کازمی و رێگایەکی سەخت
4 ساڵ لەمەوپێش
نهوزاد ساڵح
رەنگە نەک هەر بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق (مستەفا کازمی) بەڵکو هەرکەسێکی دی بوایە لەبری ئەم هەمان ئاستەنگ و بەربەستی لەبەردەمدا بۆ دروست دەبوو، رێکخستنەوەی سیستمی حوکمداری و سیاسی و سەربازی و ئابوری عێراق بەچەند رۆژو مانگێک ناکرێت، دەستبردن بۆ هەر یەکێک لەم دۆسیانە رەهەندی سیاسی نوێی هەیە و پەیوەستن بەو دۆخە ناسەقامگیرەی کەعێراقی تێکەوتوە، وڵاتانی زلهێزی بەرژەوەندیخوازو هەرێمایەتیش دەستوەردانی تەواویان تیادا هەبووە بەئێستاشەوە، کازمی کەبەدروشمی چاکسازی هەنگاوەکانی چڕکردوەتەوە کەڕێگاکەشی بێ دڕک و داڵ نیەو ئاسان نیە بەتایبەت کە زیانی تەواو بەگروپە میلیشیا چەکدارەکان دەگەیەنێت کەئەمەش یەکێک بوو لەداخوازیەکانی شەقامی عێراقی لەپێشووتردا، جگە لەپێهەڵگرتنی سەقامگیریی باری ئاسایشی ناوخۆ کەیەکێکی ترە لەهەنگاوەکانی کازمی، هەڵبەتە بەبێ پشتیوانی ئەمریکاو وڵاتانی دیکەی نێودەوڵەتی کازمی ناتوانێت ئیدارەی ململانێکان بدات چونکە ئەم گروپانە چەندین ساڵە لەعێراقدا رەگ و ریشەو رێکخستن و ئابوری و ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیەو بەئاسانی دەستبەرداری بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریی خۆیان نابن، وشککردنی سەرچاوەی داهاتی میلیشیاکان دەبێتە هۆکاری گەڕانەوەی داهاتێکی باش بۆ عێراق و ئەوانیشی پێ لاواز دەبێت کە لەئێستادا لەدەروازە سنورییەکانەوە دەستپێکردووەو هێزێک پێکهێنراوە بۆدەستبەسەراگرتنی چواردە دەروازە کەچواریان لەسەر دەریان، لەوانەش ئوم قەسری خوارصو، ئوم قەسری سەروو، ئوم قەسری ناوەند، خۆرل زوبیر، شەلامچە، بەدرە، مونزریە، سەفوان، قائیم، تریبیل، شیب، زەرباتیە، ئەبوفلوس، عەرعەر، کەبێگومان لەم دەروازە سنوریانەدا کاری بەقاچاخبردنی کاڵاو ئاڵ و وێڵی نەوت و کەرەستەی تر دەکرا دوور لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەند، رەهەندێکی تری بەرنامەو پلانی کازمی ئەوەیە کەعێراق بگێڕێتەوە بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی بەوڵاتانی عەرەبی و کەنداوەوە، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی زیاتری پشتیوانی کۆمکاری عەرەبی، چاودێران پێیانوایە قورسە کازمی بتوانێت لەنێوان بژاردەی ئەمریکا و ئێراندا بڕیاری کۆتایی بدات کەهەریەکەیان عێراقیان وەک گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێ و خواستی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری بەکارهێناوە، هەموو نێوەندەکانی لێکۆڵینەوە باسی بوێری کازمی دەکەن کەدەستی بۆ کۆمەڵیک دۆسیە بردووە لەعێراقدا کەپێشترهیچ سەرۆک وەزیرانێک زاتی نەکردووە بەڕاشکاوی دەستیان بۆ بەرێت بەتایبەت دۆسیەی گروپە چەکدارەکانی حزبوڵا ، حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێن و بەسنوورو قەڵەمڕەوی ئێران هەژماردەکرێن...
هەڵبژاردنی پێشوەخت
چەندجارێک سەرۆک وەزیران جەخت لەهەڵبژاردنی پێشوەخت دەکاتەوەو دەڵێت هەڵبژاردنێکی پاک دەکەین، لەئێستادا یاسای هەڵبژاردنەکان ئامادەکراوە تەنها یەک یان دوو مادە ماوە کەخوێندنەوەی بۆبکرێت بەتایبەت (بازنەی هەڵبژاردن)، کەئەمەش پەیوەستە بەبنەمای دابەشبوونی ژمارەی دانیشتوان کەچۆن دابەشی چەندبازنەیەکی هەڵبژاردن بکرێن و لەم هەڵبژاردنەدا بایەخدەدرێت بەکاندیدی سەربەخۆی قەزاکان، کەڕەنگە ١/٤/٢٠٢١ یان ١/٦ هەڵبژاردن بکرێت یان لەکاتێکی تردا.
سەردانەکەی تاران
سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ تاران لە ٢١/٧/٢٠٢٠ بووە جێگای مشتومڕێکی زۆر ، رەنگە سەردانێکی سەرکەوتوو نەبووبێت، چونکە نە کازمی دەتوانێت تەواوی داخوازی ئەجێنداکانی ئێران جێبەجێ بکات، نە ئێرانیش خۆشحاڵە بەدانانی کەسایەتیەکی وەک کازمی کەبەموبادەرەی ئەمریکا دانراوە!!!، کازمی هاوڵدەدات هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بەڵام رەنگە قورس بێت، چونکە لە سەردانەکەدا دەرکەوت ئێران نایەوێت دەستبەرداری بەرژەوەندیەکانی بێت لەعێراقداو هەوڵدەدات کاریگەری لەسەر ئاراستەی بیروڕای کازمیش دروستبکات و شێلگیرانە بیر لەچەسپاندنی هەڵوێستی وڵاتەکەیان دەکەنەوەو گۆڕانکاری بەسەر بیڕوڕایاندا دەرهەق بەعێراق نایەت، ستراتیجیەتی سیاسەتی ئێرانیش لەلێدوانەکانی علی خامنەیی دەرکەوت کەئێران مکوڕە لەسەر تۆڵەکردنەوە لەئەمریکا لەسەر تیرۆرکردنی (قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) هەربۆیە بەزەحمەت دەزانرێت کازمی لەم نێوەندگیریەدا سەرکەوتووبێت لەکاتێکدا کەسەرانی ئێران بەردەوام باس لەدەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لەعێراقدا، ئێران لەماوەی ئەم (١٧) ساڵەدا دوای رووخانی رژێم بەردەوام هەژموون و دەسەڵاتی لەسەرجەم دۆسیەکانی عێراقدا هەبووە...
لاوازبوونی پێگەی مالیکی و سەدر
بەوپێیەی کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە مالیکی لەدەسەڵاتدا نەماوەو لەسەردانەکەی (محەمەد جەواد زەریف) بۆ بەغدا مالیکی هیچ دەرکەوتنێکی نەبوو ، لەئێستادا هەستدەکرێت کەئێران زیاتر بایەخ بەڕۆڵی هادی عامری دەدات وەک بەدیلێکی مالیکی کە عامری سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی (فتح)ەو بەردەوام وتاری توند لەدژی هێزەکانی ئەمریکا دەدەن هەروەها یەکێکی تر لەو کارئەکتەرانەی شیعە کە موقتەدا سەدرە بەردەوام رۆڵی هەبووە لەجوڵاندنی شەقام وخۆپیشاندانی یەک ملیونی رێکدەخست، ئێستا بەلاوازتر دەبینرێت و متمانەی خۆپیشاندەرانی لەدەستداوە، بیرمان نەچێت رۆڵی (عەمار حەکیم) لەئێستادا جێی بایەخەو پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا لەئاستێکی باشدایە، زوومی چاوی چاودێران و دنیاش لەسەر جوڵەو هەنگاوەکانی کازمیە، لەناوخۆش خەڵک تاڕادەیک بڕوایان وایە کەعیراق ئەگەر دەستتێوەردانی دەوڵەتان بهێڵێت دەکەوێتەوە سەرپێی خۆی و جێگیردەبێت، بەڵام بەهەموو پێوەرێک کارەکەی سەرۆک وەزیران سەخت و دژوارەو پێویستی بەپشتگیری و هەماهەنگی هەمەلایەنە هەیە.
سەرچاوەکان:
پێگەی العرب ٢٥/٧/٢٠٢٠
ئارتی عربی ٢٥/٧/٢٠٢٠