ھەرێم چراکەی عێراق دادەگیرسێنێت

وێستگەکانی هەرێم توانای بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، بەڵام بەشێکیان دراون بەکەرتی تایبەت تا کارەبای عێراقی پێ دابین بکەن

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود

بەشێک لەوێستگەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دوو کۆمپانیاوە تەرخانکراون بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ حکومەتی عێراق لەکاتێکدا ئەگەربێت و وێستگەکان بۆ ناوخۆ بەگەڕبخرێن کارەبا دەبێتە بەشی 24  کاتژمێر کەنزیکەی سێ دەیەیە خەونی بەدینەهاتووی هاوڵاتیانی هەرێمە.

ئەگەرچی حکومەتی هەرێم بەڕێکەوتنێکی ئاسایی دەزانێت بەڵام هەندێ لەنوێنەرانی کورد لەبەغدا بە رێکەوتنێکی دەزانن کە لەبەرژەوەندی «کۆمپانیای حزبی»دایە.

ژێرخانی کارەبای هەرێم بەشی بەرهەمهێنانی شەش هەزارو (٧٠٠) مێگاوات کارەبا دەکات، بەڵام تەنها سێ هەزارو (700) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، وەزارەتی کارەبا دەڵێت بۆیە ناتوانن ئەو وێستگانە بەگەڕبخەن چونکە سوتەمەنی پێویستیان نیە، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی کارەبا پچڕپچرەو نابێتە (24) کاتژمێر.

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاند کە (500) مێگاوات کارەبایان زیادکردوە بۆ تۆڕی نیشتیمانیی عێراقی لەڕێکەوتی 28ی تەمموزی ئەمساڵەوە ئەو بڕە لەکارەبای نێردراو بۆ عێراق زیادکراوە لەڕێگەی هەردوو کۆمپانیای کارو قەیوانەوەیە.

بەگوێرەی وتەکانی وەزیری کارەبای هەرێم، حکومەتی عێراق لەبەرامبەردا پارەی ئەو بڕە کارەبایە دەداتە هەردوو کۆمپانیاکە، سووتەمەنی پێویستیش بۆ ئەو بڕە زیادەیە دابیندەکات، بەڵام وردەکاری بڕی پارەکەی ئاشکرانەکرد.

هەریەکە لەکۆمپانیای کار لەهەولێر، قەیوان لەسلێمانی، خاوەنی پاڵاوتگەی نەوتن، ئەو سوتەمەنیەی عێراق دابینی دەکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەوێستگەکانی هەرێم، ئەم دوو کۆمپانیایە دەیپاڵێون.

«حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئیدارەی کارەبای خۆی بدات، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی کەرتی تایبەت بێت شتێکی ئاساییە»، کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وەزەو سامانە سروشتییەکان وای وت.

کاروان گەزنەیی بە ھاوڵاتی وت «حکومەت تائێستا روونکردنەوەی نەداوە ئەو رێکەوتنە چۆن بووە، بەڵام حکومەت کارەبا بەشی خۆی ناکات چۆن دەتوانێت بینێرت بۆ بەغدا؟».

بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغدا رێکەوتنەکە بە رێکەوتنێک دەزانێت کە لەبەرژەوەندی یەکێتی و پارتیدابێت و بە «گوماناویی» ناویان دەهێنێت.

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ھاوڵاتی وت «یەک دوو کۆمپانیای سەر بە یەکێتی و پارتی شوێنەکانیان لەبازیان و کەڵەکن لەپارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر، ئەو پاڵاوتگانەی کەهی حکومەت بووە داویەتی بەکەرتی تایبەت بەکۆمپانیاکانی (کار، قەیوان) لەو رێگەیەوە کارەبایان پێدەفرۆشن بەعێراق».

وتیشی «دوکەڵ و پیسیەکەی بۆ کوردستانەو پارەکەشی بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتیە». هەروەها وتی «گرێبەستەکان گومانی گەندەڵی لێدەکرێت».

ئاماژەی بەوەشکرد  ساڵی ٢٠١٩ لیژنەیەکیان لەسەری پێکهێناوە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە لیژنەکە کارەکەی وەستاوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرێت لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی ئەو بڕە کارەبایە بۆ بەغدا، هەروەها ئەو دوو کۆمپانیایەش هیچ پارەیەک بەحکومەتی هەرێم نادەن لەبەرامبەر بەکارهێنانی ژێرخانی کارەبای هەرێم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ حکومەتی عێراق.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت» هیچ بەرامبەرێک نیە بۆ ناردنی (٥٠٠) مێگاوات کارەبا بۆ عێراق».

باسی لەوەشکرد وەزارەتی کارەبا یەکەکانی راوەستاون بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی، بەڵام حکومەتی عێراق سوتەمەنییان بۆ دابینکردووە. وتیشی کە بەرهەمی کارەباکە بۆ موسڵ و لەوێشەوە تێکەڵ بەتۆڕی کارەبای گشتی عێراق دەکرێت.

ئومێد ئەحمەد  وتی «سەرباری ئەوەش، ئێمە مەرجی تەکنیکیمان هەبووە، وتمان دەبێت بەشێوەیەکی وابێت کە نەک زەرەر بەسیستەمەکەی ئێمە بگەیەنێت، بەڵکو دەبێت قازانجیشی هەبێت ، بەڵام روونی نەکردەوە کەقازانجەکەی بۆ هەرێمی کوردستان چۆنە.

کێشەی کارەبای هەریمی کوردستان سێ دەیەیە بەردەوامە، لەوکاتەوەی کەعێراق کوەیتی داگیرکردو دواتر کورد راپەڕینی کرد، بەشێک لەکەرسەتەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەبەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان دزران، بەوەش هەرێمی کوردستان دووچاری کەمی کارەبا بووەوە.

لەماوەی (10) ساڵی رابردووشدا بەشێک لەوێستگەکانی کارەبای هەرێم کران بەگازوایل و دابینکردنی ئەو گازوایلەش دران بەکۆمپانیای کەرتی تایبەت، ئەوەش لەکاتێدایە گازی سروشتی کوردستان گەیشتوە بەئاستی خۆژێنی و بڕیارە لەسالی داهاتوودا هەناردەی دەرەوەشی بکات، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم دەڵێت توانای دابینکردنی سوتەمەنی تەواوی نیە بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ژێرخانی کارەبای هەریمی کوردستان بەشی بەرهەمهێنانی شەش هەزارو (700) مێگاوات کارەبا دەکات ئەگەربێتو سوتەمەنی بۆ دابینبکرێت، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبای هەرێم کەمترە لەو بڕە لەوەرزەکانی بەهارو پایز، تەنها لەهاوین و زستاندا خواست دەگاتە شەش هەزارو (500) بۆ حەوت هەزار مێگاوات.

کاروان گەزنەیی، وتی «بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان ئێستا سێ هەزارو (٥٠٠) بۆ سێ هەزارو (7٠٠ ) مێگاواتە، بڕی (٦٠٠) مێگاواتی لە بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخانەوە بەرهەمدەهێنرێن، بەشەکەی تریشی لەسەر سوتەمەنیە.

لەگەڵ کەمی بەرهەمێنانی کارەبادا، بەشێکی وزەکە لەکاتی تێپەڕین بەناو کێبڵەکاندا لەدەست دەچێت، ئەوەش وایکردووە کورتهێنانی لەدابنیکردنی کارەبادا زۆربێت، هەربۆیە هاوڵاتیان پشت بەمۆلیدەکانی گەڕەکەکان دەبەستن، کەئەوانیش بەئەمپێر کارەبا دەدەن بەهاوڵاتیان و بڕی ڤۆڵتەیەکی زۆر جار کەمە بەهۆی زۆری لۆد لەسەریەوە.

کاروان گەزنەیی وتی «یەکێک لەکێشەکان بۆ دزین و بەفیڕۆدانی کارەبای نیشتمانی دەگەڕێتەوە بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا 35% بۆ 40% کارەبا بەفیڕۆ دەچێ، کە بەشێکی بۆ دزینی کارەبا دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەو رێژەیەی بەفیڕۆدان نەهێڵدرێت یان کەمبکرێتەوە ئەوە بەشێکی باشی کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت».

وتیشی «بەرهەمهێنانی کارەبا تاڕادەیەک باشە، بەڵام تەوزیعی کارەبا ئەو لۆسەی کەهەمانە لەدابەشکردنی کارەبا دەڕوات، واتا لە ‏٤٣%ی کارەبای هەرێم لۆس دەبێت واتا وندەبێت».

یەکێکی تر لەکێشەکانی کارەبا کاروان گەزنەیی ئاماژەی پێدا «کەمتەرخەمی هەرێمە لەنەدانی غازی سروشتی و نەوتی رەش بەپاڵاوتگەکان».

بەرهەمهێنانی کارەبا لەهەرێم لەئێستادا نزیکەی 80%ی لەسەر گازی سروشتییە، ئەوی تر لەسەر گازوایل و نەوتی رەش و ئاوی بەنداوەکانە، ئەگەربێت و حکومەت غازی سروشتی یان نەوتی رەشی زیاتر بۆ وێستگەکان دابنی بکات، کارەبا بەئاسانی دەبێتە (24) کاتژمێر. هەروەها دەتوانێت لەکاتی پاڵاوتنەکەشدا نەوتی سپی ماڵان بەرهەمبێنێت لەگەڵ بەنزین، کەئەوانیش دوو کێشەی ترن لەهەرێم.

کاروان گەزنەیی وتی «ئەو کێشەیەی کەهەرێم هەیەتی ئەوەیە کەحکومەت غازی سروشتی و نەوتی رەشی پیویست نادات بەپاڵاوتگەکان بۆی بپاڵێون، ئەگەر بیدات هەم نەوتی سپیمان بۆ بەرهەمدەهێنن، هەم بەنزین لەناوخۆ بەرهەمدەهێنین و بەنزین نرخەکەی ئەوەندە بەرز نابێتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار