لەدەستدانی زمان لەدەستدانی نیشتمانە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

نەوزاد ساڵح

زمان وەک ئامرازێکی ئاخاوتنو لێکتێگەیشتن لەدروستبوونی مرۆڤەوە لەسەر زەوی بەکارهێنراوەو زمان یەکێکە لەسەرچاوە بنەڕەتیەکانی نەتەوە، بەپێی سەرجەم یاسا گەردونییەکانی هەموو دنیا زمانی دایک و زگماک مافی لێسەندنەوەی بۆ کەس نیەو ئەمەش سونەت و یاسایەکی کەونی و سروشتیە کەهەموو مرۆڤێک بەو زمانە ئاخاوتن بکات کەخانەوادەو دەوروبەری پێی دەدوێن، کۆماری ئیسلامی ئێران کەخۆی بەمیراتگری ئاینی ئیسلام و جێبەجێکاری شەریعەت دەزانێتو لەئاڵاکەیدا ناوی خودا (اللە) هەیە، بەڵام ئەمانە لەڕووکەش زیاتر هیچ ناوو ناوەڕۆکێک هەڵناگرێت و تەنها بۆ سوود وەرگرتنە لەسۆزی ئەو نەتەوانەی کەهەڵگری فۆرمی ئاینی ئیسلامن، رەنگە پێویست بەچوونە نێو قوڵایی رەهەندی خورافیاتەکان نەکات کە لەچاوبەست کردنو هەڵخەڵەتاندن زیاتر هیچی تر نین ئەگەرنا بەچ یاسایەک مرۆڤ زمانی دایکی لێ قەدەغەدەکرێت!!! کچە کوردێک کەڕەنگە خۆی دەسەڵاتی هیچ هەڵبژاردنێکی نەبووبێت لەدەستنیشانکردنی رەگەزی کوردبوونو زمانی کوردیدا بۆ دەبێت کۆماری ئیسلامی (١٠) ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت تەنها لەبەرئەوەی چەند منداڵێکی فێری زمانی کوردی کردووە!!! ماموستا زارای محمەدی خاوەن هزرو بیری نەتەوەیی خۆی دوور لەسڵەمینەوەو زیندان ویستی ئەو زمانەی کەخودا پێی بەخشیوە بەکاری بهێنێت بەڵام کۆماری ئیسلامی لەسەر بەکارهێنانی زمانی رەسەنی خۆی زیندانی دەکات!! زارای کچ پێی وتین کە لەدارا بێ غیرەتەکانی وڵات بەغیرەتترەو ئەو وەکو ئەوان ترسی لەزیندان نیە، هەربۆیە وەک مامۆستایەک ئامادەیە بڕواتە زیندان بەڵام ئامادەنەبوو دەستبەرداری زمانەکەی بێت!! زارا ئێستا ئەستێرەیەکی درەوشاوەی قوربانیی بەکارهێنانی زمانی کوردییە، بەڵام سەربڵندو شکۆمەندەو داراکانی پیاوی شەرمەزار کردووە.

بەکارهێنانی ئاین وەک پەیژەیەک

نەگبەتیو کۆڵی کورد لەوەدایە کە عەرەب و تورک و فارس هەرسێکیان ئاینی ئیسلامیان وەک پەیژەیەک بەکارهێناوە بۆ مەرامی سیاسی و هێنانەدی ئامانجەکانیان، بەڵام کورد بەپێچەوانەوە خۆی کردووەتە قوربانی ئایین، کورد رۆڵی هەبووە لەپاراستنی ئاینی ئیسلامدا، بەڵام عەرەب و کورد بەموسڵمان نازانێت و دەیان فتوای موفتی و زاناو قەڵەمڕەوی عەرەبی هەیە کەکورد بەکافرو مورتەدو....هتد ناودەبەن، تورک هەتا روخانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی تاتوانیویەتی کوردی بەکارهیناوە لەپێناو بەهێزکردنی ئەم ئیمپراتۆریەتەداو لەکۆتاییشدا بەلەناوبردن و سڕینەوەی شوناس و قەدەغەکردنی زمانی کوردی گەمەکە کۆتایی هاتووە، فارس لەئێراندا بەسیاسەتێکی نەرمترو ئاسانتر بەسیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و بەشیعەکردنی بەشێکی زۆری کوردو لوڕو چەندین میکانیزمی تر توانیویەتی زیانی گەورە بەزمانی کوردی بگەیەنێت، نمونەی زارا لەئێستادا نمونەیەکی سەرسوڕهێنەر نیەو مێژوویەکمان بەڕێ کردووە لەگەڵ زۆر لەقەدەغەکراوەکاندا، م زارا بووە سەرەتای راچڵەکین و بەئاگاهێنانەوەی دارا نووستوەکان و پێیان دەڵێت کەئەگەر (زمان لەدەستبدەین نیشتمان)یش لەدەستدەدەین، هەربۆیە وتراوە ئەگەر ویستت گەلێک بسڕیتەوە زمانی لێ قەدەغە بکە، ئەو پێمان دەڵێت کەمامۆستا هێمن و هەژار نابێت لەبیربکرێن، ئەوان هەوڵێکی زۆریان داوە لەپێناوی زیندوو هێشتنەوەی زمانی کوردیدا زارا ئەمڕۆ رۆحی مامۆستا عەلائەدین سەجادی و مەلا جەمیل رۆژبەیانی و مامۆستا گیو موکریانی و بەدرخان سندی و زەبیحی و عەبدولستار تاهیر شەریف و مەسعود محەمەد شاددەکات، زارا بۆیە زیندانی هەڵبژارد تا بەوەزیری پەروەردەی هەرێمیش بڵێت تکایە باڕێنووسی کوردی بەکاربهێنین، تکایە کارەساتە منداڵی کورد فێری خوێندنی زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی دەکرێن، بەڵام ئەلف و بێی کوردی نازانن!!! وەزیری رۆشنبیری لەکوێیت نەوەیەک پێگەیشتوە کومپیوتەرو ئینتەرنێت دروست دەکات، بەڵام نازانێت خانی ، مەحوی کێ بووە؟ زمان و زاراوەکانی کوردی خەریکە بەرەو لاوازبوون و تیاچوون دەچن! نووسینی نامەی موبایلی خوێندکاران زووربەیان ئەلف و بێی تورکی بەکاردەهێنن پێی دەڵێن لاتینی، کە لەڕاستیدا ئەوە لاتینی نیە، لاتینی ئەوەبوو کە خوالێخۆشبوو مامۆستا (دڵشاد مەریوانی)ی لەسەر لەسێدارەدرا، کەئەمەش نەگبەتیەکی ترە بۆ زمانی کوردی،  زارا ئاشکرای کرد بۆ جیهان کەبەشی زمان و ئەدەبی کوردی لەزانکۆی کوردستان کە لەشاری سنە تەنها رووکەشەو لەبەر فێڵکردنە لە رێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی جیهان و تەنها دیکۆرە ئەگەر نا خۆ زارا هیچ تاوانێکی ئەنجامنەداوە، کەواتە حکومەتی ئاخوندی دەمامکەکەی لابات یان نا هیچ متمانەیەکی نیە لەکاتێکدا کەمامۆستایەک (١٠) سال زیندانی بکات لەسەر بەکارهێنانی زمانی رەسەنی خۆی!!!

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار