ئابووریی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر شانی کۆڵبەران
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کۆڵبەری لەنێوان یاسای حوکمڕان و پێناسەی خەڵکدا زۆر جیاوازەو بەپێی ئەو یاسایانەی لەکۆماری ئیسلامی سەبارەت بەقاچاخی کەلوپەل و کاڵا دەرکراوە کۆڵبەر دەچێتە خانەی قاچاخچی و بەپێی ئەو یاسایانە رێگریی لەکۆڵبەر دەکرێت و سزا دەدرێت لەکاتێکدا کۆڵبەر لەپێناسە گشتییەکەدا کەسانێکی زەحمەتکێش و لەخۆبوردەن کەدەیانەوێت سەربەرزانە و بە رەنجی شان و باڵی خۆیان بژین و لەم رێگەیەشدا دەبنە قوربانیی یاساکان و هاوکات لەلایەن خاوەنی کەلوپەل و کاڵاکان و بازرگانەکانەوە مافەکانیان پێشێل دەکرێت ئەگەرچی ئەم کارە لەسنورەکانی نێوان باکوری کوردستان و هەرێمیش دەکرێت، بەڵام لەم راپۆرتەدا تیشک دەخرێتە سەر کۆڵبەریی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئابوریی ئێران.
بەپێی ئامارەکانی میدیا هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێ پارێزگای کوردستان (سنە) و ورمێ و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی (50) هەزار کۆڵبەر هەیە کەزۆربەیان لەپارێزگای سنە ئەو کارە دەکەن کەهۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ نادادپەروەری لەدابەشکردنی داهات و سەرمایەی ئێران بۆ ئەو پارێزگایە، چونکە هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان داهاتی ساڵانەی ئەو پارێزگایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناگاتە (1%) داهاتی ئێران و نزیکەی (20%) ئەو کەسانەی توانای کاریان هەیە بێکارن و ئەمەش دەکرێت بۆ زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو شێوەیە بێت، بەڵام بەپێی پلەبەندییەک پارێزگای سنە لەڕووی ئابوریی و فەرهەنگییەوە دەکەوێتە (23)یەمین پارێزگای ئێران لەکۆی (31) پارێزگای ئەو وڵاتە، نەبوونی هەلی کارو کارگەی گەورە بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار پاڵ بەگەنجان و پیاوان و تەنانەت کچان و ژنانیشەوە دەنێت بۆ پەیداکردنی بژێوی روو لەسنورەکانی نێوان هەرێمی کورستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و گیانی خۆیان لە رووی ئەمنی و سەختیی ئەو سنورانەوە بخەنە مەترسییەوە.
ئەگەرچی مێژووی کوشتنی کۆڵبەران لەسنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کۆنە، بەڵام هیچ ئامارو زانیارییەکی روون لە رووداوانی رابردوو بەردەست نییە، تەنها بەپێی راپۆرتێکی ساڵی (2011) لەپەرلەمانی ئێران؛ (74) کۆڵبەر لەساڵێکدا گیانیان لەدەستداوەو لەو ژمارەیەش (70) کەسیان بەگولـلەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنور لەئێران بوونە قوربانیی و هاوکات هەر لە ماوەی ئەو ساڵەدا (76) کۆڵبەر برینداربوون کەسەختی رێگا و تەقینەوەی مین و رێگرییەکانی پاسەوانی سنور هۆکاری برینداربوونی ئەو کۆڵبەرانە بووەو بەپێی ئامارێکی دیکە لەساڵی (2013) تائێستا (212) کۆڵبەر بەگولـلەی پاسەوانانی سنوری ئێران گیانیان لەدەستداو هاوکات رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە؛ لەساڵی (2019)دا (80) کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوەو بەپێی ئامارو راپۆرتە جیاوازەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ساڵانە (70) تا (80) کۆڵبەر بەتەقەی پاسەوانەکانی سنور گیانیان لەدەستدەدەن کەتەمەنیان لەنێوان (13) بۆ (70) ساڵە.
کۆڵبەری بەرهەمی راپەڕینی هەرێم و قەیرانی ئابوریی ئێران
دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەددام حسێن، سەرۆکی بەعسی عێراق و راپەڕینی ساڵی (1991) کورد دژی حکومەتەکەی و سەپاندنی بەندی (7)ی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراک، دۆخی ئابوریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپیی رۆیشت، بۆیە بەناچاری هەندێک کەس بەکۆڵ، کەلوپەل و کاڵای بیانی و کۆنی وەک تەلەفزیۆن و بەفرگرو جلشۆرو هەندێک کاڵای ئەلیکترۆنیی تایبەت بەناو ماڵیان لەڕێگەی سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان رەوانەی ئێران دەکردو لەوڵاتەوە خۆراک و سوتەمەنیی دەهێنرایەوە هەرێم، سەرەڕای ئەوەی بڕێک لەو کاڵایانە بەئۆتۆمبێل و ئەسپ و ئێسترو بارگیر دەگوازرانەوە بەڵام هەندێک کەس ناچاربوون بەکۆڵ ئەو کەلوپەلانە بگوازنەوە بۆ ئەوەی داهاتێکی باشتریان دەستبکەوێت و خۆیان ببوێرن لەئەرکی پاراستنی ئەو ئاژەڵ و گیاندارانەی کە بۆ گواستنەوەی کاڵا سودیان لێوەردەگیرا.
ساڵی (2000) دوای ئەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاترکران و ئەو وڵاتە رووبەڕووی کۆمەڵێک گەمارۆی نێودەوڵەتیی بووەوەو ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی زیادی کرد ژمارەیەک کەس پەنایان بۆ کۆڵبەری و گواستنەوەی کاڵاو شتومەکی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان برد، ئەو دوو سەردەمە واتا ساڵی (1991) لەهەرێم و عێراق و ساڵی (2000) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کاریگەرترین هۆکاربوون بۆ دروستبوونی کۆڵبەر لەنێوان سنورەکانی باشورو رۆژهەڵاتی کوردستاندا.
دەستکەوتێکی کەم و ماندوبوون و مەترسییەکی زۆر
هەر کۆڵبەرێک بەپێی قەبارەو جۆری ئەو کاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی (80) هەزار بۆ (200) هەزار تمەنی ئێرانی لەڕۆژێکدا کەدەکاتە نزیکەی (4) بۆ (10) دۆلار.
ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لەهەزاران خێزانی کورد لەئێستادا کەزۆرینەیان لە رۆژهەڵاتن بژێویی ژیانیان لەسەر کۆڵی کۆڵبەرانەو زۆربەی قازانجەکەشی بۆ بازرگانەکانە، ئەوەی بۆ زۆربەی کۆڵبەران دەمێنێتەوە گیانلەدەستان و برینداربوون و کەمئەندامیی و مەینەتیی ئەو رێگایەیە کە بۆ بژێوییەکی سەربەرزانە دەیگرنەبەر.
کۆڵی ژنان و کچان بۆ پەیداکردنی نان
دەیان کچ و ژن بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەژارییەوە ناچارن گیانی خۆیان لەسەر دەستیان دەنێن و قورسایی باری ژیان بخەنەسەر پشتیان و بەگواستنەوەی کەلوپەل و کاڵا لەنێوان سنورەکانی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان بەسەرما و بەگەرما تولەڕێ و هەڵەت و هەڵدێرەکانی شاخ و داخ، کۆڵێکی قورس بگوازنەوە بەهیوای ئەوەی بگەنە ژیانێکی ئاسودە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، وێنەی ئەو ژن و کچە کۆڵبەرانە بووەتە مانشێت و سەردێڕی بەشێک لەمیدیا و راگەیاندنەکانی نێوخۆی ئێران و جیهان، بەڵام ئەمەش باری گرانی ئەوانی کەم نەکردووەتەوەو هیچ لایەنێک هەوڵێکی جدیی بۆ رزگارکردنی ئەو کۆڵبەرە ژن و کچانە نادات.
چیرۆکی تاڵی کۆڵبەران
جگە لەتەقەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنور، ساڵانە دەیان کۆلبەر بەهۆی سەرماو هەرەسی بەفرو مین و پاشماوەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق گیان لەدەستدەدەن.
زستانی ساڵی (2016) لەناوچەی بێورانی سەردەشت (16) کۆڵبەر کەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوەو دوای زیاتر لە دوو رۆژ لەهەڵمەتی گەڕان و پشکنینی خەڵکی گوندو ناوچەکانی دەوروبەر (12) کۆڵبەریان رزگار کردو (4) کۆڵبەری دیکە گیانیان لەدەستدا کەخەڵکی شارەکانی (سەردەشت و بانە و مەهاباد) بوون و هەر لەهەمان ساڵداو لەو ناوچەیە پێنج کۆڵبەری دیکە بەهۆی سەرماو سۆڵەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران و کۆڵبەرێکیان گیانی لەدەستداو ئەو ساڵە بەگیانلەدەستدان و برینداربوونی (156) کۆڵبەر بەساڵێکی رەشی کۆڵبەران لەقەڵەمدرا.
زستانی ساڵی (2019) دوو برا بەناوەکانی ئازادو فەرهاد خەسرەوی، خەڵکی نێی مەریوان، کە ئازاد (17) ساڵ و فەرهاد (14) ساڵ تەمەنیان بوو، بەهۆی پەککەوتن و نابینابوونی باوکیانەوە ناچاربوون کۆڵبەری بکەن و دوای ئەوەی ئازاد لەسەرمادا گیانی لەدەست دەدات، فەرهاد بۆ رزگارکردنی براکەی روو لەڕێگەی گوندێک دەکات و ئەویش هەر بەهۆی کەوتنە ژێر بەفرەوە دوای سێ رۆژ تەرمی ساردو سڕی لەبەفردا دۆزرایەوە، ئەمەش بووە چیرۆکێکی دڵتەزێنی دیکەی مەینەتی و نەهامەتی کۆڵبەران.
رێگریی لەکۆڵبەران
کۆماری ئیسلامی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ و راپۆرتی زۆری میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان، هەوڵیدا لەساڵی (2018) بەبڕیارێک سەرجەم ئەو رێگەو تولەڕێیانەی کەکۆڵبەران لەسنورەکاندا بەکاری دەهێنێت بەتێکدان و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دابخات و لەو چوارچێوەیەشدا دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بەتەقەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنور لەئێران گیانیان لەدەستدا، ئەمەش مانگرتن و خۆپیشاندانی خەڵکی شاری بانەو دواتر زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی ئەو مانگرتنەیان کرد، کەتێیدا زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاری بانە داخران و نزیکەی (30) رۆژی خایاندو بەیەکێک لەمانگرتن و ناڕەزایەتییە مەدەنییە دوورودرێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانیی لەکۆڵبەران و کارەکەیان لەقەڵەم دراو ئەمەش وایکرد حکومەتی ئێران بەناچاری ژمارەیەک لەو رێگە و سنورانە بۆ کاری کۆڵبەران و کاسبکاران بکاتەوە.
پلانی ئێران بۆ کۆڵبەران
بەپێی رێکارو پلانێکی بەرپرسانی حکومەت، ژمارەیەک مۆڵەت دەدرێت بەکۆڵبەرانی پارێزگاکانی (سنە، ورمێ، ئیلام، کرماشان) لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای (سیستان و بلوچستان) لەباشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە بەپێی رێکارەکە کۆڵبەران بۆیان نییە بەناوی ئەو مۆڵەتەوە کاڵاو کەلوپەلی قاچاخ و بێ باج و گومرگ بگوازنەوەو بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن ئەمەش وای کردووە داهاتی کۆڵبەران زۆر لەڕابردوو کەمتر ببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دەزگای خێرخوازیی بەرەکەت کە لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراوە بڵاوی کردووەتەوە: سێ پرۆژەی بۆ چارەسەری کێشەی کۆڵبەران و دۆزینەوەی هەلی کار بەناوی (کاک بەرەکەت) و (دەریای بەرەکەت) و (گێڕی بەرەکەت) دەخرێتە بواری جێبەبەجێکردنەوەو بەپێی ئامارێکی ئەو دەزگایە ژمارەی کۆڵبەران لەئێران (10) بۆ (50) هەزار کەسەو زۆربەیان لەپارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن و کۆڵبەران بوونەتە قوربانیی بێکاریی و ئەوان تەنها (1%)ی کاڵا و شتومەکی قاچاخ لەسنورەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەگوازنەوە، کە لەبنەمادا هیچ زیانێکی ئەوتۆ بەئابوریی وڵاتەکە ناگەیەنن، تەنها بۆ بژێوی و دابینکردنی ژیانی رۆژانەیان ئەو کارە دەکەن، بۆیە بەفەرمانی خامنەیی هەوڵی دروستکردنی (30) هەزار هەلی کار دەدرێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.
گومان دەکرێت هەر لەو چورچێوەیەدا عەلی خامنەیی، هەفتەی رابردوو بڕیاریدا عەبدولڕەزا پورزەهەبی کەپێشتر لەپارێزگای سیستان و بلوچستان وەک نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کاری کردووە، گواستووەتەوە بۆ پارێزگای سنەو بەبڕیارێک کردویەتیە نوێنەری خۆی بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاینیی لەو پارێزگایە.
کۆڵبەران فریادڕەسی ئێران و خێزانەکانیان
بەپێی ئامارو راپۆرتی ساڵانەی ژووری بازرگانیی تاران، لەساڵانی رابردوو بە بەهای (24) ملیار دۆلار کاڵاو سوتەمەنی بەقاچاخ ئاڵوگۆڕی پێکراوە، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە گەیشتووەتە نزیکەی (10) ملیار دۆلار، کەزۆربەی لە رێگەی بارهەڵگرو ترانزێتەوە ئاڵوگۆڕ کراوەو ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کەکۆڵبەران کەمترین رۆڵیان هەیە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک قاچاخ لەقەڵەمی دەدات و لەلایەکی دیکەوە سەعید عەمرانی، جێگری دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە؛ سزاکانی تایبەت بەقاچاخی کاڵاو سوتەمەنی لەئێران حەوت هێندەی رابردوو قورستر دەبێت، چونکە ئاستی قاچاخی کەلوپەل و کاڵا بە رێکخراوەیی گەیشتووەتە (15) بۆ (25) ملیار دۆلار لەساڵێکدا.