پهرلهمانو ئه‌رکى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکان
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارام ساڵح
کاتێک باس له‌په‌رله‌مان ده‌که‌ین پێموایه تائێستاش به‌شێک لههاونیشتمانیانى وڵاته‌که‌م له‌ئه‌رک و مه‌هامى په‌رله‌مان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان نه‌گه‌یشتوون، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ى که‌هه‌ندێک له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه به‌ڕێزه‌کان له‌ئاستى په‌رله‌مان و ئه‌و مه‌هامه گه‌وره‌یه‌دا نین، سه‌ره‌ڕاى کۆمه‌ڵێک کردار که له‌خوله‌کانى پێشووتردا بینیمانن هه‌ر لهتهپڵلێدان و شه‌ڕه بۆکس و هاویشتنى ده‌به ئاو‌و تهشهیرو ناوزڕاندن.....
ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌رکى په‌رله‌مانتار له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه دانانى یاسا‌و تهشریعاتهکانه که له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه ده‌گاته ئه‌رکه راسته‌قینه‌که‌ى خۆى کهڕێکخستنى ژیانى هاوڵاتیانه‌و ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و خهمانهیه که‌ڕۆژانه به‌رۆکى هاونیشتمانیانى گرتووه له‌ڕێگه‌ى ئه‌و پرۆژه یاسایانه‌وه کهپێشکهشى ده‌که‌ن، بۆیه هه‌ر وڵاتێک کهیاساکانى بێهێزبن و دژیه‌کى زۆرى تێدابوو ئه‌وه له‌لاوازى په‌رله‌مان و ئه‌داى په‌رله‌مانتارانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، چونکه پێویسته ئه‌وان زۆر شاره‌زاو وردبن له‌داڕشتنى مادده‌و بڕگه یاساییهکانداو رێگه نه‌ده‌ن به‌هه‌ڵگرتنى چه‌ندین شیکردنه‌وه بۆى و دژبوون به‌یاسایه‌کى دیکه.
نووسه‌رى گه‌وره (مۆنتسکیۆ) له‌کتێبى (رۆحى یاساکان) ده‌ڵێت (له‌کاتى دانانى یاسادا ته‌نانه‌ت پێویسته ره‌چاوى ئاووهه‌واى ناوچه‌کان بکرێت)، واته ئه‌و شوێن و ناوچانه‌ى که ئاووهه‌واى گه‌رم و نیمچهگهرمه پێویستى به‌جۆرێک لهیاسایهو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه بۆ ناوچه سارد‌و نیمچه سارده‌کان، دواتر پێویسته یاسا مواکهبهى سه‌رده‌م و شوێن و کاته‌کان و ئه‌قڵه‌کان بکات، ئه‌گه‌ر واى نه‌کرد پێموایه مه‌هام و ئه‌رکى خۆى وه‌کو پێویست ناپێکێت، به‌پێى تێپه‌ڕبوونى کات و گۆڕانکارییه ئابوورى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێویستمان به‌یاساى نوێ و هه‌میش له‌پاڵیدا هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاسا کۆنه‌کان ده‌بێت، چونکه ئه‌گه‌ر یاساکان هه‌موار نه‌کران و چه‌قیان به‌ست ئیتر سیستمى دادوه‌رى دادگاکان ناتوانن ببنه ئه‌و هێزو چه‌که‌ى که بتوانن دوژمنه‌کانى دادپه‌روه‌رى له‌ناوبه‌رن و دادپه‌روه‌رى راسته‌قینه به‌رجه‌سته بکه‌ن، بۆیه لێره‌دا به‌پێویستى ده‌زانم چه‌ند یاسایه‌ک که‌پێویستیان بهههموارکردنهوهى به‌په‌له هه‌یه ئاماژه پێبده‌م که‌نه‌ک یاساى لاوازکردووه، به‌ڵکو بۆته هۆکارى نه‌مانى سیقه‌و نانه‌وه‌ى پشێوى، بۆ نموونه له‌یاساى مەدەنیدا کاتێک که‌سێک داواى مافێکى خۆى ده‌کات بۆ نموونه ده‌فته‌رێک دۆلارى داوه‌ته هاوڕێیه‌کى خۆى به‌قه‌رز دواتر له‌کاتى داواکردنه‌وه‌ى قه‌رزه‌که‌ى ئه‌گه‌ر که‌سى قه‌رزدار قه‌رزه‌که‌ى نه‌دایه‌وه ده‌بێت یاسا چۆن ئه‌و مافه ره‌وایه بگێڕێته‌وه بۆ خاوه‌ن قه‌رزه‌که؟
باواى دابنێین که‌سى قه‌رزدار نکۆڵى لهقهرزارییهکهى ناکات و دان بهقهرزارییهکهدا ده‌نێت به‌بڕى ده‌فته‌ره دۆلاره‌که‌ى که‌باسمان کرد، به‌ڵام به‌دادگاو دادوه‌رى به‌ڕێز ده‌ڵێت ئێستا هیچم نییه نه پاره نه موڵک تائه‌و ده‌فته‌ره دۆلاره بده‌مه‌وه، ئالێره‌دا لاوازى یاسا ده‌رده‌که‌وێت، چونکه ناتوانێت قه‌رزدار ناچار بکات به‌دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌که‌ى و خاوه‌ن قه‌رزیش ناگه‌یه‌نێته‌وه بهمافهکهى، ئالێره‌دا یاسا لاوازى و بێهێزییهکهى به‌ده‌رده‌که‌وێت و رێگه بۆ فڕوفێڵ ده‌کاته‌وه، چونکه هه‌ندێک جاریش قه‌رزدار موڵک و ماڵ و پاره‌ى هه‌یه به‌ڵام داویه‌تى به‌سه‌یاره‌یه‌ک کهتۆمارى نه‌کردووه به‌ناوى خۆیەوە یان داویه‌تى بهموڵکێک که‌به‌ناوى که‌سێکى ترهوهى کردووه بۆ ده‌ربازبوون له‌یاساو نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ماف بۆ خاوه‌ن ماف، دواتر یاسا بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌که کهبهچاکهو پیاوه‌تى و که‌سایه‌تى داویه‌تییه قه‌رزدار، قه‌رزدار ناچار ده‌کات به‌قیست پاره‌که بداته‌وه، چ ره‌وایه ده‌فته‌رێک دۆلار به‌قیستى حه‌فتا هه‌زار یان هه‌شتا هه‌زار دینار مانگانه بدرێته‌وه، بۆیه پێموایه ده‌بێت یاسا له‌وه زیاتر به‌هێزتر بێت کههاوڵاتیى بتوانێت لێی ده‌ربازببێت و دادپه‌روه‌ى نه‌چه‌سپێنێت.
شتێکى تر له(یاساى سزادان)دا کهپێویستى به‌هه‌موارکردنه‌وه هه‌یه مادده‌کانى تایبه‌ت به‌تاوانه گه‌وره‌کانه به‌تایبه‌ت (دزى کردن)، که‌پێموایه له‌م رووه‌وه یاسا زۆر لاوازەو نه‌بۆته بەربەست و رێگرێک بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م تاوانه گه‌وره‌یه که‌م ببێته‌وه یان نه‌مێنێت، له‌کاتێدا که‌ئه‌م تاوانه چه‌ندین ده‌رهاویشته‌ى ده‌روونى و کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه، بۆ نموونه کاتێک که دزه‌که ده‌گیرێت و ئیعترافیش ده‌کات له‌سه‌ر دزییهکهو بۆ نموونه دزینى چل مسقاڵ ئاڵتون و پێنج ملیۆن دینار له‌م نێوه‌نده‌دا ئایا مافى خاوه‌ن ماڵ یان دزی لێکراو ته‌نها به‌سزادانى تۆمه‌تبار به‌چه‌ند ساڵێک له‌زیندانیکردن ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئه‌ى مافه داراییه‌که‌ى کهپارهو ئاڵتونهکهیه، بۆیه ده‌بینین ئه‌و مافه داراییانه ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌ن ماف به‌وه‌ى دزه‌که هیچى نییه.!!
بۆیه پێموایه بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م بابه‌تى نه‌گێڕانه‌وه‌ى مافه ماددیانه هه‌ر له‌که‌سى قه‌رزدار کهباسمانکردو له‌و که‌سه‌ش کهدزى ده‌کات سه‌ره‌ڕاى سزادانى به زیندانیکردن پێویسته که‌هه‌تا قه‌رزه‌که‌و ئه‌و شتومه‌کانه‌ى کهدزیویهتى نه‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خاوه‌ن ماف که (قهرزدهرهکهو دزى لێکراوه‌که ده‌گرێته‌وه) پێویسته هه‌تا له‌ژیاندا بێت له‌به‌ندیخانه بمێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش رێگه لهفرتوفێڵ ده‌گرێت، هه‌میش ئه‌و جۆره که‌سانه پێویسته له‌کۆمه‌ڵگه دووربخرێنه‌وه واته قورسکردنى سزاکه، دواتریش ده‌بێته بەربەست و رێگرییەکی زۆر باش بۆ ئه‌وه‌ى که‌هیچ که‌سێک توخنى ئه‌و تاوانانه نه‌که‌وێت و کۆمه‌ڵگه‌ش به‌شێوه‌یه‌کى زۆر باش به‌ره‌و هێمنى و ئارامى ده‌ڕوات.
شتێکى دیکه که‌په‌رله‌مان یاسایه‌کى ده‌رکردووه‌و چۆته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، ئه‌ویش( یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانییه) که‌ئه‌م یاسایه مه‌هامى دهرچوونهکهى بۆ پاراستنى شکۆى خێزان و خۆشگوزه‌رانى خێزانه‌کانیان ده‌رچووه، به‌ڵام پێموایه به‌پێچه‌وانه‌ى مههامهکهى خۆیه‌وه ده‌ورى بینیوه‌و ده‌بینێت، چونکه ئه‌م یاسایه هاودژه له‌گه‌ڵ کلتورى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردهواریمانداو له‌گه‌ڵ عورفى ئێمه‌دا تاڕاده‌یه‌کى زۆر دوور‌و جیاوازه، که‌م پیاو هه‌یه پێى قبوڵ بکرێ کههاوسهرهکهى بچێته بنکه‌ى پۆلیس و شکاتى لێبکات و چه‌ند رۆژێک بگیرێت و زیندانی بکرێت و دواتر بێته‌وه ماڵه‌وه‌و له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌یدا بژى، چه‌ندین نموونه‌م لایه که‌هه‌ر لهگرتوخانهکهدا پێش ئه‌وه‌ى به‌رببێت خێزانه‌که‌ى ته‌ڵاق داوه، بۆیه هه‌ر یاسایه‌ک که‌ده‌چێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه پێویسته دواتر ده‌رئه‌نجامه‌کانى ئه‌و یاسایه له‌واقعدا لێکدانه‌وه‌ى بۆ بکرێت، چونکه ئه‌م یاسایه ئه‌و خێزانانه‌ى کهبچووکترین کێشه‌یان هه‌بووه‌و کێشه‌که چۆته به‌رده‌م دادگا‌و دادوه‌رو بڕیارى پێده‌رکراوه زۆرینهیانى به‌ره‌و لێکترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه بردووه.
بۆیه هه‌ریاسایه‌ک ئه‌گه‌ر نه‌یتوانى کێشه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه چاره‌سه‌ربکات پێویسته به‌زووترین کات هه‌مواربکرێته‌وه، به‌هیواى ئه‌وه‌ى ئه‌م نووسینه بتوانێت ئه‌م مادده یاساییانه ههمواربکاتهوهو په‌رله‌مانتاران سودى لێببین و کارى له‌سه‌ربکه‌ن و کۆمه‌ڵگه‌ى کوردیمان به‌یاساى به‌هێز به‌ره‌وپێشه‌وه به‌رن.