ئەو دیاردەیەی پایەکانی مرۆڤبوون دەڕوخێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



نەوزاد ساڵح

لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە جوڵەیەکی جیهانی دەرکەوت کەداوای مافی یاسایی بۆ (هاوڕەگەزخواز)ەکان دەکرد لەدەستەبەرکردنی مافی شارستانی و هاوسەرگیری و پاراستن و بەخێوکردنی منداڵە بێسەرپەرشتەکان بوو، هاوڕەگەزخوازی لەمێژوودا زۆرکۆنەو ئەفسانەی زۆری لەسەر نووسراوە نموونەی زۆر لەپاشاو ناوداران هەیە کەخوازیاری ئەم فۆرمە بوون، ئەم پەتایە لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوادا لەپەرەسەندندایەو بەیاسا مافەکانیان جێدەکەنەوە جا چ لەنێوان نێرو نێردا بێت کەپێی دەوترێت (گەی) یان لەنێوان مێ و مێدا بێت کەپێی دەوترێت (لێزبیان)، هاوڕەگەزخوازی بریتیە لەپەیوەندییەکی رۆمانتیکی و سێکسی لەنێوان ئەندامانی هەمان رەگەزدا کەهاوسەرگیریش دەکەن، یان دەتوانین بڵێین هاوڕەگەزبازی ئاماژەیە بۆ مەیل و هەستی شوناسی کەسێک بۆ هەمان هاوڕەگەزی بەرامبەری کەهەندێک هەستی هاوبەش تیایاندا هاوبەشە، هەژاندنی ئەم بابەتە کەڕەنگە وتووێژ لەسەری زەروربێت بۆ ئەوەی نەوەکانمان و لاوەکانمان گرفتارو ئالودەنەبن بەم دیاردە قێزەونە کەپایەکانی مرۆڤبوون دەڕوخێنێت و مەترسییە بۆ سەر سروشتی مرۆڤ و خێزان، مرۆڤ رادەکێشێت بۆ رەفتارێک کەنزیکە لەئاژەڵاندا  ئەویش دیاردەی یان دەرکەوتنی (هاوڕەگەزبازی)یە، کەوەکو حەزێک  یان ئارەزوویەکە لەکەمینەیەکی کۆمەڵگەدا لەهەردوو رەگەزی نێرو مێدا دروستدەبێت .

ئەو هۆکارانەی لەپشتی دروستبوونی ئەم دیاردەیەوەن

١- زاناکان تائێستا نەیانتوانیوە هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی ئەم مەیلە یان ئەم حەزە بدۆزنەوە، بەڵام هەندێکیان پێیان وایە یەکێک لەهۆکارەکان بۆماوەیی و هۆرمۆنییەو هەڵەی کرۆمۆسۆماتە .

٢- هەندێک پێیان وایە کەهاوڕەگەزخوازی کردارێکی ناشایستە و ناسروشتیە هەر لەم سۆنگەیەوە زانستی سیاسی پێیوایە کەواتە مرۆڤە ناسروشتییەکان پەنا بۆ ئەم حەزە دەبەن.

٣-بەشێکی تر لەشیکەرەوان پێیان وایە زیادبوونی هۆرمۆنی پێچەوانەی رەگەز پاڵنەرە بۆمەیل و دروستبوونی ئەم حاڵەتە.

٤- هۆکارێکی تری دروستبوونی ئەم دیاردەیە دەستدرێژی سێکسییە لەتەمەنی منداڵیدا.

٥- نەبوونی هۆشیاری سێکسی لەسەردەمی هەرزەکاریدا رەنگە کەسەکە بەرەو هاوڕەگەزی بەرێت.

٦- ژینگەو پاڵنەری کۆمەڵایەتی و بوونی توندوتیژی خێزانی گەورەترین هۆکارە.

هاوڕەگەزخوازان لەوڵاتان

  لەوڵاتێکی وەک سوید هاوڕەگەزخوازان ئازادکراون و هەفتەی پشتیوانییان هەیەو پشتگیری دەکرێن، جێگای داخە کوردەکانی دانیشتوی ئەو وڵاتەش بەشێکیان تێکەڵ بەم دیاردەیە بوون، لەئەمریکا زۆر باوەو هەندێک لەبەرپرس و دەسەڵاتداران هاوڕەگەزبازن و لەکاتی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردندا باسی ئەم دیاردەیە دەکەن و داوای ماف و ئازادبوونی تەواوو رەها دەکەن.

لەئەڵمانیا ماوەیەکی درێژ لەسەردەمی نازییەکان و دوای ئەوانیش تووشی جیاکاری دەبوونەوەو لەهەندێک شوێن بەئێستاشەوە هەر دانی خێریان پێدانانرێت، بۆ نموونە لەهەرێمی (بایەر) لەڕۆژهەلاتی خوارووی ئەڵمانیا تائێستاش دانیان بەبوون و مافی ئەواندا نەناوە کەخۆیان بەڕەوای دەزانن لەم هەرێمە دژایەتیش دەکران، تاساڵی ٢٠٠١ نەتوانراوە بەئاشکرا خۆیان دەربخەن لەفەرمانگە فەرمییەکاندا، بەڵام لە ١/١٠/٢٠١٧ دەتوانن وەک ژن و مێرد لەفەرمانگەکاندا بناسرێن، پێشتر لەسەردەمی پاشایەتی ئەڵمانی لەساڵی ١٨١٧دا لەسەردەمی پاشا (ئیدرۆئوبێری) بەیاسای ژمارە (١٧٥) هەموو هاورەگەزبازەکان سزا دەدران  تاساڵی ٢٠٠١، لەساڵی ٢٠١٣ دا بەپێی راپرسیەک کە لەئەڵمانیا کراوە لەسەر ڕووبەڕووبونەوەی هاوڕەگەزبازەکان کەتووشی توندوتیژی بوونەتەوە لەلایەن کەسانی ترەوە ٤٦% هەست بەجیاکاری دەکەن، ٦٨% نەیانتوانیوە وەک هاوڕەگەزباز ئاشکرابکەن، ٦% توشی نەخۆشی دەروونی یان لێدان بوونەتەوە لەلایەن کەسانی ترەوە، ٤% توانیویانە لەکۆمەلگەی ئەڵمانیادا خۆیان ئاشکرابکەن، لەوڵاتێکی وەکو تورکیا تائێستا رێگایان پێنادەن دەربکەون بەفەرمی و لەپەرلەمان و شوێنە حکومییەکانیشدا بەهیچ شێوەیەک ناتوانن دەربکەون لەئێران، بەهەمان شێوە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن خۆیان بناسێنن و دەربکەون، ئەم دیاردەیە لەوڵاتانی عەرەبیش کەم تا زۆر وەکو دیاردە بوونی هەیەو هەست پێدەکرێت، بەڵام بەفەرمی نایانناسێنن و رێگری لەدەرکەوتنیان دەکەن.

هاوڕەگەزخوازی لەڕووی ئاینەوە

وێڕای بوونی ئایین و ئاینزای تری وەک مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی و جو....... هتد لەهەرێمی کوردستاندا، بەڵام هێشتا زۆرینەی خەڵکی کوردستان هەڵگری شوناسی ئاینی ئیسلامن و لەئاینی ئیسلامیشدا هاوڕەگەزبازی بەتەواوی رەتدەکرێتەوەو خوای گەورە لەقورئاندا دەفەرموێت  ( ومن کل شی خلقنا زوجین لعلکم تذکرون ) سوره الزاریات الایة (٤٩)، هەروەها لەعێراقیشدا بەپێی ماددەی (٢) لەبڕگەی یەکەمدا لەدەستوری عێراقدا هاتووە کە (ئیسلام ئاینی فەرمی دەوڵەتەو سەرچاوەی بنەڕەتییە بۆ یاسادانان)، کەواتە رێگا بەبڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە نادات بەفەرمی جگە لەوەی هەر خۆی ئەم دیاردەیە لادانە لەوەچەی مرۆڤایەتی و مەترسی گەورەشە بۆ هەڵوەشاندنەوەی باری خێزانەکان، چونکە لەئیسلامدا بنەمای خێزان لەسەر بنچینەی نێرو مێ دروستدەبێت، هەربۆیە لەکوردستان بەپێی بڕیاری لیژنەی فتواو زانایانی ئاینی هاوڕەگەزبازی بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لەڕووی زانستییشەوە ئەم دیاردەیە تەواو پێچەوانەی سروشتی بوونی نەک هەر مرۆڤە، بەڵکو پێچەوانەی سروشتی بوونی هەموو نێرو مێیەکە چ مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ و لادانە لەڕاستەڕێی زیادبوونی مرۆڤ،  چونکە مرۆڤ لەبەرئەنجامی لێک نزیکبوونەوەی نێرو مێ بەشێوازی دروست دێتەکایەوە نەک نێرو نێر یان مێ و مێ.

مەترسییەکانی لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی

١-ئەوەی جێی مەترسی بێت ئەوەیە رێکخراو هەیە کەبەناوی یەکسانی مافەوە کاردەکات، بەڵام لەبنەڕەتدا کار بۆ هاوڕەگەزخوازی دەکات و بێ ئەوەی رێگەی لێبگیرێت دەچێتە قوتابخانەکان و کۆڕ دەگرێت.

٢- هەڵوەشاندنەوەی خێزان و هەڵتەکاندنی رێز لەنێو تاکەکانی نێرو مێداو ئەمەش رێگری دروستدەکات لەلێک نزیکبوونەوەی نێرو مێ و ژیانی خێزانی دروستنابێت.

٣-دروستبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و گۆشەگیریی لای گەنج و لاوەکان بەهۆی ئالودەبوون بەم دیاردەیە.

٤- لەئەنجامی ئەو تێکەڵاوییە کەکاری سێکسیشی تێدا ڕوودەدات زوربەی ئەو کەسانە تووشی چەندین نەخۆشی گوازراوە دەبن.

٥- زوربەی ئەم کەسانە کەبەم دیاردەیەوە سەرقاڵ دەبن پەنا بۆ مەی خواردنەوەو ماددە هۆشبەرەکانیش دەبەن و کارەسات و تاوان ئەنجامدەدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار