کوردستان چۆن دەپارێزرێت؟
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
دەوڵەتی تورکیا بەپێی راستیی ئەنادۆڵ دانەمەزراوە، لەڕاستیدا ئەنادۆڵ وەک باخچەى گەلان بوو. ئەنادۆڵ فرە نەتەوو فرە ئایین و فرە کولتور بوو و هەزاران ساڵ بەو شێوەیە بوو، بەڵام دواى جەنگی جیهانیی یەکەم و کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا، دەوڵەتێک کە بەپێی ئەو مێژوو و جوگرافیایە نەبوو دامەزرا.
دەوڵەتە نوێکە ناوی کۆماری تورکیا بوو و بەعەقڵییەتی نەتەوە – دەوەڵەت دامەزرابوو. ئەو عەقڵییەتەش پشتبەستوو بوو بەسڕینەوەى فرە رەنگی و جیاوازییەکان، هەموو رەنگینی نەتەوەیی، کولتوری و باوەڕەکانی لەپێناو تورکایەتی و ئیسلامیی سوننەدا لەناوبردو سڕینییەوە. جگە لەتورکایەتی و سوننەبوون، هیچ کەس مافی ژیانی نەبوو. ئەوەشی بەر کورد کەوت سڕینەوەو پاکتاوکردنی جەستەیی و کولتوری بوو. بەو شێوەیە پاکتاوکردن و تواندنەوە لەسەر بنەمای سڕینەوە بووە تاکە سیاسەتی نەتەوە – دەوڵەتی تورک.
لەو دۆخەدا گەلی کورد یان دەبوو خۆی بەدەستەوە بدات یان دەبوو بەرەنگاری بکات، بێگومان کورد بەرەنگاریی هەڵبژاردو دەستبەرداری کولتورو زمانی خۆی نەبوو و دەیان جار لەپێناویاندا راپەڕی.
خۆبەدەستەوەدانی بۆ خۆی قبوڵ نەکرد، بەڵام لەناوەوە بێ رێکخستنکراوی و پارچەبوونی گەلی کوردو لەدەرەوەش پشتیوانیی هێزە گەورە جیهانییەکان بۆ دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر رێگایان نەدا ئەو بەرخودان و بەرەنگارییە سەربکەوێت.
لەو هەلومەرجانەدا تاوەکو دەهات ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە باوەڕی بەوە زیاتر دەکرد، کە ئیدی سەردەکەوێت و ئەمجارە رەگی کوردی لەڕیشەوە دەرهێناوەو ئیدی رەگەکانی ژیانی کوردو کوردستان وشکبوون.
ئەو راستییە، کە بەسەر گەلی کورددا سەپێنرابوو بووەهۆی ئەوە، کەبزووتنەوەى ئازادی سەرهەڵبدات، بزووتنەوەى ئازادی هەرچەند وەک بەردەوامیی تێکۆشانی گەلی کورد لەمێژوودا سەریهەڵدابوو، بەڵام بەشێوەیەکى جیاواز دامەزراو هاتە مەیدان، خۆی بەپارچەیەکەوە سنووردار نەکرد، چونکە رێبەر ئاپۆ لەتێکشکاندن و لەبەر یەکهەڵوەشاندنی راپەرین و پاکتاوکارییەکانی پێشوودا وانەى مێژوویی باشی وەرگرتبوو.
لەو هۆکارانە باش تێگەیشتبوو، کە بوو بوونە هۆی تێکشکاندن و ئەوانەشی کە دەبنەهۆی سەرکەوتن و سەرفیرازیی گەلی کورد، بۆ ئەوەش بەرنامەیەکى کردە بناغەى تێکۆشانەکە، کەکوردستان و گەلی کورد بەیەکپارچە دەبینێت، لەبەرئەوەى خۆی بەپێی خواست و ئامانجی گەلی کورد دامەزراندبوو، لەماوەیەکى زۆر کورتدا لەناو گەلی کورددا زۆر بەهێز بوو.
بەپێی بەرنامە نەتەوەییەکەى جوڵایەوەو ئەندامانی خۆی رەوانەى هەموو ناوچەکانی کوردستان کرد، بەوەشەوە سنووردار نەبوو، کادێرەکانی خۆی رەوانەى دەرەوەى وڵات کردو هەوڵیدا هەموو کوردان رێکخستنکراو بکات، ئەو رەنج و هەڵوێستە نەوتەوەییە لەلایەن گەلی کوردەوە قبوڵکراو لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئیدی لەهەموو پارچەکانی کوردستانەوە کورد دەستە دەستە بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئازادی دەبوون.
بزووتنەوەى ئازادی بەدرێژایی مێژووی خۆی هەوڵیدا، کە بەرپرسیاریی نەتەوەیی خۆی بەرامبەر بەهەموو پارچەکان پێکبهێنێت، گەلی کوردی کرد بەخاوەن ئیرادەو فیکر، چەکی دایە دەستی گەل و تواناو دەرەفەتی بەگەلی کورد بەخشی تاەکو گەل بتوانێت لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هەبوونی خۆی بپارێزێت و بەرەنگاری بکات.
لەژیانی گەلی کورددا گۆڕانکاریی زۆر گەورەی ئافراند، بەتایبەتی ژنانی کورد بەبزووتنەوەى ئازادی سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەو ژیانەوە، بەو شێوەیە بزووتنەوەى ئازادی لەلایەکەوە گەلی کوردی لەدژی داگیرکەری کردە خاوەن ئیرادەو کردی بەگەلێکى تێکۆشەرو لەلایەکی تریشەوە لەناو کۆمەڵگەى کورددا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی خوڵقاندو بەو شێوەیە لە بەدیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کورددا بووە خاوەن رۆڵێکی چارەنووسساز.
لەبەر چی باسی ئەوانە دەکەم؟ چونکە هەنەدێک کەس، رێکخستن و بۆچوونی بزووتنەوەى ئازادی بە ئەندازەی زانینی خۆیان پێناسە دەکەن و بزووتنەوەى ئازادی وەک حیزبی پارچەیەک یان باکووری کوردستان لێکدەدەنەوە. نەخێر، بزووتنەوەى ئازادی لە سەرەتاوە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆمان بزووتنەوەیەکى کوردستانی بووە. بزووتنەوەى ئازادی، وەک داگیرکەران سەیری کوردستان ناکات. داگیرکەران کوردستان وەک چوار پارچە لێکدەدنەوەو دەیانەوێت هەموو کەسیش وەک ئەوان سەیری کوردستان بکات، بەڵام بزووتنەوەى ئازادی، کوردستان وەک یەکپارچە دەگرێتە دەست و ئەوەشی لەهەموو هەڵوێستەکانی خۆیدا سەلماندووە.
ئەوەى بزووتنەوەى ئازادی لەشۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی تێیگەیشتووە ئەوەیەو لەو چوارچێوەیەدایە، ئەگەر بزووتنەوەى ئازادی بەو شێوەیە نەجوڵێتەوە ئەوا ئەوە دەردەکەوێت، کە لەدەرەوەی فەلسەفەو بەرنامەی خۆیدایەتی، بەتایبەتی پارتی و هەندێک لایەن دەڵێن بزووتنەوەى ئازادی بەهەبوونی لەباشووری کوردستاندا بووەتە هۆی ئەوەى کەپێگە و قەوارەی باشووری کوردستان بخاتە مەترسییەوە، لەو تێگەیشتنەدا چەند هەڵەیەکى زۆر گەورە هەیە. هەڵەی یەکەم ئەوەیە، پەکەکە هێزێکی کوردەو بۆ ئازادی و خۆبوونی کورد دامەزراوەو تاوەکو ئێستا لەپێناوەی ئەو دۆزو بڕوایەدا دەیان هەزار شەهیدی داوەو شەهیدیش دەدات، بۆ ئەوەش هەر بەو ئەندازەیە، کەحزبەکانی تری باشووری کوردستان مافی خۆڕێکخستنکردن و ژیانیان هەیە، پەکەکەش ئەو مافەى لەباشوور هەیە، یانی پەکەکە بەو ئەندازەیە بزووتنەوەیەکى باکوورە، بزووتنەوەیەکى باشووریشە، بزووتنەوەیەکى رۆژئاواشەو بزووتنەوەیەکى رۆژهەڵاتیشە، روون و ئاشکرایە هەڵە خوێندنەوەو هەڵە لێکدانەوەیەک هەیە، کەسەرچاوەکەشی بۆ جۆری تێڕوانینی عەقڵیەت و مێشکی داگیرکەران دەگەڕێتەوە، نابێت ئێمە وەک گەلی کورد بەچاوو بۆچوونی داگیرکەران سەیری خۆمان بکەین و لەخۆمان تێبگەین. کاتێک بەو شێوەیە بکەن، خۆی لەخۆیدا ئێمە هەم پارچە بوونی وڵات و هەم مردنی کوردو کوردستان قبوڵ و پەسەند دەکەین.
خاڵەکەی تر ئەوەیە، بزووتنەوەى ئازادی تاوەکو ئێستا هەر پارێزەری باشووری کوردستانە، یانی بۆ پێگەی باشووری کوردستان هەرگیزاوهەرگیز نەبووەتە مەترسی، ساڵەهای ساڵە هەر خۆی لەخۆیدا سنووری باشوور لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک دەپارێزێت. بەتایبەتی کاتێک داعش هێرشی کردەسەر شەنگال، مەخمور، هەولێرو کەرکوک بزووتنەوەى ئازادی بووە پارێزەری ئەو شوێنانە نەک تەنها پێگەو قەوارە، بەڵکو هاوکات شکۆو کەرامەت و داهاتووی باشووریشی پاراست، ئەوانەى ئێستا باسی پێگەو قەوارە دەکەن لەو کاتەدا بۆیان نەپارێزرا، ئەوانە هەموویان حەقیقەتنو چەند ساڵ لەوەوپێش روویاندا.
هەمان شت بۆ رۆژئاوای کوردستانیش روویدا، لەڕۆژئاوای کوردستان کاتێک هەموو شوێنێک بەهۆی هێرش و شەڕەوە شێوابوو، دیسانەوە ئەوەی بەرامبەر بەگەلی کورد بەبەرپرسیاریی نەتەوەیی خۆی هەستا هەر بزووتنەوەى ئازادی بوو، هەر خۆی شۆڕشی رۆژئاوا بەو شێوەیە و لەوچوارچێوەیەدا خۆڵقێنرا، دواتر هەمان شت لەکاتی هێرشی پاکتاوکارانەى داعشدا بینرا، بەرخودانی کۆبانێ مۆری خۆی لەمێژووی بەرەنگاریی گەلی کوردو هەمو مرۆڤایەتیدا، سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەوانەی لەو کاتەدا دەستبەرداری رۆژئاوا بوو بوون و رایانکردبوو ئێستا دووبارە دێنەوە پێش و دەڵێن ‹بوونی بزووتنەوەى ئازادی پێگەو قەوارەی رۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە›. ئەوەى لەباشوور روودەدات لەڕۆژئاواش دووبارە دەبێتەوە.
ئەو هێزانەى کە بەو شێوەیە دەجوڵێنەوە، بەداخەوە نەک بەپێی گەلی کورد، بەڵکو بەپێی خواست و داواو چوارچێوەی داگیرکەران دەجوڵێنەوە. بەچاوی داگیرکەران سەیری تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکەن. ئەگەر ئەوان هێزی کوردن دەبێت بەپێی خواست و ئامانجی گەلی کورد بجوڵێنەوە. گەلی کورد هاوبەشیکردن و هاپەیمانیکردن لەگەڵ هێزی داگیرکەرانی ناوێت، بەپێچەوانەوە دەیەوێت هەموو کورد یەکبگرن.
گەلی کورد دەیەوێت هەموو هێزو رێخکستنە کوردییەکان وەک بزووتنەوەى ئازادی بجوڵێنەوەو نەتەوەیی بن، لەکوێی کوردستان پێویستی هەبوو، هەموو هێزو رێکخستنەکانی کورد لەوێ بن، بەڵام بەداخەوە ئەو هێزانە لەمێژە گوێی خۆیان لەداواکانی گەلی کورد خەواندووەو دەستیان لەباکوور بەرداوە، باکووری کوردستان دەیان ساڵە وەک ئەرکێکی بنەڕەتیی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری لەناو هێزەکانی ریزی پێشمەرگەدا بوون، ماڵ و موڵکی خۆیان لەپێناو دۆزەکەیاندا بەخشی، بەتایبەتی هاووڵاتییانی بۆتان و بادینان، واتە ئەوانەی، کەئێستا بەشێکیان لەمەخموور لەژێر گەمارۆی پارتیدان، رەنجیان داو عارەقیان رشت و خوێنی خۆیان بەخشی، بەڵام ئەوانەى لەسەر گیان و جەستەى رۆڵەکانی کورد خۆیان بەرزکردەوە، ئەمڕۆ لەبەرامبەر دەوڵەتی پاکتاوکاری تورکیادا هیچ ناڵێن و بێدەنگن، ناوێرن هیچ هەنگاوێک بهاوێژن، ئەوە لە کاتێکدایە دەبوا ئەو هێزو رێکخستنە لەچوارچێوەی نەتەوەیی و وڵاتپارێزیدا بجوڵایەتەوەو لەدژی دەوڵەتی پاکتاوکاری تورکیا شەڕ بکات.
بەڵام نەک ئەوە ناڵێن، بەڵکو تەنها دەڵێن «دەوڵەتی تورکیا بەهێزە، ئێمە ناتوانین لەدژی بوەستینەوە، باشترین شت ئەوەیە پەکەکە لەو ناوچانەدا نەمێنێت، با بڕوات لەکوێ شەڕ دەکات با بیکات، تەنها با لە ئێمە دوور بێت»، لەڕاستیدا ئەو هەڵوێستە هیچ پەیوەندییەکى بەوڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییەوە نییە، ئەو هەڵوێستە زۆر زۆر من من و ترسنۆکانەیە، بەو شێوەیە هیچ پێگەو قەوارەیەکیش ناپارێزرێت، ئەو راستییەش بەئەندازەی پێویست بۆ هەموان دەرکەوتووە.
ئەگەر کورد لەناو ئەم هەلومەرجەی جەنگی جیهانیی سێیەمدا یەکبگرن، سەد لەسەد سەردەکەون، بەڵام ئەگەر یەکنەگرن ئەگەری بەهێز ئەوەیە، ئەوەشی هەیە لەدەستی دەدەن.
ئەوە لەکاتێکدایە کات کاتی کوردانە، هەموو جیهان ئێستا باسی کورد دەکەن، تێکۆشانی باکوورو رۆژئاوا هەموو دەمامکەکانی رژێمی ئەردۆغان – باخچەلیی فڕێداوە، بەو هۆیەوە هەموو جیهان ئەو رژێمە پاکتاوکارە بەتەواوی دەناسن، تێکۆشان ئەوانی بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەوە دەبێت لەناو کورددا هەندێک کەس و لایەن پشتیوانی لەهاوبەشەکانی ئەو رژێمە پاکتاوکارە نەکەن، بەعەقڵییەت و مێشکی ئەو رژێمە سەیری بزووتنەوەى ئازادی نەکەن، بەتایبەتی پارتی، ئەگەر پشتیوانی لەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەکات، دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت هیچ یەک لەپلانەکانی خۆی سەربخات، ئەگەر پشتیوانیکردن و هاوکاریی پارتی نەبێت، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر نە دەتوانێت هێرش بکاتە سەر باشوور نە دەتوانێت هێرش بکاتەسەر رۆژئاواو نە دەتوانێت سیاسەتە پاکتاوکارانەکانی لەباکووری کوردستان سەربخات، لەو دۆخەى ئێستادا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر رەوایدان بەهێرشە پاکتاوکارییەکانی خۆی بەئەرێکردن و پشتیوانیکردنی پارتی بەدەستدەهێنێت، ئەوە پارتی دەکات بەگەورەترین هاوبەش و هاوپەیمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.
باشە پارتی ئەوە نازانێت یان لە بێچارەیی و دۆشداماویدا دەیکات؟ ئەگەریش نەزانێت ئەوە هەموو راستی و حەقیقەتەکان وەک رۆژی رووناک لەبەرچاون، دەبێت بەخێرایی بگەڕێتەوە سەر رێگای راست، ببێت بەهێزێکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزو نیشتمانپەروەر، ئەگەریش خۆی بەناچارو بێهێز دەبینێت و بەو شێوەیە دەجوڵێتەوە، ئەوا لەو کاتەدا دەبێت روو لەگەلەکەى خۆی بکات، چونکە هیچ کەسێکى بیانی و بێگانە بۆ مرۆڤ نابێتە پاڵپشت، بەهێزترین و تۆکمەترین پشت و پەنا گەلەکەى خۆمانە، هەر خۆی لەخۆیدا ئەوەى لەناو گەلەکەى خۆیدا بەهێز نەبێت لەلایەن هیچ کەسێکیشەوە بە بەهێز سەیر ناکرێت. لەڕاستیدا ئەوەى لەکەسایەتیی پارتیدا روودەدات هاوکاریش نییە، بەڵکو بەهەموو شێوەو پێوەرێک خۆڕادەستکردنە.
روون و ئاشکرایە بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و وڵاتپارێزییە لەلایەن هەموو رێکخستنەکان و ئەو هێزانەوە کە دەڵێن، ئێمە هێزی کوردین، بکرێتە بناغە، دەبێت گەلی کورد گوشاری زیاتر بخاتەسەر ئەو هێزانە، دەبێت ئێمە ئەو هێزانە کەدەڵێن، ئێمە نوێنەرایەتیی کورد دەکەین، ناچاری نەتەوەیبوون و وڵاتپارێزی بکەین، بەداخەوە ئێمەش وەک گەل لەو دۆخە بەرپرسیارین...