قوباد تاڵەبانی: لیستی موچەخۆران لە فرەمووچەیی نایاسایی و خەڵكانی ناشایستە پاك دكەینەوە

قوباد تاڵەبانی لەکاتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی قۆناغی دووەمی لیژنەی باڵای بایۆمەتریی، ٢٠٢٠/٩/٧
5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەریمی کوردستان رایگەیاند قۆناغی دووەمی بایۆمەترییان دەستپێكردوە کە تایبەتە بە وردبینیکردن لەناوی موچەخۆران، ئەوەشی لە راگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکراکرد. بەلێنیشی دا لیستی موچەخۆران پاك بكەنەوە.
قوباد تاڵەبانی لە پۆستێکی فەیسبوکدا نوسیویەتی کە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریمان "بنەمایەكی سەرەكییە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی ئەلیكترۆنی و گەیشتن بە حوكمڕانی دروست لەڕێی كەڵك وەرگرتن لە تەكنەلۆژیا".
ھەروەھا وتی "بڕیاریشماندا، پشتبەست بە یاسای چاكسازی، لیستی موچەخۆران لە فرەمووچەیی نایاسایی وخەڵكانی ناشایستە پاك بكەینەوە".
رونیشیکردنەوە کە رەزامەندیان نیشانداوە کە ئەو مووچەخۆرانەی پێشتر لە بایۆمەترسی تۆمارنەکراون، لە سیستمەکە تۆماربکرێن "بەپەیڕەوكردنی ڕێككارە یاساییەكان"، بەڵام ھۆکاری تۆمارنەکردنەکەیانی ئاشکرا نەکرد.

