گهڕانهوهى لێڤایهسانى روسى
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
لێڤایەسان ئەفسانەیەکی ئاینی جولەکەیە. بەڵام ئەوەی زیاتر لەدونیای ئێمەدا ناسراوە، ناونیشانی کتێبە هەرە بەناوبانگەکەی تۆماس هۆبزە. بەکورتییەکەی یانی دەوڵەتێکی گەورەو بەهێز کەهەمووان لێی بترسن. لای هۆبز مرۆڤ بونەوەرێکی خراپەکارە، دەبێت سەرکردیەک یان حکومەتێکی وەهای هەبێت کە لەکۆکراوەی هەموو خراپەکارییەکان خراپتربێت، هەتا مرۆڤەکان وەها لێبکات لەخراپەکانیان خۆیان بەدوور بگرن. ئەمە یەکێکە لەتێزە سەرەتاکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی. دیارە مەبەستی سێرگێ میدڤیدیڤ لەکتێبەکەیدا ئەوەیە کەدەوڵەتی ترسناکی روسی گەڕاوەتەوە. سێرگێ میدڤیدیڤ مامۆستای زانستە سیاسیەکانە لەقوتابخانە باڵای ئابوری لەمۆسکۆ. ئەوەی وەها لەم کتێبە دەکات کەدەگمەن بێت، بەبەراورد بەئەو هەموو کتێبانەی تر کەبەردەوام لەسەر روسیا دەنووسرێت، ئەوەیە کە نووسەرەکەی هێشتا لەناو روسیادا دەژی. لەڕۆژئاواو دونیادا خولیایەکی گەورە هەیە بۆ تێگەیشتن لەڕوسیاو بەتایبەتی لەکەسایەتی ڤلادیمێر پوتین. ئەم کتێبە وەک کتێبەکانی تر نیە کە لەسەر روسیا نووسرابێت، بەڵکو لەزۆر رووەوە تایبەتە.
بۆ من لەمێردمنداڵیەوە روسیا بەشێک بوو لەخەیاڵم. کاتێک لەتەمەنی پانزەو شانزە ساڵیدا دەستم بەخوێندوە کرد، ئەوەی بەردەست بوو، لەهەموو بوارێکی تر زیاتر، ئەدەبیاتی روسی بوو. بەهۆکاری ئەوەی کەزۆرێک لەکورد، بەهۆی پەیوەندی باشی عێراق و روسیا، چوبوونە روسیاو زمانی روسی فێربووبوون. جەلال تەقی یەکێک بوو لەوەرگێڕە باشەکان. بەڵام کتێبەکانی سەردەمی مێردمنداڵی بەگشتی ئەدەبی بوون. سێرگێ زۆر سوود لەئەدەب دەبینێت بۆ راڤەکاریەکانی و ئەدەب رۆڵێکی کاریگەری هەیە لەداڕشتنی خەیاڵی روسیدا. لەسەردەمی کارکردن لەسەر تێزی دکتۆراکەم، کەتەرخانکراوە بۆ مۆدێرنە لەپەراوێزی ئەوروپادا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کەیس، روسیاش زۆر هاوشێوە دەهاتە بەرچاوم. روسیا وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپەراوێزی ئەوروپادایەو پەیوەندییەکی زێدە ئاڵۆزی لەگەڵ ئەوروپادا هەیە. کتێبەکەی سێرگێ بەوتاری کورت کورت ناوەوەی روسیامان پێدەناسێنێت، کەچەندێک پڕ لەئاڵۆزی و دابڕاوە لەدونیای ئاگایی ئێمە. سەرەتا حەزدەکەم هەندێک لەسەر ستایڵ قسە بکەم. سێرگێ ئەکادیمییەکی روسی دەرەکیە. بەو مانایە میتۆدی بیرکردنەوەی سیاسی وەک شارەزایانی تری سیاسی نیە لەناو روسیادا. سێرگێ خۆی رەخنەی ئەمە دەکات. بەدیدی ئەوە لەناو روسیادا شتێک نیە ناوی زانستی سیاسەت بێت. ئەوەی لەوێ زاڵە جیوپۆلەتیکە. ئەو ئەم زاڵکردنەی جیوپۆلەتیک بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ناخوازرێت رۆڵی تاک و گروپ و کێشەکانی کۆمەڵگا زەق بێتەوە. جیوپۆلەتیک، ئەمڕۆ لەڕوسیا بەتەوژمێکی تایبەتەوە سەریهەڵداوە وەک لەتێزەکانی ئەلکسەندەر دوگیند دەیبینین، ئامانجی ئەوەیە کەڕوسیا وەها وێنا بکات کە لەبەردەم هێرشی رۆژئاوادایە. بۆیە روسیا دەبێت خۆی لەڕۆژئاوا بپارێزێت، نەک تەنها لەڕووی سەربازیی و ئاسایشەوە، بەڵکو لەئاستی کەلتوری و جیوپۆلەتیکەوە. تێزی روسیا دەخوازرێت ئابڵۆقە بدرێت و روسیا لەبەردەم مەترسیدایە و روسیا دەبێت، رێگەنەدات ناتۆ لەسنورەکانی نزیکبێتەوە هەموو بۆ ئەوەیە کە لەناوەوە خەڵکی روسیا دەستەمۆ بکەن. سێرگی بڕوای وەهایە کەڕۆژئاوا لەڕوسیا ناترسێت و دەزانێت لە ناوەوە چەند قلۆرە، لەم رووەوە زۆر ناوو ناتۆرە هەیە بۆ روسیا، لەنێویاندا سەربازگەیەکە لەدەوری چەند کێڵگە نەوتێک. روسیا کە لەڕێگای میدیاو سەربازو سایبەرەوە هەوڵدەدات وێنایەکی وەها بۆ خۆی دروستبکات کەهێزێکی جیهانییە، لەناوەوە ناتوانێت رێگاوبانەکانی خۆی قیرتاوبکات. بەجۆرێک بەدیدی سێرگێ روسیا بەئاراستەیەک دەڕوات کە بریتی بێت لەکۆمەڵێک شاری لەیەکتر دابڕاو. ئەو بەبەتانییەک وێنای دەکات کە لەلایەن پەروانەوەی خورابێت. لەئاستی ستایڵدا سێرگێ دژ بەم تێزی جیوپۆلەتیکەیەو دیدێکی رەخنەییانەی هەیە بۆ دەسەڵات. بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنج بوو بۆ من، هاوشێوەی کاربوو. ئەم کتێبەی سێرگێ کۆمەڵێک نووسراوە کەوەک ستون لەڕۆژنامە لیبرالەکانی روسیادا بڵاوبووەتەوە، لەتوێی ئەم کتێبەدا سێرگێ کۆیکردوونەتەوەو جارێکی تر پیاداچوونەوەی بۆ کردوون. ئەم کورتە سەرنجانە لەڕووداو و دیاردەو بۆنەی جیاواز هەریەکەیان لەڕوانگەیەکی نوێوە روسیامان بۆ راڤە دەکەن، کە بۆ چاودێری دەرەکی لەزاڵبونی دوو قوتابخانەی جیوپۆلەتیک و ئەدەبیاتی کەسایەتی پوتین ناتوانین بیانبینین. کەسایەتی پۆتین مایەی سەرنجێکی زۆرە لەڕۆژئاوا، چونکە کۆمەڵێک خەسڵەت لەخۆی دەگرێت کە لەچیرۆکە سیخوڕییە ئەفسانەییەکان دەچێت. کورتە نووسینەکانی سێرگێ کراوە بەچوار بەشی سەرەکییەوە: بەشی یەکەم لەژێر ناوی شەڕ بۆ پانتایی. بەشی دووەم، شەڕ بۆ سیمبول. بەشی سێیەم، شەڕ بۆ جەستەو بەشی چوارهەم، شەڕ بۆ یادەوەری. ئەم شەڕانە کەڕوسیا لەناوەوە دەیکات، کارێکی رۆژانەیە لەپێناو مانەوەو تۆکمەکردنی ئەو رژێمەیە کەئێستا لەدەسەڵاتدایە. بەگشتی سێرگێ هێڵێکی مێژویی دەبینێت کە لەسەدەی شانزەوە هەتا ئەمڕۆ درێژدەبێتە. لەسەردەمی ئیڤانی تۆقێنەرەوە هەتا ئەمڕۆ. روسیا ناوێرێت لەخۆی بنواڕێت و بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدایە کەڕابردووەکەی بەرهەمبهێنێتەوە بۆ ئەوەی لەئێستاو داهاتووی خۆی بپارێزێت. بەزمانێکی تر روسیا ناتوانێت واقیعی خۆی ببینێت و رێگە نادات کەزانست و ژانرەو کەسایەتی دروستبێت کە هەوڵی ئەمە بدات. سێرگێ بەئازارەوە باسی ئەوە دەکات کەمانای چیە لەڕوسیای ئەمڕۆدا رۆشنبیر بیت. بەدیدی ئەو دەبێت هەمیشە بەوپەڕی ئاگاییەوە وشەکانت هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی خۆت لەسزاو بەندیخانەو هەڕەشە بپارێزێت. بەڵام ئەو ئەمە بەنەرێتێکی کۆنی روسی دەزانێت. کتێبەکەی سێرگێ دەربارەی بابەتی ئاڵۆزو گرنگن بەڵام بەزمانێکی دەوڵەمەند. سیڕگێ فرە ژانرەیە، لەئەدەبەوە دەگوێزێتەوە بۆ مێژوو، لەوێوە بۆ زانستی سیاسەت و ئابوری. ئەم فرە دیسیپلین و فرە ژانرەییە بۆ من مایەی چێژێکی زۆربوو. شێوازێکە کەخۆم زۆر هەوڵئەدەم کاری پێبکەم. تێگەیشتن لەڕوسیا بۆ کورد هەمیشە گرنگ بووە. لەئێستاو داهاتوودا گرنگی زیاتر دەبێت. روسیا دەیەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی هەبێت وەک هێزێک و ئەکتەرێک. لەکوردستانی رۆژئاڤا هێزێکی بڕیاردەرە. لەباشور ئەکتەرێکی سەرەکی بواری نەوت و غازی هەرێمە. لەمیانەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کوردستانی باکورو هەروەها لەپەیوەندی لەگەڵ ئێراندا کاریگەری هەیە لەسەر پرسی کورد لەو وڵاتەدا.