لەدوو مانگی رابردوو گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا زیاتربوو لەشێرپەنجە
وەزارەتی تەندروستی: ئەگەری هەیە ژمارەی مردن بەکۆرۆنا لەپایزدا زیاتربێت
4 ساڵ لەمەوپێش
لاڤین مەحمود
سەرۆکی دیوانی وەزارەتی تەندروستی هۆشیاری دەداتە هاوڵاتیان کەهێشتا کۆرۆنا لە «قۆناغێکی مەترسیدایە» و داوادەکات هاووڵاتیان پابەند بن بەڕێنماییەکانەوەو خۆیان بپارێزن.
شەش مانگ تێدەپەڕێت بەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەهەریمی کوردستان، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (1000) کەس گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی (29) هەزار توشبووش تۆمارکراون، ئەوەش لەکاتیدایە هێشتا کیرڤی توشبوون لەهەندی ناوچە روو لەهەڵکشانە.
بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی کەئەگەری هەیە ژمارەی مردن بەکۆرۆنا لەپایزدا زیاتربێت و لەئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمیش قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەننەوە وەکو مانگەکانی رابردوو.
د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێکیدا بەهاوڵاتى وت «هاتنی وەرزی پایز لەبەرئەوەی وەرزی ئەنفلۆنزایە، ئەنفلۆزای وەرزیی، زیاتر لەوەرزی پایزدا دەستپێدەکات، لەپاش مانگی (١٠)وە، هەر لەلای ئێمە نا لەوڵاتانی تریش ترسیان هەیە کە لەهەمان کاتدا کۆرۆنا کۆنتڕۆل نەبووە و ئەنفلۆنزاش دەستپێبکات ئەگەری هەیە لەیەک کاتدا تووشی هەردوو پەتاکە ببێت، ئەمە وادەکات ژمارەی تووشبوون زیاد ببێت و ئەگەریش هەیە ژمارەی مردنیش زیادبێت».
هەروەها وتی «ئەفلۆنزاش خەڵک دەکوژێت، ئەو ژمارە زۆرە وادەکات رێژەی مردن زیادبێت و بارگرانی زیاتر لەسەر نەخۆشخانەکان دروستببێت، ئەوەیە مەترسیەکە، چونکە تائێستا کۆرۆنا کۆتانی نەهاتووەو چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە».
بەپێی دوا ئاماری وەزەراتی تەندروستی هەرێم تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لەهەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون گەیشتووەتە (28) هەزار و (161) کەس، (17) هەزارو (679) کەسیان چاکبوونەتەوەو هەزارو (49) کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
سەبارەت بەگیانلەدەستدان د.خالس قادر وتی «هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدان لەماوەی دوو مانگی رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە بووە، تەنانەت ئەوانەشی تووشی کۆرۆنا بوون و نەخۆشی تریان هەیە هۆکاری مردنەکەیان کۆرۆنا بووە نەک نەخۆشییە درێژخایەنەکە».
ئاماژەی بەوەشکرد»ئەوانەشی کەدەڵێن لەکۆرۆنا ناترسین ئەوە ناهۆشیارییە، نەزانیە، زۆربەی ئەوانە کە تووش دەبن زۆر دەترسن کاتێک تووشی دەبن لەئەنجامی ترس تووشی دڵتەنگی بوونە، زۆر بەخراپی باری دەوونییان تێکدەچێت، ئێمە وەک وەزارەت زیاتر پشت دەبەستین بەجێبەجێکردنی رێنماییەکان، دەبێت هەموو لایەک هاوکاربین تا نەهێڵین ژمارەکە زۆرتر بێت بۆئەوەی دەرەقەتی بێین و بتوانین لەنەخۆشخانەکان چارەسەری بکەین».
ئەگەرچی چەند ڤاکسینێک لەقۆناغی تاقیکردنەوەدان و وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر ئەو ڤاکسینانەیە تاکو بەکاریبهێنن دژ بەڤایرۆسەکە بەمەبەستی خۆپارێزی لەتوشبوون. بەڵام هەرێمی کوردستان پەیوەستە بەهەر بڕیارێک عێراق بیدات سەبارەت بەکڕینی ڤاکسینەکان.
د.خاڵس وتی «ئێمە ناتوانین بەسەربەخۆ چاودێری ڤاکسینەکان بکەین، رەنگە هەر ئەو وڵاتە ئامادە نەبێت، لەبەرئەوە ڤاکسینەکە کەدروستدەکرێت کەمە، داواکاریی زۆر لەسەرەو بۆ هەموو ڤاکسینەکان شتێکی مەرکەزییە، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر خەتین، چونکە کڕینی ڤاکسین شتێکی مەرکەزییە لەبەرئەوەی تائێستاش نەسەلمێندراوە ئەو ڤاکسینانە کاریگەرییان هەیە، ئامادەنەکراون بۆ فرۆشتن تاوڵاتانی تر دەستیان پێبگات بیکڕن».
سەبارەت بەبەکارهێنانی پلازمای کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی وەکو چارەسەر، وتی»رێژەیەکی تەواومان لەبەردەست نیە بۆ ئەوەی بزانین پلازما رێژەی مردنی چەند کەمکردۆتەوە، چونکە تائێستا هیچ توێژینەوەیەکمان لەسەری نەکردووە، بەڵام کاریگەری باشی هەبووە، نەخۆش هەبووە کەپلازمامان پێداوە سودی لێ نەبینیوە، بەڵام هەشبووە سودی هەبووە بۆی، ئەو پلازمایە لەپڕۆتۆکۆڵی چارەسەریماندا هەیە، ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن لەڕێژەی مامناوەند یان توندن، ئەوانە پلازمایان بۆ بەکاردێت».
وەزارەتی تەندروستی لەئیستادا بەرنامەی قەدەغەی هاتوچۆی نیە، د.خاڵس وتی «ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هەڵدەداتەوە یان نا، ئەگەر سەرهەڵبدات بەچ شێوەیەکە، ئەگەر بەقورسی سەریهەڵدایەوە ئەوە قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنین».
لەچەند هەفتەی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی نرخی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنای لەنەخۆشخانە تایبەتەکان راگەیاند کەکاردانەوەیەکی زۆری خەڵکی لێکەوتەوە، چونکە بۆ نرخی هەر شەوێک مانەوە زیاتر لە (500) بۆ هەزارو (500) دۆلارە.
ئەو بڕیارەش لەلایەن د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستییەوە بەفەرمانێکی وزاری دەرکرا کەتێیدا باس لەوەدەکات نرخەکان رێکدەخاتەوە لەو نەخۆشخانانەی کە خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بەکۆرۆنا بۆ نەخۆش جێبەجێدەکەن.
د.خاڵس وتی « بۆ کۆنتڕۆڵی نرخ ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمان کردووەو بریارماندا بەکەمکردنەوەی نرخەکان لە ٥٠%، هەروەها ئەگەر ئێمە لەنەخۆشخانەکانی خۆمان جێگە نەماو ناردمان بۆ نەخۆشخانەی تایبەت؛ دەبێت بەخۆڕایی بێت، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات لەنەخۆشخانەی تایبەت ئێمە ئیجرائاتی لەگەل دەکەین».