فریادڕەس یان میراتگری ھەرەس

4 ساڵ لەمەوپێش



ڕێکار ملا حسن

دوێنێش صدام حسێن جلی کوردی لەبەر دەکرد، دەھاتە نێو بازاڕ و شەقامەکانیشەوە، مامەڵەی لەگەڵ پیر و پەکەوتە و کرێکار و دەسگێڕەکانی ناو بازاڕیش دەکرد، دەیان گرتەی ڤیدیۆی ھەیە کە بە لوتبەرزییەکی زۆرەوە گوێ بۆ گەورە و بچوك دەگرێت، بەڵام ھەموو ئەمانە ڕوی ڕەشی  کۆمەڵکوژی و دیکتاتۆرییەتی ئەویان سپی نەکردەوە، بەتایبەت لای خەڵکی ھۆشیار ئەم نمایشە سیاسیانە دڕندەیی ئەویان پڕ بەزەیی نەدەکرد. 

ھەموو ئەمانە "ئەدایەکی رەمزین" کە لەھەموو سیستەمێکی سیاسیدا بوونیان ھەیە، بە ڕادەی جیاواز. ڕادە و زیادەڕەویکردن لەم ئەدایە بە گوێرەی سروشتی سیستەمی سیاسی پەیڕەوکراو دەگۆڕێت، زیاتر پیاوە سیاسییە پاوەنخوازەکان پەنای بۆ دەبەن، خودی ئەمە دروستکردنی ڕواڵەتی سیاسییە لە بری ناوەڕۆك. ھەوڵدانە بۆ دورینی بەرگێکی جوان، لە پێناو داپۆشینی جەستەیەکی ھیلاك و پڕ نەخۆشی.

ئەمرۆش مستەفا کازمی بە ھەمان ئەو عەقڵیەتە مامەڵە دەکات و، دەیەوێت دیسانەوە خەڵکێکی زۆر ھاوسۆز بکات بە خۆیەوە. لەپاڵ دەیان کێشەی قوڵ و گەورە کازمی دەیەوێت لەرێگەی چەند جوڵەیەکی سەرنج ڕاکێشەوە، دڵبەندی خەڵکی بەدەست بھێنێت، لە ناو سیستەمێکی دیموکراسی پەرلەمانی و ووڵاتێکی دامەزراوەیی ئەم زێدەڕەویکردنە لە نواندن، جگە لە خۆ ئیبراز کردن و تەرویجی شەخسی ھیچی تر نین.

ئەم ئەدا رەمزییە، کە ئەمرۆ وەکو بانگەشەیەکی پێشوەختەی نافەرمی ھەڵبژاردن دەردەکەوێت لەلایەن کازمییەوە، ھەم ئیستیغلالی وەزیفەیە و ھەم نواندنێکی خەڵەتێنەر و بێ مانا، کە توانایی شاردنەوەی ئەو ھەموو شکستەی حکومەتی عێراقی نیە. 

ئەگەر چی زەمینەی بەردەم ھەڵبژاردنی پێشوەختەی بڕیار لەسەر دراو پڕیەتی لە ئاستەنگی یاسایی و سیاسی کە خۆیان لە؛ 
_ نەبوونی دەستە و کابینەیەکی کارامە کە زەمانەتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی بێگەرد بکات لە عێراقدا.

_ بوونی قەیرانێکی دارایی قوڵ، کە توانای پارەدارکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن تا ڕادەیەکی زۆر سنوردار دەکات.

_ نیوە چڵی یاسایی ھەڵبژاردن و، یەکلا نەکردنەوەی ناکۆکی ھێز و لایەنە سیاسییەکان لە بارەی پرسی بازنەکانی ھەڵبژاردنەوە.

_ ترسی بەشێك لە سیاسییەکانی عێراق، لەھەمبەر لەدەستدانی کورسییەکانیان.

کازمی لە پێناو بەدەستھێنانی دەنگی زیاتر و ڕازیکردنی خۆپیشاندەرەکانی شەقامی عێراقی، کە بەرئەنجامەکەی ئەم کابینە وزارییە بوو، زۆرترین گفت دەدات لە ڕێگایی ئەم نواندنە سیاسیانەوە.

ئەوەشی لێ دەبینرێت، کە خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ کەسێتی تاکی عێراقی ھەبێت، ھەروەکو چۆن نوسەر و بیرمەندی عێراقی "باقر یاسین" سێ سیفەتی سەرەکی بۆ تاکی عێراقی دیاریدەکات " ناکۆکی و دیکتاتۆریی و خوێنڕێژی". گومانی تێدانیە گەلی دیکتاتۆر ئارەزوی دیمەنی دەسەڵاتخوازی و بەکارھێنانی دەسەڵات دەکەن، ڕەنگە زۆر باش ئیشتیھایی بوونی دامەزراوە و کاری دەستەیی نەكەن، بە پێچەوانەوە زیاتر تامەزرۆی دەرکەوتنی سەکردەیەكی خاوەن دەسەڵات و نمایشکار بکەن.

تاك لە عێراقدا تاکێکی عەقڵانی نیە، کەمتر توانایی شرۆڤەکردنی بژاردەکانی بەردەمی ھەیە، بۆ بریاردان لەبارەی سەرجەم بژاردەکانی بەردەمی، لە بری لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن پشت بە "کورتە ڕێگا" بۆ بیرکردنەوە دەبەستێت، وەکو متمانە کردن بە سەرکردەیەك یاخود ھاوسۆز بوون و سەرسام بوون بە سەرۆکێکی دیاریکراو. ئەمرۆش کازمی ھەم زەمینە و ھەم ویستێکی زۆری بۆ ئەم ئەرکە ھەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار