ئەبوبەکر هەڵەدنی بۆ ‌ھاوڵاتی: پێمخۆشە یەکگرتوو دەستپێشخەرییەک بکات‌و لەم دۆخە چەقبەستوە دەربچین

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: نازەنین گۆران

ئەگەر یەک پەرلەمانتاری تر بچنە پاڵ ئەو گروپە (22) کەسیەی واژۆیان کۆکردۆتەوە بۆ لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت، ئەوا بەبەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پرساندن لەلایەن پەرلەمانەوە بانگدەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ پەرلەمانتارێک لەگروپەکەی تر ئامادە نیە سەرەڕای ئەوەی رەخنەش لەحکومەت دەگرن.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، یاداشتی  واژۆکردن بۆ لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت یەک لەسەر پێنچی واژۆی پەرلەمانتارانی دەوێت واتا (23) واژۆ، بەڵام تەنها (22) کەس واژۆیان کۆکردۆتەوەو بۆیان نابێت بە (23) سێ.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتوو لەسەر ئەو پرسە دەڵێت سەرەتا ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون واژۆ بکەن بۆ لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت زیاتر بوون لەژمارەی پیویستی یاسایی، بەڵام بۆ دووەمجار کەواژۆکە کۆکرایەوە بوو بە (22) واژۆ.

 ئەبوبەکر هەڵەدنی: لەم چاوپیکەوتنەیدا لەگەڵ ھاوڵاتی، جەخت لەوەدەکاتەوە هەوڵەکانیان هەر بەردەوام دەبن بۆ کۆکردنەوەی واژۆی زیاتر.

ھاوڵاتی: گرفتەکانی بەردەم هاتنی سەرۆک حکومەت بۆ پەرلەمان چین؟ ئێـوە وەک پەرلەمانتارانی یەکگرتوو هیچ کێشەیەکتان نیە لەگەڵ بانگهیشتی سەرۆک حکومەت بۆ پەرلەمان؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: نەخێر ئێمە هەر پێنچمان واژۆمان کردووەوهیچ گرفتێکمان نیە، حەوت پەرلەمانتاری فراکسێونی کۆمەڵی ئیسلامی، چوار پەرلەمانتاری  فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ، ئەوانەی لەنەوەی نوێ جیابوونەوە، پەرلەمانتارێکی حزبی شیوعی، دوو پەرلەمانتاری بزۆتنەوەی گۆڕانیش، هیچ گرفتێکمان نیەو واژۆمان کردوە.

ھاوڵاتی: بەشێک لەپەرلەمانتارانی یەکێتی لەمیدیاو سۆشیال میدیا وەک ئۆپۆزسیۆن قسەدەکەن، تەنانەت پەرلەمانتاریان هەبووە دەڵێت حکومەت شکستی هێناوە، لەکاتێکدا خۆشیان لەحکومەتن پێتوایە ئەم قسانە بۆچی دەکرێت و ئێوە چۆن دەیبینن؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەڕای من ئەوە ئاراستە دروستەکەیە، ئەگەر ئێمە هەر (111) پەرلەمانتارەکە، حزبەکانمان لەحکومەتدا بن، لەبنەڕەتدا ئەوە کاری راستەقینەی پەرلەمانتارە و دەبێت پەرلەمانتار ئۆپۆزسیۆنی حکومەت بێت، نەک پەرلەمانتار پاساو بۆ سیاسەتەکانی حکومەت بکات، دەبێت هەموومان چاودێریی حکومەت بکەین، بۆیە پشتگیری ئەو جۆرە لێدوانانە دەکەین.

بۆ نموونە ئێمە لەخولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، حزبەکەمان لەحکومەت بوو وەک یەکگرتووی  ئیسلامی کوردستان، یەکەم فراکسیۆن خۆمان واژۆمان کۆکردەوە بانگهێشتی وەزیرمان کرد، زۆرترین پرسیاری توند ئێمە لێمان کرد، کە لەسەر کەموکورتییەکانی وەزارەتەکەی بوو.

ھاوڵاتی: لەکۆی دوانزە پەرلەمانتاری گۆڕان (10) پەرلەمانتاری ئامادەنییە واژۆ بۆ هاتنی سەرۆک حکومەت بکات، سەردەمانێکیش ئەوان ئێوەیان تۆمەتبار دەکرد بەخۆدزینەوە لەپرسی خەڵک، ئێستا ئێوە چۆن سەیری ئەوهەڵوێستەی ئەوان دەکەن کەئامادەنین ئیمزا بکەن بۆ هاتنی سەرۆک حکومەت و باسکردنی کێشەو گرفتەکان؟

من هیچ پەرلەمانتارێک تۆمەتبار ناکەم، ئازادن لەواژۆ کردن یان واژۆ نەکردن، بەڵام دەبێت خۆیان وەڵامی خەڵک و جەماوەر بدەنەوە، کە ئایا چی پاساوێکی ئەوەندە باوەڕپێکراویان هەیە، تاوەکو باوەڕ بەجەماوەر بهێنن کەئەو ئاراستەیەی ئەوان دروستە، بەڵام من خوازیار دەبووم، چونکە ئەمە نە کودەتایە لەحکومەت، نە هیچ کەسایەتییەک بەئامانچ گیراوە، بۆیە هیچ نابێت ئەگەر سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و جێگرەکەی بێت و ئێمە کۆمەڵی پرسیاری خەڵکیان ئاراستە بکەین.

دواتر ئێمە بۆچی هەر بزوتنەوەی گۆڕان تاوانبار بکەین، بۆ کۆتاکان تاوانبار نەکەین  کە یانزە کورسی پەرلەمانتاریان هەیە، بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، واژۆ ناکەن، بۆ ئاراستەی سێیەم واژۆ ناکات، بۆچی زوومی ئێمە لەسەر گۆڕان بێت؟ هەرچەندە بزوتنەوەی گۆران خۆی ئەم جۆرە گوتارە توندەی هەبووە لەڕابردوودا، سەقفی چاوەڕوانی خەڵکیان زۆر بەرزکردۆتەوە گۆڕان، خۆی مان و بەهێزبوونی گۆڕان، بەو روحە ئۆپۆزسیۆن بوونەیەتی  کەهەیەتی، ئەگەر لەناو حکومەتیش بێت ئەوان بۆ ئیسڵاح و چاکسازیی رۆیشتون،  بەشێکیش لەچاکسازیی ئەوەیە، کەداهاتی هەرێم شەفاف بێت، بابەتی لێبڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان هۆکارەکەی بزانن.

ھاوڵاتی: ئەگەر رێکەوت و سەرۆکی حکومەت بانگی پەرلەمان  کرا پرسیارەکانی ئێوە چۆن دەبێت، ئێوە هیچ هێزێکی سیاسییتان هەیە بۆ لێپرسینەوە لەهەندێک بابەت؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەڵێ ئێمە خۆمان ئامادەکردووە لەبابەتی مووچە و لەبابەتی داهاتەکانی هەریم بەبەڵگەو دیکۆمێنت دەیخەینەڕوو کە داهاتی هەرێم بەشی پێدانی مووچە دەکات، ئەگەر بێت و حکومەتی هەریمی کوردستان یاسای چاکسازیی جێبەجێ بکات و داهاتی خاڵە سنورییەکان، داهاتی گومرگ و داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی باش کۆبکاتەوە، ئێمە پێمانوایە پێویست بەلێبڕین ناکات، بۆیە هەموو ئەوانەی پەیوەستە بەلێبڕینی مووچە لای ئێمە بەبەڵگەوە ئامادەیە.

ھاوڵاتی: ماوەیەک پێش ئێستا پشتگیریی هێزێکی سیاسی نوێت کرد ئەو هێزە کێیە و چییە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: من مەبەستم ئەوەبوو، کە سیاسەت لەکوردستاندا  بە بنبەست گەیشتووە، ئەسڵ ئەوەیە کەهەتا مرۆڤ هەبێت جوڵە و سیاسەت هەیە، ئێستا ئەم دۆخەی کەحکومەتی کوردستان پێی تێپەڕ دەبێت، دۆخێکی نەخوازراوە، بۆیە نابێت رەوڕەوەی مێژوو بوەستێت،  بەدڵنیایی ئێستا گفتوگۆو راوێژ هەیە کە لەنێوان چالاکوانان، نوخبەی رۆشنبیری سیاسی، دەستەبژێری سیاسی، رۆشنبیری، چالاکوانی مەدەنی، مامۆستای زانکۆ کە نابێ مێژوو لێرە بوەستێت،  دەبێت جوڵەیەکی تر هەبێت، چەند میکانیزمێکیش هەیە کەنابێت لێرە بوەستین و تەماشاکەربین، هەندێک پیانوایە کە جەبهەیەکی بەرفراوانی  ئیسڵاحی لەهێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات دروستبکرێت، جۆرەها میکانیزم هەیە بۆ خەبات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەڵام  هەموو ئەمانە لەقاڵبی گفتوگۆو راوێژدان.

ھاوڵاتی: هەندێک بیروڕای وایان لا دروست بووە کە تۆ بۆیە ئەوجۆرە لێدوانەت داوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەدەتەوێت بەهێمنی لەیەکگرتوو بڕۆیت و پاڵپشتی سیاسەتێکی تازە بکەی؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: من پاڵپشتی بژاردەیەک دەکەم بۆ دەرچوون لەم دۆخە چەقبەستوەی کوردستان، من یەکگرتوم و پێشمخۆشە حزبەکەم ئەمە بکا، واتا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، خۆی هەستێت بەدەستپێشخەری، بەسەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان بگەڕێ، لەگەڵ رۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی کۆببێتەوە، کەچۆن ئێمە لەم دۆخە چەقبەستوە دەربچین.

ھاوڵاتی: واتا یەکگرتو لەسەر ئەو جۆرە لێدوانەی تۆ هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نەبووە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: نەخێر هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نەبووە، بژاردەی سەرەکی من ئەوەیە کەحزبەکەم هەستێت بەم کارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار