خۆبەڕێوەبەری خۆبوونە!

4 ساڵ لەمەوپێش



سوارە محەمەد

چەمکی ‹خۆبەڕێوەبەری› زیاتر لەچوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کورددا وەک پرۆژەی بزووتنەوەى ئازادی دەناسرێت. باشە تاچەند دروستە تەنها لەو چوارچێوەیەدا لێکدانەوە بۆ چەمکی خۆبەڕێوەبەری (خۆسەری) بکرێت؟ باشە، خۆبەڕێوەبەری تەنها چەمکێکی سیاسییە؟

لەڕاستیدا هەموو جۆرە هەبوونێک لەچوارچێوەى خۆبەڕێوەبەریدا بەدیدێت. هەبوون بۆ ئەوەى هەبوونی خۆی بەردەوامی پێبدات ناچارە لەچوارچێوەی خۆبەڕێوەبەریدا بجوڵێتەوە. هەبوونێک، کە خۆبەڕێوەبەریی خۆی بەدەست نەهێنابێت و بەدەستی نەهێنێت ناتوانێت بەپێی جەوهەری خۆی درێژە بەخۆی بدات. دەتوانێت بژی، بەڵام دەبێت بەشتێکی تر، بۆ ئەوەش خۆبەڕێوەبەری لەچوارچێوەی ‹خۆبوون›دا لێکدەدرێتەوە.

لەگەردووندا هەموو شتێک لەجەوهەری خۆیدا خۆبەڕێوەبەرە، چونکە سروشت و مەرجی هەموو هەبوونێک جیاوازە. هەر هەبوونێک لەچوارچێوەى ئیکۆ – سیستم (سوڕو ژینگەى) خۆیدا دەتوانێت بژی. هیچ هەبوونێک بەمرۆڤیشەوە ناتوانێت لەدەرەوەى ئیکۆ – سیستمی خۆی بجوڵێتەوە. ئیکۆ – سیستمی هەر هەبوونێکیش سروشت و جەوهەری ئەو هەبوونەیە. هەر هەبوونێکیش بۆ ئەوەى بتوانێت درێژە بەهەبوونی خۆی بدات، دەبێت بەپێی سروشتی خۆی بێت. بۆ نمونە دارێکی سێو ناتوانێت وەک دارێکی چنار بێت، مەڕێک ناتوانێت وەک پشیلەیەک بجوڵێتەوەو رەفتار بکات... مرۆڤ دەتوانێت زۆر نمونەى لەو شێوەیە بخاتەڕوو، بەڵام لێرەدا ئامانج ئەوەیە: شتێک بۆ ئەوەى هەبێت، ناچارە بەپێی جەوهەرو بونیادو پێکهاتەی خۆی بێت. ئەگەر بەو شێوەیە نەجوڵێتەوە ئەوا لەناودەچێت و دەبێت بەشتێکی تر. ئەوەش بۆ مرۆڤ راستەو دەستیش دەدات. بۆ نموونە کوردێک بەزمانی خۆی، بەمێژووی خۆی، بەکولتوری خۆی، بەناسنامەى خۆی... نەتوانێت بژی، ئەوا لەو کاتەدا بوونەکەى نابێت بەکورد، رەنگە لەڕووی جەستییەوە هەبێت، بەڵام ئیدی بووە بەشتێکی تر.

هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەش، کەمرۆڤ دەکەن بەمرۆڤ و هەر مرۆڤبوونیش لەو چوارچێوەیەدا بەدیدێت و هەبوون پەیدا دەکات. ئەوەیە، خۆبەڕێوەبەری ئەو شتەیە، کەشتەکان دەکات بەو شتەى کەدەبێت هەبن. یانی خۆبوون و خۆبەڕێوەبەر، چونکە لەگەردووندا هەر هەبوونێک دەیەوێت بژی و ژیانیش تەنها دەتوانێت بەخۆبوون بەدی بێت و بئافرێت. ئێمە دەڵێین، ژیان تەنها بەخۆبەڕێوەبەری بەدی دێت. یانی زمانی هەبوون و ژیان خۆبەڕێوەبەرییە.

دەبێت هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەپێی سروشتی خۆیان بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، یان خۆبەڕێوەبەر بن. ژن خۆبەڕێوەبەر بێت، گەنج خۆبەڕێوەبەر بێت، هەموو شتەکان خۆبەڕێوەبەر بن، هەموو ئایینەکان خۆبەڕێوەبەر بن

لەو چوارچێوەیەدا دەبێت لەبارەى ژیانەوە عەقڵییەتێک بکرێت بەبنەما، کە خۆبەڕێوەبەریی هەموو شتێک قبوڵ بکات. عەقڵییەتی سیستمی دەسەڵاتداری و بەتایبەتیش نەتەوە – دەوڵەت خۆبەڕێوەبەری قبوڵ ناکات. هەموو جیاوازییەکان دەکاتە قوربانیی ‹تاکانەبوون›. یانی فرە رەنگیی لەناو ‹یەک›ێکدا دەتوێنێتەوە. لەبەرئەوەیە بەسیستمی نەتەوە – دەوڵەت دەوترێت ‹سیستمی پاکتاوکردن›، بەڵام تێگەیشتنە راست و دروستەکە ئەوەیە، کە هەموو شتێک فرەڕەنگە و جیاوازبوونیان بنەمایە. بۆ ئەوەش دەبێت هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بەپێی سروشتی خۆیان بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، یان خۆبەڕێوەبەر بن. ژن خۆبەڕێوەبەر بێت، گەنج خۆبەڕێوەبەر بێت، هەموو شتەکان خۆبەڕێوەبەر بن، هەموو ئایینەکان خۆبەڕێوەبەر بن... یانی نەک تەنها خۆبەڕێوەبەری بۆ هەندێک، بەڵکو بۆ ئەوەی هەبوون هەبێت دەبێت ئەو هەبوونە خۆبەڕێوەبەر بێت و بۆ ئەوەش دەبێت هەر هەبوونێک خۆبەڕێوەبەر بێت.

بێگومان کاتێک ئێمە باسی خۆبەڕێوەبەریی هەموو شتێک دەکەین، ئیمە باسی لەیەکتر دابڕاندنیش ناکەین، چونکە لەگەردووندا هەموو شتێک هەم خۆبەڕێوەبەرەو هەمیش پەیوەستن بەیەکترەوە. یانی زمانی هەبوون و ژیانیش لەیەک کاتدا یەکپارچەبوونە و پێکەوەبوون بنەمایە. کۆمەڵگەش هەر خۆی بەو مانایە دێت. یانی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەر بەیەک دەگەن و پێکەوە کۆمەڵگە دروستدەکەن. هەموو بەشە سروشتییەکانی خۆبەڕێوەبەر بەیەک دەگەنەوەو یەکدەگرن و گەردوونی فرە رەنگ دەئافرێنن. نزیکەى سەد تریلیۆن شانە یەکدەگرن تاوەکو مرۆڤێک دروست دەبێت. بەشە جیاجیاکانی وزە یەکدەگرن و ئەتۆم دروست دەبێت. بەکورتی خۆبەڕێوەبەری و پیکەوە بوون دوو شتن، کەناتوانرێت لەیەکتر داببڕێندرێن. هەبوون تەنها دەتوانێت بەخۆبەڕێوەبەری و بەپێکەوە بوون بەدی بێت.

لەهەمان کاتدا ئەوە بەمانای پەیوەندیی ئازادو یەکسانە. یانی لەڕاستیدا پەیوەندییەکە یەکلایەنە نییە، بەڵکو پەیوەندیی ئازادو یەکسانن. لەشوێنێکدا پەیوەندیی ئازاد و یەکسان نەبێت لەوێشدا خۆبەڕێوەبەری بوونی نییە. بۆ نموونە دەبێت لەنێوان ژن و پیاودا پەیوەندیی ئازادو یەکسان هەبێت. ئەگەر پیاو خۆبەڕێوەبەریی ژن قبوڵ نەکات، ئەوا لەوکاتەدا خۆبوونی ئەویش قبوڵ ناکات. هەر خۆی ئەوە کێشەیەکە، کە لەهەموو شوێنێکی جیهاندا لەنێوان ژن و پیاودا هەیەو هۆکارەکەشی بۆ ئەو قبوڵ نەکردنە دەگەڕێتەوە.

