کۆڕۆنا و کۆمەڵگە لە رووانگەی جێندەرییەوە

د. نەزەند بەگیخانی: لای ئێمە، رەزامەندی لە کاتی جووتبوون و پەیوەندیی زایەندیدا بە هەند وەرنەگیراوە و یاسا ئاوڕی لێ نەداوەتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

دیدار: رێزان عەبدوڵا

 

 

ئەم چاوپێکەوتنە ناوەڕۆکی گفتوگۆی نێوان رێزان عەبدوڵا  و د. نەزەند بەگیخانی یە کە لە چوارچێوەی وێبینارێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا لە ٢٧ ی تەمموز ئەنجام دراوە. بۆ ئەو خوێنەرانەی ئارەزووی بینینی وێبینارەکەیان هەیە، لە ژێرەوە لینکی ڤیدیۆی وێبینارەکەش دادەنێین.

 

رێزان: لە ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان باسی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا دەکەن لەسەر جومگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، باس لە قۆناغی پاش ماڵنشین کردن دەکرێت ؟ مەبەست لێی چییە؟ گەر فەڕەنسا بە نمونە وەربگرین؟

 

د. نەزەند: هەروەکو دەزانین رێزان خاتوون، پەتای کۆڕۆنا و ماڵنشینکردن بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی تەندروستی و ئابووری لە سەرانسەری جیهان، بە پێی داتاکان سێیەکی مرۆڤەکانی سەر رووی زەمین خۆیان کەرەنتینە و ماڵنشینکردبوو. ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر ژیانی کۆمەڵایەتیمان، چونکە پەیوەندیی مرۆڤەکانی خستە ژێر پرسیار و تێڕامان. بەشێوەیەکی دیکە، دەمەوێ بڵێم ماڵنشینکردنی کۆرۆنا تێگەیشتنی مرۆڤی بۆ چەمکی پەیوەندی و مەسافەی نێوان مرۆڤەکان و چەمکی ماڵ و خێزان و کارکردن گۆڕی. بێ گومان ئەمانە هەمووی بوونە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە شێواز و جۆر و چۆنییەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ یەکتری، هەروەها لە شێوازی کارکردنمان، لە شێوازی ژیانمان لەگەڵ ئەندامانی خێزان و لەگەڵ دەوروبەر و ژینگەدا. ئەم گۆڕانکارییانەش بە شێوەی جیاواز لە ژیانی ژنان و پیاوان رەنگی دایەوە و کاریگەرییەکانیش بەردەوامن، چونکە مەترسییەکانی کۆڕۆنا تا ئێستا تەواو نەبوون، تەنانەت هەندێ پسپۆڕ دەڵێن لە سەرەتا دان.

 

بۆ نموونە، تۆ باسی فەڕەنسات کرد، لە فەڕەنسا، بە گوێرەی توێژینەوەیەکی بەرایی زانکۆی لۆزان و ئاژانسی ئەکادیمی فرانکۆفۆن، لە سەرەتادا ماڵنشینکردن بە دوو جۆر مامەڵەی لەگەڵ کرا: بۆ هەندێک بووە مایەی جۆرێک لە ئاسوودەیی و دابڕان لە قەرەباڵغی و گەڕەلاوژە و سترێسی ژیانی نیۆلیبرال و گەڕانەوە بۆ ناوماڵ و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان.

 

بۆ هەندێکیش وەک کابوس وابوو و ئەو ماڵنشینکردنە بووە هۆی دابڕان و گۆشەگیری و جۆرێک لە مەنفا و زیندانیکردن. زۆربەی ئەوانەی بەمجۆرە ئەزموونی ماڵنشینکردنیان کرد، کەسانی لانەواز و هەژار و ئاوارە و پەنابەر و کەمینەکان بوون. بۆیە توێژینەوەکان باسی سەرهەڵدانی کۆمەڵێك نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکی و تووڕەیی و فشاری رۆحی و نەخۆشی دیکە دەکەن، نەک لە ئەنجامی ڤایرۆسەکە، بەڵکو لە ئەنجامی دابڕان و رەشبینی و خۆخواردنەوە.

 

دەروونناس و کۆمەڵناسان دەربارەی لێکەوتەکانی کۆڕۆنا باس لە زۆر کاریگەریی نەرێنی و هەندێ کاریگەری پۆزەتیڤیش دەکەن: بۆ نموونە ئەم مالنشینکردنە لە هەندێ وڵاتدا بووە هۆی ئەوەی کە ژن و مێرد زیاتر لێک نزیک بن و پەیوەندیی زایەندیان بەهێزتر بێت، لەوانەیە لە ماوەی چەند مانگێکی دیکە رێژەی منداڵبوون لەو وڵاتانە زۆر بەرز بێتەوە بە بەراورد لەگەڵ رابردوو. لایەنێکی دیکەی ئەرێنی کۆڕۆنا بریتیە لە جۆرێکی دیکە لە هۆشیاری و بێداربوونەوە لە دۆخی ژینگە و سروشتی دەوروبەرمان. گۆی زەوی و جیهانی سروشتی لە ماوەی ماڵنشینکردن تا راددەیەک گەشانەوە و پاک بوونەوە لەو ژەهر و پیسبوونەی کە مرۆڤی سەردەم دەیڕژێنێتە ناخی زەوی و سروشت. ئەمانە ئەگەر بەردەوام بن، لێکەوتەی گەورەی ئەرێنیان دەبێ.

 

بەڵام بەداخەوە کاریگەرییە نەرێنییەکان زۆرترن : بۆ نموونە توێژەران باس لە زیادبوونی رێژەی خۆکوشتن دەکەن لەگەڵ رێژەی نەخۆشیی دەروونی وەک رەشبینی و خەمۆکی، هەروەها زیادبوونی تەلاق و جیابوونەوەی ژن و مێرد، زۆرخۆری و قەڵەوبوون و تێکچوونی باری تەندروستی، سەرهەڵدانی زیاتری نایەکسانیی و نادادوەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەگەڵ کەوتنەوەی توندوتیژی بە گشتی و لە ناو خێزان بە تایبەتی.

 

لێکەوتەیەکی دیکەی نەرێنی کە نووسەری ئیسرائیلی یوڤال هەراری لە وتارێکیدا لە فاینەنشیەل تایمز هەر زوو هۆشداری دا لەبارەیەوە، بریتییە لە بەهێزبوونی سیستەمی سەرمایەداریی و کۆنترۆل و چاودێریی بەسەر رەفتار و جووڵەی مرۆڤ لە رێگای تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە، چونکە بە هۆی ئەپلیکەیشنێکەوە هەرزوو لە چین و ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی دیکەش دەتوانن تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بدۆزنەوە. ئەمەش مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت کە دەوڵەت و سیستەم و زل کۆمپانیاکانی وەرک گوگل و ئەپل و فەیسبووک لە رێگای ئەو ئەپلیکەیشنانەوە ئەوەندە بێنە ناو ژیانمانەوە، کە نەک هەر جووڵە و رەفتارمان کۆنترۆل بکەن، بەڵکو چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەست و سۆزیشمان بزانن. ئەمەش مایەی نیگەرانیی زۆری لێ دەکرێت بۆ ئاییندە. ماڵنشینکردن قۆناغێکی راگوزەر بوو لە نێوان جیهانی دوێنێ و داهاتوودا کە لە زۆر رووەوە بووە هۆی دروستبوونی شێوازێکی نوێی ژیان، واتە جیهانی داهاتوومان لە زۆر رووەوە هەرگیز وەک رابردوو نابێتەوە.

 

رێزان: لە دەستپێکی ئەم پەتایەوە ڕێژەی توندوتیژی لە سەر بنەمای جێندەری لە زیاد بوونە ؟ هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

 

د. نەزەند: ئەمە راستە و راپۆرتی میدیا پرۆفێشنال و چاکەکان و دواتر توێژینەوە بەراییە ئەکادیمییەکان ئەمەیان پشتراست کردۆتەوە. هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژیی خێزانیش زۆرن.

 

لە ماوەی ماڵنشینکردن، مرۆڤ لە نێوان ترس و نادڵنیاییدا خۆی بینیەوە: ترس لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و نادڵنیایی لەوەی کە دەگوزەری و لە ئاکامەکانی کەرەنتینە و ماڵنشینکردن. لەم ماوەیەدا جوگرافیامان بچووک بووەوە بە ئەندازەی خانوویەک، یا ئەپارتمانێک کە لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان ئەندامێکی زۆری خێزان تێیدا خزابوون. زۆربەی کاتیش بەچییەوە خەریک بووین؟ بە خۆپاراستن و کارکردن و پەروەردەی منداڵ" واتە کات و وزە و هۆشیارییەکی زۆرمان لە خۆپاراستن تەرخان کرد و لە هەمان کاتیش لە کارکردن، جا ئەو کارکردنە لە رێگای ئۆنلاینەوە بووبێ یا بۆ ئەوانەی کە دەبووایە لە دەرەوە کار بکەین، هەروەها لەبەر ئەوەی منداڵ لە مەکتەب دابڕا، ئەوە هەموو کاتەکانی لە ماڵەوە بەسەردەبرد و ئەرکی پەروەردەی کەوتە ئەستۆی دایک و باوکانەوە. راستە لە رێگای ئینتەرنێتەوە پەروەردە بەردەوام بوو، بەڵام ئەمە کەموکوڕی زۆری هەبوو: لە لایەکەوە منداڵە هەژارەکان، ئەوانەی لە خێزانی ئاوارە و پەنابەر و چینی رەشپێست و پەراوێزخراو بوون دەستیان بە ئینتەرنێت و تەنانە کۆمپیوتەریش رانەدەگەیشت و لە کۆرس و وانەکانیان دابڕان، لە لایەکی دیکەوە، رێکخستنی کات بووە تەحەددایەکی گەورە بۆ دایکان و باوکان: چونکە مرۆڤ کە هاندەری نەبوو کات و رۆژانەکی رێک بخات، ئاسان نییە لە چوارچێوەی ناوماڵدا هەم کاروباری ناوماڵ جێبەجێ بکات، کاری دەرەوە لە رێگای ئینتەرنێتەوە راپەڕێنێت و کات و ژیانی منداڵەکانیش رێک بخات.

 

ئەمانە بە گوێرەی وتارێکی ئابووریناسی هاوکارم لە سیانسپۆ هێلین پێریڤییر، ئەرکی ژنان و پیاوانی زیاتر کرد. بەڵام ژنان زۆر زیاتر دەرەنجامی ئەم دۆخەیان کەوتە ئەستۆ، چونکە لە رووانگەی جێندەرییەوە ئەگەر لێی بڕوانین، ئەوە دەبینین کە ناوماڵ هەمیشە شوێنی ژن بووە، لە رووی مێژووییەوە پیاوان تەنها بۆ ئیسراحەت و ئارامی و ژەمە خۆراک هاتوونەتەوە ماڵ. ئەگەرچی ژنان لە دەرەوەش چالاک و کارمەند بوون، بەڵام ئەمە لە رابردوو نەبووە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە دابەشکردنی کار: پیاو لە فەڕەنسا و لە زۆربەی وڵاتانی دونیا و کوردستانی خۆشمان ئەگەر نەڵێم هەر هیچ، ئەوە زۆر کەمتر لە ژن کاروباری ناوماڵ رادەپەڕێنێ و دابی و پەمپێری کۆرپە دەگۆڕێ و قاپ دەشوا و لەگەڵ منداڵ کات بەسەر دەبا.

راپۆرتێکی ئەنجومەنی باڵای یەکسانی فەڕەنسا باسی ئەوە دەکات، کە بۆ نمونە لە ماوەی ماڵنشینکردن و دواتریش ئافرەت زۆر سەرقاڵی کاروباری ناوماڵ و کرێکاری و خزمەتکاری بوو، پیاوان زیاتر لە پلاتفۆرمی میدیا بوونە زمانحاڵ و پایە بەرزەکانی میدیا و کەنالەکانیان بەڕێوە دەبرد.

 

سەرەڕای هەموو ئەمانە، کۆڕۆنا ئەم سیستەمی کار و دابەشکردنی کاری خستە ژێر پرسیارەوە، رۆشناییەکی نوێی خستە سەر پایە و ئەرک و بەرپرسیارییەتی ژن و پیاو لەناو ماڵ. جگە لەمە ، هەروەکو وتت بەریەککەوتن و نزیکی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە زۆر شوێنی دونیا بە پێی راپۆرتەکان بووە هۆی توندوتیژیی خێزانی.

 

بە پێی راپۆرتێکی بی بی سی، پیاوان لە ماوەی ماڵنشینکردن زیاتر تووشی پەستی و خەمۆکی بوون، چونکە کەسایەتیی ئەوان لەسەر بنەمای پیاوسالاری و لە پەیوەندییان بە فەزای دەرەوە و گشتیدا بنیات نراوە. ئەوان لە ماوەی ماڵنشینکردن، کە کەسایەتی و خۆیان لەناو خێزان و لە کاری ناوماڵ و منداڵ بەخێوکردن نەدەدۆزییەوە، ناوماڵیان بە شوێنی خۆیان نەدەزانی و تووشی نامۆبوون بوون. ئەم دۆخە لەوانەیە بۆ ژمارەیەکی کەم بووبێتە مایەی هۆشیاری و پرسیار و چاکسازیی لە خود، بەڵام بۆ زۆربەیان نەبوونی هۆشیاری و تێگەیشتن بووە هۆی گرژی و رەفتاری نابەجێ و توندوتیژ لەبەرامبەر منداڵ و ژناندا.

 

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەر سێ گروپ رەنگیان داوەتەوە: منداڵان کە بەرەوڕووی هەراسانی و توندوتیژی و فەرامۆشکردن بوونەتەوە. لەم ماوەیەدا زۆربەیان گۆشەگیر و پەراوێز و پشتگوێ خراو بوون.

 

گروپی دووەم، بریتی بوون لە ئافرەتان: ئەمان نەک هەر کارەکانیان زۆر زیاتر بوو زیاتر بوو. بەڵکو داواکاریی هاوژینەکانیان زیاتر بوو. راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەیسەلمێنێ کە لە رووی سێکسییەوە ئافرەتان هەراسان کراون و لە لایەن پیاوەکانیانەوە بە زۆر سێکسیان لەگەڵ کراوە، ئەمەش بە گوێرەی یاسای زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکەوێتە خانەی لاقەکردنەوە. بەڵام بەداخەوە لە لای ئێمە چەمکی رەزامەندی لە کاتی جووتبوون و پەیوەندیی زایەندیدا بە هەند وەرنەگیراوە و یاسا ئاوڕی لێ نەداوەتەوە. زۆرەملێی پیاوان وەک هەراسان کردن نەناسراوە. جگە لەمە، جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی و عاتیفی لە زیادبووندا بوون.

 

گروپی سێیەم بریتی بوون لە بەساڵاچوو و تەمەندار و پەککەوتەکان: ئەمانە کە ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیاتر لێ دەکرا، بە پێی راپۆرتەکەی تەندروستیی جیهانیی لە زۆربەی وڵاتان فەرامۆش و پەراوێز خرابوون، کەس نەدەچوو بەلایانەوە لە ترسی تووشبوون و بۆ خۆپاراستن، بەشێکی زۆری ئەوانەی بە ڤایرۆسەکە لە فەڕەنسا و بەریتانیاش بۆ نموونە کۆچیان کرد، لەو گروپە بوون.

 

یوئێن ویمێن باسی زیادبوونی جۆرێکی دیکەی توندوتیژی دەکات لەم ماوەیەدا، ئەویش توندوتیژیی مەجازییە، لە رێگای ئینتەرنێتەوە. چونکە لەم ماوەیە کوڕان و کچان کاتێکی زۆریان لەسەر ئینتەرنێت بەسەر دەبرد، کوڕان و پیاوان لە رێگای چات و مەسیج و کۆمێنتەوە کچانیان هەراسان کردووە. تەنانەت ئافرەتانی پیشەکار لە ئاستی باڵا لە کاتی وێبینار و کۆنفرانسەکانی سەر هێل هەراسان کراون لە لایەن ئەو کەسانەی خۆیان خزاندۆتە ناو ئەو پلاتفۆرمانە و لەوێوە هەوڵی تێکدانی گفتوگۆ و سووکایەتیکردنیان بە ژن داوە.

 

 

رێزان: هەرێمی کوردستان چۆن وەڵامی ئەم پەتاییەی دایەوە ؟ بە گشتی ئەو ڕێکارانەی کردی چی بوون لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی ؟ ئایا بەڕێزتان وەک راوێژکاری نێودەوڵەتیی بۆ خوێندنی باڵا و جێندەر  لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشوو بۆ بناغەدانان و پێشخستنی پرسی جێندەر لە بواری ئەکادیمی ودامەزراندنی سەنتەرەکانی جێندەر توانیوتانە چ هەنگاوێک بنێن بۆ هاوکاری کردنی ژنان لەم بارودۆخەدا؟  

 

د. نەزەند: ئەمە کۆمەڵێک پرسیارە بە یەکجار. دەربارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان چۆن وەڵامی ئەم پەتایەی دایەوە:. هەر لەسەرەتاوە زۆر بە جددی و پیشەگەرانە و باش هاتە پێشەوە. سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە وەلامدانەوەی دۆخێکی لەمجۆرە بە پلەی یەکەم ئەرکی دەسەڵاتی سیاسییە، بەڵام میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکیش بەرپرسیارییەتییان لە ئەستۆدایە. لە سەر ئاستی حکومەت دەتوانین باسی دوو قۆناغی بەرەنگاربوونەوە بکەین.

 

یەکەم: هەرێمی کوردستان سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، پێش زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوا هەلسا بە وەرگرتنی کۆمەڵێ رێنمایی و پەیڕەو بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، هەروەها بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردنیش. هەموو سنورە نافەرمییەکانی داخست ( کە ئەمەش بۆ هەرێمێک کە بە فەرمی دەوڵەت نییە ئاسان نییە) ، لە فڕۆکە خانەکان سیستەمی پشکنینی خستە سەرپێ و کاری پێ کرد، کۆمەڵێ رێنمانیی دەرکرد بۆ ماڵنشینکردنی سەرجەم هاوڵاتیان و هەروەها کەرەنتینەی ئەوانەی دەهاتنە ناو هەرێمەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو کە کە هەفتەی سێێەمی مانگی شوباتەوە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ی پێکهێنا بە ئەندامییەتی هەموو وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی. ئەم لیژنەیە بەردەوام کۆدەبووە و ئێستاش بەهەمان شیوە کاردەکات بۆ بەدواداچوون و داڕشتنی ستراتیژیی گونجاوتر و نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە. بەڵام لە هەموو ئەم کارانەدا پرسی جێندەر و ئاسایشی ناو خێزانەکان  نەخرانە ناو پرۆگرام و پلانی کارەکانەوە. ئەمەش ئەوە دوپات دەکاتەوە کە پرسە کۆمەڵایەتی و جێندەرییەکان لە کاتی کارەسات و پەتا و جەنگدا دەخرێنە دواوە و لە پەراوێزدا مەمەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

قۆناغێ دووەم ئەوە بوو کە ماڵنشینکردن هەڵگیرا و قەدەغەی هاتوچۆ نەما و خەڵک ئازاد بوونەوە لە هاتوچۆ و دەرچوون. ئەم قۆناغە وەک پێویست پرۆگرامی هۆشیاری و ئاگادارکردنەوە بۆ خۆپاراستنی نەگرتبووە خۆی. ئەمەش بووە هۆی شەپۆڵی دووەمی پەتاکە و هەروەکو دەزانین خەڵکێکی زۆر تووش بوون.

 

جا هەروەکو پێشتر وتم، لە هەردوو قۆناغدا پرسی جێندەر و ئاسایشی ناو خێزانەکان  نەخرایە ناو چوارچێوەی ئەو پرۆگرام و کارانەی بۆ خۆپاراستن دارێژرابوون. بۆ نموونە وەزارەتی ناوخۆ کە راستەوخۆ سەرپەرشتیاری لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راستەوخۆ بەرپرسە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، لەم ماوەیەدا ٣٢ بەیانی دەرکردووە لە بارەی رێنمایی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، بەڵام دەربارەی پرسی جێندەر و ئاسایش و تەندورستی خێزان رێنمایییان تێدا نییە. وەزارەتی تەندروستیش بە هەمان شێوە کاری زۆری کردووەو پرسی جێندەر و ئاسایش و تەندروستی خێزانی پەراوێز خستووە. بۆ ئەوەی زۆر لە پرسیارەکەت دوور نەکەومەوە، دواتر زیاتر باسی ئەمە دەکەم.

 

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم کە بارودۆخی سیاسیی و ئابووری و ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانیش کەشێکی زۆر ناهەمواری دروست کردووە، خەڵک نائومێد بوون و هەندێکیان پرسی کۆرۆنایان بە سیاسی کرد و وەک پەرچەکردار و دژە حکومەت بەکاریان هێنا و خۆپاراستن و تەندروستی خۆیان خستە مەترسییەوە. لەمەشدا هەر هاوڵاتی و خەڵکی رەشورووت زەرەرمەند بوون. لە رووی ئابوورییەوە، کزبوونی بازاڕی کار و دواکەوتنی مووچە کاردانەوەی زۆر خراپی هەبوو و بووە هۆی نەمانی متمانە و نائومێدیی زیاتر بە دەسەڵات.

 

هەر لەناو ئەم پرسیارەت رێزان خان، باسی رۆلی سەنتەرەکانی جێندەرت کرد، سوپاست دەکەم کە رۆلی منت وەک چالاکوان و ئەکادیمی و راوێژکاری نێودەوڵەتیی خوێندنی باڵا و جێندەر بیرهێنایەوە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمە زۆر بە ئاسانی حەقیقەت دەشێوێندرێ و دەبێ هەمیشە راستییەکان وەبیر بهێندرێنەوە. دیارە تۆ لە زانکۆی سلێمانی ماوەی ساڵێک کۆرسی جێندەر و هونەرت وتۆتەوە شاهێدحاڵیکی باشی کە ئێمە ساڵانێکی زۆرە لەسەر ئەم پرسە کاردەکەین و لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١١ ەوە چەمکی جێندەرمان هێنایە ناو مەنهەجی خوێندن لە کوردستان و بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی جێگیر بوو.

 

سەنتەری جێندەر و توندوتیژیی زانکۆی سلێمانی یەکەم سەنتەر بوو کە دامان مەزراند بە ئامانجی ئەوەی گەنجەکان لە زانکۆ ئاشنای ئەم  چەمکە بن و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی راڤە بکەن، بیانخوێنن و توێژینەوەیان لەسەر بکەن بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری و داتایەک کە هەم لە رووی مەعریفییەوە ببێتە سەرمایە و هەم لە رووی سیاسی و ستراتیژییشەوە وەک پلانی کار بخرێتە بەردەم دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی وەک داتای بەڵگەئامێز کاریان پێ بکرێ و واقیعیان پێ چاک بکرێ.  ئێستا دوای فەرمانی فەرمی سەرۆکی حکومەتی رابردوو لە رێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لە هەموو زانکۆکانی کوردستان سەنتەری تایبەت بە جێندەر هەیە. بەڵام بەداخەوە لەبەر زۆر هۆکاری مەعنەوی و ماددی و هەروەها بەهۆی بیرۆکراسییەتی سیستەمی خوێندن و حیزبایەتیی کەمدیدە لە زانکۆکانی کوردستان، سەنتەرەکان وەکو پێویست چالاک نین. لەم ماوەیەدا دەبووایە پەتای کۆڕۆنا ببێتە بابەتی توێژینەوە و داتا کۆکردنەوە و وێبینار و کۆنفرانس لە رووانگەی جێندەرییەوە، بەڵام زۆر کەم کاریان لەسەر کردووە.

 

رێزان: ئەی ڕۆڵی چالاکوان و ڕێکخراوەی ژنان و پیاوان و ڕەگەزەکانی دی چی بوون؟ 

 

د. نەزەند: کە باسی چالاکوان و رێکخراوەکان دەکەین، پێویستە رۆلی میدیاش لەبیر نەکەین. دەربارەی رێکخراوەکان، بەرای من پەتای کۆڕۆنا وهوروژمی پەتای کۆرۆنا و بڕیارە خێراکان و چاوەڕواننەکراوی کاردانەوەکان، بوونە هۆی پەلەقاژێ و خۆخزاندنە ناوماڵ بە بێ هەست کردن بە بەرپرسیاری. ئەمەش وەک جۆرێک لە کەمتەرخەمی لە لایەن رێکخراوەکانەوە لێک درایەوە.

 

راستە، بەداخەوە ئەوان لە سەرەتادا وەکو پێویست هۆشیارییان نەبوو تا لە رووی جێندەرییەوە کار لەسەر پەتاکە و کاردانەوەی ماڵنشینکردن لەسەر خێزان و ژنان و پیاوان بکەن. ئەمەش بووە شوێنی رەخنەی زۆرو نووسین لەسەریان. من خۆم بە شێوازێکی ئەکادیمی هەر زوو لەم رووەوە دوو وتارم بڵاوکردەوە بە مەبەستی دروستکردنی هۆشیاری و تێرامان لەم بابەتە.

 

دیارە بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەکو پێویست کار لەسەر پەتای کۆڕۆنا  لە رووانگەی جێندەرییەوە نەکراوە، هەندێ وێبینار کراوە و لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە یەک دوو راپرسی ئەنجام دراون، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە هۆی داڕشتنی پرۆگرامی تۆکمەی هۆشیاری و بەرهەمهێنانی زانیاریی بەڵگەئامێز و جۆریی دەربارەی کاردانەوەی مالنشینکردن لە سەر ژنان و پیاوان و منداڵان. هیوادارم سەنتەر و رێکخراوەکان و چالاکوانان لەمەودوا ئەم پرسە بە گرنگ وەربگرن.

 

هەندێ نووسەر و چالاکوان وەک تاک لەم بوارەدا بە نووسین و کۆکردنەوەی داتا و بلاوکردنەوەی کتێب و تابلۆ و پرۆژەی هونەری بەشداریان کرد ، وەک خاتوو کنێر عەبدوڵا لە سلێمانی کە کتێبێکی بەرهەم هێناوە کۆکراوەی ئەو پرۆژە و تابلۆ و نووسینانەیە. ئەم کارانە رۆلیان هەبوو لە هۆشیاریی گشتی و دروستکردنی کۆدەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە و ئاسوودەیی تەندروستی، بەڵام زیاتر پرۆژەی تاک بوون وەک نەک هی رێکخراوەکان.

 

رێزان: ئەو ڕێکارانە چی بوون کە دەبوو بکرایە و نەکراون؟

 

د. نەزەند: بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتایەکی جیهانی لەم ئاستە، پێویستیمان بە رێکاری گشتگیر و هەمەلایەنە هەیە، راستە حکومەت دەبێ رابەر بیت و جڵەوکێش بێت، بەڵام کۆمەڵگەی مەدەنی و کەنالەکانی میدیا و تاک و خێزان و دایکان و باوکان دەبێ پاسیڤ نەبن و رۆلیان هەبێ.

 

لە سەر ئاستی حکومەت و دامودەزگای حکومییەکان، هەروەکو پێشتر وتم، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەکو تەندروستی و ناوخۆ و لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریی زۆریان کردووە بۆ رێگەگرتن و پارێزگاری و چارەسەرکردن و هۆشیاری گشتی. بۆ نموونە وەزارەتی ناوخۆ  هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێ کرد، لەم ماوەیەدا ٣٢ بەیانی دەرکردووە لە بارەی رێنمایی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەڵام دەربارەی پرسی جێندەر و ئاسایشی ناو خێزان رێنمایییان تێدا نییە. وەزارەتی تەندروستی کە کارێکی زۆری کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، وەک دەرکردنی پرۆشۆر و نامیلکە و خولی هۆشیاری و دانانی هێلی گەرمی ١٢٢ بۆ ئەوەی هاوڵاتیان دەربارەی خۆپاراستن پەیوەندییان پێوە بکەن، دروستکردنی پۆرتالی تایبەت لەسەر مۆبایل بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان. دەبووایە لەگەڵ ئەمانە رێنمایی تایبەت بە پرسی جێندەر و توندوتیژیی خێزانی و تەندروستی دەروونی ئەندامانی ناو خێزانیش هەبووایە. دەبوایە هەموو ئەم وەزارەتانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان و ئەنجومەنی کاروباری خانمان لەچوارچێوەی پرۆگرامە گشتییەکان، رێنمایی تایبەتیان بۆ پرسی توندوتیژیی و ئاسایشی ناو خێزان داڕشتبا. 

 

ئێستا پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ژمارە ٨ لە وەزارەتی ناوخۆیە کاری لەسەر دەکەن بۆ هەموارکردنەوەی، پێویستە ئەنجومەنی کاروباری خانمان و رێکخراوەکان و سەنتەرەکانی جێندەر لە پرۆژەیەکدا داواکارییەکانی ئافرەتان پێشکەش بە لیژنەی هەموار کردنەوەکە بکەن و لەوێدا برگەیەکیش دەربارەی پێداویستی و داخوازییەکانی ئافرەتان لە کاتی پەتای کوشندە و کارەساتە سروشتییەکانی دیکەی وەک لافاو و بوومەلەرزە دابڕێژن. چۆن لەم کاتانەدا پێداویستی و داخوازیی ژنان دابین بکرێت؟ پیاوان ناتوانن لە جیاتی ئێمە بیر لە پێداویستییەکانی ئافرەتان بکەنەوە، ناکرێ و ناتوانن زمانحاڵی ژنان بن لە ناوەندەکانی بڕیار.

 

بە هەمان شێوە، رێکخراو و سەنتەرەکانیش دەتوانن و دەبێ دەستەوەستان نەوەستن و پرۆژە و پرۆگرامی تایبەتی جێندەری و تایبەت بە ئاسایشی ناو خێزانیان هەبێ.

 

لە سەر ئاستی میدیا، دەبوایە میدیا رۆلێکی زۆر گەورەتر و کاراتر بگێڕێ بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئاگادارکردنی تاکی کورد لە رووی نەک تەنها خۆپاراستنەوە، بەڵکو لە رووی دەروونی و لە رووانگەی ماف و جێندەرییەوە. کەنالەکانی میدیا زیاتر کار لەسەر هەست و ئیحساسی خەڵک دەکەن، قسەی باو و نۆرمە پیاوسالارییەکان بەرهەم دێننەوە، لە جیاتی ئەوەی بە رووانێنێکی مۆدێرن کار لەسەر پرسی خێزان و ژنان ناکەن و ببنە مایەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، زۆرجار دەبنە هۆی توندوتیژیی.

 

رێزان: مامەڵەو وەڵامدانەوەی تاکی کورد لەبەردەم ئەم پەتایە چۆن بوو ؟  

 

د. نەزەند: تاک لە کۆمەڵگەیەکی گشتگیریی وەک کۆمەڵگەی کوردی بایەخی کەمە. کۆمەڵگەی کوردی لە رووانگەی سۆسیۆلۆژییەوە کۆمەڵگەیەکی تاکڕەو نییە، مرۆڤ وەک تاک سەربەخۆ نییە، نە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، نە لە رووی دەروونی و فیکری ورۆحییەوە. ئەمەش وادەکات مرۆڤەکان لاواز بن، متمانەیان بەخۆیان نەبێ، بێ دەرەتان و بێباک و یاخی بن و خۆیان وەک پێویست نەپارێزن. بیرمان نەچێ ئێمە کۆمەڵگەیەکین پێکەوە بەستراینەوە، بە بێ یەک هەڵناکەین، ناتوانین بە تەنها بژین، ناتوانین بە تەنها گەشە بکەین، تەنانەت ناتوانین سەماش بە تەنها بکەین. تاک لە کۆمەڵگەی ئێمە خۆی بە گروپ هەڵواسیوە، جا ئەو گروپە دەشێ بنەماڵە بێ، حیزب و خێل و دەستەی بەناو رۆشنبیری بێ، لەناویاندا تاک بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەست و عاتیفە. ئەم دۆخە و پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دەوروبەر و لەگەڵ سروشت زۆر شت دەربارەی مرۆڤی کورد دەڵێ. لێرەدا رووانینی تاک بۆ چەمکی ماڵ و تەنهایی رووانینێکی فەلسەفی و قووڵ نییە کە لە کاتی تەنگانە بەهانایەوە بێ، لەگەڵ خۆی هەڵبکات، بێباک نەبێ، جوانبین بێ، سەربەخۆ بێت، بگەڕێتەوە لای خۆی و جوانتر لەگەڵ خۆی بژی، ئەمە وا دەکات لەگەڵ خێزان و دەوروبەریش ژیانێکی جوانتر  و دوور لە توندوتیژی بژی، نەک تەنها ئەرکی گروپ راپەڕێنێ، بەڵکو بە هۆشیارییەوە بژی و ئەقلی رەخنەیی هەبێ، خۆی بە بەرپرسیار بزانێ بەرامبەر ئەوانی دیکە، بەرامبەر ئەوەی لە دەوروبەری دەگوزەرێ:  هۆشیار بێ لەوەی کە  کردەوە و رەفتارەکانی کاردانەوەیان هەیە لەسەر ئەوانی دیکە و دەبێ لەسەر بنەمای رێزگرتن و شارستانییەت بەرپرسیارانە هەڵس و کەوت بکات. دەزانم بارودۆخی سیاسی و ئابووری نالەبارە و تاک بێ دەرەتانە، بەڵام دەبێ بە شێوەیەکی فەلسەفی خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە بۆ ئەوەی بەختەوەر و تەندروست بێ.

 

رێزان: بارودۆخی ئاوارەکانی دەکەونە سنوری هەرێمی کوردستانەوە چۆن بوو؟ بەتایبەت بارودۆخی ژنان و منداڵان؟

د. نەزەند: ڤایرۆسی کۆرۆنا پیشانی داین کە لەکاتی  پەتا و کارەساتە سروشتییەکان چینی هەژار و ئاوارە و پەنابەر و پەراوێزخراوەکان زیاتر بەرەوڕووی مەترسی تووشىبوون و توندوتیژی دەبنەوە. بە واتایەکی دیکە نایەکسانیی و نادادوەریی کۆمەڵایەتی و هەژاری  زەمینەی گەورەتر دەڕەخسێنن بۆ تووشبوون بە ڤایرۆس و پەتا و توندوتیژییەکان و قووڵبوونەوەی نایەکسانی و ناڕەوایی لەسەر ئاستی جیهان. یوڤال هەراری لەم بارەیەوە وتارێکی زۆر جوانی لە فاینەنشیەل تایمز بڵاوکردەوە و هەر زوو هۆشداری دا کە ماڵنشینکردن سیستەمی سەرمایەداری و چاودێریی بەسەر رەفتاری تاکەکان و نەیەکسانی زیاتر دەکات و ئەمەش مەترسی گەورەی لێ دەکەوێتەوە لە ئایندە.

 

ئاوارە و پەنابەرەکان لە دوو رووەوە دابڕاو و گۆشەگیر و مەنفی بوون: ئەوان لە کامپ بوون، ژیار و گوزەرانیان بە جیهانی دەرەوەی کامپەوە بەند بوو: هاوکاریی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و خێرخوازی. ئەمانە هەموو وەستان بە هۆی قەدەغەی هاتوچؤەوە، بۆیە ئەوان زیاتر لەهەر چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگەی بەرەڕووی مەترسی و نەخۆشی دەروونی و توندوتیژی و نایەکسانی بوونەوە. بەڵام جێگای سەرنجە کە لە کامپەکان پیاوان زیاتر لانەواز و پەست و نەخۆش بوون. ژنانیش ئەرکییان زۆر زیاتر بوو. ئەمە سەرەنجامی وێبینارێکی سیانسپۆیە کە من ئامادەکار و بەڕێوەبەری بووم لە مانگی مایس. لەوێدا بە گوێرەی راگەیاندنێکی پرۆفیسۆر جان ئیلهان کزلهان، لە کاتێکدا ئافرەتەکان لە کامپ بەردەوام بوون لە راپەڕاندنی کاروبارەکانی ناوماڵ و منداڵەکان، پیاوەکان بێ کار و بێ ئامانج بوون و وەک سەر لێشێواو نەیاندەزانی و نەیاندەتوانی هیچ بکەن.

 

بەرای من پەتای کۆڕۆنا کاردانەوەی زۆر زۆری لێ دەکەوێتەوە و لە ئێستا زووە هەموو ئاکامە نەرێنییەکانی بزانین. بەڵام دەزانین کە بۆ نمونە لە کامپەکان، تووشبوونی یەک تاکە کەس بەسە بۆ ئەوەی هەموو کامپ تووشی پەتاکە بێت، چونکە داخراوە و هەمووان لە جوگرافیایەکی زۆر تەسکدا خزێندراون و بواری رزگاربوون کەم دەبێ. 

 

رێزان: لە هەرێمی کوردستان چ پڕۆگرام و ڕێوشوێنێک لە پڕۆژەدایە لەسەر ئاستی تاکە کەس، وەک چالاکوانی بواری جێندەری، و ڕێکخراوە و دامەزراوە حکومی و ناحکومەییەکان هەتاوەکو بەرەنگاری ئەم پەتایە و کارەساتی لەو جۆرە  بدەینەوە لە داهاتوودا؟ 

 

د. نەزەند: رێزان خاتوون، دەبێ بیرمان نەچێ کە ئێمە باس لە هەرێمێک دەکەین کە لە رووی سیاسی وئابوورییەوە سەرجەخۆ و جێگیر نییە و هەڕەشەی تێرۆریست و دوژمنانی ناوچەکەی بەردەوام لەسەرە- وەکو تورکیا و ئێران بۆ نموونە. هەروەکو سیمۆن دو بواڤوار دەڵێ، هەرکاتێ بار و دۆخی سیاسی و ئابووری تێکچوو، دەستکەوتەکانی ژنان دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوە، بۆیە دەبێ هەمیشە وریا و هۆشیار بین.

ئەمڕۆ لە کوردستان بارودۆخی سیاسی و ئابووریی باش نیە، هێزە سیاسییەکان وەک پێویست یەکگرتوو نین، هەڕەشە و بۆوردومانی دەوڵەتانی ناوچەکە دۆخێکی نالەبار و پرمەترسییان دروست کردووە. هەموو ئەمانە لە پەتای کۆڕۆنا ترسناکترن.

 

بۆ ئەوەی بگەینە ئاستێکی باڵا لەسەر ئاستی فیکری و کردەنی، پێویستیمان بە زانین و زانیاری هەیە، پێویستیمان بە ناوەندی فیکری و فەلسەفییەوە هەیە، پێویستیمان بە توێژینەوەی جۆری و بەرهەمهێنانی زانیاری و داتای بەڵگەئامێز کە ناوەندە ئەکادیمییەکان و سەنتەرەکانی جێندەر دەبێ پێی هەڵسن. ئەم زانیاری  و داتایانە وەک پلانی کار بخرێنە بەردەم دەسەلات و پۆلەسی داڕێژەران تا کاری پێ بکەن.

 

تاکی هۆشیار و سەربەخۆ دەتوانی بە پرۆژەی بوێر  لە بواری هونەر و ئەدەب و ئابووری و تەندروستی و هتد، رۆلی چالاکی هەبێ لە دروستکردنی کۆدەنگی و بەرەنگاربوونەوەی پەتا و ترس و نادادوەرییەکان.

رێکخراوەکان دەشێ زیاتر چالاک بن، هێڵی گەرم و پلانی بەدەنگەوەهاتنیان هەبێ بۆ کاتی  پەتا و ئیمێرجنسی وەک پەتای کۆرۆنا.

 

میدیا دەبێ خۆی بە بەرپرس بزانێ لە بەرامبەر کۆمەڵگە، رۆلی باشتر ببینێ لە هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و نۆرمە پیاوسالارییەکان چیتر بەرهەم نەهێنێتەوە و پلانی جێندەری هەبێ.

دەسەڵات دەبێ هەمیشە رابەر بێت و هەردەم لە پێشەوەی کۆمەڵگە بێت بە ستراتیژیی گونجاو بەرەنگاری دۆخی لەمجۆرە بێتەوە.

 

لە هەمووی گرنگتر، چۆن بەرەنگاری پەتای کۆڕۆنا دەبینەوە، دەبێ ئاواش بەرەنگاری ئەم دۆخە ترسناکە بینەوە. ژنان لە کوردستان دەبێ دەستەوەستان نەوەستن، دەبێ پەراوێزخستن قبوڵ نەکەن، خۆیان لە کاریگەریی حیزبی رزگار بکەن، شەڕی ساردی خۆکوژی و ئەهلی لە نێوان خۆیان نەکەن، بەلکو رۆلیان هەبێ لە نەهێشتنی گرژی و تەنگژەکان و کاربکەن بۆ نزیککردنەوەی هێزەکان و دانووستان و دروستکردنی ئاشتی و ئاسایش لە رووی سیاسی وکۆمەڵایەتییەوە، واتە لەناو ماڵ و و ناوەندە سیاسییەکان و ژوورەکانی بڕیار و شوێنە گشتییەکاندا تا ئاستی بڕیارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا.

 

وەک ژن و وەک کورد و وەک پەنابەر و ئاوارە، من ئەزموونی هەموو جۆرە توندوتیژی و چەوسانەوەیەکم کردووە. بەڵام نابێ خۆمان وەک قوربانی ببینین، بەڵکو بە زانین و فیکر و بەرخودان دەتوانین هەموو ئەستەنگێک تێپەڕێنین. بۆ دوا وشە، حەز دەکەم بە دێرە شیعرێکی هۆلدەرلین کۆتایی بەم گفتوگۆیە بهێنم:

“where the danger is, also grows the saving power ”,

واتە کاتێ بەرەورووی مەترسی دەبینەوە، لە هەمان کاتدا هێزی خۆرزگارکردنیش گەشە دەکات.

سوپاس.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە، تکایە کلیک لەسە رئەم لینکە بکە:

https://zoom.us/rec/play/v5N_dur8qzI3T9aX4wSDC6V9W9W0LaysgXUfq_UOzEm0AiMGMFD1N7EUN-Ll2Uk42YoTVDAXz3GQ7c8M?continueMode=true

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار