ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان گۆڕه‌پانی ئه‌جێندا جیاوازه‌کان

4 ساڵ لەمەوپێش



دڵشاد ئه‌نوه‌ر

ململانێی گروپ و هێزی ئه‌جێندا جیاواز، له‌ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێک، ململانێی نه‌ته‌وه‌و پێکهاته‌کانی بیر بردووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و هێزو گروپانه‌، راوکردنه‌ له‌نێو ئاوی لێڵ و هه‌وڵدانه‌ بۆ دروستکردنی ئاژاوه‌و رێگرتن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری.

گروپه‌ ئه‌جێندا جیاوازه‌کان، سه‌رباری جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییان، به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر سوتاندنی ده‌غڵ و دان و په‌لاماردانی گونده‌ کوردنشینه‌کان کۆکن، له‌نانه‌وه‌ی پشێوی هاوڕان، چونکه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتوون سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی، واتای کۆتایی ئه‌وانه‌. 

گونده‌ کوردنشینه‌کان بۆ ئامانجی چه‌کداره‌کانه‌؟ گروپه‌ چه‌کداره‌ ئه‌جێندا جیاوازه‌کان بۆ هاوڕان له‌سه‌ر په‌لاماردانی کورد؟ کورد بۆ ده‌سته‌وه‌ستانه‌؟ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی کورد له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ په‌لاماردانی کوردانی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌کوێدایه‌؟

هه‌وڵده‌ده‌م وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌و چه‌ندین پرسیاری تر بخه‌مه‌ڕوو، به‌تایبه‌ت نه‌ک له‌نێو شه‌قامی کوردی، بگره‌ زۆربه‌ی میدیا کوردیه‌کانیش، چی له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوانه‌، چی له‌ گواستنه‌وه‌ی زانیاریش، که‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵه‌وه‌ و تێڕوانینی هه‌ڵه‌یان لای خه‌ڵکیش دروستکردووه‌.

گروپه‌ سوننه‌کان

به‌شێک له‌و هێرشانه‌ی ده‌کرێنه‌ سه‌ر گونده ‌کوردنشینه‌کان، گروپ و هێزه‌ سوننیه‌کانن، که‌ له‌چه‌ندین گروپی جیاواز پێکهاتوون، به‌ڵام ئامانجی ئه‌و گروپانه‌ له‌هێرشه‌کانیان جیاوازه‌، چونکه‌ هه‌ر گروپه‌و مه‌رامێکی تایبه‌تی هه‌یه‌.

داعش و گروپه‌ چه‌کداره‌ توندڕه‌وه‌ ئایدۆلۆژیه‌کان، وه‌کو نه‌یار مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کورددا ده‌که‌ن، پێیانوایه‌ گونده‌ کوردنیشینه‌کان به‌شێکن له‌سه‌رچاوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و زانیاریان پێده‌ده‌ن له‌سه‌ریان، بۆیه‌ چۆڵبوونی ئه‌و گوندانه‌، به‌واتای ده‌ستکراوه‌تربوونیان له‌و ناوچانه‌ لێکده‌ده‌نه‌وه‌.

 ته‌نانه‌ت لای هێزه‌ ده‌وڵه‌تیه‌کانیش، ئه‌و تێڕوانینه‌ هه‌یه‌، گونده ‌کوردنشینه‌کان لایه‌نگیری ده‌وڵه‌ت و ئامانجی گروپه‌ توندڕه‌وه‌کانن، له‌کاتێکدا گونده‌ عه‌ره‌ب نیشینه‌کان، به‌سه‌رچاوه‌و پشتیوانی داعش لێیان ده‌ڕوانرێت، به‌ڵام جیاوازییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، ده‌وڵه‌ت گونده‌ کوردنشینه‌کانی پێ ناپارێزرێت.

گونده‌کان بوون به‌پشتێنه‌ی سه‌لامه‌تیش بۆ شارو شارۆچکه‌کان، کۆسپن له‌به‌رده‌م ده‌ستگه‌یشتنی گروپه‌کان به‌ناوچه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان، گروپه‌کان ده‌یانه‌وێت به‌رپێی خۆیان بۆ ده‌ست گه‌یشتن به‌شاره‌کان پاکبکه‌نه‌وه‌، ئه‌م سیناریۆیه‌ خه‌ریکه‌ له‌خانه‌قین سه‌رده‌گرێت، کاتێک گوندێکی زۆر چۆڵبوو، ئاڵۆزییه‌کان گه‌یشتنه‌ ده‌روازه‌ی قه‌زاکه‌.

جیاواز له‌داعش و گروپه‌ توندڕه‌وه‌کان، گومانی تێدانیه‌، به‌شێکی تر له‌و هێرشانه‌ی ئه‌نجامده‌درێن و داعشیان پێ تۆمه‌تبارده‌کرێت، گروپی جۆراوجۆری تریان له‌پشته‌، ئامانجیان ده‌رپه‌ڕاندنی کورده‌ له‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌ت به‌شێک له‌هێرشه‌کان، جێ په‌نجه‌ی داعشیان پێوه‌ دیارنیه‌.

گروپ گه‌لێک هه‌ن، له‌ڕووی شاره‌زایی سه‌ربازی و ته‌کنیکی شه‌ڕه‌وه‌، زۆر جیاوازییان له‌گه‌ڵ داعش نییه‌، به‌وپێیه‌ی پێشتر له‌ڕیزی سوپای عێراقی سه‌رده‌می به‌عسدا کاریانکردووه‌، هاوشێوه‌ی چه‌کداره‌ کڕەویه‌کانی جه‌له‌ولا، ئه‌م گروپانه‌ دوای رووخانی به‌عس، مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌یان له‌لایه‌ن حزبه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ کراوه‌، بۆیه‌ جۆرێک له‌ڕق و هه‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه‌یان لا دروستبووه‌.

ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی په‌لاماردانی گونده‌ کوردییه‌کان، خۆیان له‌ڕق و کینه‌ به‌تاڵ بکه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت هێرشه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی سه‌ر گونده‌ کاکه‌یی نشینه‌کانی ده‌ڤه‌ری خانه‌قین، جێ په‌نجه‌ی ئه‌م گروپانه‌ی پێوه‌ دیاربوو، به‌رپرسانی کوردیش هه‌مان گومانیان هه‌بوو.

به‌شێکی تر له‌هێرش و په‌لاماری سه‌ر گونده‌ کوردنشینه‌کان، په‌یوه‌ندیان به‌عه‌ره‌به‌ هاورده‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی په‌لاماردان و ده‌غڵ و دان سوتاندنه‌وه‌، جارێکی تر، کورده‌کان له‌و ناوچانه‌ ده‌رپه‌ڕێنن و خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و زه‌وی و زارانه‌ی پێشتر داگیریان کردبوو.

ده‌کرێت، بڵێین: سه‌رجه‌م ئه‌و گروپانه‌ی که‌ سوننه‌ن به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان تێوه‌گلاون له‌په‌لاماردانی گونده‌ کوردنشینه‌کان، به‌ڵام لاوازی لایه‌نی کوردی وایکردووه‌، نه‌توانرێت تێوه‌گلانه‌کانیان به‌سه‌ردا ساغ بکرێته‌وه‌ و رای گشتییان له‌دژ دروستبکرێت.

گروپه‌ شیعیه‌کان

گروپه‌ چه‌کداره‌ شیعه‌کانیش سه‌رباری ناکۆکییان له‌گه‌ڵ سوننه‌دا، به‌ڵام له‌مه‌سه‌له‌ی په‌لاماردانی گونده‌ کوردنشینه‌کاندا تێوه‌گلاون، جا تێوه‌گلانیان به‌به‌شداریکردنی راسته‌وخۆ بێت له‌و هێرشانه‌دا، یاخود له‌ڕێگه‌ی نه‌پاراستنی کورده‌کان و چاوپۆشیکردن بێت له‌هێرشه‌کانی سه‌ریان.

زۆرێک له‌و ناوچه‌ کوردییانه‌ی هێرشی به‌رده‌وامیان ده‌کرێته‌سه‌ر، له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی حه‌شددان، ئه‌رکی ئه‌وانه‌ بیانپارێزێت، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ نه‌ک به‌باشی نه‌یپاراستوون، به‌ڵکو مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ رووداوه‌کان به‌جۆرێک بووه‌، گومان له‌سه‌ر خۆشیان دروست ببێت.

ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ بێت، حه‌شدی شه‌عبی که‌ له‌ده‌یان گروپی ئه‌جێندا جیاواز پێکدێت، به‌تێوه‌گلان له‌هێرشی سه‌ر کورده‌کان تۆمه‌تبار بکرێت، به‌ڵام ناشتوانرێت نکۆڵی له‌تێوه‌گلانی هه‌ندێک گروپ بکرێت، جا تێوه‌گلانه‌که‌ که‌مته‌رخه‌می بێت یاخود چاوپۆشیکردن له‌چه‌کداره‌ هێرشبه‌ره‌کان.

راسته‌ هه‌ندێک گروپی نێو حه‌شد، تێڕوانینی سه‌لبییان به‌رامبه‌ر به‌کورد هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت گروپه‌ توندڕه‌وه‌کانیان که‌دژی ریفراندۆم بوون و کورد وه‌کو هێزێکی جوداخواز ته‌ماشاده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ هۆکار نیه‌ بۆ چاوپۆشییان له‌په‌لاماردانی گونده‌ کوردنشینه‌کان.

به‌شێک له‌به‌رپرسانی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و رایه‌ی، گه‌ر هه‌ندێک گروپی نێو حه‌شد چاوپۆشی له‌ گروپه‌ چه‌کداره‌کان بکه‌ن، یاخود که‌مته‌رخه‌م بووبن له‌پاراستنی کورده‌کاندا، ویستوویانه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ په‌یامی گرنگی بوون و مانه‌وه‌یان له‌ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان بگه‌یه‌نن، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وان له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌.

ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌به‌رپرسانی عێراق، پێیانوایه‌ هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سوپاو هێزه‌ ده‌وڵه‌تیه‌کان له‌پارێزگاکانی دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین، له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ لاوازکردنی حه‌شدی شه‌عبییه‌، نه‌ک له‌دژی کورد، که‌ڕاگه‌یاندنی کوردی به‌هه‌ڵه‌ مه‌سه‌له‌که‌ی گۆڕیوه‌ بۆ شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌و سوپا. راسته‌ له‌سنوری کفری و کوڵه‌جۆ، هه‌ندێک ئاڵۆزی له‌نێوان سوپاو پێشمه‌رگه‌ روویانداوه‌، به‌ڵام هۆکاری ئاڵۆزییه‌کان زیاتر مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه‌ی هێزه‌کان بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتری، بۆیه‌ خێراش چاره‌سه‌ر بوون، ئه‌گینا جموجۆڵه‌کانی سوپا، ئامانجی گه‌وره‌تریان له‌پشته‌وه‌یه‌.

هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌خوارووی عێراق ته‌واو لاوازبوون، خاڵه‌ سنوریه‌کانیان لێوه‌رگیرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ماوه‌، پارێزگای دیاله‌یه‌، ئه‌و پارێزگایه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی ئابوورییه‌ بۆ حه‌شد، حکومه‌تی عێراق به‌بیانووی داعش، هێزێکی زۆری ره‌وانه‌ی دیاله‌ کردووه‌و ده‌یه‌وێت له‌بن ده‌ستی حه‌شد ده‌ریبهێنێت.

 سوپای عێراق کۆنترۆڵی ته‌واوی بۆشاییه‌ ئه‌منیه‌کانی نێوانیانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ کرد، ده‌یه‌وێت بوار بۆ جوڵه‌ی داعش نه‌هێڵێته‌وه‌و بیانووه‌کانی حه‌شد نه‌هێڵێت، له‌هه‌مانکاتیشدا به‌هێز خاڵه‌ سنورییه‌کانی مه‌نزه‌ریه‌و مه‌نده‌لی وه‌رگرێته‌وه‌، ته‌نها له‌نێوان خانه‌قین و مه‌نده‌لیدا، هه‌شت بازگه‌ی حه‌شدی لابرد، که‌ له‌و بازگانه‌ پاره‌ له‌باهه‌ڵگره‌کان وه‌رده‌گیران.

بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێین: ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ی سوپای عێراق که‌ له‌لایه‌ن میدیای کوردییه‌وه‌ به‌هه‌ڵه‌ ته‌رجه‌مه‌کرا، له‌م قۆناغه‌دا بۆ لاوازکردنی حه‌شده‌، به‌ڵام له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا، ده‌ریشکه‌وت سوپای عێراق وه‌کو هێزێکی لاوازو به‌رده‌سته‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ده‌کات، نه‌ک وه‌کو هێزێکی فیعلی و کاریگه‌ر.

هه‌ڵه‌ی میدیا و ململانێى حزبی

هه‌ڵه‌ی میدیای کوردی له‌چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی هێرشی سه‌ر گونده‌ کوردنشینه‌کان، له‌گه‌ڵ ململانێی نێوان یه‌کێتی و پارتی، وایانکرد هێرشی سه‌ر گونده‌ کوردنشینه‌کان به‌ئاسانی بۆ گروپه‌کان بچێته‌ سه‌ر، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆکار بوو بۆ به‌رده‌وامیان له‌هێرشه‌کان.

کاتێک هێرش ده‌کرێته‌سه‌ر گوندێکی کوردنشین، به‌چه‌ند خوله‌لێک دوای هێرشه‌که‌، میدیای کوردی به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون، کوتوپڕ هێرشه‌که‌ ده‌داته‌ پاڵ داعش، ئه‌م جۆره‌ له‌مامه‌ڵه‌کردن، هۆکاره‌ بۆ ونکردنی ناسنامه‌ی هێرشبه‌ره‌کان و هاتنه‌ خه‌تی گروپی تریش بۆ هێرشکردن.

 میدیای کوردی، هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی له‌داعشدا کورت کردووه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا داعش باکی به‌تۆمه‌تبارکردن نیه‌، ده‌بوو میدیای کوردی به‌تۆخی به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی خستبایه‌ته‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ عێراقیه‌کان، هاوکات هه‌وڵی بنکۆڵکردنی رووداوه‌کان و ئاشکراکردنی ناسنامه‌ی سه‌رجه‌م گروپه‌کانیشی به‌شیعه‌ و سوننه‌وه‌ بدایه‌.

له‌پاڵ هه‌ڵه‌ی میدیادا، ناکۆکیی نێوان هێزه‌ کوردییه‌کان زیانێکی ئێجگار گه‌وره‌ی به‌پێگه‌ی کورد گه‌یاندووه‌، به‌جۆرێک ته‌نانه‌ت گروپێکی چه‌کداری چه‌ند که‌سیش، هیچ حسابێک بۆ هیچ هێزێکی کوردی ناکات، چونکه‌ خیتابی پارتی‌و یه‌کێتی هێنده‌ روو له‌یه‌کترییه‌، هێنده‌ روو له‌کورد کوژه‌کان نییه‌.

جارێک، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا که‌عه‌ره‌بێکی دۆستی کورده‌، پێیوتم: چه‌کداره‌ کرویه‌کان حساب بۆ کورد ناکه‌ن، چونکه‌ یه‌ک نین، هێزێک له‌گه‌ڵیان له‌شه‌ڕدایه‌، هێزه‌که‌ی تر له‌پشته‌وه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌کات، پشتگیرییان بۆ دووپاتده‌کاته‌وه‌.

گواستنه‌وه‌ی ململانێی حزبی نێوان یه‌کێتی و پارتی به‌ له‌ده‌ستدانی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کانه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، به‌ڵکو خه‌ریکه‌ به‌کۆتایی هاتنی کورد له‌و ناوچانه‌ کۆتایی دێت، به‌جۆرێک هێزه‌ شیعی و سوننیه‌کان هه‌نگاوی یه‌ک له‌دوای یه‌ک بۆ وه‌ده‌رنانی کورد له‌و ناوچانه‌ ده‌نێن، که‌چی پارتی و یه‌کێتی سه‌رقاڵی ته‌خوین کردنی یه‌کترین.

سه‌رقاڵبوونی یه‌کێتی و پارتی به‌یه‌کتری و تێنه‌په‌ڕاندنی قۆناغی ئۆکتۆبه‌ری 2017، هێزه‌ شیعی و سوننیه‌کانی ده‌ستکراوه‌تر کردووه‌، به‌رده‌وامبوونی ئه‌م ململانێ ناشیرینه‌ش، کۆتاییه‌که‌ی بۆ کورد له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان کاره‌سات ده‌بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار