کێشەى بەروبوومى جووتیاران‌و ئابوورى

4 ساڵ لەمەوپێش



عارف روشدى
 
ئابورى بنەماى سەقامگیرى ژیان و چالاکییە هەمە جورەکانى کومەڵگایە، بۆیە پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەک ئەرکى هەرە سەرەکى کار بۆ بەهێزبوونى بکات، پتەوبوونى سەکتەرى ئابورى پێویستى بەپلانى کورت و درێژ مەودا، شەونخونى، خوێندنەوەو شروڤەى زانستى هەیە لەڕێگاى دەزگاى تایبەتمەندو سەرپەرشتکارى کەسانى پسپوڕو دڵسوزى نیشتیمانەوە بێت، ئەوەى زانراوە هەر کاتێک ئابورى رووبەڕووى تەنگژە ببێتەوە، تەواوى لایەنەکانى دیکەى ژیان ئاڵوزدەکات. شڵەژانى ئابورى دەرەنجامى رووداوگەلێک دروستدەبێت وەک: بەرپابوونى جەنگ، کێشەى سیاسی و ئابڵوقەدان، رووداوى سروشتى سەرتاسەرى جیهانى (هاوشێوەى ئێستاى نەخۆشی کۆرۆنا)، هەروەها لاسەنگى لەداڕشتنى پلانى گونجاوو بڵاوبوونەوەى دیاردەى گەندەڵى و نەبوونى کەرتێکى تایبەتى چالاکى نیشتیمانى. لێرەدا دەمەوێ بەکورتى باسی گرفتێکى ئابورى ئێستاى هەرێمى کوردستان بکەم، بەتایبەتى کێشەى کەڵەکەبوونى بەروبوومى هاوینەى جووتیاران، نەک وەکو پسپوڕێکى ئەو بوارە، بەڵکو خستنەڕووى دیدو هەندێ پیشنیار. لەم ساڵانەى دواییدا تاڕاددەیەکى باش بەرهەمى بەروبوومى کشتوکاڵى جووتیارانى کوردستان بەهوکارى قەیرانى دارایی و رووکردنەوەى ژمارەیەکى زۆرى جووتیاران بۆ گوندو مەزراکانیان لەڕووى چۆنایەتى و چەندایەتییەوە لەبرەودایە، بەتایبەتى بەروبوومى دانەوێڵە (گەنم ، برنج و جۆ) هەروەها میوەجات بەهەموو جۆرەکانیەوە زێدەبارى (تەماتە، خەیار، شوتى و کاڵەک، پەتاتە، پیازو زورێک لەسەوزەوات)، بەڵکو لەبەشێکیاندا گەیشتووەتە ئاستى پڕکردنەوەى پێوستى بازاڕى نێوخۆو لێشى زیادبووەتەوە، زێدەبوونى بەروبووم بووەتە کێشەو ئەگەر چارەسەرێک بۆى نەدۆزرێتەوە زیانى گەورەى ئابورى لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویست بەوەى دەکرد دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەهەماهەنگى کەرتى تایبەت پلانێکى پێشوەختەیان هەبوایە بۆ مەزاختنى بەروبوومە زیادەکەو رێگەگرتن لە بەهەدەرچوون و زیانمەندى جووتیاران، ئەم چەند پێشنیارە دەخەمەڕوو:

١-بوژاندنەوەى ژێرخانى پیشەسازى کشتوکاڵى ، لە رێگاى بەگەڕخستنەوەى ئەو کارگانەى، لەسلێمانى، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەدا بوونیان هەیە.

٢-هاندانى کەرتى تایبەت بۆ وەبەرهێنان لەکەرتى پیشەسازى کشتوکاڵیدا.

٣-هاندانى بەشێک لەسەرمایەى بیانى کەخواستنى وەبەرهێنانى هەیە لەهەرێمى کوردستان، لەکەرتى کشتوکاڵى و پیشەسازى کشتوکاڵیدا کاربکات.

٤-بەگەڕخستنى دەرچوانى زانکۆو پەیمانگاکان بەتایبەتى (کولیژو پەیمانگا کشتوکاڵییەکان) وەکو دەستى کار لەو پڕوژانەدا بەپێی گرێبەستیکى یاسایی مەرجدار لەنێوان حکومەت و کەرتى تایبەتدا.

٥-دۆزینەوەى بازاڕى دەرەکى بۆمەزاختنى بەروبوومى زیادەى جووتیارانى کوردستان.

٦-بنیاتنانى کۆگاى پاراستنى بەروبوومەکانى هاوینە بۆ مانگەکانى پایزو زستان.

٧-هاندانى کەرتى تایبەت بۆ بنیاتنانى کارگەى بەرهەمهێنانى (جورەها شەربەتى خوماڵى، شەراب، مرەبا، دۆشاوو بەروبوومى قوتوکراو).

٨-ئاراستەکردنى جووتیاران بۆ ئەوەى بەپێی پێداویستى بازاڕ، برەو بەجۆرو چەندایەتى بەروبوومەکانیان بدەن.

٩-کەناڵەکانى راگەیاندن، وەکو ئەرکێکى نیشتیمانى بەخوڕایی هەڵمەتێکى ریکلام بۆ بەروبوومى خوماڵى پەپدابکەن بەلاى کەمەوە بۆ ماوەى مانگێک بێت، ناوناوەش ریکلامەکان بەردەوامییان هەبێت، بەمەبەستى هاندانى هاوڵاتیان بۆ کڕینى بەروبوومى نێوخۆیی.

١٠-لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت، هەنگاوى پێویست بگرنەبەر لەئاستى (باجدانان و رێگریکردن) لەزۆربوونى بەرهەمى دەرەکى، بەمەبەستى هاوسەنگکردنى بازاڕو نرخى گونجاوى بەروبوومى خوماڵى.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار