ئێران؛ کۆمارێک لەسێدارە
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
بەپێی یاساکانی ئێران و لەسەر بنەمای حوکمی یاسا ئیسلامییەکان، چوار گروپ پەتی سێدارە دەیانگرێتەوە کەبریتین لە(کوشتنی بەئەنقەست (قتل و قصاص)، تاوانی سێکسی یان دەستدرێژی سێکسی (زینا)، هەڵگەڕانەوە لەدین (ئیرتیداد)، (الإفســــاد فی الارض) کەهەڵێنجانی زۆری بۆکراوەو خۆی لە راپەڕینی چەکدارانە لەدژی حکومەتی ئیسلامی و ناپاکایی لەبەرامبەر هەموو یاساو رێساکان و ماڵ و دارایی حکومی ئیسلامی دەبینێتەوەو بەتاوانی گەورە لەقەڵەمدەدرێت) کەکۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی زیاترین جێبەجێکردنی ئەم سزاو یاسایانەوە بووەتە یەکەم وڵاتی ئیسلامی و دووەم وڵاتی جیهان دوای وڵاتی چین کەزیاترین لەسێدارەدانی تێدا ئەنجامدەدرێت.
کوشتنی بەئەنقەست (قتل)
بەپێی یاساکانی ئێران، دادگاکانی ئەو وڵاتە ناتوانن سزای هیچ تۆمەتبارێکی کوشتنی بەئەنقەست کە تاوانەکەی لەسەر ساغبووبێتەوە و وەک تاوانبار لەقەڵەم بدرێت هەڵوەشێننەوەو ئەو بڕیارە تەنها لەدەستی سکاڵاکار یان خاوەن و لێپرسراوی خوێنیی کوژراوەکەدایەو هیچ جۆرە لێخۆشبوونێکی حکومی و دادوەریی نایگرێتەوە.
دەستدرێژی سێکسی (زنا)
دەستدرێژیی سێکسی کە بەپێی یاساو رێساکانی ئیسلام داڕێژراوە، هەر تۆمەتبارێک لەدەرەوەی یاساو رێساکانی ئیسلام پەیوەندیی سێکسی خوازراو یان نەخوازراو (زۆرەملێ) ببەستێت دەکرێت سزای سێدارە بیگرێتەوە ئەگەرچی مەرج نییە لەسێدارە بدرێت، چونکە سزای زۆری دیکە بۆ ئەو دەستدرێژییە هەیەو سێدارە قورسترین و دوا قۆناغی سزای ئەو تۆمەتبارانەیە کە بەدەستدرێژیکار لەقەڵەمدەدرێن.
هەڵگەڕانەوەی لەدین و ئایینی ئیسلام (ارتداد)
هەرکەسێک لەدینی ئیسلام هەڵگەڕێتەوە و جوێن و تۆمەتی ناڕەوا بخاتە پاڵ (پێغەمبەری ئیسلام) و ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی گشتی دەکرێت بەپێی توندترین سزای تایبەت بەو تاوانە، لەسێدارە بدرێت کە ئەم سزایەش دەکرێت لێخۆشبوون بیگرێتەوە و تۆبەکردنیش یان بوون بەتەواب سزاکە هەڵەوەشێنێتەوە.
(الإفساد فی الأرض)
بەپێی یاسای تاوان لەئێران هەر کەسێک یان کەسانێک بەشێوەیەکی بەربڵاوو فراوان تاونێک ئەنجام بدەن و ببنەهۆی زیانگەیاندن بەتەندروستیی گشتی و بەشداربن لەتاوانی دژە ئاسایشی ناوخۆو دەرەوەی وڵات و بڵاوکردنەوەی درۆو تۆمەت، کێشە دروستکردن لەسیستمی ئابوریی گشتی وڵات، ئاگربەردان و وێرانکاریی ماڵ و حاڵی گشتی، بڵاوکردنەوەی ماددەی ژەهراوی و مەترسیدارو میکرۆبی و کوشندە، دروستکردنی کۆڕو کۆمەڵی تاوان و لەشفرۆشی و هاوکاریی لەتێکدانی سیستمی گشتیی وڵات، تێکدانی ئاسایش و زیانگەیاندنی بەتەندروستیی جەستەیی گشتی یان دارایی گشتی و تایبەت، یان ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و لەشفرۆشی لەئاستی بەرفراوان، بەتاوانبارێکی گەندەڵکار یان (مفسد في الارض) لەقەڵەم دەدرێت و سزای سێدارە دەیگرێتەوە.
ژنی دووگیان و مێردمنداڵ لەسێدارە نادرێن
لەیاسای سزاکانی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە: هەر ژنێک کەسزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابێت و دووگیان بێت، دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی و بەپێی نووسراوی پزیشک تا دوو ساڵ شیر دەدات بەو منداڵەو دواتر سزاکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها هەر کەسێکیش کە تەمەنی لە (18) ساڵ کەمتر بێت و تاوانێکی کوشتن یان هەر تاوانێکی دیکەی ئەنجام دابێت کە بووبێتە هۆی سەپاندنی سزای سێدارە، نابێت لەسێدارە بدرێت تا ئەوکاتەی تەمەنی دەگاتە (18)ساڵ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەهۆی تەمەنی کەمی هیچ تاوانبارێک سزای سێدارە هەڵناوەشێتەوە.
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارە یەکلایی دەکاتەوە
هەر بڕیارێک لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جێبەجێکردنی دوا قۆناغی سزای لەسێدارەدان دەبێت لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، واژۆ بکرێت و دواجار سەرۆکی دەزگای داد لەو وڵاتە بڕیار دەدات کەسزای سێدارە جێبەجێ بکرێت یان نا، لەکاتێکدا خامنەیی دەتوانێت هەموو بڕیارێکی سێدارە جگە لەسزای سێدارەی تایبەت بەکوشتنی بەئەنقەست نەبێت رابگرێت، بەڵام ئەویش توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەی بۆ هیچ بکوژێک نییە تەنها دەتوانێت داوای دانیشتنی دادگای پێداچوونەوە بۆ ئەو بەرپرسە باڵایانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات کەسزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو ئایین و نەتەوانەی زیاترین حکومی سێدارەیان بەسەردا دەسەپێت
ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان ئاماژەن بەوەی کەزیاترین کورد وەک نەتەوەو دوای ئەوانیش باوەڕدارانی ئایینی (بەهایی) لەساڵی (1978) واتە لەکاتی هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لەسێدارە دراون کەتەنها ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەهاییەکان روونە کە دەگاتە (202) کەس.
کۆمارێک لەسێدارە
ساڵی (1988) بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و دوای سێ مانگ شەڕو پێکدادان ژمارەیەک چالاکی سیاسی و پێشمەرگەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرو زیندانیی کران و دواتر بەفەرمانێکی دیکەی خومەینی نزیکەی چوار هەزارو (482) کەس لەزیندانیانی سیاسی و نەیارانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی نهێنی لە (48) سەعاتدا لەسێدارە دران و لەگۆڕی بەکۆمەڵدا ژێرخاک کران کەژمارەیەکی زۆر لەو زیندانیانە هەر ئەو چالاکوان و ئەندامانەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە لەجەنگی نێوان ئەوان و کۆماری ئیسلامیدا دەستگیرو زیندانیی کرابوون، دواتر ئەو فەرمانەو بڕیاری سێدارەدانە بەکۆمەڵەکە ئاشکرابوو و کۆماری ئیسلامی رایگەیاند ژمارەی لەسێدارەدراوان هەزارو (879) کەس بوون کەزۆربەیان ئەندامانی (موجاهیدینی خەلقی ئێران) بوون، ئەم رووداوەش بەڕووداوی لەسێدارەدانەکانی (88) ناوی دەهێنرێت و نەتەوەیەکگرتوەکانیش داوای روونکردنەوەی لەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە سەبارەت بەو رووداوانە.
زیاترین ژنی کورد لەسێدارە دراون
فاتمە کەریمی، توێژەرو چالاکی بواری ژنان لەنووسینێکدا تایبەت بەڕووداوەکانی ساڵی (1988) لەئێران ئاشکرای کردووە کەکۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم ژنی سیاسی کوردی بەناوی (مەستورە شاسواری) خەڵکی شاری سەقز گوللـەباران کردووە دوای ئەویش (43) ژنی دیکەی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمان ساڵدا بەتۆمەتی دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە یان بەگوللـەباران کوشتوەو دوایین نموونەی لەسێدارەدانی ژنانی سیاسی و تێکۆشەر لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران (شیرین عەلەم هولولی) خەڵکی ماکۆ بوو کە لەساڵی (2010) لەسێدارە دراو بووە سیمبولێکی تێکۆشان لەمێژووی کورددا.
کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن کورد دەخاتە داوی سێدارەوە
وەک لەپێشەکی راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکرا بەپێی یاساکانی ئێران هەر جۆرە دژایەتییەکی حکومەت و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەکرێت بخرێتە خانەی جەنگ لەگەڵ دینی ئیسلامدا، بۆیە هەر چالاکوانێکی سیاسیی کورد ئەگەر دژایەتی حکومەت و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بکات یان ببێتە ئەندامی پارتە کوردییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران، دەکرێت بچێتە ئەو خانەیەوەو سزای سێدارەی بەسەردا بسەپێت کە هەندێکجار دادگاکانی ئەو وڵاتە بەسودوەرگرتن لەیاسای کوشتنی بەئەنقەست، مەرگی چەکدارانی سەر بەحکومەت و پلەدارە سەربازییەکانی ئێران دەخەنە ئەستۆی چالاکوانانی سیاسی و بەمەش سزای سێدارە بەهیچ جۆرێک هەڵناوەشێتەوەو جێبەجێ دەکرێت.
زیندانی ورمێ دەنگی کورد دەخنکێنێ
دوای ئازادبوونی دوو زیندانیی سیاسی کورد لەزیندانی ورمێ ، ئاشکرابوو کە لەنێوان ساڵانی (1991) تا (2019) تەنها لەزیندانی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان (52) زیندانیی سیاسیی کورد لەسێدارەدراون، هەواڵەکەش لەلایەن دوو چالاکوانی سیاسیی کورد بەناوەکانی محەمەد نەزەری و عوسمان مستەفاپور بڵاوکرایەوە کەدوای زیاتر لە (25) ساڵ لەزیندان ئازاد کرابوون، ئەو دوو کەسە رایانگەیاندووە: لەنێو ئەو زیندانییە سیاسییانەدا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتۆمەتی ئەندامبوونیان لەپارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەماوەی ئەو (28) ساڵەدا لەسێدارەدراون، کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەهەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان هەیە.
ژمارەی راستەقینەی لەسێدارەدراوان دەشاردرێتەوە
ساڵی (2015) بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی لەشەش مانگدا (694) کەس لەئێران لەسێدارە دراون و ئەمەش بەڕەشترین ساڵی لەسێدارەدان لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدراو دواتر بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە لە روونکردنەوەیەکدا رایانگەیاند لەو ژمارەیە (650) کەسیان بەتاوانی بازرگانی کردن بەماددەی هۆشبەرەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوەو ئەم راپۆرتەش لەکاتێکدابوو کەئێران و وڵاتانی (5+1) لەڕوداوێکی مێژوییدا رێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجامداو ئەو ژمارە زۆر لە سێدارەدانانەش هیچ کاریگەرییەکی لەهەڵوێستی نێودەوڵەتیی و جیهانیی لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوو.
ریکخراوی هەموان لەدژی سێدارە (ECPM) کە لەبنەڕەتدا رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لەدژی سزای سێدارەیە لەجیهان، لەڕاپۆتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کەساڵی (2010) تاساڵی (2015) لەئێران سێ هەزار و (581) سزای لەسێدارەدان لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەپێندراوە کە بەو پێیە لەهەر ساڵێکدا (706) کەس لەسێدارە دراون دەکاتە (70%) لەکاتێکدا ئەو لەسێدارەدانانە بەنهێنی ئەنجام دراوەو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامارەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بەپشتبەسن بەهەواڵی تایبەت بە لەسێدارەدان لەئێران لەساڵی (2016) بڵاوی کردووەتەوە لەو ساڵەدا (567) کەس لەئێران لەسێدارە دراون کە ئەگەر بەراورد بکرێت بەژمارەی دانیشتوانی، ئەوە یەکەم وڵاتە لەجیهاندا کە زیاترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێکراوەو دەکرێت.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (Iran Human Rights) بڵاوی کردووەتەوە کە لەساڵی (2018) لانیکەم (273) کەس لەسێدارە دراون و ئەو ژمارەیەش لەساڵی (2019)دا بۆ (280) لەسێدارەدراو بەرزبووەتەوەو دواتریش ناوەندی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی ئێران (hrm) بڵاوی کردووەتەوە لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ (2020) زیاتر لە (100) کەس لەئێران لەسێدارەدراون و تەنها (30) کەسیان بەئاشکرا لەسێدارە دراون و (79) کەس بەشێوەیەکی نهێنی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڕیاری سێدارەیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
هاوکات رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەسەر ئەو ئامارانەی رێکخراوەکانی ئێران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوەکردووە کە نزیکەی (18.5%)ی ئەو کەسانەی لەئێران لەسێدارە دەدرێن کوردن و ژمارەیەکی بەرچاویشیان چالاکوانی سیاسین، ئەوە لەکاتێکدایە هیچ رێکخراوێکی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامارێکی وردی لەسەر لەسێدارەدراوانی سیاسیی کورد لەئێران بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، لەساڵی (2018دا (273) کەس لەئێران لەسێدارە دراون کە لەو ژمارەیە (13) کەسیان تەمەنیان لە (18)ساڵ کەمتر بووەو (5) کەسیشیان ژن بوون و (188) کەسیشان کەدەکاتە (69%)ی سزادراوانی سێدارە بەتۆمەتی کوشتن لەسێدارە دراون.
ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەکردووە کە لە (40) ساڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا زیاتر لەشەش هەزار کەس لەو وڵاتە سزای سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەو ژمارەیە (80%) کەسیان بە تاوانی کوشتن سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوەو (11%) لەسێدارەدراوانیش تایبەتن بەدۆسیەی ماددەی هۆشبەر لەئێران.
جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەئێران لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی؛ دوو لەسەر سێی وڵاتانی جیهان سێدارەیان قەدەغە کردووەو (100) وڵاتیش سەرەڕای ئەوەی بایاسا سزای سێدارەیان هەیە بەڵام لەکرداردا ئەو یاسایە جێبەجێ ناکرێت و لەکارکەوتووەو وڵاتی روسیا لەساڵی (1996) تائێستا هیچ کەسێکی لەسێدارە نەداوەو تەنها وڵاتی چین لەڕووی ژمارەی لەسێدارەدان پێش ئێران کەوتووەتەوە ژمارەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو وڵاتە لەساڵێکدا دەگاتە زیاتر لەهەزار کەس.