باشاک ده‌میرتاش نامه‌یه‌ک ئاڕاسته‌ى دادگاى مافى مرۆڤى ئه‌وروپا ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هاوژینى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په و کاندید بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا له‌نامه‌یه‌کدا که ئاڕاسته‌ى سه‌رۆکى دادگاى مافى مرۆڤى ئه‌وروپاى کردوه، داواى لێده‌کات سه‌ردانى ناوچه‌کانى باشورى رۆژهه‌ڵاتى تورکیا بکات و گوێ له چیرۆکى پێشێلکارییه‌کانى مافى مرۆڤ بگرێت.
باشاک ده‌میرتاش، هاوژینى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په له‌نامه‌که‌یدا بۆ رۆبه‌رتۆ سپانو، سه‌رۆکى دادگاى مافى مرۆڤى ئه‌وروپا که به‌سه‌ردانێکى چوار رۆژه سه‌ردانى تورکیاى کردووه، باسى له‌وه‌کردوه که رۆبه‌رتۆ سپانو ته‌نها دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى تورکیا و به‌رپرسانى حکومه‌ت کردوه که ئه‌وان ئاماده نین فه‌رمانه‌کانى دادگا جێبه‌جێ بکه‌ن، به‌ڵام سه‌رکه‌توو نه‌بووه له‌دیدارکردن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په).
هه‌روه‌ها له‌نامه‌که‌دا هاتووه:"ئه‌گه‌ر ئێوه وه‌ک سه‌رۆکى دادگاى مافى مرۆڤى ئه‌وروپا سه‌ردانى دیاربه‌کر بکه‌ین، ده‌مه‌وێت ئاگادارت بکه‌مه‌وه له‌و پێشێلکاریانه‌ى به‌رامبه‌ر نوێنه‌رانى هه‌ده‌په ده‌کرێن، به‌ر له‌وه‌ى ئێوه له‌و پێشێلکاریانه ئاگادار بکه‌مه‌وه، که به‌رامبه‌ر هاوسه‌ره‌که‌م ده‌میرتاش ده‌کرێن، دڵنیام ئه‌گه‌ر ئه‌وه بکه‌یت ده‌رفه‌تى باشترت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێسته‌کانى حکومه‌ت ببینیت".
سه‌ردانه‌که‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى مافه‌کانى مرۆڤى ئه‌وروپا و ئه‌نجامنه‌دانى دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ى پێشێلکارییان به‌رامبه‌ر کراوه له سه‌رکرده‌ى پارته‌کان، که‌سایه‌تییه ره‌خنه‌گره‌کانى ناوخۆى تورکیا، میدیاکانى ئۆپۆزسیۆن و میدیا سه‌ربه‌خۆکان، له‌ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌دا روبه‌ڕوى ره‌خنه‌ى فراوان بوه‌ته‌وه.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ساڵى 2007 له‌سه‌ر لیستى پارتى کۆمه‌ڵگاى دیموکراتیک (DTP) وه‌کو نوێنه‌رى پارێزگاى ئامه‌د بوه‌ته ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا و له‌دواى قه‌ده‌غه‌کردنى ده‌ته‌په له‌لایه‌ن دادگاى ده‌ستورى تورکیاوه، ساڵى 2010 بوه‌ته ھاوسه‌رۆکى پارتى ئاشتى و دیموکراسى (BDP)، دواتر بوه به‌ھاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان (ھه‌ده‌په).
له 4ى تشرینى یه‌که‌مى 2016، له‌لایه‌ن حکومه‌تى تورکیاوه له‌گه‌ڵ فیگه‌ن یوکسه‌کداغ و به‌شێک له ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانى ھه‌ده‌په به‌تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا ده‌ستگیرکراو تاوه‌کو ئێستاش له زینداندایه.

