وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتى: دۆخى هه‌ولێر و دهۆک مه‌ترسیداره‌

"له‌سه‌ر ئاستى تاک هاوڵاتیانى هه‌ولێرو دهۆک خۆپارێزى ناکه‌ن...هێشتا جدییه‌تێک‌ لاى هه‌ندێ که‌س نییه

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم ئاشکراى ده‌کات زیادبوونى حاڵه‌ته‌کانى تووشبوون به‌په‌تاى کۆرۆنا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ئاستى تاک هاوڵاتیانى هه‌ولێرو دهۆک خۆپارێزى ناکه‌ن و ده‌شڵێت:" هه‌ر که‌سێک له‌ماڵه‌وه‌ خۆى که‌ره‌نتین کردووه‌ ئه‌گه‌ر پێویستى به‌ ئۆکسجین بێت راسته‌وخۆ ده‌بێت بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌".

نزیکه‌ى دووهه‌فته‌یه‌ له‌ پارێزگاى هه‌ولێرو دهۆک په‌تاى کۆرۆنا زیادى کردووه‌و به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام هۆشدارى ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیان تا خۆیان و که‌سوکاریان و هاوشارییه‌کانیان بپارێزن و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن، سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ ژماره‌ى تووشبوان ئامارێکى به‌رزى تۆمار کردووه‌و ئه‌مڕۆ پێنجه‌مین گیان له‌ده‌ستدان له‌ پارێزگاى دهۆک تۆمارکراوه‌.

محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" زیادبوونى ژماره‌ى تووشبوان له‌ پارێزگاى هه‌ولێرو دهۆک له‌ دوو هه‌فته‌ى رابردوودا دۆخێکى ترسناکه‌و له‌سه‌ر ئاستى تاک هاوڵاتیان له‌و دوو پارێزگایه‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ رێنماییه‌کانى خۆپارێزییه‌وه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، تێکه‌ڵاوى زۆرو گروپ له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کان بینراون که‌ ماسک و ده‌ستکێشیان به‌کارنه‌هێناوه‌و ئه‌وه‌ش هۆکارێکى زیادبوونى تووشبوانى کۆرۆنایه‌".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌دنروستى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌شڵێت:" فرۆشتنى بوتڵى ئۆکسجین له‌ شه‌قامه‌کانى هه‌ولێردا مه‌ترسییه‌و هاوڵاتیان ده‌تۆقێنێت، ئه‌گه‌ر که‌سێکى تووشبوو پێویستى به‌ ئۆکسجین بێت و له‌ماڵه‌وه‌ خۆى که‌ره‌نتین کردبێت پێویسته‌ یان له‌ کۆمپانیاکانى ده‌رمان ئۆکسجین وه‌ربگرێت یان راسته‌وخۆ بچێته‌ نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆنا".
ئه‌مڕۆ قایمقامى هه‌ولێر ده‌ستگیرکردنى که‌سێکى راگه‌یاند که‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانى هه‌ولێر بوتڵى ئۆکسجین ده‌فرۆشێت.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ له‌ پارێزگاى هه‌ولێرو دهۆک که‌مى بوتڵى ئۆکسجینیان نییه‌و رۆژانه‌ ئۆکسجین ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌کان ده‌کرێت، وتیشى:" هیچ هاوڵاتییه‌ک نییه‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا نه‌زانێت چۆن خۆى ده‌پارێزێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشتا جدییه‌تێک نییه‌ لاى هه‌ندێ که‌س، چونکه‌ ئه‌گه‌ر گروپێکى بچوکیش رێنماییه‌کان جێبه‌جێ نه‌کات مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر شارو پارێزگایه‌ک و ڤایرۆسه‌که‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌".

محه‌مه‌د قادر، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ هێشتا دۆخى په‌تاى کۆرۆنا له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌و پزیشکان و کارمه‌ندان به‌و په‌رى توانایانه‌وه‌ هاوکارى نه‌خۆشه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌که‌ له‌م قۆناغه‌دا رانه‌گیرێت مه‌ترسییه‌کان زیاتر ده‌بن.

ده‌رباره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ وه‌ک رێگه‌یه‌ک بۆ تێکه‌ڵاونه‌بوونى هاوڵاتیان تا ڤایرۆسه‌که‌ زیاتر بڵاونه‌بێته‌وه‌، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ تا 15ى ئاب له‌پارێ.گاى دهۆک له‌سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاکان کراوه‌ته‌ پشوو، وتیشى:" ده‌سه‌ڵاتى ته‌واو دراوه‌ته‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى پارێزگاکان و دۆخى کۆرۆنا له‌ شاره‌کانیاندا ده‌زانن، ئه‌وان چ بڕیارێک بده‌ن ئێمه‌ پشتیوانیان ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆش رابگه‌یه‌ندرێت و له‌سه‌ر ئاستى تاک خۆپارێزى نه‌بێت هیچ سوودێکى نابێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار