سلێمانی یەکەو نابێ بە دوو!

4 ساڵ لەمەوپێش



د. موئمین زەڵمی

ڕۆژێکی هاوینە و گەرماییەکی پڕوکێنەر، هەر چەند دەقەیەک دەچیتە دەرەوە تا موبەریدەکە پڕ بکەیتەوە لە ئاو، یەکپارچە عارەق لە ناوچاوتەوە دێتە خوارەوە، خەتەکانی تەوێڵت دەڵێی جۆگەلەیان هەڵبەستووە، شەکەت و ماندوو لە ژووی پشت هەیوانەکەدا لێی ڕادەکشێی، منداڵەکان لە هەیوانە سێ بە پێنجەکەیا خەریکن یاری ئەکەن، خانووەکە دەستووری کۆنە، ژوورێکی میوان و هەیوانێک و ژوورێکی پشتەوە.

ماڵەکەتان، جامخانەیەکی ئاسنی هەیە، ئەها لە ناوەڕاستەکەدا پایەیەکی پێوەیە، وا دیارە جامخانەکە ڕەنگی شین بووە بەڵام ئێستا کاڵ بووەتەوە، لەو کراسەی کوڕەکەت ئەچێ لە برا گەورەکەیەوە بۆی ماوەتەوە و کرچ بووەتە، چێشتخانە و دەستشۆر لە حەوشەکەدان، دوو مەترێک چیمەن بووەتە تەختایی سێبەری دارمێوەکە، حەوزێکی بچوکیش لە نزیک دەرگای حەوشەکەوەیە و دوو دەبەی یەک لیتری دۆ و سەتڵێ ماستی تیایە بۆ خۆیان هەڵدەپەڕن، لە لێواری چیمەنەکەدا مەرکانەیەک ئاوی خواردنەوە دانراوە و پەرداخێکی فافۆن بە پەتێک بەستراوە بە لێوەکەیەوە، بە دەم خەیاڵی پەیداکردنی کرێی خانووی ئەم مانگەوە، چاوت قورس دەبێت و سەرت دەخەیتە سەر گۆڤارە فارسییەکەی بەردەمت، شیعرێکی حسین جنتی بەرچاوت دەکەوێ و دەست دەکەی بە خوێندنەوەی، تۆ کە ماندوو ئەبی یان دەخەوی یان دەخوێنیتەوە، بەشکو ئارامیت پێببەخشێ و تۆزێ سەرت سوک کات. خوڕەی باران دێ و چەترەکان دەکرێنەوە و هەڵدەدرێن، هەر کەسەو خۆی داوەتە پەنایەکەوە و چەند کەسێکیش بە بێ چەتر فڕکان فڕکانیانە، خەیاڵی تۆ بە درێژایی شەقامەکەدا سەردەکەوێ، واقت وڕماوە و چاوت بڕیوەتە تەڕایی شەقامەکە، باراناوەکە خۆڵی حەوت کۆڵان سەروتری لەگەڵ خۆی هێناوە، لەرزێک ئەتگرێ، کەسێک خەریکە بە گیانتا سەردەکەوێ، وەک بڵێی پرسیارت لێدەکا، فولکەیەکی شار ماوە نەگەڕابی و حەسرەتێکی تیا سەوز نەکرابێ و دەردێکیان تیا نەچاندبێ؟ دیسان بیرت ئاڵۆز دەبێتەوە، ئاها سلێمانی شاخاوییە بەڵام دەردەکان بەیانیانیش ڕێگای ئەزمەڕ و گۆیژە دەگرنە بەر و بە ناوی پیادەڕەوییەوە، هەرخەم و داخە ئەدا لە شاخ، خۆتت لێ دەبێتە شاعیرو خەریکی لە خەیاڵاتدا شیعری ناو ماڵ دەنوسیتەوە،کەچی سەدان درز خەریکە دەکەوێتە هەیوانی ماڵەکەتان و دیوارەکان شەقیان بردووە، دیسان چاو ئەخەیتەوە سەر بازاڕەکە، بازاڕ جمەی دێ و شت هەر گران دەبێ و بێ موچەییە، کە دەچیتەوە ماڵەوە، شەکەت و ماندوو، خەو دەتبا بەلادا و خەو دەبینی، "پارەی دەوڵەمەندەکان جزمەی لە پێکردووە و خەریکە بەسەر پشتی هەژارەکاندا سەردەکەوێ"، لە خەو ڕادەپڕی، خوایە بەخێری بگێڕی، خەیاڵت خاو خاو بووەتەوە، دەڵێی پەژمە و شەی کراوە، دیسان پرسیار، جوجەڵەکانی بیروباوەڕت لە کوێ بشاریتەوە گومان وەک پشیلە خەریکە بە دیواری ئیمانتا سەردەکەوێ، شەو خەریکە کۆڵ دەپێچێتەوە و نۆرەی مەراقەکانی ڕۆژە و خەیاڵت ئارام ئارام لە شەقامەکەیترەوە دێتەوە خوارەوە و چیرۆکی شاری لەبەر کردووە. تەقەی دەرگا ئاسنەکە ڕاتدەچڵاکێنێت، خێزانت پەرداخێکی ستیل ئاوی بە دەستەوەیە و لەسەر سەرت وەستاوە، "پیاوەکە ناڵەت دەهات زانیم خەوت دەبینی، وتم با خەبەری بکەمەوە"، ئاوەکەی لێدەگری و یەک قوم هەمووی دەخۆیتەوە. کچەکەت دێتە ژوورەوە و تۆ هێشتا هەر واقت وڕماوە، "باوکە سبەینێ تاقیکرنەوەی مێژووم هەیە، تۆزێ یارمەتیم ئەدەی؟" هێشتاش هەر دەڵێی بەنج کراوی، دێڕێک زیاتر نایێ بە خەیاڵتا و وەڵامی کچەکەت دەدەیتەوە، کچم بۆ هەر چوار پرسیارەکە بنوسە "سلێمانی هەر یەکەو نابێ بە دوو".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار