هەڵبژاردنی ئەمریکاو کورد

سه‌ردار عه‌زیز

4 ساڵ لەمەوپێش



جاران کورد حەماسەتی زۆربوو بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ئێستا پرسەکە وەها نابینرێت. ئایا ئەم بایەخپێنەدانە دەرخەری چیە؟

لەکاتێکدا رۆڵی ئەمریکا لەگەڵ کورددا، فراوان و زیاتر بووە؟ ئایا کورد بێتاقەت بوو لە ئەم هەموو سەرکردە نوێیە؟ یان ئیدارەی ترەمپ هەموو دۆخەکەی گۆڕی؟ یان سەرقاڵی ئەمریکا بەخۆیەوە، وەهای لێکردووە سیحرەکەی جارانی نەمێنێت؟. نەوەی کۆنی سیاسی کوردی دیدێکی پیلانیان هەبوو بەرامبەر ئەمریکا. مەبەستم لەدیدی پیلانی ئەوەیە کەئەمریکا دەتوانێت هەموو شتێک بکات و هەرشتێک ئەمریکا نەیەوێت ناکرێت. ئەم دیدە رەنگە لای نەوەی نوێ نەبێت.

لەهەمانکاتدا ئەمریکا ئێستا وەک جاران وڵاتێکی دووری نەزانراونیە، ئەمەش وەهای لێکردووە کە لای خەڵکی سیحری کەم بێتەوە. بەڵام وەک زۆر لەجیوپۆلەتیستە ناسراوەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە، گەر بتەوێت لەم سەدەیە تێبگەیت دەبێت چاودێری سیاسەتی ئەمریکی بکەیت. ئەوەی ئەمڕۆ لەدونیادا دەگوزەرێت: یان راستەوخۆ لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ئەمریکیدا دەگوزەرێت یان لەئەنجامی ئەو بۆشاییەی کەئەمریکا دروستی کردووە. بۆ کورد ئەمریکا لە (30) ساڵی رابردوودا گرنگ بوەوە و ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێست و پێگەو رۆڵیدا بێت لەناوچەکە، ئەوا کاریگەریی دەبێت لەسەر کورد لەهەموو ساتێکی تر زیاتر لەمێژوودا.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا لەچەند روویەکەوە جیاوازە، یەکەم، لەساتەوەختێکی تەواو تایبەتدا روودەدات.، بەهۆی کۆرۆناوە. دووەم، ئەمریکا لەهەموو ساتێکی تر زیاتر سەرقاڵی خۆیەتی. سیێەم، جەمسەرگیریی لەئەمریکادا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە. چوارەم، دونیا وەک چەند دەیەی رابردوو نیە کەئەمریکا یەکەمی بێ ڕکابەر بێت. ئێستا دوو کەس کاندیدن بۆ سەرۆکایەتی، وەک کۆمیدی ناسراو ترێڤەر نوا وتی: بەهەردووکیانەوە نزیکەی (٢٠٠) ساڵ تەمەنیانە. ئەمە لەکاتێکدایە کەلاوانی ئەمریکی لەهەموو ساتێکی تر زیاتر سیاسیترن و ئەوە نەوەیەی کە لەدوو هەزارەکان لەدایکبووە، گروپێکی خاوەن دیدو دونیابینی تایبەتن.

هەردوو کاندید بۆ خەڵکی کورد ناسراون. رەنگە ئەمەش هۆکارێکی تری کەمتەرخەمی بێت، بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. دۆناڵ ترەمپ بەڕای زۆرینەی ئەوانەی رایان لەسەری هەیە کەسێکی دیماگۆجە. دیماگۆج ئەو کەسەیە کە پەنا دەباتەبەر وروژانی هەست و سۆزی ئەوانیتر بۆ ئەوەی بەسەریاندا زاڵ بێت لەبڕی پەیوەندی و مامەڵەی عەقڵانی. هەرچەندە لەبنەڕەتدا دیماگۆج بەمانای جۆرێک لەکەسایەتی نەدەهات، بەڵکو تەنها شێوازێکی مامەڵەی سیاسی بوو. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر بۆ جۆرێکی تایبەت لەسیاسی بەکاردێت. لەهەمانکاتدا دیماگۆج هەمیشە ئەو دۆخە بووە کەئەوانەی رەخنەیان لەدیموکراسی هەبووە، وەک چەمکێک بەکاریانهێناوە بۆ رەخنەکردنی دیموکراسی. چونکە دیموکراسی مامەڵەیە لەگەڵ جەماوەردا، ئەوا دیماگۆج، هەمیشە مەترسییە، بەتایبەتی لەسەردەمێکدا وتنی راستیی بووەتە عەیبە. دونیای سیاسەتی کوردی پڕیەتی لەدیماگۆج، خەڵکانێک کەوروژان و سۆزو لەخشتەبردن بەکاردەبەن بۆ گەیشتن بەمەبەستیان. کۆتایی هاتنی دیماگۆجیەت، رەنگە یەکەم گۆڕانکاری بێت لەدۆخی سیاسەتی ئەمریکیدا، ئەگەر بێتو جۆ بایدن هەڵبژاردنەکان بباتەوە.

بایدن خاوەن کەسایەتیەکی تراژیدیە. تەمەنی کاری سیاسی نزیکەی نیو سەدەیە. ترەمپ بەبایدنی خەواڵو ناوی دەبات. نەک هەر ئەو، هەندێک لەوانەی کە لێشیەوە نزیکن وەهای وەسف دەکەن کە بەباشی شتەکانی لەبیر نیە. بایدن لەسەرووی حەفتا ساڵەوەیە. لەتەمەنی سیاسییدا چەندین جار شکستی هێناوە، بەڵام رەنگە ئەوەی زیاتر کاریگەری لەسەری دانابێت ژیانی خێزانییەتی. جۆ هاوسەرەکەی و دوو منداڵی لەتەمەنی منداڵیدا لەدەستدا. ئەمەش وەهای لێکرد کەهەموو رۆژێک لە واشنتۆنەوە بە شەمەندەفەر سەفەر بکاتەوە بۆ ماڵەوە لە دێلاوەر بۆ ئەوەی مناڵەکانی ببینێت. ئەم عادەتەی هەتا ساڵی ٢٠٠٨ درێژەی هەبوو. وەک رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز حیسابی کردووە بایدن (٢١) هەزار کاتژمێری لەشەمەندەفەردا بەسەر بردووە. هەموو ئەوانەی لەئەو هێڵەدا کاردەکەن دەیناسن. دۆست و رەخنەگرانی بایدن لەسەر ئەوە کۆکن کە بایدن سەر بەسەردەمێکی ترە. دونیای ئەو دونیایەکی بەسەرچووە.

ئەمریکای ئەمڕۆ تەواو گۆڕاوە. هەندێک وەهای دەبینن کەئەوەی بایدن دەبێت بیکات یان دەیکات ئەوەیە کە ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ رۆژگاری سەردەمی ئۆباما. بەڵام زۆرێک گومانیان هەیە لەسەرکەوتنی ئەم هەوڵی گەڕانەوەیە، نە ئەمریکاو نە دونیا، وەک سەردەمی ئۆباما نیە. چین وڵاتێکی زۆر بەهێزترە، وەک هەندێک چاودێر بڕوایان وەهایە کە لەململانێی چین و ئەمریکادا، هەردوو سوودمەندن، بۆیە پەیوەندی هاوکارییانە رەنگە سەردەمی بەسەرچووبێت. هەرچەندە بایدن وەها خۆی دەردەخات کە توندە لەسەر چین. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چین بەباشی لەلایەن کۆمەڵگای ئەمریکییەوە وێنا ناکرێت.

بایدن پێویست ناکات کوردی پێ بناسێنیت ئەو دەمێکە کورد دەناسێت و پشتیوانیانە. دیدی ئەو بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای کەسایەتییە، رەنگە ئەمە بۆ پرسی بەدەزگاییکردنی پرسی کورد، رۆڵێکی نەرێنی ببینێت. بن ڕۆدس بەوردیی باسی ئەم پرسە ئەکات لەکتێبەکەیدا. رەنگە ئەمە لەو خەسڵەتەی بایدنەوە سەرچاوەی گرتبێت کەدەڵێن کەسێکی کۆمەڵایەتییە.

ئەم کۆمەڵایەتیبوونەوەی بەزەقی دەردەکەوت لەسەردەمی ئۆبامادا، چونکە ئۆباما وەک رۆشنبیرێک لەئاستی کۆمەڵایەتیدا لاوازبوو. لەڕوانگەی گشتییەوە بایدن هەوڵدەدات رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا زیندوبکاتەوە، لەئاستی جیهاندا بەرەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێکبهێنێت. بەڵام ئەوەی روونەو دەبێتە فشارێک لەسەری ئەوەیە کەچۆن سیاسەتی دەرەوە بەدیدی بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا دابڕێژێتەوە. ئەمە یەکێکە لەو دیاردانەی کە ترەمپ لەسیاسەتی ئەمریکیدا چەسپاندی. وەک چاودێران دەیبینن، رەنگە رۆڵی بایدن زیاتر رەمزیی بێت وەک سەرۆک. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکی وەها دەردەکەوێت کە بەهێزە، بەڵام لەڕاستیدا وەهانیە.

دیارە بەهێزی ئەمریکا وەها دەکات کەسەرۆکی ئەمریکی بەهێز دەربکەوێت، ئەگینا سەرۆکی ئەمریکی هەمیشە دوو پەرلەمان چاودێرین، میدیای پارتیزانی، بەرژەوەندیییە تایبەتەکان، دۆخی جیهانی و زۆر رێگریی تر. لەسیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆک وەزیران زۆرجار سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەو بەهێزترین پارتی سیاسیش لەپەرلەمان پاڵپشتیەتی، بەو جۆرە فشاری کەمتر لەسەرە. بەڵام هێشتا دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین دۆڕانی مستەر ترەمپ گەرەنتیی نیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار