کوردو لەدەستدانى ستراتیژیترین دۆستو پشتیوانى خۆی
لەتیف نێروەیی
4 ساڵ لەمەوپێش
لەتیف نێروەیی
هەرێمی کوردستان لەئێستادا وەک دوو کارەکتەری سەرەکى دێتە بەرچاو، کارەکتەری یەکەم لەکەسێک دەچێت کەتووشی نەخۆشییەکى کوژەکو مەترسیدار بووبێت و وردە وردە نەخۆشییەکە بەسەریدا زاڵ بێت، بەڵام لەڕووکەشییەوە نایەوێت وەک نەخۆش خۆی پیشان بدات و خەڵک بەنەخۆشییەکەى بزانێت.
کارەکتەرى دووەمیش ئەوەیە کەکەسێک بەڕووکەش خۆی بەغەمبارو نیگەران نمایش بکات و لەناخیشەوە خۆشحاڵ بێت بەرامبەر بەگۆڕانکاریی و رووداوێکی دیاریکراو. هەرێم وەکو کارەکتەرێکی نەخۆش دێتە پێش چاو، چونکە حاڵی حازر چوار هێزى ناکۆک و دژبەیەک لەناو خاکی ئەم هەرێمەدان کەبریتین لە (هێزی پێشمەرگەى کوردستان، سوپای تورکیا، هێزەکانى پاسەوانانى سنورى عێراقی، پەکەکە). هێزەکانى تورکیاو پەکەکەو پاسەوانانى سنورى عێراق لەسنورێکی فراوانى هەرێمی کوردستاندا بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکاندا لەجێگۆڕکێ و جموجۆڵیێکی سەربازیدان و لەشاخ و دۆڵ و بەرزاییەکانى هەرێم خشەیان دێت و لەنێوان هێزەکانی تورکیاو پاسەوانەکانی عێراقی کێبڕکێیانە لەسەر هەڵکردنی ئاڵایان.
لەلایەکى دیکەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیاوە لەسنورى هەردوو پارێزگاى دهۆک و هەولێری پایتەخت دەیان شاخی گرنگ و ستراتیژی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتى سوپای تورکیاوەو بەهۆی بەردەوامبوونى ئۆپەراسیۆنەکانیش جگە لەوەی زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر هاوڵاتیانی ناوچەکە دەکەوێت، لەهەمان کاتدا گەلی کوردستان لەهەرێم دێرین ترین و ستراتیژی ترین پشتیوان و دۆستى خۆیان لەدەستدەدات کەشاخەکانی کوردستانن، هەمیشە لەڕۆژە دژوارو سەختەکاندا گەلی کوردستان پشتى خۆی بەو شاخانە بەستووە.
لەدوا ئۆپەراسیۆنەکانى سوپای تورکیا لەسنورى قەزاى زاخۆ هەشت زنجیرە شاخی ئەو دەڤەرە کەوتوونەتە دەست سوپای تورکیا کەزنجیرە شاخەکانی (شاقوڵێ) لەدەڤەری گولی و سندی بەستراتیژیترین شاخی ئەو دەڤەرە ئەژماردەکرێت و دەڕوانێتەسەر ئەو دوو دەڤەرە. هەروەها شاخی (خامتیر) ئەمیش لەسنورى زاخۆ بەستراتیجیترین شاخی دەڤەرەکە ئەژماردەکرێت و بەمەش سنورى قەزاى زاخۆ وەکو گەورەترین و ستراتیژیترین قەزاى هەرێمی کوردستان لەڕووی سەربازییەوە دەکەوێتە ژێر هەیمەنەى سوپای تورکیاوە.
یەکێک لەجیاوازییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانى ئەم جارەی سوپای تورکیا لەگەڵ ئەوانەى ساڵانی پێشوو لەوەدایە کەجاران هێزەکانى تورکیا لەناو شارو شارۆچکەکانى هەرێمی کوردستان بنکەو بارەگایان دروستدەکردو لەلایەن هێزەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەتایبەتی لەسنوری پارێزگای دهۆک دەپارێزران، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانى ئەم جارە شاخ و شوێنە ستراتیژییەکانى ناوچە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکرێنە ئامانج و بنکەو بارەگاى سەربازیی لەلووتکەى شاخەبەرزەکان دروستدەکرێت. بەمەش پانتایی جوگرافی هەرێمی کوردستان روو لەبچوکبوونەوە دەکات.
لەلایەکى دیکەوە هێزەکانى پاسەوانی سنورى عێراقی بەناوی پاراستنى سنورەوە لەدوورى (30-40) کم بەناو قوڵایی سنورى پارێزگاى دهۆک ئاڵاى عێراق لەسەر شاخ و بەرزاییەکان هەڵدەکەن. ئەمەش ئەگەر لەلایەکەوە سودی هەبێت بۆ بەرگریکردن لەپێشڕەوییەکانى ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم ، لەلایەکى دیکەوە بەدانپیادان دێت بەو واقعەى کە بەسەر ناوچەکەدا سەپاوە چونکە شوێنێکى وەکو (کەلا شابانی) واتە (قەڵاى شابانى) نزیکەى (40) کم لەسنورى تورکیاوە دوورە بکرێتە خاڵی سوری عێراق و تورکیا و بارەگای پاسەوانی سنوری عیراقی لێ دروستبکرێت، هاوکات شاخی شەرانش کەزیاتر لە (30) کم لەسنورى تورکیاوە دوورە بکرێنە بارەگاى پاسەوانى سنور، ئەمانەش چەندین پرسیاری بێوەڵام بەدواى خۆیدا دەهێنێت.
ئێمە لەم بابەتەدا بەدواى وەڵامی ئەو پرسیارانەدا ناگەڕێین کەتورکیا بەتەماى چییە؟ ئایا بەهۆى ئەم ئۆپەراسیۆنانەوە دەیەوێت خۆی لەموسڵ و کەرکوک نزیک بکاتەوە، یان دەیەوێت بەم ئۆپەراسیۆنانە قەوارەى حکومەتى هەرێم لاوازبکات؟ یان بۆ ئەوەیە هەرێم بەناچاری بگەڕێتەوە بەغداو لەگەلی رێبکەوێت؟ یان ئامانجى تورکیا تەنها بۆ لێدانی پەکەکەیەو دواى تەواوکردنى ئۆپەراسیۆنەکانى خۆی بەهەرێم دەڵێت کارەکانم تەواو بوو ماڵئاوا؟ یان هۆکارێکی دیکە هەیەو هەموو کەسێک لە هەرێم ئەو هۆکارە نازانن و لەئایندەدا دەردەکەوێت؟. وەلێ دەزانین تورکیا بەرنامەیێکی تایبەت بەهەرێمی کوردستان لەهەگبەکەیدایەو ئەم جارە جددییە لەجێبەجێکردنی بەرنامەکەی خۆی و بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری باشی کردووە. بۆیە پێویستە هەرێم خۆی بۆ هەموو بژاردەو ئەگەرەکانی ناو هەگبەکەی تورکیا ئامادەبکات، خەڵکی کوردستانیش چەندە چاویان لەوەیە بزانن رەوشەکە بەرەو کوێ ئاراستە دەنێت، ئەوەندەش دەیانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەستبکەوێت کە بۆچی هەرێمی کوردستان جوڵەیەکى فراوانى دیبلۆماسی نەگرتۆتەبەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتانە بۆ ئەم رەوشە ئاڵۆزە و دورخستنەوەی ئاگری شەڕو ماڵوێرانی لەناو هەرێمەکەماندا؟ بۆچی وەکو رۆژئاوای کوردستان، هەرێمی کوردستان بەشاند سەردانى کۆمکاری وڵاتانى عەرەبی و یەکێتى ئەوروپاو کۆشکی سپی و کریملن و خودى تورکیا ناکات بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى ئاشتییانە بۆ ئەم کێشەیە. ئەى بۆچی لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەو بەرنامەیەکى هاوبەشیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. بۆچى لەڕووى میدیایی و جەماوەرییەوە بەقەد قەبارەو مەترسییەکانى رووداوەکە کاردانەوەکان بەدى ناکرێن.
هەندێ جار ئەم نەرمییەى هەرێم پرسیارێک دروستدەکات کەڕەنگە هۆکارێکى دیکە هەبێت و راى گشتى ئاگادارى ئەو هۆکارە نەبێت، بەڵام هەرکامەیان بێت واتا هەرێم دژی ئەم واقیعەیە بێت، بەڵام تواناى چارەسەرکردنى نەبێت یان هۆکارێکى دیکەی شاراوە هەبێت، ئەوا پێویستە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و جەماوەرى کوردستان بەگشتى ئەو هۆکارە بزانن بۆ ئەوەى پێکەوە بچنە ژێربارى ئەو بەرپرسیارێتییەوەو پێکەوەش بیر لەهەڵبژاردنى بژاردەیەکى گونجاو بکەن بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەو دۆزینەوەى چارەسەرێک، نەک بەشێک بزانن و بەشێکیش بێئاگابن. یەکەم هەنگاویش پێویستە ئەنجامبدرێت و زۆر دواکەوتووە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەمە پرسێکی هەستیارو چارەنووسسازو نیشتمانییەو پەیوەستە بەقەوارەی هەرێمی کوردستان و پێویستی بەچارەسەرو بڕیارێکی کۆدەنگی نیشتمانی هەیەو هەموو پرسیارەکانی سەرەوە بڕیارگەلێکی جددین و ئەرکە لەسەر لایەن و ناوەندە سیاسی و حکومییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر بکەن و دور لەعینادی و بەرژەوەندی حزبی هەموو ئەگەرو بژاردەو بەدیلەکان راڤەبکەن و پلانیان هەبێت بۆ هەموو ئەگەرێک.