"بێدەنگی خیانەتە"

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی کورد لەبەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لەخواردن گرتووە بەهۆی ئەوەی سزای شەش ساڵ و نیوی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی پۆستێکی ئەنستاگرامەوە کەنوسیبووی “بێدەنگی خیانەتە”، ئەوەشی لەمیانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی مەریوان بڵاوکردەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتی ئەندامبوون لەپارتی دیموکراتی کوردستانیان داوەتە پاڵ.

موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی خەڵکی کەلاردەشتی پاریزگای مازندەرانی لەباکوری ئێران. کەساڵێکە ماوەی حوکمەکەی لەبەندیخانەی ئێڤینی تاران تێپەڕدەکات نزیکەی دوو هەفتەیە مانی لەخواردن گرتووە.

موژگان، چالاکوان، سینەماکارو وەرگێڕە، کتێبی ئەنفال و چارەنووسی تەیمووری وەرگێڕاوە بۆ زمانی فارسی، کە عارف قوربانی نوسیوویەتی و باس لەتراژیدیای منداڵێکی رزگاربووی ئەنفال دەکات.

موژگان مانی لەخواردن گرتووە چونکە رێگەیان نەداوە پەیوەندی بکات بەبنەماڵەکەیانەوە، ئەگەرچی بەندکراوە پیاوەکان زیاتر دەتوانن پەیوەندی بەبنەماڵەکانیانەوە بکەن. هەتا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە وەڵامی داواکارییەکانی ناوبراویان نەداوەتەوەو ئەویش سوورە لەسەر درێژەدان بەمانگرتنەکەی هەتا داواکەی جێبەجێدەکرێت.

موژگان کاووسی لە (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بەپارێزگای مازندەران دەستبەسەرکراو پاش مانگێک بەدانانی بارمتەی (١٠٠) ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

دواتر دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی موژگان کاووسی بەڕێوەچووەو حوکمی بەندکردنی بۆ (٧٦) مانگ و (١٥) رۆژ بەندکران زیادکراوە. ئەوە لەکاتێکدایە لەلایەن دادگای بەرایی شاری نەوشەهر بە (٦٩) مانگ بەندکردن سزا درابوو.

پێشتر موژگان کاووسی بەتۆمەتی “ئەندامەتی لەحزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” بە (٣٣) مانگ بەندکردن سزادرا، هەروەها بەتۆمەتی “هاندانی خەڵک بۆ دروستکردنی پشێویی و تێکدانی ئاسایشی گشتی” بە (٣٦) مانگ بەندکردن، هەروەها بەتۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بەڕژێمی ئێران” حوکمی (7) مانگ و (١٥) رۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، لەو حوکمانە زۆرترینەکەیان واتە حوکمی (٧٦) مانگ و (١٥) رۆژ بەندکردن بەسەریدا جێبەجیدەکرێت کەدەکاتە نزیکەی شەش ساڵ و نیو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار