه‌و بۆریه بدات، سه‌دان هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌مى جوتیاران به‌فییڕۆچووبێت و تووشى زیانى گه‌وره هاتبن، حکومه‌ت ده‌سته‌وه‌ستان بێت، ئیتر چۆن ئیدانه‌ى ئه‌دائى ئه‌م حکومه‌ته ناکه‌یت؟!
ئێمه چاوه‌ڕێمان ده‌کرد بڕیارێکى بوێرانه بده‌ن، له‌م ده‌سه‌ڵاته بکشێنه‌وه و سه‌د به‌رد به‌شوێنیدا فڕێده‌ن و پێیان بڵێن تا ئێره‌و به‌س، ئێمه باجى خه‌ڵه‌تاندنمان ده‌ده‌ین، له‌وه زیاتر به‌رده‌وامبین، فتواى قه‌تڵى بزوتنه‌وه‌که‌مان ده‌ده‌ین، که‌زۆربه‌ى جه‌ماوه‌رى چه‌وساوه‌ى کوردستانى له‌گه‌ڵ بوو، به‌م بڕیاره تاڕاده‌یه‌ک خه‌ڵکه ناڕازیه‌که‌تان ئاشتده‌کرده‌وه، په‌ڕه‌یه‌کى نوێتـان هه‌ڵده‌دایه‌وه، به‌ڵام به‌م راگه‌یاندنه شه‌ش خاڵیه لاوازه ئیمزاتان له‌سه‌ر مه‌رگى سیاسى هه‌موومان کرد، شه‌رمه‌زارى به‌رده‌م خه‌ڵک و خواتان کردین، خۆتاندا له‌سه‌نگى مه‌حه‌ک و ساغ ده‌رنه‌چوون، دیاره بڕیارى قورس پیاوى بوێرى ده‌وێ، به‌داخه‌وه ده‌ستوخه‌ته‌که‌تان له‌ده‌ستوخه‌تى شادڕه‌وان نه‌وشیروان مسته‌فا ناچێ، نه‌عره‌ته‌تان وه‌ک نه‌عره‌ى مه‌رحوم زوڵاڵ نه‌بوو، هۆکاره‌که‌شى روونه ئێوه بزنێس ده‌که‌ن، ئه‌م راگه‌یاندراوه‌ش پشکى دووه‌مى بارته‌قاى وه‌رگرتنى پۆسته‌کانه، دیاره پشکى یه‌که‌میش تێپه‌ڕاندنى یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بوو، که‌پێشه‌کى داتان.
خۆزگه به‌وردى له‌هه‌موو ئه‌وانه‌تان ده‌پرسیه‌وه له‌حکومه‌تێکى دوو جه‌مسه‌ردا بارودۆخیان چۆنه؟ ده‌سه‌ڵاتى داراییان چه‌نده، له‌ڕووى ئیدارییه‌وه چه‌ند سه‌ربه‌ستن؟ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر هێزه‌کانى پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه؟!!!!، تاچه‌ند ده‌توانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داخوازى هاووڵاتیان بن؟! ئه‌و کاته پشتگیریتان بکردنایه.