بۆ پێشمەرگە ریفۆرم نابێت؟

4 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

شەڕی ناوخۆ

چەند ساڵێک لەمەوپێش وڵاتانی هاوپەیمانان پرۆژەیەک و پرۆسەیەکی ریفۆرمی پێشمەرگەیان دەستپێکرد کەهەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی لەبارەوە نەنراوە. گەر تەماشای وێبسایتی وەزارەتی پێشمەرگە بکەیت، کەبەشێکی تەرخانکردووە بۆ ریفۆرم، جگە لەبەستنی کۆنفرانسێک، دوو ساڵ لەمەوپێش، هیچ چالاکیەکی تر بەدیناکرێت. هاوپەیمانان بۆچی دەیانەوێت پێشمەرگە ریفۆرم بکەن؟ لەدوای یانزەی سێپتەمبەرەوە ئەمریکا دەستیکرد بەپرۆسەیەک لەژێرناوی بونیادنانی توانای پارتنەر. هەتا ئێستا ئەمریکا لەچەندین وڵات ئەم هەوڵەی داوە و بەبلیون دۆلاری خەرجکردووە، بەڵام وەک شارەزای ئەم بوارە مارا کارلین دەڵێت: بەگشتی ئەنجامەکەی جێگای نائومێدییە. یەکێک لەو رەخنە بەردەوامانەی کە لەم پرۆسەیە دەگیرێت ئەوەیە کە تەنها وەک بوارێکی تەکنیکی تاکتیکی تەماشای پرۆسەی بونیادنانی سوپا دەکات: نەک ستراتیژی و سیاسی.

خانە گەورەکانی بیرکردنەوە لە ئەمریکا، راند، کارنیگی و ئەوانی تر بەردەوام کار لەسەر ئەم بوارە دەکەن. بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک نەیتوانیوە دیدێکی گشتی وەها دابڕێژێت کەبتوانرێت وەک پرۆسیجەرێک پەیڕەو بکرێت. لەچەند ساڵی رابردوودا پێشمەرگە یەکێک بووە لەپرۆژەکانی کاری من. سەرەتا بۆ کۆنفرانسێک لەناوەندی دەوحە، پاشان پۆلەسی پەیپەرێک بۆ فردریک ئیبەرت شتیوفتینگ، ئیجا کاری راوێژکاری، لەگەڵ کاری ئەکادیمی بەهاوکاری هاوەڵێکی ئینگلیزم. پرسی ئەوەی بۆ پێشمەرگە ریفۆرم نابێت، پرسێکی سادەنیە، کەتەنها بریتی بێت لەیەکخستنی هێزەکانی یەکێتی و پارتی، یان هەوڵدان بۆ دروستکردنی وەزارەتێک، یان ئەوەی لەئەدەبیاتی ئۆپۆزسیوندا زۆر باس دەکرێت بەپرۆفیشناڵکردنی یان بەپیشەییکردنی پێشمەرگە. وەک مارا کارلین دەڵێت دروستکردنی سوپا هاوشێوەی دروستکردن یان بونیادنانی نەتەوەیە. لەڕاستیدا وەک کۆمەڵێک لێکۆڵەر لەناوەندی راند ئارگومێنتی بۆ دەکەن: سوپا نوێنەری نەتەوەیە. بەپێی ئەم پێودانگە، ئەگەر نەتەوە نەبێت ئەوا سوپا نیە. ئەگەر سوپاش نەبێت نەتەوە نیە. لەدوا کاری ئەکادیمیماندا ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە بوونی دۆخی شەڕی ناوخۆ، لەباشوری کوردستان رێگری هەرە سەرەکییە لەڕیفۆرم نەبوونی پێشمەرگە. شەڕی ناوخۆی هەرێم تیۆریزە نەکراوە. ئەو کارانەی لەبارەیەوە نووسراوە، بەگشتی دوو جۆرن، کارە بیانییەکان لەو جۆرە کارانەن کەهەوڵدەدەن بەدوای رەگ و ریشەو هۆکارە بنەڕەتییەکانیدا بگەڕێن و باسی بکەن بۆ کەسانی بیانی. کارە ناوخۆییەکان بەگشتی دوو جۆرن، ئەوانەی کەوەک تاوانێک دەیگێڕنەوەو ئەوانەش لەهەوڵی بەهانەهێنانەوە و رەوایی پێدانین. شەڕی ناوخۆ کوردی لەمیانەی کاتدا بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. سەرەتا وەک ململانێی نوخبە دەرکەوتووە، پاشان شەڕ بووە لەسەر خاوەندارێتی پرسی کورد، لەدوای راپەڕینەوە دەچێتە بواری ئابورییەوە، بەتایبەتی دەتوانرێت سود لەکارە تیۆرییەکانی پاول کولێرو ئانکە هویفلەر وەربگیرێت. بەدیدی ئەو دوو بیرمەندە پاڵنەری سەرەکی جەنگی ناوخۆ تەماح و ناڕەزاییە. لایەک کە تەماحبازە دەیەوێت دەست بەسەر سەرچاوەکانی ساماندا بگرێت و بۆخۆی قۆرغی بکات، لایەکەی تر لەبەرابەر ئەمەدا دەیەوێت خەڵکی لەڕێگای بێبەریبوون و بێبەشبوونەوە بوروژێنێت. ئەمە زۆر بەتایبەت لەو جێگایانەدا روودەدات کەسامانی سروشتی و نەخوێندەواریی تیایدا بڵاوە. لەزۆر رووەوە ئەم دیدە بۆ راڤەکردنی دۆخی ئێمە دەبێت. بەڵام لەپەیوەندی بەپێشمەرگەوە، پرسەکە پێویستی بەڕاڤەکردنی زیاتر هەیە. هەبوونی دوو هێز بنەمای درێژەدان بەشەڕی ناوخۆ مسۆگەر دەکات، لەهەمانکاتدا تەنها هۆکارێک کەببێتە بنەمای کۆتایی شەڕی ناوخۆ بوونی هێزێکی ناسیاسییە. بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ بەشێکە لەئابوری هەرێم، ئەوا کۆتایی شەڕی ناوخۆ لەزۆر رووەوە بەسود نیە. بەم پێیە ئێمە لەدۆخێکی ئاڵۆزداین. جۆری ئابوری هەرێم هۆکاری هەرە سەرەکییە بۆ بەنەتەوە نەبوونی کوردو دروستنەبوونی سوپا. بەڵام بڕێکی زۆری ئابوری بەکاردێت بۆ رێگریی لەئەمە. بەم پێیە: ئایا نەتەوە بونیاد دەنێیت بۆ ئەوەی سوپا دروستبکەیت، یان سوپا دروست دەکەیت بۆ ئەوەی نەتەوە بونیادبنێیت؟؟ ئێمە لێرەدا ئەو هایپۆسیسە دادەڕێژین ئەگەر نەتەوە هەبێت، ئەوا سوپاش دەبێت. ئەگەر نەتەوە نەبێت سوپا نابێت. کەواتە بنەمای سوپا نەتەوەیە. بەڵام جۆرێک لەپەرتەوازەیی هێز هەیە کەڕێگرە لەدروستبونی سوپاو نەتەوەش. ئەزمونی زۆر وڵاتی دونیای سێ، سوپا پێش نەتەوە بووە. بۆ نموونە سوپای عێراق پیش دەوڵەتی عێراقی دروستدەکرێت. سوپا لەمانگی یەک دروستدەکرێت و دەوڵەت لەمانگی هەشت. ئەم پرۆسەیە نیشانەی ئەوەیە کەئەرکی دروستکردنی نەتەوەی عێراق بەسوپا سپێردراوە. بەڵام ئەم پرۆسەیە شکستی هێناوە. ئەم پەیوەندیەی نێوان نەتەوەو سوپا دوو پرسی تری گرنگ دەهێنێتە ئاراوە. یەکەم پرسی نوێنەرایەتی و دووەم پرسی شەرعیەت. ئایا پێشمەرگە وەک هێزی تایبەت بەپارتی سیاسی نوێنەری کێیە؟ بەتایبەتی کاتێک کە نەتەوە و پرسی بونیادی نەتەوە بوونی نیە. ئەگەر نوێنەری نەتەوە نیە، ئەوا شەرعیەت لەکوێوە بەدەستدەهێنێت؟ پرۆسەی چاکسازی هاوپەیمانان لەڕوانگەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەبێت ناسیاسی بێت، چونکە سوپا دەبێت ناسیاسی بێت، بەڵام وەک پەیوەندی راستەوخۆی نێوان نەتەوەو سوپا دەریدەخات، بونیادی سوپا بەهیچ شێوەیەک ناسیاسی نیە. لێکۆڵەرەوانی خانەی راند ئارگومێنتی ئەوە بونیاد دەنێن کە لەسەردەمی شۆڕشی فەرەنسییەوە پرۆسەی بونیادنانی سوپا نەک هەر ناسیاسی نیە، بەڵکو هەتا سەر ئێسقان سیاسییە. ئێستا لەکوردستان نەک هەر پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لەئارادانیە، بەڵکو رەوتێکی تر لەگەشەدایە کە دژ بەنەتەوەیی کوردە. ئەم رەوتە دەیەوێت نەتەوەی عێراق بونیادبنێت. بەڵام هێشتا خاوەن روانگەیەکی روون نیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم رەوتە عێراقییە کوردە ئەوەیە کە دژ بەعێراقچییە عەرەبەکانە. ئەم عێراقییە کوردانە دۆستی ئەو لایەنانەن کە لەعێراقدا بەگروپی لادەولە دەبینرێن، وەک حەشدی شەعبی و حزبەکانی ناو حکومەت و هێزەکانی تر کە لەلایەن عێراقچییە عەرەبەکانەوە بەدژ بەعێراق لەقەڵەم دەدرێن. ئەمە دەرخەری ئەو راستیەیە کەعێراقچیە کوردەکان عێراقی نین، بەڵکو لەپشتی عێراق دەیانەوێت لەناو کوردستاندا سیاسەت بکەن. بۆ نموونە هەرگیز بەلای ئەم خەڵکانەوە مەرگی رۆژانەی خەڵکی بەسرەو کێشە و ئازارەکانی تری خەڵکی عێراق مایەی پرس نیە، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بیشارنەوە، چونکە ئامانجیان هەمان میتۆدە کە حزبە سیاسییە تەقلیدیە کوردەکانی تر لەڕابردوودا هەیانبوو، چۆن لەکۆندا کۆمیونستەکان سۆڤیەتیان جوان دەکرد، ئەمڕۆ هەندێک لەئیسلامییەکان ئەردۆغان و تورکیا جوان دەکەن، ئەمانیش خاوەنی هەمان چاویلکەی ئایدلۆژیین، عێراقێک جوان دەکەن کە نیەو خەڵکی عێراق تیایدا دەناڵێنێت. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ پرسەکەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە کەئەمانە هێندەی تر پرسی بونیادنانی سوپا لەکوردستان لاواز دەکەن، لەڕێی کۆتاییهێنان بەپرسی نەتەوەوە. بەبێ بوونی سوپاو نەتەوە، پەرتەوازەیی، قۆرغکاری، گەندەڵی، لاوازی دەزگا، حوکمی ماڵباتی و شەخسی، خودنەفرەتی هەتابێت زیاترو زیاتر دەبێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار