هەڵبژاردنی پێشوەخت چی لەعێراق دەگۆڕێت؟

4 ساڵ لەمەوپێش



 

نه‌وزاد ساڵح

دوای دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق (مستەفا کازمی)و دەستپێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی، چەندجارێک باسی هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد، ئەمەش لەبنەڕەتدا خۆی لەداخوازییەکانی شەقامی عێراقی دەبینێتەوە کە لەمانگی ت/٢٠١٩ خۆپیشاندەرانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق جگە لەداخوازی چاککردنی کەرتی کارەباو ئاوو بێکاری و رێگری لەدەستتێوەردانی دەرەکی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختیشیان کرد ئەگەرنا رەنگە (کازمی) ئەو کارەکتەرە سیاسییە بەئەزموونە نەبێت کەئومێدی گەورەی لەسەر هەڵبچنرێت!، دواجار لەم رۆژانەدا وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختی لە ٦/٦/٢٠٢١دا راگەیاند، هەڵبەتە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ٣٠/٩/٢٠١٨دا  ئەنجامدراوە وەک لەدەستوری عێراقدا ئاماژەی پێکراوە لەمادەی (٥٤) خاڵی یەکەم دەڵێت:-ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چوار ساڵی تەواودەبێت، وادەی هەڵبژاردنی ئایندە ساڵی ٢٠٢٢-ە، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق لەدۆخێکی سیاسی ناجێگیردایەو وەک پێویست ناتوانێت پارێزگاری لەسەروەری خاک و سنوری خۆی بکات تائێستاش لەژێر هەژموون و هەڕەشەو مەترسی هەندێک گروپ و میلیشیای چەکداردایە کە لەلایەن وڵاتانی هەرێمایەتیەوە هاوکاری و هاندەدرێن و دەستیان هەیە لەلاوازکردنی هێڵی بەرگری عێراقداو جێی مەترسین بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە! هەربۆیە سەرۆک وەزیران هەڵبژاردنی پێشوەخت بەچارەسەر دەزانێت لەژێر چەتری نەتەوەیەکگرتوەکان و بەچاودێری وڵاتان بۆ ئەوەی جارێکی تر عێراق وەک وڵاتێک بتوانێت مومارەسەی سیاسەت و ستراتیجی خۆی بکات و بەتێپەڕاندنی ئەم پرۆسەیەش عێراق بکەوێتەوە نێو هاوکێشەی نێودەوڵەتی و پێگەی بەهێزبێتەوە.

یاساو ئامادەکاریەکانی پرۆسەکە

پرۆسەکە بەپێی یاسای ژمارە ٣١ ساڵی ٢٠٠٥  ئەنجام دەدرێت لەسەر بنەمای تۆماری دەنگ دەرانی ساڵی ٢٠١٠، بازنەی هەڵبژاردن لەپارێزگاوەدێتە سەرئاستی قەزاو بەپێی ژمارەی دانیشتوان ژمارەی کورسی بۆنوێنەری قەزاکان دیاری دەکرێت کەهەر(١٠٠) هەزارکەس یەک کورسی بەردەکەوێت کەسەرجەم کاندیدەکان مل ملانێ لەسەرئەوکورسیە دەکەن،هەربەپێی ئەم یاسایە دەنگی لیست بۆهیچ کاندیدێک ناچێت وکاندیدبەدەنگی تاکەکەسی سەردەکەوێت،  هەرقەزایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت و عێراق دەکرێتە٢٢٢ بازنەی هەڵبژاردن،  هەوڵێک هەیە کە بازنەکانی هەڵبژاردن بچوکتر بکرێنەوە بەگوێرەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان کە٣٢٧ کورسین، لەم پرۆسەیەدا کاندید ڕۆلی سەرەکی دەبینێت و کەسایەتی و کاندیدی دەرکەوتوو لە چالاکوان وکەسانی بێلایەن لە هەمان قەزاو بازنەی هەڵبژاردندابەشداردەبن ودەتواننن خۆیان کاندیدبکەن، هەربۆیە دەرفەتێکە بۆ ئەو کەسانەی کەتوڕەن لەپارتە سیاسیەکان وئەم بێزاریی و توڕەییەشیان وای لێکردبوون کەبەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن نەکەن و دەنگیان بەهیچ پارتێک نەدەدا!، بەڵام لەم پرۆسەیەدا دەتوانن خۆیان بپاڵێون و دەنگی خۆشیان بدەن بەو کاندیدە سەربەخۆیانەی سەر بەهیچ پارت و پێکهاتەیەکی سیاسی نین.

هەنگاوە یاساییەکان

هەنگاوی یاسایی و دەستوری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێشکەشکردنی داواکاریەکە بەدەستەی سەرۆکایەتی ئەنجونی نوێنەران بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکەیان بەواژۆی ١/٣ی ئەندامی ئەنجومەنەکە یاخود داواکاری  سەرۆک وەزیران دوای پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، چونکە کۆتا بڕیار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەن لەدەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەراندایە کەدەتوانن بەدەنگی زۆرینەی رەها (٥٠+١) بڕیارەکە تێپەڕێنن، دوای تێپەڕاندنی ئەم بڕیارەش حکومەت دەبێتە حکومەتێکی کاربەڕێکەرو پێویستە لەماوەی (٦٠) رۆژدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

لەئێستادا ماددەیەک ماوە کەخوێندنەوەی بۆ بکرێت ئەویش (بازنەی هەڵبژاردن)ە، کەهێشتا لایەنەکان لەسەر چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەم مادەیە لەوتووێژدان و هەندێک لایەن پێیانوایە ئەم یاسایە لەبەرژەوەندییان دەدات و زیان بەپێگەیان دەگەیەنێت و دەبێتەهۆی بچووککردنەوەی رۆڵی پارتەکانیان، هەرچی هاوڵاتیانی سڤیل و کەسایەتی بێلایەن و چالاکوانی مەدەنیەکەشە سەر بەهیچ پارتێک نین، رەنگە ئەم پڕۆسەیە بەدەرفەتێک بزانن و بیقۆزنەوە بۆ دەرکەوتنی رۆڵیان و بەشداربن لەم پڕۆسەیەدا.

ئاڵانگەریەکانی بەردەم پرۆسەکە

تێپەڕاندنی ئەم پرۆسەیە لەم قۆناغەدا ئاسان نیەو کۆمەڵێک بەربەست دێتە بەردەم پرۆسەکە لەوانەش:-

ا-تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان.

ب- لێکدان و لێک نزیککردنەوەی قەزاکان وەک بازنەی هەڵبژاردن کەتائێستا لەمشتومڕی لایەنەکاندایە.

ج-دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ پرۆسەکە.

د- تەواوکردنی رێژەی یاسایی ژمارەی دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی کەپێویستی بەهەموارکردنەوەی ماددەی (٣)هەیە.

ه- ناجێگیری دۆخی ئاسایشی شەقامی عێراقی.

و-بوونی چەکدار لەدەرەوەی یاساو هەژموونی حزب بەسەرحکومەتەوە.

خاڵە گەشەکانی ئەم پرۆسەیە.

١- رەخساندنی دەرفەت بێ جیاوازی لەبەردەم هەموو تاکێکدا.

٢- رێزگرتنە لەئیرادەی دەنگدەر.

٣-دەرکەوتنی چالاکوانی مەدەنی لەبری کادری پارتەکان.

٤-هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سانت لیگۆ کەدەنگی ماوەی لایەنە بچووکەکان دەگەڕایەوە بۆ لایەنە گەورەکان.

٥-رێکخستنی دانیشتوان رێکدەخات  لەسەر پرۆژەی هاوبەش.

٦-رۆڵی زیاتر دەدات بەپەرلەمان لەسەر بنچینەی نوێنەری قەزا.

٧- رۆڵی نوخبەی سیاسی زۆرینەی خۆزاڵکەر لەناو ئەنجومەنی نوێنەران ناهێڵێت کەبەردەوام لەنمایشدابوون.

خاڵە لاوازەکانی یاساکە

١-رۆڵی پێکهاتەی تایەفی و سەرۆک عەشرەتەکان زیاددەکات کەخاوەنی پێگەی خۆیانن لەقەزاکاندا.

٢- دەرکەوتنی نوێنەری قەزا لەپەرلەماندا دەبێتەهۆی بێبایەخکردنی رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران.

٣-پێکهاتەی چەکدارو میلیشیا چەکدارەکان بەهۆی زۆری ژمارەو فشاریان تێکەڵ بەم پرۆسەیە دەبن و رۆڵی تێکدەرانە دەبینن.

٤- تەوافقی سیاسی ناهێڵێت لەنێوان لایەنەکاندا کەئەمەش دەبێتەهۆی لێکترازانی ژیانی پێکەوەیی.

٥- هەڵگری دوو رەگەزنامە دەتوانێت دەنگ بدات.

٦-ژمارەی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کەم دەکات، بەم پێیەش پێکهاتەی کوردو عەرەبی سوننە زیانیان بەردەکەوێت.

٧-  دەنگدان و هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەئەلیکترۆنی دەبێت، ئەمەش دەرگای گزی کردن بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.

٨- مادەی ١٥ی پرۆژەیاساکە کەپشت دەبەستێت بەکاندیدی تاک و فرەبازنەیی بچووک، ئەمەش لەزیانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمە.

٩- هیچ ئاماژەیەکی بەچارەنووسی ئاوارەکان نەکردووە کەتائێستا کێشەی گەڕانەوەیان هەیە.

١٠- دەنگێکی زۆر لەم پرۆسەیەدا دەفەوتێت کە ناگاتە بەدەستهێنانی کورسی.

١١- دەنگی پێکهاتەی ئیتنی کەمەنەتەوەکان ناگەنە بەدەستهێنانی کورسی و بەم پێیەش نوێنەریان نابێت.

ئەوەی ئەم پرۆسەیە لەپرۆسەکانی پێشوو جیادەکاتەوە ئەم خاڵانەی خوارەوەیە

١- لەم پرۆسەیەدا لیستی هیچ لایەنێکی تێدا نیە.

٢- لۆگۆو هیمای هیچ پارت و پێکهاتەیەک نابینرێت.

٣-سەرۆک لیستی نیە و لیستی سیاسی نیە.

٤-کاندید کەسایەتی بێلایەن و سەربەخۆ دەبێت.

٥- هەڵمەتی هەڵبژاردن تاکەکەسی دەبێت و کاندید خۆی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و دەبێت کەسێکی دەرکەوتووبێت.

٦ - هەڵبژاردن  فرە بازنە دەبێت و بایەخ بەقەزاکان زیاتر دەدرێت.

٧ -کاندید دەبێت نیشتەجێی بازنەی هەڵبژاردن و هەمان قەزابێت کەخۆی تێدا کاندیددەکات.

٨ - کەمترین رۆڵی پارتەکانی تیا دەردەکەوێت،  هەڵمەتی هەڵبژاردنیش  بەریەککەوتنی  کەمتر دەبێت.

٩- ئاستی بەریەککەوتنی پارتەکان کەمدەبێتەوە، بەڵام قورسایی و چەقی ململانێکان دەچێتە سەر ئاستی تاکەکەسی کەسایەتی کاندیدەکان.

بەڕێوەبەری سەنتەری

دیاکۆ بۆ هەڵبژاردن و راپرسی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار