هەرێمی سلێمانی بۆ؟
4 ساڵ لەمەوپێش
عهبدولرهزاق شهریف
هەرێم و هەرێمەکان، لەدەوڵەت و حوکمڕانیدا، تیۆری رێکخستنی ژیانی کۆمەڵگەیە لەناو یەکتریدا، بۆ پێکەوەبوون و گونجاندنە. چەمکی فیدراڵیەت دابەشکردنی دەستوریی و یاسایی دەسەڵاتەکانە لەسەر ئاستەکانی هەردوو ناوەندەکە بۆ حوکمڕانییەکی گونجاوی پێکەوەیی. بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان بەحوکمی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک و ئەوان و حزبەکانی تر لەلایەکی تر (کەدواتر بۆتە کێشەی کۆمەڵی کوردەواری) بیست و هەشت ساڵەو نەتوانراوە دەستورێک بۆ هەرێمەکە بنووسرێتەوە، بەردەوامی شەڕو ململانێی ناوخۆش هەر ساڵەو بەشێوازێک وایکردووە ئاسۆی ئایندەی نووسینەوەو پەسەندکردنی دەستور روون نیە، ئەوەی هەیە دەستوری عێراقەو هەرێمی کوردستانیش دەنگی پێداوەو پەسەندی کردووە، بەناچاریش بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان پەنای بۆ دەبەن و لەم سەروەختەشدا، پارێزگای سلێمانی دەکرێت پەنای بۆ بەرێت. ئاشکرایە دەڤەری سلێمانی گیرۆدەی هەردوو ناوەندی دەسەڵاتی هەولێرو بەغدا بووە، جارێک کێشەی لەگەڵ حوکمڕانی مەرکەزی هەولێر هەیە، جارێکیتر بەهۆی حوکمڕانی هەولێرەوە کێشەی لەگەڵ بەغدا، هەیە . ئەمە وێڕای کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، کە سەد ساڵە لەگەڵ عێراق و پەنجا ساڵیشە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی حوکمڕانی هەولێردا هەیەتی. بە فیدراڵیەت کردنی پارێزگای سلێمانی چارەسەرکردنێکی ئەقڵانی و دەستورییە بۆ هەموو ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەنگ و هێزی حزب و ناتەبایی حزبەکان و بەرژەوەندییەکانیانەوە سوار کۆڵی میللەتەکەمان بووە، چۆن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە رامان و خوێندنەوەی ئێستاو مێژووی کێشەکان و ئایندەی ئەوێت، ئەگەر نەزانین چۆن و بۆچی خاک و خەڵکەکەمان پارچە پارچە کراوە، ناشزانین چۆن یەکیبخەینەوە، ئەگەر نەزانین چۆن و بۆچی لەو پارچەیەی بەناو هەرێمی کوردستانە (نیوەی خاک و دەسەڵاتەکەی لەدەستدراوە)، بەردەوامی بەپارچەکردن و حوکمی خێزانە سیاسییەکان وەک بازرگانی سیاسی ئەدرێت و هەریەک پاوانی خۆی بەهێزی حزب دەپارێزێت، ناشزانین چۆن رزگارمان بێت لەهەژمونی خۆیان و ماڵباتەکانیان. گەر دەڤەری سلێمانی هەرێمی سەربەخۆ بێت، هەموو مافە دەستورییەکانی خۆی لەعێراقدا، دەبێت، ئەوکات نووسینەوەی دەستور بۆ هەرێمەکەو شێوازی حوکمڕانی کە بیست و هەشت ساڵەو بووە بە گرێ کوێرەی تێپەڕاندنی بەئاسانی دەکرێتەوەو لەهەفتەیەکدا، دەتوانین بیخەینە راپرسییەوە، کوردو گەلانی ناوچەکەش وەک شانازی و دەستکەوتی گەورە لێی بڕوانن، کەهەزاران ساڵە کورد بەڵگەو دۆکیۆمێنتێکی رەسمی و باوەڕپئکراوی بەدەنگی خۆی نیە، ئەو دەستورە دەبێت بەپێناسی هەرێمێک لەناو کوردستانی گەورەدا، رەنگە کەسانێک هەبن بڵێن ئەی باشتر نیە ئەو دەستورە بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە؟ بەڵێ باشترەو لەوەش باشتر ئەوەیە بۆ کوردستانی گەورە بنووسرێتەوە، بەڵام کەکورد نەتوانێ بینووسێتەوە و بیست و هەشت ساڵ چاوەڕوانی و هەر نەکرێت و ئایندەش روون نەبێت، گەر بشکرێت دەستورێکی ژێر زەبری هێزو کۆنەپەرستانە بێت، باشتر لەهەمووی چاوەڕوان نەکردنەو کورد لەهەرێمی سلێمانی دەستوری خۆی بنووسێتەوە و ئاشکراشە خەڵکی پارێزگای سلێمانی چۆن دەینوسێتەوە ، چۆنیش کورد دەکات بەخاوەنی یەکەم دەستوری خۆی لەمێژوودا . هەرێمی سلێمانی گەر دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراوی خۆی بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ بەغدا، کێشەگەلی (شەراکەتی پلەو پۆست، نەوت و گاز، لیستی موچەخۆران، پێشمەرگە، گومرگ، جێبەجێکردنی دەستور و تەنانەت خاک و ناوچەکانی دابڕاو لەکەرکوک و کوردستان ) بەئیرادەی خۆی و خەڵکەکەی چارەسەر دەکات و دەست و پێی نەبەستراوە بەگرێبەستەکانی تورکیاو وڵاتانی تری ناوچەکەوە، خۆ هەر تەبەعاتێکی رابردووشی بێتەسەر دەکرێت بەپێی ئەو دەستورەی دەینووسێت و دەنگی پێ دەدا، بەجیاکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری و لەڕێگەی دادگاوە چارەسەری بکات. هەرێمی سلێمانی بەپێی ئەو مافانەی دەستوری عێراق بەهەرێمەکانی داوە، دەتوانێ لەماوەیەکی قیاسی زۆر کەمدا، هەم لەو پاشاگەردانییەی رابردوو رزگاری بێت، هەم دەتوانێ بەنەخشەیەکی گشتگیر باری کەوتووی ئابوری و ئیدارەو دارایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەمنی و فەرهەنگی راستبکاتەوە، بەو مەبەستانەش لەڕووی توانای مرۆیی و هونەری و زانستییەوە گشت مقەوەماتێکی ئامادەیە. هەموو ئەوانەو بۆ لابردنی ستەمی دەسەڵاتداران و پیادەکردنی ژیانی دیموکراسی گەڕانەوە بۆ ئەسڵ و ئینتیمای نیشتیمان، زەمینەو ئامادەبوون لەڕۆحی خەڵکی پارێزگاکەدایە.