حکومه‌تى هه‌رێم 120 ملیۆن کتێبى له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم چاپکردووه
سۆران تاوده‌ر سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى چاپخانه‌کان بۆ هاوڵاتى:
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سۆران عه‌بدولڕه‌حمان تاوده‌ر، سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى چاپخانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات کهپیشهسازى چاپ گرنگترین کێشه‌ى بێپلانى حکومه‌تە.
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:» له‌کۆى (40) چاپخانه له‌هه‌رێمى کوردستان (50) ملیۆن دۆلارى تێدا خه‌رج کراوه‌و پێویستیان به‌هاوکارى حکومه‌ته، به‌ڵام حکومه‌ت کتێبه‌کانى له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه چاپ ده‌کات».
هاوڵاتى: کێشه‌ى چاپخانه‌کانى کوردستان (حکومه‌ته، یا نووسه‌ران یا ناوه‌نده‌کانى چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ن؟
سۆران تاوده‌ر: به‌هۆى ئه‌وه‌ى پیشه‌ى چاپ به رووه پیشه‌سازییه‌که‌ى له‌هه‌رێمى کوردستان پیشه‌یه‌کى نوێیه، ده‌توانین بڵێین ته‌مه‌نى بیست ساڵى تێپه‌ڕنه‌کردووه، بۆیه هه‌ر پیشه‌یه‌ک که ده‌ستپێده‌کات رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه، به‌ڕاى ئێمه پیشه‌سازى چاپ گه‌وره‌ترین کێشه‌ى نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى نێوان حکومه‌ت و که‌رتى چاپخانه‌کانه، به‌پله‌ى یه‌که‌میش حکومه‌ت به‌رپرسه له‌م کێشه‌یه به‌هۆى نه‌بوونى پلان، که‌چۆن ئه‌و که‌رته ئاڕاسته بکات و بیخاته سه‌رپێى خۆى.
هاوڵاتى: بڕى ئه‌و پاڕه‌یه چه‌نده که به‌هۆى چاپکردن ساڵانه ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان؟
سۆران تاوده‌ر: دیاریکردنى بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌هۆى بردنه ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئه‌رکێکى قورسه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حکومه‌ت له‌کاتى هێنان و بردنى ئه‌و چاپکراوانه داتاى دروست تۆمار ناکات، بۆیه مهزهندهکردنى ده‌رچوونى ئه‌و پاره‌یه بۆ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ئه‌سته‌مه، چونکه ئاشکرایه هه‌رکاتێک هه‌زار دانه له‌کتێبێکى ئاسایى ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم چاپبکرێت بۆ نموونه هه‌زار دۆلارى تێبچێت، هه‌مان کتێب له‌وانه‌یه به‌گۆڕینى جۆرى کاغه‌زو ره‌نگى چاپهکهى تێچووى ئه‌و چاپه دوو قات بکاته‌وه که له‌بنه‌ڕه‌تیشدا له‌لاى حکومه‌ت هه‌مان حسابى ژماره‌ى کتێبه‌کانى بۆ ده‌کرێت، له‌وانه‌شه دوو هه‌زار دۆلارى تێچووبێت له‌کاتێکدا هه‌مان ژماره‌ى لاپهڕهیهیان هه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووى چۆنیه‌تییه‌وه جیاوازە.
هاوڵاتى: کۆى ئه‌و سه‌رمایه‌یه چه‌نده که له‌بوارى چاپه‌مه‌نیدا به‌گه‌ڕخراوه؟
سۆران تاوده‌ر: هه‌ژمارکردنى سه‌رمایه‌ى به‌کارهاتوو بۆ کارى چاپ به‌سێ شێوه هه‌ژمارده‌کرێت، سه‌ره‌تا بۆ دروستکردنى بیناى چاپخانه‌و دواتر کڕینى مهکینهکانى چاپ و دواتریش پاره‌ى تێچوون بۆ کڕینى که‌ره‌سه‌کانى چاپ وه‌ک (کاغه‌ز، مه‌ره‌که‌ب، پلێت…تد)، که به‌عه‌ره‌بى پێى ده‌وترێت (مواد التشغیل)، که‌هه‌ر چاپخانه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر بڕیاربێت چاپى کتێب بکات پێویستى به‌چه‌ند ئامێرێک ده‌بێت که له‌که‌مترین حاڵه‌تدا بڕى (500) هه‌زار دۆلارى پێویست ده‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌تێکڕایى وه‌ریبگرین هه‌ر چاپخانه‌یه‌کى تاڕاده‌یه‌ک ستاندارد پێویستى به یه‌ک ملیۆن و (500) هه‌زار دۆلار ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى کاربکات، که له‌هه‌ندێک له‌چاپخانه‌کانى سلێمانى و هه‌ولێریش بڕى پاره‌ى خه‌رجکراو گه‌یشتۆته نزیکه‌ى (5) ملیۆن دۆلار، ئه‌گه‌ر به‌گشتى وه‌ریبگرین زیاتر له (50) ملیۆن دۆلار له‌م که‌رته‌دا خه‌رجکراوه.
هاوڵاتى: چه‌ند خێزان بژێویى ژیانیان له‌سه‌ر چاپخانه‌کانه له‌هه‌رێم؟
سۆران تاوده‌ر: پیشه‌ى چاپ له‌ته‌واوى وڵاتان واناسراوه کهدهزگایهکى خێرایه بۆ ره‌خساندنى هه‌لى کار، بۆیه مه‌زه‌نده ده‌که‌ین بهپشتگیرى چاپخانه‌کان و سنووردارکردنى بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى چاپ هه‌لى کار بۆ زیاتر له (1000) که‌س له‌ئه‌ندازیارى کاره‌باو ئه‌ندازیارى میکانیک و وه‌ستاو کرێکارى ناو چاپخانه ده‌ڕه‌خسێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک له‌وانه خاوه‌نى خێزانێکى پێنج که‌سى بن واتا (5) هه‌زار که‌س له‌م که‌رته سوودمه‌ندده‌بن، که به‌داخه‌وه به‌شى زۆر له‌و پاره‌یه‌ى کهتهرخان ده‌کرێت بۆ ئه‌م بواره وڵاتانى دراوسێ به‌کارى ده‌هێنن لهکهمکردنهوهى بێکارى له‌وڵاتى خۆیان، بۆیه لێره‌وه داوا له‌ڕێزدار جه‌نابى وه‌زیرى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌که‌ین به‌خێرایى له‌سه‌ر بردنه ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م هه‌له زۆره‌ى کار به‌ده‌نگ بێن و چیتر رێگا نه‌ده‌ن ئه‌م هه‌لانه بچنه ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.
هاوڵاتى: چه‌ند ساڵه کتێبه‌کانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم بۆ چاپکردن؟
سۆران تاوده‌ر: لێره‌دا ده‌بێت باسى ئه‌وه بکه‌ین پاش راپه‌ڕینى 1991 وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده مێژوویه‌کى جوانى هه‌یه لهچاپکردنى کتێبى پرۆگرامه‌کانى خوێندن به‌ڕێژه‌یه‌کى زۆر، کتێبه‌کانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده لهچاپخانهکهى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده چاپ ده‌کران، واته وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ده‌یتوانى به‌شى خۆى چاپبکات، دواى رووخانى سه‌دام له‌ساڵى 2003و گۆڕینى پڕۆگرامه‌کانى خوێندن له‌ساڵى 2007، حکومه‌تى هه‌رێم گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ دوو کۆمپانیا کرد به‌ناوه‌کانى (جیۆپرۆجێکتى لوبنانى، ماکمیلانى به‌ریتانى) ئه‌و گرێبه‌سته تاکابینهى پێشوو به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له‌به‌ر ئه‌و ناحه‌قییه زۆره‌ى که‌هه‌بوو هه‌ر کابینه‌ى پێشوو گرێبه‌ستى هه‌ردوو کۆمپانیاى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و کتێبه‌کان که‌وتنه‌وه ده‌ست وه‌زاره‌ت خۆى، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونى ئاماده‌کارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و نه‌بوونى تێگهشتێنکى ته‌واو بۆ چاپکردنى کتێبه له‌ناوه‌وه، بۆیه دیسان کتێبه‌کانى له‌ڕێگاى ته‌نده‌ره‌وه که‌وته‌وه باوه‌شى چاپخانه‌کانى وڵاتى تورکیا که‌ده‌کرا ئه‌و رێژه‌یه‌ى له‌ناوخۆ ده‌توانرێت چاپبکرێت بدرێت به‌چاپخانه‌کانى ناوخۆ.
ئه‌م جۆره لهنهخوێندنهوهى ده‌ستى کارى ناوخۆ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌وه وایکردووه نزیکه‌ى (120) ملیۆن کتێب له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم چاپبکرێت که به‌شێوه‌یه‌که ده‌توانین بڵێین ئه‌و رێژه‌یه‌ى له‌ناوخۆ چاپکراوه رێژه‌که‌ى زۆر له‌نه‌بوونه‌وه نزیکه.
هاوڵاتى: ئایا چاپخانه ناوخۆییه‌کان تواناى چاپکردنى ئه‌و رێژه زۆره‌ى کتێبیان هه‌یه؟
سۆران تاوده‌ر: به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه هه‌یانه ئه‌گه‌ر نموونه‌یه‌کت بۆ بهێنمه‌وه، ساڵی 2018 وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق بڕیار ده‌دات که‌سه‌رجه‌م کتێبه‌کانى پرۆگرامى خوێندن له‌ناوخۆ چاپ بکات به‌شێک له‌چاپخانه‌کانى ناو هه‌رێمیش سیڤى خۆیان پێشکه‌شکرد خۆشبه‌ختانه چاپخانه‌ى ماردین توانى گرێبه‌ستێک ئه‌نجامبدات و له‌وماوه‌یه که‌متر له‌دوو مانگ ملیۆنێک و (500) هه‌زار کتێبى به‌کوالێتى ئه‌وروپى بۆ چاپکردن، که‌ئه‌م رێژه‌یه ده‌کاته یه‌ک له‌سه‌ر شه‌شى کۆى ئه‌و کتێبانه‌ى که‌وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ساڵانه چاپى ده‌کات.
بۆیه ئه‌م رێژه‌یه ده‌کرێت بکرێته پێوه‌رێکى بڕواپێکراو بۆ تواناى چاپخانه‌کان، جێگاى بهبیرهێنانهوهشه وڵاتى ئه‌ڵمانیا که‌ئێستا به‌دایکى پیشه‌سازى چاپ هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌هه‌مان رێچکه‌دا رۆیشتووه تاگه‌یشتووه به‌و ئهڵمانیایەى ئه‌مڕۆ.
هاوڵاتى: گله‌یى ئه‌وه ده‌کرێت کوالێتى چاپى چاپخانه‌کانى کوردستان خراپه؟
سۆران تاوهدر: کوالیتى چاپ شتێکى رێژه‌ییه‌و که‌س ناتوانێت به‌ژماره باسى کوالیتى بکات به‌نموونه ده‌یهێنمه‌وه هه‌ر ئێستا خوێنه‌رى ئه‌م ده‌قه، بڕۆ کتێبێکى زانسته‌کانى هه‌ر پۆلێکى که له‌ماڵتان هه‌یه به‌و مه‌رجه‌ى به‌کارهاتبێت سه‌یربکه بزانه هیچى به‌سه‌ر هیچه‌وه ماوه‌و هه‌مووى په‌ڕپه‌ڕ نه‌بووه، ئه‌وه له‌کاتێکدا که له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمیش چاپکراوه، که‌واته ئه‌وانه‌ى باسى کوالێتى ده‌که‌ن به‌هه‌ر شێوه‌یه‌کى ده‌یانه‌وێت بۆیان ده‌سه‌لمێنین که‌وا کوالێتى چاپ له‌کوردستان کوالێتییه‌کى قه‌بوڵکراوه.
له‌لایه‌کى تر چه‌ند شتێک کاریگه‌ریى له‌سه‌ر کوالێتى کتێب دروستده‌که‌ن ئه‌وانیش، کاغه‌ز و که‌ره‌سته‌کانى چاپن، به‌ڵام دیسان ده‌بێت ئه‌و که‌سه‌ى له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده خه‌سڵه‌ته‌کانى کتێب دیاریده‌کات ئه‌و بڕیار له‌سه‌ر جۆرى کاغه‌زو جۆرى چاپه‌که بدات.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده فۆرمى هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ کوالێتى کتێب هه‌یه که ئێمه‌ى خاوه‌ن چاپخانه‌کان به‌یه‌کێک له‌هه‌ره جوانهکانى هه‌ڵسه‌نگاندنى داده‌نێین و له‌وێوه ئاماده‌یى ده‌رده‌بڕین بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و کتێبانه‌ى له‌ناوخۆ چاپده‌کرێن.
ئه‌و که‌سانه‌ى گله‌یى لهکوالێتى کتێبه‌کان ده‌که‌ن که‌سانێکن فڕیان به‌سه‌ر چاپخانه‌وه نییه، یا وه‌ک مشه‌خۆر له‌بردنه ده‌ره‌وه‌ى کتێب سوودمه‌ندن.
هاوڵاتى: ئه‌ى بۆ نرخ چى ده‌ڵێیت که باسده‌کرێت نرخیشتان گرانه؟
سۆران تاوده‌ر: یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى نرخى چاپکردنى کتێب زۆر ئاسانه، له‌ئێستادا ده‌زگا فه‌رمییه‌کانى حکومه‌ت له‌ڕێگه‌ى وه‌رگرتنى نرخ یان ململانێى نرخ به‌هۆى ته‌نده‌ره‌وه که‌مترین ده‌گه‌نه که‌مترین نرخى چاپ، هه‌ر ئه‌م سیستمه سیستمێکى جیهانیشه‌و له‌ئێستادا له‌کوردستانیش په‌یڕه‌و ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى باسى گرانیى نرخ ده‌که‌ن و تانه له‌چاپخانه‌کانى خۆمان ده‌ده‌ن مه‌به‌ستیانه له‌چاو وڵاتێکى وه‌ک ئێران یاخود تورکیا نرخى ئێره گرانه که‌ئه‌مه‌ش هۆکارى خۆى هه‌یه که‌گرنگترینیان سیستمى ئابوورى و سیاسى ئه‌و وڵاته‌یه که‌چۆن چۆنى هانى پیشه‌سازى ناوخۆیى خۆى ده‌دات و چۆن سه‌رنجى ئێمه بۆخۆیان راده‌کێشن تا پشت له‌پیشه‌سازى ناوخۆى خۆمان بکه‌ین و هانا بۆ ده‌زگاکانى ئه‌وان ببه‌ین.
هاوڵاتى: ئه‌م کێشه‌یه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، ئێوه ده‌تانه‌وێت چى بکه‌ن؟
سۆران تاوده‌ر: یه‌کێک له‌هه‌ره کێشه گرنگه‌کان نه‌بوونى کاره، واته نه‌بوونى هه‌لى کار، ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌یه کهچاپکراوهکان ده‌برێنه ده‌ره‌وه، بۆیه هه‌رکات هاتوو کتێب و چاپکراوه‌کان به‌گشتى نه‌برانه ده‌ره‌وه کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، چونکه ئێمه له‌چاپخانه ته‌نها کتێب چاپ ناکه‌ین ده‌یان شتى تر هه‌یه کهبهشداردهبن لهبووژانهوەى پیشه‌سازى، چاپ وه‌کو بروشوور و که‌ته‌لۆک و ..هتد که هه‌موویان ده‌چنه ده‌ره‌وه‌و کارى بێشومارى کۆمپانیاکان به‌هۆى بازاڕى ئازاده‌وه ده‌برێته ده‌ره‌وه، که به‌بازاڕى ئازادى نازانم، ئه‌مه جۆرێکه له‌کارکردن بۆ پووکاندنهوهى ئابوورى ناوخۆ‌و که‌رتى چاپ.
ئه‌گه‌ر بێت و بردنه ده‌ره‌وه‌ى کتێب و چاپکراوه‌کان سنووردارکرا به‌دڵنیاییه‌وه زۆرینه‌ى کێشه‌ى چاپخانه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، چونکه چاپخانه ناوخۆییه‌کان ئاماده‌یى ته‌واویان بۆ لهباوهشگرتنى ئه‌م کاره هه‌یه.
هاوڵاتى: چ داواکاریه‌کتان له‌حکومه‌تى هه‌رێم هه‌یه؟
سۆران تاوده‌ر: داواکارییه‌کانمان ئاراسته‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێک ده‌که‌ین، که‌بریتین له وه‌زاره‌تى کار‌و پیشه‌سازى و وه‌زاره‌تى پلاندانان و رۆشنبیرى و وه‌زاره‌تى دارایى و داوایان لێده‌که‌ین پاڵه‌په‌ستۆ بخه‌نه سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌شێک لهچاپکراوهکانى خۆى له‌ناو هه‌رێم چاپبکات.
له‌نزیکه‌وه ئاگادارى ئه‌م کابینهیهم به‌تایبه‌تى مامۆستا مه‌ریوان به‌گۆک کهبهڕێوهبهرى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌یه، به‌دڵ پشتگیریى چاپخانه‌کان ده‌کات به‌مه‌رجێک کوالێتى باش پێشکه‌ش بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌ویش به‌هۆى ئه‌و بازاڕه ئازاده‌ى که حکومه‌تى هه‌رێم فه‌راهه‌مى کردووه بۆ سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانى بیانى، به‌داخه‌وه هه‌وڵه‌کانى کاک مه‌ریوان و ئێمه‌مانانیش ده‌که‌ونه ژێرپێ، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ى ئێمه مایه‌ى سه‌رنجى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده بوو، ئێمه له‌شوێنى خۆمانه‌وه دڵنیایى ده‌ده‌ینه لیژنه‌کانى وه‌زاره‌ت که‌ده‌توانن به‌هه‌مان کوالێتى و به‌هه‌مان نرخى ده‌ره‌وه‌ش له‌کوردستان کتێب چاپبکرێت، به‌ڵام پێویستى بهزهمانات و پشگیریکردنى حکومى هه‌یه.
هاوڵاتى: راتان له‌سه‌ر ئه‌داى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى چییه‌و بڕیاره‌کانیان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
سۆران تاوده‌ر: وه‌زاره‌تى رۆشنبیریى هیچ بڕیارێکى نییه بۆ سنوردارکردنى بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى چاپ، به‌داخه‌وه لێره‌و له‌وێ ده‌بینین چه‌ند کتێبێک سپۆنسه‌رى کراون که‌ناوى به‌رپرسانى حکومه‌تی هه‌رێمیان له‌سه‌ره، بۆیه داواکارین له‌ڕێزدار وه‌زیرى رۆشنبیریى چه‌ند هه‌نگاوێک بگرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى چیتر ئه‌م که‌رته گرنگه‌ى وڵات به‌ره‌و پووکانه‌وه نه‌چێت.
پێویسته له‌سه‌ر وه‌زیرى رۆشنبیرى ئه‌م چه‌ند خاڵه بخاته به‌رنامه‌ى کاریهوهو کاریان له‌سه‌ربکات
یه‌که‌م: لابردنى باجى گومرگ له‌سه‌ر که‌ره‌سه‌کانى چاپ.
دووه‌م: زیادکردنى باجى گومرگ له‌سه‌ر ئه‌و چاپکراوانهى که له‌ده‌ره‌وه دێنه‌وه ناو وڵات.
سێیه‌م: لابردنى مادده‌ى (13) له‌یاساى ژماره 10ى ساڵى 1993.
چواره‌م: هه‌ر له‌ڕێگه‌ى ژماره‌ى سپاردنه‌وه ده‌توانرێت ئه‌و کتێبانه‌ى له‌ده‌ره‌وه چاپده‌کرێن سانسۆر بکرێن.