گەڕانەوەی ئەرشیفی سەددام بۆ کوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

دەمەوێت لێرەدا، لەسەرەتادا باس لە گرنگی ئەرشیف بکەم. ئەرشیف لە دونیادا و ئەرشیف لە دونیای ئێمەدا. بەعس نەوەیەک لەمەوپێش دەسەڵاتی باڵابوو لە دونیای ئێمەدا. جۆرێک بوو لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری گشتگیر کە سەرتاپا بوارەکانی ژیانی تەنیبوو. هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی سی ساڵەوەیە بەعسیان لە بیرە. بەڵام ئەم یادەورییە، سنوردارە، تایبەتە، لە گەڵ نەمانی کەسەکەدا لە ناودەچێت. ئەوە نەوەیەی کە تۆتالیتاریزمی بەعسی نەدیوە دونیا بینی جیاوازە. چۆنێتی دروستبوونی گفتوگۆیەک لە نێوان ئەم دوو نەوەیەدا پێویستی بە بوونی ئەرشیفێکی وەهایە.  کەواتە ئەو بەعسەی لە سەر جەستەی ئێمە دەژیا، لە ژیانی رۆژانەدا کاریگەری لە سەر ئێمە هەبوو، لە چەند ساڵی داهاتودا کۆتایی دێت. ئەم کۆتاییە بۆ ئێمە زیانێکی گەورەیە چونکە دەبێتە مایەی هەژاری: یادەوەری و فیکری و سیاسی و ئەخلاقی.  تێگەیشتن لە ڕژێمێک کاتێک کە تیایدا دەژیت، ئەستەمە. پاش بەعس دۆخ و ژینگەیەکی وەها هاتە ئاراوە، کە بواری ئەوە نەبوو عەقڵیانە و زانستیانە ئاوڕ لە بەعس بدرێتەوە. دەسەڵاتی کوردی دەیویست لە سەر بنەماکانی بەعس، بە ئەویترکردنی بەعس، بە شەیتانکردنی، شەرعیەت بۆخۆی دابین بکات. ئەم پرۆسەیە پچڕ پچڕ و نازانستی و سەردەمیانە نەبوو. بەعس بەرهەم نەهێنرایەوە لە ڕشتەکانی وەک هونەرو سینەما و ئەدەب و فیکر و نووسیندا هەتا ببێت ئەو پێوەرەی کە چۆن هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی نەدەین.  ئەم گرنگ نەبوونەی ئەرشیفکردن و کارکردن لە سەر رابردوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی لەوێوە دێت کە ئەدەبیاتی ئەم بوارە لە دونیای ئێمەدا لاوازە. دەسەڵاتی کوردی تەنها پەیوەندییەکی بە ئەرشیفەوە ئەوەیە کە لێی دەترسێت. ئەم ترسە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە نەهێڵیت دروست بێت. دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتی کوردی بێ ئەرشیفە.  لە دونیای بیری نوێدا زۆر بیریار کاریان لە سەر ئەرشیفکردووە، نەک تەنها لە ڕووی تەکنیکی چۆنێتی بەڕێوەبردنی، بەڵکو وەک بابەتێکی فیکریی، خەڵکانی وەک ئەگامبین، فۆکۆ، درێدا، دۆلۆز، هەموو کاری وردیان لە سەر رەهەندە جیاوازەکانی ئەرشیفکردوە.  ئەرشیف لە میانەی بەڕێوەچوونی دەسەڵاتدا لە دونیای ئەمڕۆدا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت. مەبەستم لە دەسەڵات هەموو جۆرە پەیوەندییەکە کە لەکۆمەڵگادا بەرهەم دێت: پەیوەندی سیاسی، ئابوری، کەلتوری، مەعریفی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی و سێکسی، لەهەموو ئەم پەیوەندیانەدا دەسەڵات بەرهەم دێت و دەسەڵات بەڕێوەی دەبات.  ئەرشیف لە چەندین ئاستدا بۆ ئێمە وەک گەلێک کە لەسەرەتای ئەزمونی حوکمداریی خۆمانداین بە بەراورد بە ئەوانیتر، دەزگایەکی ئێجگار گرنگە. ئەرشیف تەنها شوێنێک نیە بۆ هەڵگرتنی بەڵگە و سەرچاوە و دەستنووس و کاری رۆژانە بەڕێوەچونی حوکمداری، بەڵکو لە ئەنجامی دروستبون و کەڵەکەبونیدا، دەبێتە ئەو جێگایەی کە لە چەند ئاستێکدا رەفتارو ئاگایی و هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و باوەڕ و هەستمان لە قاڵب ئەدات. بە کورتی دەتوانین بڵێین ئەرشیف ئەپەراتۆسە.  بۆ ئەوەی هێندە بە فەلسەفەی ئاڵۆزی ئەم بوارە خۆمان سەرقاڵ نەکەین بە کورتی لە خوارەوە، بوونی ئەرشیفی بەعس و ئەرشیف بە گشتی باس دەکەم. یەکەم، دەسەڵات لە میانەی فەراهەمبوونیدا بەردەوام خۆی دەنووسێتەوە. ئەرشیف ئەو جێگایەیە کە ئەو نووسینانەی تیادا هەڵدەگیریت. بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت بزانین دەسەڵات چۆن بەڕێوەچوو؟ چۆن باشتر لێی تێبگەین؟ چۆن وەک بنەمایەک بەکاریبەرین بۆ بیرکردنەوەی زیاتر و رەخنەکردن و پەرەپێدانی، ئەوا پێویستمان بە ئەرشیفە. بە کورتی، ئەستەمە ئێمە چاوەڕاونی ئەوە بکەین کە دەسەڵات باش بێت لە میانەی بەڕێوەچوون و کات و ئەزمونکردندا، ئەگەر هاوشان بە ئەمە خۆی ئەرشیف نەکات و لە ئەرشیفەکەی رانەمێنین.  دووەم، ئەرشیفی بەعس وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتار بەشێکە لە کەلتوری حوکمداری ئێمە. هێشتا یاساکانی سەردەمی بەعس بەکاردەبرێت، ئاگاییەکانی سەردەمی بەعس رەخنە نەکراوە. بەعس لە خراپێکەوە نەکراوە بە ئەو مۆدێلەی کە بزانێت لە کوێدا هەیە، چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت و رووبەڕووی ببینەوە. ئەرشیفی چۆنێتی بەڕێوەچونی دەسەڵاتی بەعس ئەو جێگاو کانگاییە کە ئێمە دەتوانێن خەسڵەتەکانی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار بناسینەوە و پاش ناسینەوەی رێگریی لە سەرهەڵدان و رەگداکوتانی بکەین جارێکی تر.  سێ، لە دونیادا چەندین دیدی فیکریی جیاواز هەیە بۆ مێژوو. مێژوو وەک قۆناغبەندی، وەک رێچکەی گەشەی عەقڵ، وەک تایبەتمەندی خەڵکێک لە بەرامبەر خەڵکێکی تردا. لە هەمانکاتدا مێژو لە هەندێک جێگا وەها دەبینرێت کە پرۆسەیەکی نەگۆڕی بەردەوامە. دونیای ئێمە زیاتر لە نەگۆڕە بەردەوامەکەوە نزیکە. ئەوەی وەها لە مێژوو دەکات کەڕێچکەیەک بێت بۆ کەڵەکەکردنی ئەزمون و گەشەکردن، ئەوەیە کە ئەرشیف بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ مەعریفە و لە خزمەتی دەسەڵات و لە ڕەخنەی دەسەڵاتدا بەکارببرێت لەهەمانکاتدا.  چوار، ئەرشیف شوێنی راستییە. راستی بەو ئاستەی کە دەتوانرێت بەرجەستە بکرێت. کاتێک مشتومڕێک دەبێت، جیاوازییەک دەبێت، گەڕانەوە بۆ ئەرشیف ئەو کردەیەیە کە دەتوانێت ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە. لە نەبونی جێگایەکی وەهادا ئەوەی دەبێت بە ڕاستی، بۆچوون و بەرژەوەندی و هێزە. لە دۆخێکی وەهادا دۆخی پاش ڕاستی یان ونبوونی راستی دێتە ئاراوە. ئیتر هەموو کەسێک رەوایە و کەسیش رەوانیە.  پێنجەم، کاتێک ئەم پرسەم لە فەیسبوک پێشنیارکرد بەڕێزانێکی زۆر ترسی ئەوەیان هەبوو، کە بونی ئەرشیفی بەعس دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە پاشەڵی خەڵکانێک ئاشکرابێت کەڕەنگە نەخوازرێت.  ئەمەش وەها دەکات کە ڕێگریی لێبکرێت. ئەم دیدە چەند رەهەندێکی ئەرشیفمان بۆ رون دەکاتەوە. یەکەم، ئەو جێگایەی کە رابردوو نهێنی و راستی و تایبەتمەندی ئێمەی تیادا حەشاردراوە. ئەرشیف جێگایەک کە بڕیار لە پاکی و پیسی کەسەکان دەدات. سەرباری گرنگی ئەم رەهەندە، هەست دەکەم کورتکردنەوەی ئەرشیف تەنها لەم خەسڵەتەدا بچوککردنەوەی ئەرشیفە و وەها لێکردنیەتی کە وەک دادگایەک دەربکەوێت. ئەرشیف زۆر لە ئەمە زیاترە . شەشەم، بەعس یادەوەرییەکی هاوبەشی گەلانی عێراقە. پەیوەندی ئەو گەلانە هەرچۆنێک بێت. بەعس یادەوەرییەکی هاوبەشی هەمووانە بە شێوازی جیاواز. لە چەند ساڵی رابردوودا یادەوەری هاوبەشی کوردو شیعە بنەمای پێکەوەبوونیان بوو لە حوکمی عێراقدا. ئەم یادەوەرییە هاوبەشە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەی هەبووە لە سەر دروستبوونی عێراقی دوای بەعس. هەڵوەشانەوەی سوپای عێراق، داننان بە بوونی خەڵک و ئیتنیک و باوەڕو گروپی جیاواز لەعێراقدا لەبەر بنەمای ئەو یادەورییەیە. دەستووری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر بنەمای چۆنێتی رێگەگرتن لە هاتنەوەی بەعس نووسراوە. حەوتەم، هێنانی بەشێک لە ئەرشیفی بەعس، دانپیانانە بە خاوەندارێتی مێژوو یادەوری و ئازاری خۆمان، کە مافێکی سەرەکی هەموو خەڵکێکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار