نزیکەی دوو هەزار مێگاوات یەکەی کارەبامان راوەستاوە لەبەر نەبوونی سووتەمەنی
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتى:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ماردین نورەدین
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەبەرئەوەی سوتەمەنی پێویست نیە ناتوانن هەموو یەکەکانی کارەبای هەرێم کارپێبکەن، بەوهۆیەشەوە نزیکەی دوو هەزار مێگاوات یەکەی کارەبایان وەستاوە.
ئومێد ئەحمەد لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتى دا باس لەکارەکانی وەزارەتی کارەباو پیدانی کاتژمیرەکانی کارەبا دەکات، لەگەڵ چەند هەنگاویک کەگرتویانەتە بەر.
یەکێک لەو هەنگاوانەی کەباسی دەکات گۆڕینی بەکارهێنانی گازوایلە بۆ غازی سروشتی، کە ئەمە خەرجی لەسەر وەزارەتی کارەبا کەمکردۆتەوە.
وتیشی: «خەرجیەکانی گازوایل دەگاتە پێنج بۆ حەوت ئەوەندەی گازی سروشتی، ئەمە لەکاتێکدا غاز کەمتر ژینگە پیسدەکات و کەمتر کار لەتەمەنی یەکەکانیش دەکات».
هاوڵاتى: چاکسازییەکانی وەزارەتی کارەبا کەی دەستیپێکردووەو گەیشتۆتە چ قۆناغێک؟
ئومێد ئەحمەد: وەزارەتی کارەباش وەک یەکێ لەوەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێم دەستیکردووە بەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی، لەسەر ئاستی کارگێڕی پێداچوونەوەی لایەنی خزمەت، لایەنی راژە، لایەنی پلەو ئیمتیازاتی دارایی و کارگێڕی کەدراوە بەکارمەندەکان هەموو ئەوانە پێداچوونەوەی بۆ کراوەتەوە، فەرمانگە بەفەرمانگە خەریکن و لەسەروبەندی کۆتاییەکەیدان کەهەمووی بەرزدەکرێتەوە بۆ وەزارەت، وەزارەت بەدەوری خۆی دەیدا بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەک لایەنی هەیکەلی وەزارەتەکان تواناکان لەسەر ئاستی کەشوهەوای لەبار لەکاتی لەبار بەپێی پسپۆڕی و بەپێی شەهادە، ئەوانە هەمووی پێداچوونەوەی بۆ کراوەتەوەو دەکرێتەوە بە بەردوەوامی هەتا دەگاتە قۆناغی کۆتایی.
لەسەر ئاستی تەکنیکیش وەک گۆڕینی سیستمی کارپێکردنی یەکەکان لەگازوایلەوە کەخەرجیەکی زۆری ویستووە، بۆ غازی سروشتی، بەهەماهەنگی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوەی بتوانین چاکسازیی لەخەرجییەکان و باشترکردنی رەوشی تەکنیکی و دارایی وەزارەت بکەین، دوای ئەو هەنگاوانە رەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی ئیشەکان، وەزارەتەکانی تریش خەریکن، ئەمە قۆناغێکی باش حکومەت دەباتە پێشەوە کەکۆمەڵێک لەلایەنی گەندەڵی لەبابەتی زیادە خەرجی و بابەتی چاککردنی بەڕێوەبردن کەخزمەتگوزارییەکانی پێ دەچێتە پێشەوە، هەموو ئەمانە ئێستا ئێمە لەوەزارەت خەریکین و هیوادارین بەپاڵپشتی هەموو لایەک بگەینە ئەنجامێکی باش.
هاوڵاتى: بەهۆی ئەو هەنگاوانەوە چەند مێگاوات کارەبا زیادیکردووە؟
ئومێد ئەحمەد: بەدڵنیایی لەلایەنە تەکنیکیەکە کەئەوە لایەنێکی دیاری ئەو پڕۆسەیەیە کە باسمکرد، ئێمە لەماوەی رابردوو سەرەڕای قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەوەستاوین، نەک هەر پارێزگاریمان کردووە لەتوانای بەرهەم و تۆڕەکەو خزمەتگوزارییەکانی کارەبا لەو کاتەدا، بەڵکو بەرەوپێشەوە بردوومانە، لەپڕۆسەیەکی کەموێنەدا توانیومانە بەفرۆکەیەکی تایبەت لەکۆریاوە تیمی کۆرییەکان بێنین بۆ بەگەڕخستنەوەی وێستگەی خەباتی هەڵمی بەتوانای (300) مێگاوات، ئێستا لەکاردایە، هەروەها لەپیلانی پێش هاویندا لەگەڵ داناغاز تەنسیقمان کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمی غاز کەتوانیمان بەو هۆیـەوە (200-250) مێگاوات کارەبا زیادبکەین، لەگەڵ وێستگەی کۆرمۆرو کێڵگەی خورمەڵە هەمان کارمان کرد کەتوانیمان لەوێش بەنزیکی (200-250) مێگاوات زیاد بکەین، هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەو چاکسازییانە، لەگەڵ ئەو پارەیەی کەحکومەت خەرجی کرد بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، هەرچی زووە ئیشوکاری چاکسازیی لەیەکەکاندا کراو بەسوپاسەوە ئەو پارەیە دابینکراو خۆشحاڵانە دەرەنجامی هەبوو، کەئەمە هەمووی کردیە نزیکی (850) مێگاوات. توانای بەرهەم لەهەرێمی کوردستان زیادیکرد، کە لەماوەیەکی زۆر باشدا ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ قەیرانەکاندا، توانیمان بەو هۆیەوە کاتەکانی پێدانی کارەبا لەدوو سەخترین کاتەکانی مانگی گەرمای ساڵەکەدا کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پاریشدا زیاد بکەین.
هاوڵاتى: زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا بەهۆی چاکسازییەوە بووە یان زیادکردنی ژمارەی وێستگەکان؟
ئومێد ئەحمەد: گۆڕینی گازوایل بۆ گازی سروشتی ئەوە بۆ خۆی چاکسازییە، پڕۆسێسە و پلانە، ئەوە ریفۆرمێکی گەورەیە لەنێو بەڕێوەبردنی ئیدارەی وزەدا، ئەگەر هەمان ئەو یەکانەی مێگاواتەکە ئێستا کاری پێدەکەیت بەگازوایل کاری پێبکەیت خەرجییەکانی دەگاتە پێنج ئەوەندە بۆ حەوت ئەوەندە، ئەمە لەکاتێکدا غاز کەمتر ژینگە پیس دەکات و کەمتر کار لەتەمەنی یەکەکان دەکات.
هاوڵاتى: لەکاتێکدا هەر باسی پێدانی 20-21 کاتژمێر کارەبا دەکرێت ئایا لەپلاندا هەیە موەلیدەی ئەهلی بەتەواوی نەمێنێت؟
ئومێد ئەحمەد: دیدی وەزارەت خۆی ئەوەیە ئێمە شتێکمان هەیە لەوەزارەت پێی دەوترێ ماستەرپلان، ئەگەر سەیری بکەین قۆناغەکانی ئەوەندە جوان دیارە رەنگە کەسێکی تەکنیکی زیاتر تێبگات، پڕۆژە دوو شتی پێویستە پارەو کات، ئەگەر پارەکە هەبێت و کاتەکەت لەبەردەست بێت، کەواتە ئێمە لەساڵێکدا دەتوانین ئەم دەست بەم قۆناغە بکەین لەساڵی داهاتوو، هەمیشە ئامانجێک هەیە لەوەزارەتی کارەبا پێی دەڵێن کارەبای (24) کاتژمێری و کارەبای یەدەگ، ئێمە لەڕووی ژێرخانی بەرهەمەوە نزیکی شەش هەزارو (٧٠٠) مێگاوات بەرهەممان هەیە، بەڵام کەسوتەمەنیەکە بەداخەوە لەگەڵیدا بەهاوشان نەهاتووە، ئەوە ئەوەیە کە لەو دوانەدا بگەیتە ئەو بەرهەمە، لەکاتێکدا کەقەیران هاتووەو گرفت دروست بووە کەوایکردووە پڕۆژەکانمان رابوەستێت لەوێستگەکانی گۆڕین، هێڵەکانی گواستنەوە، ئیشوکاری چاکسازیی، نەبوونی سوتەمەنی دروستدەکات و رامان دەوەستێنێت، لەدواجاردا ئێمە رانەوەستاوین بەپێی ئەو ئیمکانیەتەی کەهەیەو توانا ئەقڵیەکانی وەزارەتی کارەباو توانا مرۆییەکانی و خەمخۆری و دڵسۆزی و جوامێری ستافەکە کەبابەکەیان بردووە بەڕێوەو کارمەندانی چاکسازیی و ئێشکگری وێستگەکان، هەموو ئەمانە بەدەستێک خزمەتگوزاریەکەمان پێشکەش کردووە ئەوەی کەهەبووە، ئەوەی تریش بەدەستێکی تر بیرمان کردووەتەوە کەئەمە زیادبکەین، بۆیە وەزارەتی کارەبا ئامانجەکەی پێدانی کارەبای (24) کاتژمێرییە، کە کارەبا بوو بە (24) کاتژمێر دەتوانین کۆنتڕۆڵی خواست بکەین، ئێمە ئێستا لەناو دەستپێکردنەکەداین، وەزارەت بەسیاسەتە تازەکەی لەکابینەی نۆ بەم ستافەی کەهەیەو بەو توانایەی کەهەیە کار لەسەر زیادکردنی بەرهەم و کۆنترۆڵکردنی خواست و کەمکردنەوەی سەرپپێچیەکان دەکات بۆ بەیەکگەیاندنی خواست و بەرهەم لەخاڵێکدا کاتێک ئەو دووانە بەیەک گەیشتن ئۆتۆماتیکی کارەبا دەبێت بە(٢٤) کاتژمێر.
هاوڵاتى: بڕیارە حکومەت لەڕێگەی کەرتی تایبەت کارەبا بدات بەموسڵ ئەم پڕۆژە گەیشتووە بە چی؟ ئەم پڕۆژەیە کار لەکەمکردنەوەی کارەبای ناوخۆی هەرێم ناکات؟
ئومێد ئەحمەد: لەڕابردووشدا ئەم تەنسیق و تەعامولە هەبووە، رۆژگارێک ئێمەش کارەبامان لەوان وەرگرتووە، رۆژگارێکیش هەیە ئێمە کارەبا دەدەین بەوان، ئێمە سەرباری قەیرانەکان ئەمساڵ دۆخی کارەبا بازدانێکی نەوعی بوو توانیمان تواناکانی کارەبا بەرزبکەینەوە و ژێرخانەکەمان شەش هەزارو (٧٠٠)ە، بەڵام لەبەرئەوەی سوتەمەنی پێویست نیە ناتوانین هەمووی ئیش پێبکەین، هەروەها نزیکی (2000) دوو هەزار مێگاوات یەکەمان راوەستاوە، حکومەتی عێراقی لەڕابردوودا ئەوەی کردووە ماوەیەک راوەستا، جارێکی دیکە پێشنیاریان کردەوە وتیان ئەو یەکانەی ئێوە کەڕاوەستاوە سوتەمەنی بۆ دابیندەکەین و کارەباکەی دەبەین، ئێمە لاریمان نەبوو لەمە، تەنیا ئەوە نەبێت کاریگەری نەبێت لەسەر بەرنامەی پێدانی کارەبای هاووڵاتیان و بەهیچ شێوەیەک کاریگەری نەبێت لەسەر تۆڕی کارەبای هەرێم، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەگەر ئێمە مەرجێکمان هەبێت بڵێین دەبێ یەکەیەک لەوێ ئیش بکات و دانەیەک لەوێ، لەپێناوی تۆڕی بەرژەوەندی کارەبای هەرێمە.
هاوڵاتى: پێشتر پێشنیازی ئەوە کراوە کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت لەڕووی دابەشکردنەوە؟
ئومێد ئەحمەد: ئەوە شتێکی سروشتی و ئاساییە، رەنگە لەحکومەتی هەرێم یان لەهەرێمی کوردستان وەک سێکتەری کارەبا، رەنگە لەدواوە بین بەبەراورد لەگەڵ دنیا، ژێرخانی کارەبا لای کەرتی تایبەتە، ئێمە تا ئەم دەقەیە بەس وەبەرهێنەرەکان نەبێت کە محەتەی کارەبایان دروستکردووەو کارەبایان لێدەکڕین کەرتی تایبەتەو هیچ شتێکی دیکەمان نییە، بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت سودی زۆرەو لەدنیاشدا پیادە کراوە کەبریتیە لەوەی تۆ لەڕووی توانای دارایی، مرۆیی و ئیداری حوکمەت ئیمکانیەتی نیە ئەمانەی هەبێت، لەدەرەوە دەیهێنێت بەڕێکەوتنێک، بەئەقدێک بەشداری پێدەکات لەبەڕێوەبردنی سیستمەکە لەئیدارەدانی، ئەمە بەکۆمەڵێک مەرجی تایبەتمەند کەئامادەکراوە ئێستا لە کۆتاییەکیدایە کە بەشێوەیەکی وا دارێژراوە زۆرترین قازانجی هاووڵاتی تێدا بێت لەڕووی دارایی، ئاستی خزمەتگوزارییەکان، خێرا بەڕێوەچونی ئیشوکارەکان لەکۆکردنەوەی داهات، لەبەرژەوەندی حکومەت، هەموو ئەمانە لەنێو ئەو دۆکۆمێنتەیشنەدا هەیە.
هاوڵاتى: لەکاتێکدا باسی پێوەری زیرەک دەکرێ بۆ پێدانی کارەبای 21 کاتژمێری بۆچی ناوچە هەیە کەکارەبای 16 کاتژمێرە؟
ئومێد ئەحمەد: لەهەرێمی کوردستان یەک ناوچەش نیە نەک بە (١٦) کاتژمێر بەفەرقی یەک کاتژمێر کارەبای کەمتر بێت، مەگەر محاویلەیەک کێشەی هەبێت و سوتابێت مرۆڤیش هەر نەخۆش دەکەوێت و دەچێتە نەخۆشخانە.
هاوڵاتى: دابەشکردنی کارەبا لەشارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەمایەکە؟ ئایا جیاوازی لەدابەشکردن هەیە لەنێوان شارەکان؟
ئومێد ئەحمەد: لەماوەی رابردوودا پێدانی کاتەکانی کارەبا هەتا 2015 سەنگی مەحەک بوو، واتا لەزاخۆ ئەگەر (20) کاتژمێر کارەبا هەبووبێت، دەبووایە هەمان کاتژمێر لەهەولێرو سلێمانیش هەبێت، بەڵام لەدواییدا لەساڵی 2016 لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی ئەوکات کەبڕوایان وابوو هەر شارێک بەو سەعاتە کارەباییەی کەهەیەتی لەگەڵ شارەکانی تردا یەکسانە، چ رێژەیەکی بەرکەوتووە ئەو رێژەیەی بدەنێ خۆی چاکسازیی دەکات لەنێو سیستەمەکەی خۆیدا و یاریپێکردن و سەرپێچی ناهێڵێت، ونبوون بگێڕێتەوە، کاتەکانی پێدانی کارەبا سەربخات، لەدوای ئەوکاتەوە ئێمە تێستێکمان کرد بۆ هەرێمی کوردستان کەدەرەنجامی تێستەکە سەلماندی هەر شارێک بەم رێژە دیاریکراوە دەبێت کارەبای پێبدرێت، ئەمە تا ئەم دەقەیە ئەمە پیادە دەکرێت، ئەگەرچی ئەوەی ئێمە چەند جارێکی دیکە تێست کراوەتەوە تێستەکە بەعەدالەت وەک خۆی جێبەجێ دەکەین، بەڵام نایشارینەوە لەهەر کاتێکی تردا هەر رێگەیەکی زانستی تر هەبێت لەناوەندە ئەکادیمیەکان، لەزانکۆکان و لەخەڵکی پسپۆڕ هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی رێژەی خواستی شارێک دەربێنین بەڕێژەی دانیشتوان، ئێستا بەڕێژەی دانیشتوان جاری واهەیە لەم تێستە ئاماژەی پێنەکراوە، ئەمە چۆن، چونکە شەرت نیە تاکێکی سلێمانی بەقەد تاکێکی هەولێر کارەبا بەکاربهێنێت یان رەنگە تاکێکی دهۆکی کارەبا جیاواز بەکاربهێنێت، ئەمە وەک بەکارهێنانی تاک، بەڵام وەکو دەرهێنانی خواستی شارێک ئێمە بەو رێگا زانستییەی کە هەمانبووە لەوەزارەتی کارەبا بەوپەڕی عەدالەتی و دادپەروەرییەوە جێبەجێمان کردووە، ئەگەر لەداهاتووشدا رێگەیەکی زانستی و ناوەندێکی زانستی هاوکارمان بوو، پێمان بڵێن ئەم رێگە زانستییە هەیە کەخواستی پێدەربهێنێت، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئەگەر هەموو لایەک رازی بوون پێی جێبەجێی دەکەین.