ناڕازیبوونی فەرمانبەران لەمووچەکانیان؛ گرنگیو هۆکارەکانی
دیدگایەکی زانستییانە
4 ساڵ لەمەوپێش
دارا رهئوف عهبدوڵا
ئاشکرایە کەهەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی قوڵی دارایی تێپەڕدەبێت، باسکردن و شیکرنەوەی هۆکارەکان و ئەنجامەکانی زۆری لەسەر نووسراوەو باسکراوە، بۆیە من لەم وتارە تەنها باسی کاریگەری نەرێنی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لەکاتی خۆی یان لێبڕین و پاشەکەوتکردنی دەکەم کەدەرئەنجامێکی کاریگەرو گرنگی ئەم قەیرانەیە، هەوڵدەدەم بەشێوەیەکی زانستی کارگێڕی باسی هۆکارەکانی ناڕەزایی فەرمانبەران بکەم کەشەرت نییە ئەم ناڕازیبوونە تەنها لەکاتی نەبوون یان کەمبوونی مووچەدا دروست بێت، بەڵکو ئاساییە لەکاتەکانی تریش هەمان ناڕەزایی بوونی هەبێ، ئەگەر نادادپەروەری هەبێ لەدیاریکردنی نزمترین ئاست و بەرزترین ئاستی مووچە بەمانای بوونی جیاوازییەکی فراوان لەنێوان فەرمانبەرانی پلە (١٠)و پلە باڵاکان، سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەری بن دیوار کەمووچەی بەناهەق وەردەگرن.
یەکەم/ تێگەیشتن لەگرنگی دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆی:
١- بۆ زۆر لەفەرمانبەران تاکە سەرچاوەی دابینکردنی بژێویی ژیانە بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی و لەڕووی ئارامی سایکۆلۆجییەوە گرنگە بەهۆی ئەوەی مانگانەیەو بەردەوامە، بۆیە هەست بەئاسودەیی دەکات، لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە فەرمانبەر لەبەرئەوەی داهاتێکی بەردەوامی مانگانەی هەیە پلەو پایەیەکی تایبەتی پێدەبەخشێ لەناو کۆمەڵگا.
٢- بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو خزمەتگوزراییەکان راستەوخۆ دەبێتەهۆی دابەزاندنی بەهای راستەقینەی مووچەی فەرمانبەر کەئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی پارەکەیە، کە لێبڕینو پاشەکەوتکردن و دواکەوتنی زیاتر بەهای راستەقیەنەی مووچە کەمدەکاتەوە.
٣- دابەشنەکردنی مووچە مانگانەو لەکاتی خۆیدا کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی بەهۆی زیادکردنی بێکاری و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەناوخۆ، کە هۆکاری راستەوخۆیە بۆ شێواندن و تێکچوونی کۆمەڵگا بەو شێوەیەی کەئێستا بەدیدەکرێت.
٤- لاوازکردنی حکومەت لەناوخۆو لەدەرەوەی هەرێم و بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵک بەتایبەتی چینی فەرمانبەر.
٥- هەندێک جار کەمی مووچە یان نەدانی یان لێبڕینی دەبێتە هۆی کەمتەرخەمی و گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن.
٦- زۆربوونی ناڕەزایی لەنێو چینی فەرمانبەر کەدوو جۆری هەیە، ناڕەزایی بەشێوەیەکی ئاشکرا کەخۆی لەخۆپیشاندان و یاداشت بەرزکردنەوە و بایکۆت و.... هتد دەبینێتەوە، شێوازی دووەم ناڕەزایی بەشێوازی شاراوە کە زۆر ترسناکترە لەڕووی کارگێڕییەوە لەشێوازی یەکەم، ئەویش بەخۆدزینەوەو ئامادەنەبوون و زوو بەجێهێشتنی فەرمانگەو رایینەکردنی کارەکان و تێکدانی کەلوپەل و کەمتەرخەمی و..... هتد دەکرێت.
ئاشکرایە لەسەرەتای دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ تاکو ئێستا ناشارەزاییانەو نازانستیانە دەستکاری مووچەی بنەڕەت و دەرماڵەی فەرمانبەران کراوە لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان، کەزیاتر بەپێی میزاجی کەسی بەرپرس و دوور لەهیچ بنەمایەکی کارگێڕی بووە، بۆ نمونە مووچەی هەندێ فەرمانگە زیادکراوە لەڕێگەی زیادکردنی مووچەی بنەڕەت و بەشێوازێکی رێژەیی، لەهەندێ فەرمانگەش دەستکاریکردن و زیادکردنی هەندێ جۆر دەرماڵە کراوە، بەداخەوە ئەمە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەساڵی ٢٠٠٤ زیاتر رەنگیدایەوە کە لەهەندێ دەزگای حکومەتی هەرێم دەرماڵەی سەر مووچەی بنەڕەت لە ٥٠٪ تاکو دەگاتە ٢٠٠٪ زیادکراوە، ئەنجامی ئەم نادادپەروەریەش لەدەستکاریکردنی مووچە ناڕەزاییەکی زۆر فەرمانبەرانی لێکەوتۆتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی قەیرانی دارایی ساڵانی ٢٠١٥ تاکو ٢٠٢٠ کە بەڕای من ئەم قەیرانە ناڕەزاییەکانی ئاشکراو زیاتر کرد، بەڵام خۆی لە بنەڕەتدا ناڕەزایی لەسیستمی مووچە بۆ ساڵانی پێشووتر دەگەڕێتەوە، دروست بۆ ساڵانی ٢٠١٠ کە لەو کاتەدا مووچە بەتەواوی و مانگانە دابەشدەکرا، بەڵام چونکە جیاوازییەکی زۆر هەبوو لەنێوان مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی و ئەوانەی پێیان دەوترێ پلەباڵاکان وەکو ئەندام پەرلەمان یان وەزیر یان هەر بەرپرسێکی تری باڵا زیاتر بەشاراوەیی ناڕازیبوون هەبوو، کەهۆکارەکەی بۆ نادادپەروەری دەگەڕێتەوەو لەخوارەوە بەشێوزاێکی زانستی کارگێڕی روونی دەکەمەوە.
دووەم/ دیاریکردنی زانستییانەی بڕی مووچە:
تەواوی و دادپەروەری لەمووچەدا چییە؟
•تەواوی مووچە: مەبەست لەتەواوی دەبێت مووچەی فەرمانبەر تەواو بەشی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی بکات و یەکسان بەو ماندووبون و کارامەیی و لێهاتوویی و تواناکانی بێت.
•دادپەروەری: کە دوو جۆر دادپەروەری دەبێت پەیڕەوبکرێت لەکاتی دیاریکردنی مووچە، یەکەمیان دادپەروەری ناوخۆیە مەبەست لێی لەنێو فەرمانگەیەک یان وەزارەتێک ئەو کەسانەی هەمان بڕوانامەو لێهاتوویی و خزمەتیان هەیە هەمان بڕ مووچە وەربگرن نەک جیاوازی لەنێوانیان بکرێت، کە ئەمە لەهەندێ جۆر دەرماڵە پەیڕەو نەکراوە لەوەزارەتەکان، دووەم جۆر لەدادپەروەری ئەویش دادپەروەری دەرەکییە واتا لەنێوان وەزارەت و دەزگاکان بەگشتی دادپەروەرانە مووچە دیاری بکرێت، بەڵام لەسەرەتای دروستبوونی ئەم حکومەتەوە بەتایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٤ بێویژدانی و جیاکاری کراوە لەنێوان فەرمانبەران لەدەزگایەک بۆ دەزگایەکی تر بەتایبەتی فەرمانگە سەربەخۆکان کە نەبەستراون بەهیچ وەزارەتێک، چونکە هەندێکیان زیادە لەسەر مووچەی بنەڕەتییان وەردەگرن کەدەگاتە ٢٠٠٪ واتە دووقاتی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تر کەئەگەر هەمان ساڵانی خزمەت و بڕوانامەو لێهاتوویشیان هەبێت.
روونتر ئەوەیە بڵێین فەرمانبەر دوو جۆر بەروارد دەکات بۆ مووچەکەی، بەراوردێکیان لەنێو وەزارەتەکەی خۆی، دووەمیان لەگەڵ دەرەوەی وەزارەتەکەی خۆی و پرسیار لەخۆی دەکات ئایا فەرمانبەرانی ترو پلەباڵاکان بڕی مووچەکانیان چەندەو چەند وەردەگرن.
کەواتە فەرمانبەر بەهایەکی رێژەیی دادەنێت بۆ ئەو کارەی لەفەرمانگەکەی ئەنجامی دەدات (input)و بەراوردی دەکات بەو مووچەیەی وەریدەگرێت (output)، ئایا مووچەکەی یەکسانە بەماندووبونی. هەروەها بەراوردی دەکات بەبەهای رێژەیی مووچەی فەرمانبەرانی تر کەهەمان کاری ئەو دەکەن جا چ لەدەرەوە یان ناوخۆی فەرمانگە بێت، لەگەڵ بەراوردێکی فراوانتر لەگەڵ مووچەی پلەباڵاکان، ئەگەر ئەنجامی ئەم بەراوردە یەکسان بوو، ئەوە فەمانبەر هەست بەئاسوودەیی دەکات و بەپێچەوانەوە دەستدەکات بەناڕەزایی دەربڕین جا چ بەئاشکرا بێت یان بەنهێنی.
سێیەم/ دەبێت چی بکرێت؟
١- دەبێت دڵنیایی بدرێت بەفەرمانبەر کەمووچەکەی بەردەوام و مانگانە دەبێت و دابینکردنی مووچەی بەردەوام زامنکردنی نەهێشتنی کێشەی نێوان فەرمانبەران و حکومەتە.
٢- کردنەوەی پلەبەرزی بۆ فەرمانبەران کە مافی یاسایی و سروشتی خۆیانە و قەرەبوو کردنەوەیان بۆ ئەم مەبەستە.
٣- نەهێشتنی جیاکاری لەمووچەی دەزگایەک بۆ دەزگایەکی ترو بەشێوەیەکی زانستییانە سیستمی مووچە دابڕێژرێتەوە.
٤- دیاریکردنی بەرزترین ئاستی مووچەو نزمترین ئاست بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی مووچە لەنێوان هەردوو ئاست.
٥- دەکرێت حکومەت مووچە بۆ ئاراستەکردنی ئابووری بەکاربێنێت، بۆ نموونە گەر بیەوێت کەرتێکی پیشەسازی بەرەوپێش بەرێت وەکو پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان، دەکرێت بەبەرزکردنەوەی ئاستی مووچەی ئەم کەرتە ئەم کارە بکەن، ئەوەش بۆ راکێشانی سەرچاوەی مرۆیی بەتوانا و لێهاتویی زیاتر بۆ ئەم کەرتە یان هەر کەرتێکی تری دیاریکراو کەئەمە بۆ کەرتی تەندروستی و کارەباو پەروەردەش دروستە.
٦- هیچ کاتێک حکومەت ناتوانێت شەڕی نەهێشتنی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن و کەمتەرخەمی بکات لەکاتێکدا فەرمانبەرانی مووچەیەکی دادپەرورانە وەرناگرن و بەردەوامی و بەرزی ئاستی مووچەی فەرمانبەران ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا دیاریدەکات، چونکە توانای کڕین بەهێز دەبێت.
ماستەر لەکارگێڕی