هەڵبژاردنی ئەمریکاو لێکەوتەکانی

4 ساڵ لەمەوپێش



 

نەوزاد ساڵح

وا بڕیارە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ خولی (٥٩)هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجامبدرێت کەململانێیەکی توند لەنێوان هەردوو پارتی بەهێزی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بەدیدەکرێت کەکاندیدی کۆمارییەکان (دۆنالد ترەمپ)ە کەئێستا سەرۆکی ئەمریکایەو کاندیدی دیموکراتەکانیش (جۆ بایدن)ە لەکۆی (٥٣٨) ئەندام پێویستە (٢٧٠) ئەندام سەربکەوێت تائێستا ئاماری پێنج راپرسی راگەیەنراوە کەناوەندە ئەمریکییەکان کردوویانە جۆ بایدن ٥٨%ی دەنگەکانی مسۆگەر کردووەو دۆناڵد ترەمپیش ٤١%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، جگەلەوەی کۆتا راپرسی لەو هەرێمە کراوە کەترەمپ لەهەڵبژاردنی ٢٠١٦ سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێناوە ئێستا بەم شێوەیە بووە بایدن ٥٠%، ترەمپ ٣٦%، لەئێستادا بە (15) خاڵ جیاوازییان هەیە هەرچەندە ئەم رێژانە بەردەوام لەگۆڕانکاریدان بەپێی بەرنامەو هەڵوێستە سیاسیی و ئابورییەکانی کاندیدەکان.

کەمتر لە (١٠٠) رۆژ  لەبەردەم  هەردوو کاندیدی بەهێزدا ماوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە کەهەر چوارساڵ جارێک دەکرێت، چاودێران پێیان وایە کەدۆنالد ترەمپ کەسایەتییەکی سیاسیی بەهێزی نیەو تەنها بەچاوی ئابووری دیمەنە سیاسییەکانیش دەبینێت و ناتوانێت هیچ لێکدانەوەیەک بۆ بابەتە سیاسییەکان بکات و کەسایەتییەکی جێگیر نیە، بەڵام جۆ بایدن خاوەنی کەسایەتییەکی دونیابینی تراژیدیاییە و سیاسەتوانێکی بەئەزموونەو (٦٠) ساڵ زیاترە کاری سیاسەت دەکات، ترەمپ لۆمەی بایدن دەکات و بەخەواڵو ناوی دەهێنێت، بەڵام لای چاودێران بایدن بەکەسێکی خاوەن هزرو پلان ناودەبەن و دەشڵێن هەندێک جار بیروهۆشی دەڕوات، کەئەمەش بەهۆی لەدەستدانی هاوسەرەکەی و دوو منداڵی لەپێشوودا رووی داوە.، ترەمپ پێی وایە کۆمپانیا چینیەکان مەترسیدارن بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاو هەست دەکەن سیخوڕییان بەسەرەوە دەکەن، دەیەوێت هەژموونی کۆمپانیا چینیەکان کەمبکاتەوە بەتایبەت کۆمپانیای (عەلی بابا) کەتایبەتە بە فرۆشتنی ئۆنلاین و دەیانەوێت لەئەمریکا قەدەغەی بکەن، هەروەها ترەمپ تاوەکو ١٥ی ئەیلول مۆڵەتی داوە بەکۆمپانیای (بایت دانسی) چینی بۆ ئەوەی ئەپڵیکەیشنی تیک تۆک بەمایکرۆسۆفت بفرۆشیت بەپێچەوانەوە رایدەگرن، سیاسەتی ترەمپ  ئەوەیە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لەچین کاردەکەن و ژمارەیان (١٥٦)ە بگەڕێنەوە ئەمریکاو بەمەش (١٠) ملیۆن هەلی کار بۆ ئەمریکییەکان دەڕەخسێنێت، ترەمپ ئەم پرۆژەیەش لەئێستادا وەک بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن  بۆ خۆی دەقۆرێتەوە و دەڵێت  ئیدارەی ئەمریکا لەهەوڵی پاراستنی هاوسەنگی بازرگانیدایەو نایانەوێت کەلوپەلی چینی هاوردەبکەن.

راوبۆچوونی  سیناتۆرو کەسایەتییەکان سیناتۆر (پیرنی ساندرز) دەڵێت هەموو هەوڵێکمان  دەدەین بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بدۆڕێت هەروەها خێزانی سیناتور (کامیلا هاریس) بەڕەچەڵەک هندی خۆشحاڵی دەربڕی کە یەکەم ئەمریکی رەشپێستەو کاندیدە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە لەم پرۆسەیەدا دڵخۆشە بەهەوڵەکانی (جۆ بایدن) کە کار لەسەر کەمکردنەوەی فشاردەکات لەسەر رەشپێستەکان.

بایدن لە ٢١/٧/٢٠٢٠ رایگەیاند کەئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا دەربچێت ئەوا کۆتایی بەو کۆت و بەندانەش دەهێنێت کەخراونەتە سەر هاتنی موسوڵمانەکان بۆ ئەمریکا لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربونیدا، هەروەها بایدن رۆژی هەینی ٢١/٨/٢٠٢٠ لەمیتێنگێکدا رایگەیاند کە ترەمپ گەلی ئەمریکای دابەشکردووەو پێویستە دەنگی پێنەدەن.

کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم پرۆسەیەدا

ئەمریکا لەئێستادا لەڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کەڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوەو زۆرترین رێژەی توشبووانی هەیە، کەئەمەش ئاستەنگ دەخاتە بەردەم پرۆسەکەو رەنگە رێژەیەک لەدەنگدەران بەشدارنەبن لەپرۆسەکە بەهۆی بەریەککەوتنەوە کەکاریگەری دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکان، هەربۆیە چاودرێران پێیانوایە دەکرێت پرۆسەکە لەڕڕگای (سندوقی پۆست)ەوە ئەنجامبدرێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان ئەمە رەتدەکاتەوەو بەڕێگایەک بۆ ساختەکاری ناوی دەبات و دیموکراتەکانی پێ تاوانباردەکات .

چوار خاڵ یان چوار رەگەزی بنچینەیی وا لەترەمپ دەکەن کەکۆشکی سپی جێبهێڵێت.

١- رێژەی بێکاری لەئەمریکا کە لەئێستادا ١٤%ی تێپەڕاندووە.

٢- دەستەوەستانی بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ و نەبوونی ستراتیجیەتێک بۆ چارەسەری کۆرۆنا.

٣-سوودوەرگرتنی بایدن لەهەڵە گەورەکانی ترەمپ.

٤-بێهیوابوونی ترەمپ لەزاڵنەبوونی بەسەر کێشە کەڵەکەبووەکاندا.

جیاوازییەکانی ئەم پرۆسەیە لەپرۆسەکانی ساڵانی پێشوو.

١- دەرکەوتنی چین وەک جەمسەری بەهێزی ئابوری کەمەترسییە بۆسەر ئابوری ئەمریکا.

٢-ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا لەئەمریکا چارەسەرێکی کۆن پێشنیاز کراوە کەدەرزی ئاژنە بۆ تووشبوانی کۆڤید ١٩ کە لەپێگەی (الصحة والحیاة) دا هاتووە کەتیمێکی پسپۆڕانی زانکۆی هارڤارد سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەچارەسەرێکی کۆن تا لەسەر تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیبکەنەوە کەئەویش دەرزی ئاژنە.

٣-سەرقاڵبوونی ئەمریکا بەگرفتە ناوخۆییەکانیەوە، ئەمەش وای لێدەکات وەک پێویست نەتوانێت پرۆسەکە بەسەرکەوتویی ئەنجامبدات.

٤-ململانێی بەهێز هەیە لەگۆڕەپانەکەدا لەنێوان  ترەمپ و بایدن-دا.

بایدن دەیەوێت چی بکات؟

١-بایدن وەک لەمیتینگەکاندا باسی دەکات هەوڵدەدات رێکەوتنی ئەتۆمی ئەمریکاو ئێران زیندو بکاتەوەو کاری لەسەربکات.

٢-یەکێک لەکارەکانی کەپەرەی پێدەدات داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە کە هاوتابێت لەگەڵ بەرژەوەندی تاکەکانی ئەمریکادا.

٣-دژی گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لەڕۆژئاوای کوردستان و پێیوایە دەبێت ئەمریکا پشتیوانی کورد بکات.

٤- کاردەکات بۆ لاوازکردنی ئەردۆغان و رووخانی تورکیا.

٥ - هەوڵدەدات جیاوازی ئیتنی و رەگەزپەرستی کەمبکاتەوە.

   سەرچاوەکان :-

١- ئاڕتی عەربی

٢- ویکیپیدیا

٣- شرق الاوسط

٤-سکای نیوز العربیة

٥-بی بی سی نیوز

بەڕێوەبەری

سەنتەری دیاکۆ بۆ هەڵبژاردن و راپرسی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار