کۆڵە پشتەکەی کازمی بۆ هەرێم
4 ساڵ لەمەوپێش
ئازاد جۆڵا / هەولێر
لەوکاتەوەی مستەفا کازمی بۆتە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوە یەکەم سەردانی فەرمی ناوبراوە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوە و گۆڕینەوەی بیروڕاو گەیاندنی مەبەست و پەیامەکانی خۆی بە شێوەی ڕاستەوخۆ ، هەموو لایەک ئەم ڕاستیە دەزانن کەوا کابینەکەی کازمی و جم وجۆڵ و کارو چالاکیە هەمە چەشنەکانی و پێداگری و سووربونی لە دەست بردن بۆ هەندێک مەلەف و کاری زۆر سەخت و ئاستەم و دژوار ، لە ماوەی کابینەکانی ڕابردووی عێراقدا ڕوویان نەداوەو ئەم هەوڵ و کارو چالاکیانەی ناوبراویش لەسەر ئاستی ناوەخۆ بۆتە جێگای سەرنج و ئومێدی عێراقیەکان بە لایەنە ساسیەکانیشەوە لە سەر ئاستی دەرەوەش چاودێری چڕ و بەردەوامی پشتگیری زیاتری وڵاتانی بۆخۆی کێش کردووە ، لەگەڵ ئەوەی کەوا کۆی ئەو هەوڵ و کارانەی کازمی کارێکی ئاسایی و ئەرکی سەرشانیەتی وەکو دەوڵەتمەدار پێویستە بیکات و جێبەجێیان بکات ، بەڵام ئەوەی کازمی جیاکردۆتەوە لە کابینەکانی تری پێش خۆی ئەوەیە کابینەکانی تر نەک هەر هەوڵی کارکردن و چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکانی عێراقیان نەداوە بەڵکو هۆکارێی سەرەکیش بوینە بۆ ئەم دۆخە خراپەی کەوا ئەمڕۆی بۆ عێراق و بەهەرێمیشەوە بەرهەم هێناوە ، کازمی لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربونیەوە بەچەندین بڕیاری گرینگ دەستی پێ کرد ، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی هەر لە چوارچێوەی حکومەتی فیدرالی بووە و بەشێکی باشی جێگی خۆیان گرتووە ، واتە کازمی کەمتر کاری لەسەرکێشەو گرفت و قەیرانەکانی هەرێم کردووە ، بەڵام دەتوانین بڵێین لەمڕۆە دەستی بۆ هەرێمیش هێناو بەئاشکرا پەیام و مەبەستەکانی خۆی گەیاندە هەرێم و تەواوی عێراقیەکان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی عێراقیش ،
لە هەمان کاتیشدا بە لێپرسراوانی هەرێمی کوردستانی گووت
۱ - حوکمڕانی لە ژوورە داخراوەکان ناکرێت و دەبێت پیاوی دەوڵەت لە ناو خەڵکەکەی بێت و ئەم سەر و ئەو سەری وڵات تەی بکات و لە هەموو گرفتەکانی خەڵک ئاگادربێ و بڕیاری پێویستی بۆ وەربگرێ ، هەر بۆیەش هەر ئەمڕۆ بەر لە هاتنی بۆ هەولێر لەناکاو سەردانی قوتابخانەی مەنسووری کچانی کردووە لە بغداد و هۆڵی تاقیکردنەوەکانی بەسەرکردۆتەوەو لەنزیکەوە دۆخی تەندروستی قوتابیان و شێوازی تاقیکردنەوەکانی بینیوە ،
۲ - گەیشتە هەرێم بێ ئەوەی ئەم هاتنەی لەسەر بانگهێشتی فەرمی هەرێم بێ ، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ لای کازمی هەرێم هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ بەسرە و کەربلاو شارەکانی تری عێراق و خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بەرمبەر بەدەستوور و تەوای عێراق و عێراقیەکان .
۳ - لە کۆبونەوەکانیدا کازمی جەختی لەسەر گرینگی و پێویستی سەروەری خاکی عێراق کردۆتەوەو ئەمەشی وەک خاڵێکی بەهێز داناوە بۆ هەرێم و تەوای عێراق . ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەیامێکە بۆ هەرێم لە پەیوەندییان بە وڵاتانی دراوسێ و و دوورکەوتنەوەی هەرێم لە بەغداد .
٤ - سەردانی خاڵە سنوریەکانی ابراهیم خەلیل و باشماخ پەیامێکە بۆ تورکیاو ئێران لە ڕێزکرتن لە سەروەری خاکی عێراق و شێوازی تازەی بازرگانی لەم خاڵە سنووریانە ، هەروەها پەیامیشە بۆ هەرێم ئیتر بابەتی گومرگ و خاڵە سنوریەکان جێگای گفتوگۆ نیەو ئێمە جددین لە بورەدا ، زۆر بە ئاشکرا کازمی هەوڵی لە قالبدانی زیاتری هەرێم دەدات و کاری لەسەر دەکات .
٥ - بە چوونی کازمی بۆ خاڵە سنوریەکانی هەرێم بە گەلانی عێراق بەگشی و خەڵکی بەسڕەو دەروازە سنوریەکانی تری عێرقی گووت ، ئەوەتا دەستوور و یاسا لە زاخۆوە بۆ بەسڕە جێ بەجێ دەکەین بەبێ جیاوزی و بەم کارەشی لایەنە شیعەکان و میلیشیا دەست ڕۆیشتوەکانی دەروازە سنوریەکانی عێراق دەم کووت و ڕازی دەکات .
٦ - بەهەرێم دەڵێت حکومەتی بەغداد لەسەر گوڕانکاری ڕیشەیی و چاکسازی لە بوارەکانی دارایی و ئەمنی و سەربازی و پەیوەندی دیبلۆماسی زۆر جددیەو ناوەستێ ، هەروەها پێشیان دەڵێ ئەمە دوا دەرفەتەو کات بەفیڕۆدان لە بەرژەوەندی هەرێم و تەوای عێراقیش نیە ، بۆیە لەسەر هەرێم پێویستە لە ڕێککەوتن لە گەڵ بەغداد جدی و شەفاف بێت .
۷ - لە دیدارەکانی کازمی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و بێگەردی بۆ تەوای عێراق بە پێویست زانیوە و ناڕاستەوخۆ داوای کردوە کورد ئاستەنگ دروست نەکات لەم بوارەداو پێویستە لە پێناوی دیاریکردنی نوێنەری ڕاستەقینەی عێراقیەکان کورد هاوکاربێ لە هەمان کاتیشدا ئەوە یەکێک بووە لە داخوازییە سەرەکیەکانی خۆپیشاندەران .
۸ -کازمی لە کۆبونەیدا لەهەرێم داوای ڕێکحستنەوەی پۆستە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای کردووە وەک سەرەنجێک لەسەر مووچە و ئمتیازاتی ئەوانەی لە هەرێم و بەغداد سوود مەندن و هەرێمی وەک بەشێگی گرینگ لە چوارچێوەی عێراقدا لەقەڵەم داوە ، پێداگری لەسەر گفتوگۆ و بەئاشتی چارەسەرکردنی تەواوی ناکۆکیەکان کردۆتەوە .
۹ -لە کۆتایی دا کازمی بە عێراق و هەرێم و جیهانیشی گووت من ماندوو نابم و پشوو درێژ و سوورم لەسەر بەرنامەو پلانی داڕێژراوو ئەوە منم لە یەک ڕۆژدا لەسەر چەندین مەلەفی گرینگ کاردەکەم و ڕادەوەستم وەک مەلەفەکانی
پەروەردە ، تەندروستی ، ئابووری ، پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی ، ئەمنی و سەربازی ، سەروەری خاک و جێ بەجێکردنی دەستوور و یاسا ...