 لەدۆخی ئێستادا پیاو خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی ژن قبوڵ ناکات و دەیەوێت ژن خۆی بۆ بکات بەماڵ و موڵک. ژنیش دەیەوێت لەچوارچێوەی سروشتی خۆیدا ببێت بەهی خۆی. ئەوەش بۆ لێکدانەوەو تێگەیشتن لەکۆمەڵگەکەمان بەکاردێت. لەدۆخی ئێستادا لەباشوورو هەموو کوردستاندا ژن و پیاو کێشەیان هەیەو سەرچاوەى ئەو کێشەیەشە بۆ باڵادەستیی پیاوو بندەستیی ژن دەگەڕێتەوە. کاتێک هەر پیاو دەیەوێت دەسەڵات بێت، ژنیش هەوڵدەدات خۆی لەژێر ئەو دەسەڵاتەدا دەربهێنێت و خۆبەڕێوەبەربوونی خۆی بەدەست بهێنێت، ئیدی لەوێوە کێشەکان دەستپێدەکەن. لەڕاستیدا دەبێت پیاو دەست لەو دەسەڵاتە هەڵبگرێت، کە هەر ئەو دەسەڵاتە بۆخۆی دەبێتە هۆی تێکدانی ژیان. خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی ژن قبوڵ بکات و خۆی لەپەیوەندیی ئازادو یەکسان نزیک بکاتەوە.  

کێشەکانی رژیمی بەعس لەگەڵ کورد بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕایەوە. لەبەرئەوەى رژێمی بەعس خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی گەلی کوردی قبوڵ نەدەکرد لەعێراق کێشەى کورد سەریهەڵداو کوردیش بەرەنگاریی کردو لەئەنجامدا رژێمی بەعس رووخا. کارە راست

هەمان ئەو شتانەش بۆ نەتەوەکانیش دەبن. ئەگەر خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەیەک قبوڵ نەکرێت، ئەوە بۆ خۆی دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کێشە نەتەوەییەکان. بۆ نموونە کێشەکانی رژیمی بەعس لەگەڵ کورد بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕایەوە. لەبەرئەوەى رژێمی بەعس خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی گەلی کوردی قبوڵ نەدەکرد لەعێراق کێشەى کورد سەریهەڵداو کوردیش بەرەنگاریی کردو لەئەنجامدا رژێمی بەعس رووخا. کارە راست و دروستەکە ئەوە بوو، کە لەعێراقدا هەموو نەتەوە، ئایین، باوەڕو کولتورەکان بەیەکسانی سەیر بکرانایەو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرایە. یانی خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی ئەو هەبوونانە قبوڵ بکرایە.

لەدۆخی ئێستادا ئەو کێشەیە لەباشووردا هەیە. هەر خۆی ئەو ناڕەزایەتییانە، کەهەیە هەموویان لەبەر ئەو هۆکارانە روودەدەن. ئەگەر ئیمە سەرنج بدەین، لەنێوان گەل و هێزەکانی دەسەڵاتدا و هەروەها لە نێوان حزبەکانی دەسەڵات و هێزەکانی تردا هەموو جۆرە ناکۆکی و قەیرانێک هەیە. کارە راست و دروستەکە دیموکراتیک بوونە

هەمان ئەو شتانەش بۆ حزبەکان و هێزەکانیش دەبن. حزبێک، هێزێک یان ئایدۆلۆژییەک خۆی یەکلایەنە بەسەر هێز، حزب، ئایدۆلۆژیای تردا بسەپێنێت ئەوە کێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە سەپاندنی یەکلایەنە بەمانای قبوڵنەکردنی خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی ئەوانی ترە. لەدۆخی ئێستادا ئەو کێشەیە لەباشووردا هەیە. هەر خۆی ئەو ناڕەزایەتییانە، کەهەیە هەموویان لەبەر ئەو هۆکارانە روودەدەن. ئەگەر ئیمە سەرنج بدەین، لەنێوان گەل و هێزەکانی دەسەڵاتدا و هەروەها لە نێوان حزبەکانی دەسەڵات و هێزەکانی تردا هەموو جۆرە ناکۆکی و قەیرانێک هەیە. کارە راست و دروستەکە دیموکراتیک بوونە. پەیوەندیی ئازاد و یەکسان بکرێت بەبنەما. نابێت خۆسەروەرکردن و خۆباڵادەستکردن هەبێت، بەڵکو دەبێت پێکەوە بوون بکەنە بنەما. ئەوە روونە، کە خۆبەڕێوەبەری تەنها شتێکی سیاسی نییە، شتێکە پەیوەستە بە سروشتی هەبوونەوە. هەبوون خۆبەڕێوەبەرە. لەو کاتەدا دەبێت پەیوەندیی مرۆڤەکان، کۆمەڵگە و ژیانیش خۆبەرێوەبەر بن...

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار