ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ: کۆنتڕۆڵی تەواومان هەیە بەسەر گومرگی سنوورەکانەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ماردین نورەدین

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لەهەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کۆنتڕۆڵی تەواویان هەیە بەسەر گومرگی سنوورەکانەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە دەروازە سنوورییەکان تۆمەتباردەکرێن بەئەنجامدانی کاری قاچاخی.

ساماڵ عەبدولڕەحمان لەچاوپێکەوتنێکی ھاوڵاتی-دا باس لەوەدەکات سیستمی گومرگی هەرێم لەدەروازە سنوورییەکان ئەلکترۆنیەو دەڵێت «دەتوانم بڵێم بەشێوەیەکی زۆر تەواو کۆنتڕۆڵمان هەیە بەسەر ئیجرائاتی گومرگییەوە».

لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەوە دەکات کەحکومەتی هەرێم  بڕیاریداوە 50%ی داهاتی گومرگەکان بداتە بەغدا لەبەرامبەر رادەستکردنی بڕی (320) ملیار دینار بەهەرێم.

هەرروەها باس لەزیادبوونی چالاکییە بازرگاکانیەکان دەکات لەمەرزەکان دوای ئەوەی بەهۆی کۆرۆناوە چالاکییەکان بەنیوە دابەزیبوون.

ھاوڵاتی: لەئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر لەچ ئاستێکدایە وەک تورکیاو ئێران؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: جوڵەی بازرگانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەماوەی رابردوو بەرەو کزی چوو، دەتوانم بڵێم ٤٠%  بۆ 50% لەهەندێک لەدەروازەکان دابەزی، بەڵام ئێستا جوڵەی تێکەوتۆتەوەو بەرەو سەرکەوتنەوە دەچێت لە 20%ی ئەو ٤٠%ەی کە دابەزی بوو سەرکەوتۆتەوە بۆ سەرەوە.

ھاوڵاتی: کەواتە لەدوای تەواوبوونی ئەو کەرەنتینەیەی کەهەرێمی کوردستانی گرتەوە ئێستا جوڵەی بازرگانی رووی لەزیادبوون کردووە؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەڵێ، بەبەردەوامی روو لەزیادبوون دەکات، لەبەرئەوەی جوڵەی بازرگانی لەدەروازە سنورییەکان پەیوەستە بەجوڵەی بازاڕ، ئێستا وردە وردە خەریکە بازاڕەکان ئیشی تێدەکەوێتەوە، بۆیە جوڵەی بازرگانیەکە بەرەو سەرەوە دەڕوات.

ھاوڵاتی: لەئێستادا چ یاسایەک پەیڕەودەکرێت لەگومرگەکاندا بۆ بازرگانیکردن؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئێمە یاسای ژمارە (23) ساڵی 1984 پەیڕەودەکەین و بەپێی پێناسەیەکی یەکگرتوو لەسەرجەم سنورەکانی عێراق و کوردستان، مەبەستم لەعێراقی فیدراڵە . ساماڵ عەبدولڕەحمان: نەخێر ئەو یاسایە لەهەموو دەروازەکانی هەرێم و عێراق کاری پێدەکرێت بەپێی یاسای ژمارە (23) ساڵی 1986 هەموارکراوە، یەک پێناسەی گومرگی  لە ئوم قەسرەوە تا ئیبراهیم خەلیل پەیڕەودەکرێت.

ھاوڵاتی: لەئێستادا باج و گومرگ لەخاڵە سنورییەکان زیادی کردووە بەبەراورد لەگەڵ شەش مانگی رابردوو یاخود ساڵی پێشوو؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: نەخێر، بەڵام خۆی گومرگ تایبەتمەندە لەگەڵ نرخی شتومەک و کەلوپەل و بازاڕو جوڵەی بازاڕدایە، بۆیە جێگیر نیە، بڵێیت هیچ کاتێک گومرگی رسوماتی کاڵاکان بەجێگیری دەمێنێتەوە هەندێ جار گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، بەڵام لەشەش مانگی رابردوودا نەخێر هیچ گۆڕانکاریەک لەڕسوماتی گومرگی هیچ کاڵایەک نەکراوە.

ھاوڵاتی: لەئێستادا چەند مەرزی سنوریی فەرمی هەیە کەیاسا فیدراڵییەکان دەیانگرێتەوە؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: ئێمە لەهەرێمی کوردستاندا چوار دەروازەی گومرگی نێودەوڵەتیمان هەیە، ئەوانیش بریتین لە ئیبرایم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان. لەهەمانکاتدا شەش دەروازەی دیکە هەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێگەپێدراون و دەروازەی بازرگانین و کاری بازرگانییان تێدا دەکرێت، هاوشێوەی دەروازەکانی تر، بەڵام ئەمانە جوڵەی گەشتیارییان تێدا نیە، بۆیە بەکۆی گشتی لەئێستادا (10) دەروازە لەناو هەرێمی کوردستاندا بەڕووی وڵاتانی دەرەوە هەیە.

ھاوڵاتی: ئایا بۆچی دوترێ جیاوازی رەسمی گومرگی هەیە لەنێوان خاڵە سنورییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەولێرو دهۆک؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: بەهیچ شێوەیەک هیچ جیاوازیەک نیە، یەک پێناسەی گومرگی هەیە، یەک رێنمایی هەیەو یەک یاسای گومرگی لەهەموو دەروازەکان کاری پێدەکرێت، ئەوە تەنها دەتوانم بڵێم شتی سۆشیال میدیایە، بەڵام هیچ بابەتێکی وا لەئارادا نیە، ئێمە یەک یاسا لەگەڵ هەموو دەروازەکانی عێراقیش پەیڕەودەکەین.

ھاوڵاتی: هەندێک لەدەروازە سنورییەکانی خوارووی عێراق مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزی بۆ ناردوون بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بکەن؟ لەوکاتەوە داهات زیادی کردووە، پێشبینی دەکەن ئەمە کوردستانیش بگرێتەوە؟

نەخێر بەهیچ شێوەیەک وا نیە، ئەوە دەروازەکانی خۆیان بووە، لەزمانی خۆیانەوە بەڕاستی گەندەڵیەکی زۆری تیایەو بەهەدەردانی سامانی زۆری تێدایە، بۆیە وەک ئێمەش لەڕاگەیاندنەکانەوە بیستومانە کەهێزی تایبەتی ناردووە بۆ دەروازەکان بۆ ئوم قەسڕو دەروازەکانی تر بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وەزعەکە بکات، بەڵام ئەم هێزانە بەهیچ شێوەیەک لەهەرێمی کوردستان نیەو هیچ دیاردەیەکی وا لەئارادا نیە.

ھاوڵاتی: سەبارەت بەناردنی بڕی (320) ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان و  لەبەرامبەردا پێدانی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەکان، ئایا ئەو 50%یە تەنها ئەو چوار دەروازە سنورییە سەرەکیەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە ؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: نەخێر دەتوانم بڵێم کۆی گشتی داهاتی گومرگیەکان، کەئەمە لەقانونی ئیدارەی مالیە هاتووە، بەڵام شێوازی میکانیزمی ئەم وەرگرتن و گێڕانەوەی پارەو شتە هەتاکو ئێستا بۆ ئێمە نەهاتوە، تا دابنیشین میکانیزمێکی بۆ دابنێین، بەڵام حکومەتی هەرێم  بڕیاریداوە بەپێی قانونی ئیدارەی مالیی ژمارە شەشی ساڵی 2019 لە50%ی داهاتی گومرگەکان بدەن بەبەغدا.

ھاوڵاتی: هەندێک پەرلەمانتار لەڕابردوودا رایانگەیاند خاڵە سنورییەکان بوونەتە ناوەندێک بۆ قاچاخچێتی و قۆرخکاری و بەملیۆندێرکردنی چەند بەرپرسێک؟

ساماڵ عەبدولڕەحمان: لەناو سیستمی گومرگی ئێمە، کە ئێمە سیستمی گومرگی ئەلکترۆنی دەروازەکانی ئێمە بەڕێوە دەبات، دەتوانم بڵێم بەشێوەیەکی زۆر تەواو کۆنتڕۆڵمان هەیە بەسەر ئیجرائاتی گومرگییەوە، سیستمی ئێمە سیستەمێکی ئەلکترۆنییەو قابیلی هیچ هەڵەیەک نیە، هیچ دەستتێوەردانێک قبوڵ ناکات و هیچ لادان و کەموکوڕیی یاسایی بەدی ناکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار