لەم مانگەوە لێبڕینی 3%ی خانەنشینی جێبەجێ دەکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە لەگەڵ دابەشکردنى موچەى مانگی حەوتەوە، 3% لە موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، کە پەیوەستە بە موچەى بنەڕەتى فەرمانبەر لە ماوەى 10 ساڵى رابردوو.

بڕیارەکە هی وەزارەتی دارایی عێراقە و بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، موچەى بنەڕەتى هەر 10 ساڵەکە کۆدەکرێتەوە، پاشان لە 3% لە سەرجەمى بنەڕەتى دەردەکرێت و فەرمانبەران بە 36 مانگ و خانەنشینان بە 60 مانگ لێیان وەردەگیرێتەوە.

ئەمڕۆ، 28ی ئەیلوولی 2025، هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانی بۆ گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی تەمموز، بڕیاری لێبڕینی 3%ی بەشداریی خانەنشینی لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، راگەیاند: "لێبڕینی 3%ی مووچەی فەرمانبەران لە مانگی تەمموزەوە جێبەجێ دەکرێت، بەشێک لە فەرمانگەکانیش لێبڕینەکەیان دەکەوێتە مانگی ئاب." باسی لەوەشکرد، کە لێبڕینەکە لە خانەنشینان راستەوخۆ لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمموزدا دەبڕدرێت.

ئەم لێبڕینە بۆ گێڕانەوەی جیاوازیی بەشداریی خانەنشینییە بۆ ماوەی 10 ساڵی رابردوو (لەسەرەتای 2014 تاوەکو ناوەڕاستی 2024). ماوەی گێڕانەوەکەی بەم شێوەیە دەبێت:

فەرمانبەران: کۆی قەرزەکە لەسەر مووچەی بنەڕەتییان لە ماوەی 36 مانگ (3 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە.

خانەنشینان: کۆی قەرزەکە لە ماوەی 60 مانگ (5 ساڵ) لێ وەردەگیرێتەوە.

لێبڕینی خانەنشینی بەمشێوەیە دەبێت:

یەکەم/ لێبڕینی رێژەی 3% لە موچەی فەرمانبەران لە 01-01-2014 تاوەکو 30-06-2024.

دووەم/ لێبرێنی رێژەی 3% لە موچەی فەرمانبەرێتی خانەنشینان؛ ئەوانەی ئێستا خانەنشینن و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە لە رێکەوتی 01-01-2014 تاوەکو رێکەوتی دەست لەکار هەڵگرتن و هەواڵکردنیان بۆ خانەنشینی.

سێیەم/ بڕی پارەی کەڵەکەبوی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەکو قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان.

چوارەم/ قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی سێیەم، لە ماوەی سێ ساڵ بۆ فەرمانبەر و ماوەی 5 ساڵ بۆ خانەنشینان پاکتاو بکرێت.

پێنجەم/ ئەم لێبڕینە لە 01-06-2025 دەستپێدەکات تاوەکو قەرزەکە پاکتاو دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار