کازمی سەردانی ھەولێر و سلێمانی دەکات

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، سەردانی هەولێر و سلێمانی بکات لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردولاو رێکەوتن لەسەر خالە سنورییەکان.
بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2020 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا کۆبووەوە. بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کازمی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیکردووەتەوە لە هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی کازمی، لەدیدارەکەدا گفتوکراوە دەربارەی بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت و کارکردن بە ڕۆحی یەک تیم و تێڕوانێکی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی داخوازی و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە گشتی.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەى نوسینگەی کازمی، هەماهەنگی تەواوی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە پێویست زانراوە لەسەرجەم بوارەکاندا، بەشێوەیەک کە چارەسەری ئەو بەربەست و ڕێگریانە بکات، کە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە لە دەرئەنجامی نزمبوونەوەی نرخ نەوت لە بازاڕەکانی جهیانی وزەدا، بەشێوەیەک پشتیوان بێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی.
پێشتریش سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەبارەت بە پرسی داھاتی نەوتی و نا نەوتی و داھاتی دەروازە سنورییەكان، حكومەتی ھەرێم ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی.

