راوێژکار!
4 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد ئه‌نوه‌ر
زۆرێک له‌وانه‌ی له‌نزیکه‌وه کاریان له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کردووه، یاخود ئه‌یناسن و زانیاری‌یان له‌سه‌ری هه‌یه، باس له‌وه‌ده‌که‌ن ناوبراو که‌سێکی سیاسی شاره‌زاو لێهاتوو نیه، به‌ڵکو زیاتر که‌سێکی ئیعلامییه. گه‌ر بهڕابردووشیدا بچینه‌وه، ده‌بینین خاوه‌نی رابردوویه‌کی ته‌واو جیاوازه، لهڕاگهیاندکارهوه بۆ به‌رپرسی هه‌واڵگیری، لهههواڵگیرییهوه بۆ سه‌رۆکی حکومه‌ت.
به‌سه‌یرکردنی جوڵه‌کانی، کهشهقامی عێراقی خستووه‌ته ژێر کاریگه‌ری خۆیه‌وه، هه‌موو نه‌یاره‌کانیشی بێده‌نگ کردووه، کازمی وه‌کو سیاسیه‌کی ته‌واو جیاواز‌و لێهاتوو ده‌رده‌که‌وێت، جوڵه سیاسییه‌کانی قابیلی تێڕامانن، بۆیه جوڵه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه‌ی نزیکه‌کانیدا یه‌کناگرنه‌وه، که‌کازمی به‌سیاسی نازانن.
بێگومان قسەی نزیکه‌کانی که کازمییان پێ سیاسییه‌کی کارامه نیه، نابێت به‌هه‌ند وه‌ری نه‌گرین، هه‌روه‌ک نابێت جوڵەی زیرهکانهشی پشتگوێ بخه‌ین، ئه‌م دوو تێڕوانینه، دژ به‌یه‌کن، بۆیه ده‌بێت به‌دوای ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که‌دا بگه‌ڕێین، تا بزانین هۆکار چیه، که‌سێکی ناسیاسی، به‌جوڵه سیاسییه‌کانی، شه‌قامی تووشی واق وڕمان کردووه.
ئه‌وانه‌ی له‌نزیکه‌وه کازمی ده‌ناسن، باسله‌وه‌ده‌که‌ن له‌پشتی ناوبراوه‌وه، کۆمه‌ڵێک راوێژکاری سیاسی ته‌واو زیره‌ک و لێهاتوو هه‌ن، کازمی به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر، پابه‌نده بهڕاکانیان و هیچ هه‌نگاوێک نانێت، بێ وه‌رگرتنی راوێژ له‌وان.
به‌نموونه کاتێک کازمی هێرشی کرده‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک چه‌کداری حزبوڵا له‌به‌غدا، ده‌ستگیری کردن و دواتر ئازادی کردن، هه‌ندێک وا لهمهسهلهکهیان روانی، کازمی ههنگاوێکی شکست‌خواردووی هاویشت، بۆیه چه‌کداره‌کانی ئازاد کرد‌و پاشگه‌ز بووه‌وه، به‌ڵام نزیکه‌کان له‌کازمی، ئه‌و جوڵهیە به‌سه‌رکه‌وتووترین جوڵه وه‌سف ده‌که‌ن، که‌کازمی به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ راوێژکاره‌کانی ئه‌نجامیدا.
نهێنی سه‌رکه‌وتنی جوڵه‌که‌ی کازمی له‌وێدابوو، چه‌کداره‌کانی ده‌ستگیرکردو کاردانه‌وه‌ی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی زانی، بۆی ده‌رکه‌وت کاردانه‌وه‌کانیان لاوازه، بۆیه مه‌قسه‌دی ئه‌و له‌ده‌ستگیرکردنی چه‌کدارانی حزبوڵا، ده‌ستکه‌وتنی زانیاری بوو له‌سه‌ر جۆری کاردانه‌وه‌کانیان، نه‌ک مه‌به‌ستی بێت زیندانیان بکات.
کاتێک کازمی له‌لاوازی کاردانه‌وه‌ی هێزه‌کانی حه‌شد تێگه‌یشت، بۆیه هه‌نگاوی دواتر، ده‌ستی بۆ کۆنترۆڵکردنی ده‌روازه سنورییه‌کان و وشککردنی سه‌رچاوه ئابورییه‌کانیان برد، له‌مه‌شدا که ئه‌سڵی مه‌به‌سته‌که‌ی بوو، سه‌رکه‌وتوو بوو.
لێره‌وه تێده‌گه‌ین، بوونی راوێژکاری شاره‌زاو لێهاتوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات چه‌ند گرنگه. لێره‌وه تێده‌گه‌ین، هه‌نگاونانی بێ دیراسه و راوێژ چه‌ند مه‌ترسیداره، به‌تایبه‌ت هه‌رێم باجێکی گه‌وره‌ی هه‌نگاونانی فه‌ردی و بێ ئاگایی سیاسییه‌کانی داوه.
هه‌رێمی کوردستان، گرفتی بوونی به‌ناو»راوێژکار»ی وه‌کو ژماره نیه، ئه‌وه‌تا په‌رله‌مان سه‌دان «راوێژکار»ی تیایه، که‌چی بێ رۆڵترین ده‌زگای هه‌رێمی کوردستانه. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌کان، سه‌دان و بگره هه‌زاران «راوێژکار»یان تێدایه، که‌چی سه‌راپای حکومه‌ت ئیفلیج و شه‌له‌له.
پرسیاره گرنگه‌که ئه‌وه‌یه، ئه‌وانه‌ی له‌هه‌رێمی کوردستان سیفه‌تی راوێژکاریان پێدراوه‌و وه‌کو راوێژکار دامه‌زراون، ئایا به‌فیعلی راوێژکارن؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌که، بێگومان نه‌خێره.
بنه‌مای پێدانی پۆست و سیفه‌تی راوێژکاری له‌هه‌رێمی کوردستان، پسپۆڕی و شاره‌زایی نیه، به‌ڵکو ئینتیمای حزبی و نزیکایه‌تی به‌رپرسانه، بۆیه زۆرێک له‌وانه‌ی کراون به‌ڕاوێژکار، شوێنیان کراوه‌ته‌وه، ئیشیان بۆ دۆزراوه‌ته‌وه، رۆژانه ده‌وامێکی رۆتینی ده‌که‌ن، نه که‌س راوێژیان پێده‌کات، نه ئه‌وانیش هیچیان پێیه پێشکه‌شی بکه‌ن.
کاری راوێژکارێتی زیاتر گه‌ڕان و تووێژینه‌وه ئه‌نجامدان و مه‌یدانی بوونه، بۆ نموونه کاتێک تووێژه‌رێکی بیانی سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه ده‌کات، دۆخه‌که له‌نزیکه‌وه ده‌بینێت، ئینجا که‌موکوڕییه‌کان دیارى ده‌کات و پێشنیاره‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات. زۆرێک له‌و بیانیانه‌ی له‌کاتی شه‌ڕی داعشدا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه بوون، راوێژکار بوون، له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ک راوێژه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرا، جێگه‌ی خۆی ده‌گرت.
راوێژکاری پسپۆڕ‌و ههگبهپڕ، رازی نابێت، راوێژی پێنه‌کرێت، خۆی له‌به‌رپرسه‌کان پێ که‌متر نیه، شانازیی ناکات به‌وه‌ی راوێژکاری فڵان یاخود فیسار به‌رپرسه، به‌پێچه‌وانه‌وه زۆرێکیان خۆیان ون ده‌که‌ن، نایانه‌وێت بناسرێن، وه‌کو خاوه‌ن پیشه‌ی تر خۆیان وێنا ده‌که‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و راوێژکارانه‌ی له‌جێگه هه‌ستیاره‌کاندا کارده‌که‌ن.
له‌هه‌رێمی کوردستان دۆخه‌که جیاوازه، زۆرێک له‌وانه‌ی سیفه‌تی راوێژکارییان بۆ داتاشراوه، به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه به‌مانگ هه‌ر نابینن، که‌بڕیاره راوێژکاری بن و راوێژی پێشکه‌ش بکه‌ن. به‌رپرسه‌که‌ش گرفتی بینینی ئه‌وانی نیه، چونکه هه‌ردوولایان تێگه‌یشتوون له‌یه‌کتری، به‌رپرسه‌که لای روونه راوێژکاره‌که‌ی هه‌گبه‌که‌ی خاڵییه، راوێژکارهکهش تێگه‌یشتووه له‌وه‌ی به پێدانی پۆستی راوێژکار، ئیشی بۆ دۆزراوه‌ته‌وه.
پۆستی راوێژکاری له‌هه‌رێمی کوردستان جۆرێکه لهبهتاڵهی موقهنهعه، راوێژکاره‌کان سیفه‌تێکیان بۆ داتاشراوه‌و به‌و ناوه‌وه، هاوشێوه‌ی فهرمانبهراتی تر، رۆژانه ده‌وامێکی پڕ لهڕۆتین ده‌که‌ن و نیوه‌ڕۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه.
راوێژکار له‌هه‌رێمی کوردستان، نه‌ک هۆکارێک نیه بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان، به‌ڵکو خودی خۆی بووەته کێشه، هاوسه‌ره‌که‌ی ئۆتۆمبێله‌که‌ی بۆ کاری نایاسایی به‌کاردێنێت، خۆشی پیشه‌که‌ی ده‌کاته ئامرازێک بۆ کاری نایاسایی و به‌ڵێنده‌رایه‌تی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن.
گه‌ر داموده‌زگاکانی هه‌رێمی کوردستان راوێژکاری فیعلیان تێدا بوایه، هاوشێوه‌ی ئێستا ئیفلیج نه‌ده‌بوون، چاره‌سه‌ریان بۆ کێشه‌کان ده‌دۆزیه‌وه، پێشنیاریان بۆ لابردنی له‌مپه‌ره‌کان ده‌خسته‌ڕوو، به‌ڵام نه‌بوونی راوێژکاری پسپۆڕ‌و خاوه‌ن توانا، کێشه‌کانی قوڵتر کردووه‌ته‌وه.
بۆیه ده‌کرێت، بڵێین: گه‌ر راوێژکاری لێهاتوو، کازمی به‌چه‌ند مانگێک کردبێته کاره‌کته‌رێکی کاریگه‌رو چاو له‌سه‌ربوو، ئه‌وا نه‌بوونی راوێژکاری فیعلی، یاخود جوڵه‌ی فه‌ردی و سوود وه‌رنه‌گرتن له‌پێشنیاری راوێژکارانی پسپۆڕ، هه‌رێمی کوردستانی لهداڕووخانێکی گه‌وره نزیک کردووه‌ته‌وه، به‌رپرسه‌کانیشی کردووه‌ته کاره‌کته‌ری په‌راوێزخراوو بێ رۆڵ، عاقیبه‌تی هه‌موو جوڵه سیاسی و ئابوورییه‌کانی به‌رپرسانی هه‌رێمیش شکست بووه.