پەروەردە خۆی دەدزێتەوە لەباسکردنی وردەکاریی ئۆنلاین
هەشت بەرپرسی پەروەردە وەڵامی هاوڵاتى نادەنەوە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی خوێندنی ئۆنلاین

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى ، ماردین نورەدین
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەریمی کوردستان ئامادە نیە زانیاری لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی خوێندنی ئۆنلاین بە بدات، ئەگەرچی بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری هەموو فەرمانگەیەکی حکومەت لەسەریەتی ئەرکی زانیاری بدات بەمیدیاو هاوڵاتیان.
رۆژنامەی هاوڵاتى پەیوەندی بەهەشت بەرپرس و راوێژکاری وەزارەتی پەروەردەوە کرد سەبارەت بەشێوازی جێبەجێکردنی خوێندنی ئۆنلاین کە کۆتایی هەفتەی رابردوو بڕیاری لێدا، بەڵام شێوازی جێبەجێکردنەکەی رووننەکردۆتەوە.
هەریەک لەو بەرپرسانە یان وەڵامی پەیوەندیەکانی هاوڵاتى -یان نەدایەوە، یان دەیانوت پەیوەندی بەئەوانەوە نیە، یان داوایان دەکرد بەپرسێکی تر قسە بکات، بەڵام کاتێک پەیامنێری لەگەڵ بەرپرسێکی تری پەروەردە قسەی دەکرد بەهەمان شێوە وەڵامی دەستنەدەکەوت.
کۆتایی هەفتەی پێشوو وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بەشێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین دەبێت بۆ قوتابخانەو خوێندنگاو پەیمانگا حکومی و ناحکومییەکان جگە لەپۆلی (12).
موسلیم عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان ئامەژی بەوەکرد کەخوێندنی ئۆنلاین لەکوردستان «سەرکەوتوو نابێت، چونکە کێشەو گرفتی زۆرە».
موسلیم عەبدوڵا بە هاوڵاتى وت «ئەم پرۆسەیە بۆ ئێمە ئەزمونێکی نوێیە، کێشەو گرفتەکانی ئۆنلاین ناژمێردرێت لەکوردستان ئەوەندە زۆرە».
ئاماژەی بەوەکرد کەکێشەی دارایی گەورەترین کێشەیە، رەنگە خێزانێک شەش مناڵی خوێندکاری هەبێت، ناتوانرێت ئایپاد، یان مۆبایلی زیرەک و لاپتۆپ بۆ همەوویان بکڕێت کەپێویستن بۆ خوێندنی ئۆنلاین.
موسلیم وتی «یەکێ لە 9ی بەیانی یان (10) ئۆنلاینی هەبێت و کارەبای نەبێت ئەم گوناهە بە ملی کێ؟ یان کێشەی خەتت هەیە وەک خاوی شەبەکە لەناوچە سنورییەکان کە بەڕێژەی لە 30% خوێندکارانی کوردستان دەکەوێتە ناوچە سنورییەکان».
لەکوردستان هیچ یاسایەک نیە دان بنێت بەسیستەمی خوێندنی ئۆنلاین، ئەسڵەن هیچ بڕوانامەیەکی ئۆنلاینیش تائێستا دانی پێدانەنراوە کە لەدەرەوە وەرگیرابێت.
موسلیم عەبدولا رەخنەی لەوەش گرت کەسیستمەکە بۆ قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەتی (1-4) بنەڕەتی «نەگونجاوە».
وتی «ئەو قۆناغە دەبێت مامۆستا لە گەڵیان بێت لەناو پۆل دەستیان بگرێت، شتیان فێربکات، چۆن دەتوانێت لەگەڵ ئایپاد هەڵکات، یان چۆن سەری لەمۆبایلی زیرەک دەردەچێت، یان چۆن گوێ دەگرێ و فێردەبێت لەوانەکاندا؟».
وتیشی «بۆیە من پێم وایە ئەم بڕیارە بەهەموو پێوەرێک بڕیارێکە لەسەرەتاوە شکستی هێناوە هەر لە سەرەتاوە پێش ئەوەی دەستی پێبکرێ کێشەی زۆرە».
لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمان پێداگرییان کردووە لەسەر ئەوەی ماوەیەک پرۆسەی خوێندن دوابخرێت، هاوشیوەی عێراق کە بۆ مانگی (12) دواخراوە.
موسلیم وتی «ئەگەرچی منداڵان بەشێکی کەمن لەو کەسانەی کە دووچاری مردن دەبنەوە بەهۆی کۆرۆناوە، بەڵام گوێزەرەوەیەکی باشی ڤایرۆسەکەن، دەیهێننە ماڵەوە، دووچاری دایک باوک و مامۆستایان دەکەن».
هەروەها وتی «بەشێکی ئەم پڕۆسەیە مامۆستایانن کەخۆشیان گرفتیان هەیەو ناتوانن بەم پڕۆسەیە دەرس بڵێنەوە، مامۆستا (30) رۆژ جارێک موچەی بۆ دابین نەکراوە، لەئێستادا چۆن دەتوانێ وەک سیستمی ئاوێتە پابەندی بکەیت، دواتریش بچێ بەئۆنلاین وانە بڵێتەوە، بەڕاستی باریان قورس کراوە».
باسی لەوەشکرد کە سیستمی ئەلکترۆنییان پێ باشتر بوو لەئۆنلاین، واتە تەنها لەڕێگەی گوێگرتن لەوانەکانەوە خوێندکار فێربکرێت و پابەند نەکرێت هەتا ئەوکاتەی دەرگای قوتابخانەکان لەژێر رێنمایی تەندروستیدا دەکرێنەوە.
رەخنەی لەوەش گرت کەحکومەت هیچ بودجەیەکی دابین نەکردووە بۆ خوێندنی ئۆنلاین.
وتی «دەبێت حکومەت کەلوپەلی ئەو خوێندکارانە دابین بکات کەناتوانن ئایپاد بکڕن».
داواشی کرد لەکاتی جێبەجێکردنی سیستمەکە سەرژمێری بکرێت تابزانرێت چەند خوێندکار ناتوانن پابەندبن بەهۆی نەبوونی ئینتەرنیت و ئامێری زیرەک.
ئەو بەرپرسانەی پەروەردە کە وەڵامی پەیوەندییەکانی -یان نەدایەوە، یان ئامادەنەبوون وردەکاری جێبەجێکردنی خوێندنی ئۆنلاین روونبکەنەوە بۆ خوێنەرانی :
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە.
مەریوان بەکوک عەزیز بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت.
یوسف عوسمان ، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان
جەلال هەمزە کاکەشین، بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیاری و دڵنیایی جۆریی
شیلان خەلیل جونەید، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی بنەڕەتی
سامان سیوەیلى، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری پەروەردە
دوو راوێژکاری وەزارەتی پەروەردە

