کێ دێت بۆ رۆژهەڵات؟
4 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
ئێما سکای دەمێکە ئەم پرسیارە لەمێشکمدایە. کێن ئەوانەی کەڕۆژئاوا جێدەهێڵن و دێن بۆ رۆژهەڵات؟ لەئەدەبیاتی سیاسی رۆژئاوادا ئەمانە لەژێر چەمکێکدا دەناسرێن کەعەرەبیستە، یان عەرەبچی، هەروەها لەئاستێکی فراواندا بەئۆریەنتالیست یان رۆژهەڵاتناس دەناسرێن. لەدوای کتێبەکەی ئیدوارد سەعید بەو ناوە، ئۆریەنتالیست وەک جۆرە جنێوێکی لێهاتووە. بەدیدی رۆبەرت کەپڵان عەرەبیست ئەوانەن کەڕۆمانسێکیان هەیە بۆ دونیای عەرەبی. هەبوونی رۆمانس یانی لاوازبوونی عەقڵانیەت و زاڵبوونی سۆز. ئایا کورددۆست یان کوردۆفیلۆ بوونی هەیە، خەڵکێکی زۆر، بەتایبەتی ئافرەت، لەکورد دۆستییەوە بوون بەدژە-کورد. ئەمە جێگای تێڕامانە.
هێلا میوس ئەو هونەرمەندە بەرلینییەی کەڕۆژانی پێشوو لەبەغدا رفێنرا، دەڵێت هەرکە لەفڕۆکەخانە دابەزیم، عەشقی ئەم شارەبوم و زانیم ئەمە ئەو جێگایەیە کەدەمەوێت ژیانمی تیادا بەسەربەرم. ئەمە مەتەڵێکی ئاڵۆزە. رەنگە خەڵکانێک کە بەپێکهاتەی کۆمەڵگای ئەڵمانی شارەزابن دیدێکی تایبەتیان هەبێت بۆ ئافرەتێکی خەڵکی بەرلینی رۆژهەڵات. خەڵکانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات بەزۆری هەست بەنامۆیی دەکەن لەناو بونیادی کۆمەڵگای ئەڵمانیدا، ئەوەشە هۆکارەکەی کە یان چەپێکی توندڕەون یان راستڕەوێکی توندڕەو. ئەمەش حەکایەتێکی ترە. بەڵام دەرخەری ئەو راستیەیە کە بایوگرافیا وەک میتۆدێک ئێجگار بەسوودە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە.
زیاتر لەسەدەیەک لەمەوپێش گێرتچوارد بێڵ بەسواری ئەسپ لەبیابانەوە دێتە بەغداو عەشقی دەبێت. ئەو خانمەی کە لەداهاتوودا زیاتری لەسەر دەنووسین. مونیف بە گێرتچوارد یان مس بێڵ دەڵێت خاتوون. بەگەشتی عەرەبیستەکان کۆمەڵێک خەسڵەتیان هەیە: زمانی عەرەبی لەیەکێک لەزانکۆکانی رۆژئاوا دەخوێنن. ئارەزوییان هەیە بۆ مێژوو و ئارکەلۆژیاو کەلتورو خواردنی ئەو ناوچەیە. هەندێکیان سەرباری پیشە، پاڵنەرێکی ئایدەلۆژییشیان هەیە. بەڵام بایوگرافیایان رەنگە لەهەموو بونیادێکی تر زیاتر زانیاری بەخش بێت. ئەمڕۆ باسی ئێما سکای دەکەم. ئێما لەلەندەن لەساڵی ١٩٦٨ لەدایک دەبێت. ١٩٦٨ ساڵێکی ئاسایی نیە لەمێژوی ئەوروپادا. لەتەمەنی یەک مانگیدا باوک و دایکی ئێما لەیەکتر جیادەبنەوە. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ژیانی ئێمای بۆ سۆزو خۆشەویستی باوکێتی. ئێما بەبێ باوک گەورە دەبێت. باوکی ئێما پیاوێکی جولەکەبوو، لەئەوروپای رۆژهەڵاتەوە بۆ بەریتانیا کۆچی کردبوو. لەهەژاریدا دایکی لەماڵاندا کاردەکات. لەتەمەنی چوار ساڵیدا دایکی لەقوتابخانەیەک دەبێتە بەخێوکەر، ماترۆن. هەر لەقوتابخانەکە لەنهۆمی سەرەوە جێگای ژیانیان بۆ دابین دەکەن. لەئەوروپا شێوازێکی بڵاوە ئەوانەی بەخێوکەرو چاودێرن لەقوتابخانەکاندا هەر لەوێش دەژین، بەتایبەتی ئەو قوتابخانانەی کەخوێندکارەکانیان ناڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان بەڵکو هەموو ژیانیان لەوێ بەسەردەبەن. ئێما ئەو ساڵانە لەوێ کاتێکی خۆش بەسەردەبات. لەتەمەنی (10) ساڵیدا دایکی عەشقی یەکێک لەمامۆستاکانی قوتابخانەکە دەبێت، کە (10) ساڵێک لەخۆی مناڵترە. مامۆستاکە ژن و مناڵی بەجێدەهێڵی و لەگەڵ دایکی ئێمادا دەچن بۆ ئایرلەندای باکور. دوای ساڵێک دەگەڕێنەوە بۆ ئینگلتەرا. لەئەوروپا لەزۆر قوتابخانەکاندا لەقۆناغی ناوەندیدا ساڵێکی پشوو یان دابڕان هەیە، لەم ساڵەدا ئێما دەچێت بۆ ئیسرائیل و لە کیبۆتزی کفر میناخیم کاردەکات. کیبوتز جیهانێکی ترە، وەک خۆی دەڵێت. ئازادی و عەلمانیەت و سۆشیالیزم لەخەسڵەتە سەرەکیەکانین. گفتوگۆ دەربارەی ماناکانی ژیان و خواردنەوەو کێشانی حەشیش، بەشێک دەبێت لەژیانی رۆژانە. لەوێ ئێما جولەکەی پاشخان جیاوازی زۆر دەناسێت. لەکیبۆتز ئێما دەبێتە هیومانیست. کە دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا دەچێتە ئۆکسفۆرد، هەمان زانکۆ کە مس بێڵ تیایدا ئارکەلۆژی دەخوێنێت، لەوێ کلاسیک دەخوێنێت. کە لەساڵی ١٩٨٧ یەکەم ئینتیفازە دەستپێدەکات بڕیار دەدات کەخوێندنی بگۆڕێت بۆ عەرەبی و عیبری. یەکێک لەمامۆستاکانی کچی رۆماننووسی ناسراوی ئیسرائیلی ئاموس ئۆزە. ئێما پاش تەواوکردنی خوێندن و سەفەر لەسەردەمی ئاشتی فەلەستینی ئیسرائیلیدا بۆ رێکخراوێکی فەلەستینی ئێن جی ئۆ کاردەکات. لەکاتی شەڕی عێراقدا ئێما لەمانچستەر دەژی. کاتێک ئیمەیڵێک لەحکومەتی بەریتانییەوە بۆ فەرمانبەران دێت: دەپرسێت کێ ئارەزووی هەیە بچێت بۆ عێراق وەک خۆبەخش؟ ئێما ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت وەک خۆبەخشێک لەسوپای بەریتانیدا بێت بۆ عێراق. ئێما ئەو رۆژگارە چەپ و دژە شەڕە. ئامانجی ئەوەیە کە بێت هاوکاری خەڵکی عێراق بکات. بەڵام لەهەمانکاتدا ئافرەتێکە کە لەچەندین چیرۆکی خۆشەویستیدا شکستی هێناوەو ئەوکاتە کەدێت بۆ عێراق سنگڵەو تینوی خۆشەویستییە. ئەمەشە پاشان دەڵێت، ئەو خۆشەویستییەی کەئەو ساڵانە لەعێراق هەستم پێکرد هەرگیز لەژیانمدا هەستم پێنەکردبوو. جارێک جەلال تاڵەبانی دەیبینێت پێی دەڵێت، بوویت بە مس بێڵ. ئێما تێدەگات کە مس بێڵ لەعێراقدا شمشێرێکی دوو دەمە. ئەوانەی عێراقچین خۆشەویستییەکیان هەیە بۆی وەک ئافرەتێکی دڵتەنگ، بەڵام دروستکەری عێراق، بەڵام تێترەنجانی کورد بەعێراق، دیسانەوە ئەو یەکێکە لەپاڵەوانەکانی. ئێما لەوەڵامی تاڵەبانیدا دەڵێت، داوای لێبووردن دەکەم کە بەریتانیا عێراقی دروستکردو کوردی تێکرد. بەڵام یەکەمجار ئێما ناوی مس بێڵ لەچەند سەرۆک هۆزێکی سوننەی کەرکوکەوە دەبیستێت، وەک وەسفێکی پۆزەتیف. بێڵ زۆر لایەنگری تیرە عەرەب سوننەکان بوو.
ئێما لەکەرکوک دەگیرسێتەوە. لەسەرەتای گەیشتنیدا شەوێک لەجێگای مانەوەکەی بە رووتی دەنوێت. بەڵام کەدەمەوبەیان تەقینەوەیەک روودەدات، لەجێگاکەیدا خۆی گرمۆڵە دەکات و هەردوو دەستی دەخاتە سەر گوێیەکانی و وەک بی ناو ئاو دەلەرزێت و نازانێت لەترساندا چی بکات. ئێما دەبێتە کەسی دووەم لەبەڕێوەبردنی شاری کەرکوک. پاشان دەبێتە راوێژکاری جەنەڕاڵ ئۆدرینۆی زەبەلاح. لەم ماوەیەدا ئێما لەچەپێکی دژە شەڕەوە سۆزێکی زۆر بۆ سەربازە ئەمریکییەکان لەلای گەشە دەکات. جێگای ئاماژە پێدانە زۆربەی کات ئێما تەنها ئافرەتی ناو هەموو هێزە هاوپەیمانەکان بووە لەوێ. ئێما سەرەتا لەساویلکەیی ئەمریکییەکان واقی وڕ دەمێنێت. لەئەنجامدا ئێما چەند ساڵێک لەعێراق دەمێنێتەوەو پاش عێراق وەک یەکێک لەشارەزایانی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن لەناوەندە جیاوازەکانی ئەوروپاو ئەمریکا. ئێما بەئاڵۆزی عێراق ئاشنا دەبێت، لە هەمانکاتدا دیدێکی یوتوپی لەلای گەشە دەکات کەسروشتی هەموو عێراقچییەکانە. لەکاتی ژیانی لەعێراق، ئێما ئێوارانی پێنچشەممە لەگەڵ چەند خێزانێکی چینی ناوەندی باڵای عێراقیدا تێکەڵ دەبێت و شەوانی خواردنەوەو سەمای لەوێ بەسەردەبات. ئەم خێزانانە کچ و کوڕەکانیان تێکەڵن لەعەرەب و تورکمان و سوننەو شیعە. ئەم نموونە بچکۆلانە دەبێتە بنەمای خەیاڵی عێراقێکی پێکەوەیی. زۆر لەڕۆژئاواییەکان دەبیستم ئەگەر شارەکان گەورەبن و خەڵک پێکەوە بژین و ژن و ژنخواز هەبێت، ئەوا کۆمەڵگایەکی عێراقی دروست دەبێت. ئەمە یوتوپیایە نەک واقیع. یوتوپیاش هەمیشە زەمینەی لەباری توندوتیژییە، وەک ئەزمونی سەدەی بیست ئاگادارمان دەکاتەوە.