"داوام لەسەرۆکی هەرێم کردووە رۆڵی هەبێت کە حزبە بەشدارەکان دژایەتیی حکومەت نەکەن"
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهی
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی ھاوڵاتی دا قسە لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بەپارێزگاکەو هەرێمی کوردستان دەکات و وردەکاری سەردانەکەی خۆیشی بۆ تورکیا باس دەکات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت « وێنه‌ى سلێمانى زۆر شێوێنراوه له‌تورکیاو ئێران و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش ... ئێمە خۆمان به‌شێکین له‌تێکدانى دیمه‌نى سلێمانى، ئەگینا ئه‌و گه‌شه‌کردنه‌ى له‌سلێمانى هه‌بووه له‌که‌م شوێنى کوردستان و عێراقیشدا هه‌بووه، به‌راورد ناکرێت به‌زۆر شوێنى ده‌ره‌وه‌ش».
وتیشی «ئه‌و مۆدێله‌ى له‌سلێمانى دروستمانکردووه ئێستا لهههولێرو دهۆک و هه‌ڵه‌بجه‌و به‌غداش له‌سه‌رى ده‌ڕۆن، مۆدێله‌که‌ش ئه‌وه‌یه مۆدێلى حوکمڕانى خه‌ڵک و سه‌روه‌ریى یاسایه به‌دادپه‌روه‌رانه، جیاکردنه‌وه‌ى حوکمڕانیه له‌حزبڕانى، جیاکردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تدارییه لهدهسهڵاتداریى».
پارێزگاری سلێمانی باس لەوە دەکات کەئاگرەکەی شاخی گۆیژە بە ئەنقەست نەبووە، ئێستا خه‌ریکن (500) دۆنم زه‌وى له‌گۆیژه سه‌وز ده‌که‌ن.
داوا لەحکومەتیش دەکات «هه‌موو شتێک بوه‌ستێنێت له‌پێناوى موچه‌ى خه‌ڵکدا».
سەبارەت بەقاچاخی سنوورەکان و هاوردەکردنی کاڵا بەبێ گومرگ، وتی «ده‌بێت حکومه‌ت ده‌روازه‌کانى خۆى قایم بکات بۆ ئه‌وه‌ى که‌س به‌دز نه‌زانێت».
ھاوڵاتی: باس له‌وه ده‌کرێ پێشنیارتان بۆ هاتووه که‌ره‌نتینه‌ى هاووڵاتیان بکرێته‌وه، ده‌وترێت لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان رازى نه‌بوون؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئه‌و پێشنیاره له‌ڕابردوودا بهکردارى جێبه‌جێکراوه، ئه‌وه ته‌نیا رێگا‌و ئامانجێک بوو، ژماره‌ى توشبووان قه‌باره‌یان رابگرین تا ناوه‌نده‌کانى ته‌ندروستى بتوانن فریایان بکه‌ون، به‌ڵام ئێستا له‌لاى ئێمه‌و جیهانیش ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌که‌ن به‌قه‌باره‌یه‌ک زیادیکردووه که ئه‌و شێوازه لهکهرهنتینهو قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ هیچ رۆڵێکى پۆزه‌تیڤى له‌سه‌ر بارودۆخه‌که نابێت، بۆیه تاکه رێگاى باش خۆپارێزیى هاووڵاتییه .
ھاوڵاتی: له‌چه‌ند رۆژى رابردوو سه‌ردانى تورکیاتان کرد چیتان بۆ سلێمانى به‌ده‌ستهێنا، هیچ رێککه‌وتنێک کراوه؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: گرنگترین شت ئێمه بۆى چووین وێنه‌ى سلێمانى وه‌کخۆى پیشان بده‌ین به‌ده‌ره‌وه، ئێوه ده‌زانن وێنه‌ى سلێمانى زۆر شێوێنراوه، به‌تایبه‌تى له‌تورکیاو ئێران و وڵاتانى دیکه‌ى چوارده‌ورمان و ته‌نانه‌ت وڵاتانى ئه‌وروپاش، ئێمه مه‌به‌ستمان بوو دیمه‌نى سلێمانى کهکۆمهڵگهیهکى کراوه‌یه زه‌مینه‌یه‌کى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى تێدایه‌و پێشوازى له‌هه‌موو جۆره خه‌ڵکێک ده‌کات و مه‌به‌ستمان بوو ئه‌مه پیشانبده‌ین، له‌کۆنگره‌یه‌کى له‌وشێوه‌دا که‌بازرگانان و وه‌به‌رهێنه‌ران و خاوه‌نکاره‌کانى تورکیا‌و عێراقى تێدابوو لهههرێمیشهوه به‌شداربوون.
کارمان کرد له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ر، یه‌که‌م جوڵه‌و ئاڵوگۆڕى بازرگانى فراوانتر‌و به‌هێزو کاریگه‌رتر بکه‌ین و ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستى هاورده‌کردن نه‌یهێڵینه‌وه، به‌ڵکو وابکه‌ین بێته سه‌ر ئاستى هه‌نارده‌کردن و پیشه‌سازیش، ژێرخانى ئابورى خۆمان ببوژێنینه‌وه، لایه‌نى گه‌شتیارى و کشتوکاڵ ببوژێنینه‌وه، ئیش له‌سه‌ر ئه‌و سێکته‌رانه بکه‌ین که‌ده‌رفه‌تى کار دروستده‌کات، دراوى قورس لهوڵاتهکهدا رابگرێ و کاڵا بباته ده‌ره‌وه، گفتوگۆى زۆرمان کردووه، رێکه‌وتنه‌کان له‌سه‌ر دوو جۆرن، یه‌کێکیان ده‌وڵه‌تین وه‌زاره‌ته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت بیانکه‌ن، چونکه ئه‌مه مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێکى تردا نه‌ک له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌کى ناو هه‌رێمى کوردستان، دووه‌م ژووره بازرگانییه‌کان و وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان بیکه‌ن، ئێمه توانیومانه ئه‌و په‌یوه‌ندییه دروستبکه‌ین و توانیومانە لێکتێگه‌یشتنى هاوبه‌شمان هه‌بێت و توانیومانه له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌کانى مێرسین و ئه‌ده‌نه‌و شڕنا‌خ و شوێنه‌کانى تردا، جگه له‌وه‌ى ئێمه له‌گه‌ڵ پارێزگاکانى تری باکور ده‌سته‌خوشکیمان هه‌یه وه‌کو ئامه‌د بۆ نموونه.
خاڵى دووه‌م له‌سه‌رده‌مى کۆرۆنادا چۆن ده‌توانین میکانیزمى نوێ بدۆزینه‌وه بۆ به‌رده‌وامبوونى کارى بازرگانى، به‌تایبه‌تى سلێمانى له‌و جۆره کارکردنه‌یدا سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ى به‌ده‌ستهێناوه، کاتى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاکه‌ش به‌شێوه‌یه‌کى زۆر قورس توانیمان میکانیزمى گونجاو بۆ به‌رده‌وامبوونى بازرگانى بدۆزینه‌وه له‌گه‌ڵ تورکیا‌و ئێرانیشدا.
ھاوڵاتی: خۆت ئاگادارى بارودۆخى دارایی و ئابورى حکومه‌ت لاواز‌و خراپه، موچه دواده‌که‌وێ ئه‌مڕۆ هه‌ندێک له‌مامۆستایان بایکۆتیان راگه‌یاندووه له‌گه‌ڵ حکومه‌ت قسه‌تان کردووه چۆن چاره‌سه‌رى ئه‌مه ده‌کات؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئێمه به به‌رده‌وامى له‌سه‌ر خه‌تین و به‌وردى قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌مه کردووه، داکۆکیکارو پارێزه‌رى ئه‌و داوایانه بووین و به‌داواى ره‌وایان ده‌زانین، مافى سروشتى موچه‌خۆرانه، دوێنێش دیسان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا قسه‌مانکردووه، بارودۆخى دارایی و ئابورى به‌شێوه‌یه‌کى گشتى له‌هه‌موو دنیادا شێواوه، بارودۆخى هه‌رێمى کوردستان وه‌کو په‌نده کوردیه‌که ده‌ڵێت خۆى له‌خۆیدا نه‌بوو ئه‌مه‌شى هاته سه‌ر.
ئێمه له‌ساڵى 2014وه پێش کۆرۆناش بارودۆخمان له‌ڕووى ئابورییه‌وه ناله‌بار بووه، بۆیه به‌دڵنیاییه‌وه کاریگه‌ریه‌کى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر ئابوورى ده‌وڵه‌ت کردووه، کاریگه‌رى له‌سه‌ر موچه‌و بژێویى ژیانى هاووڵاتیان کردووه، له‌سه‌ر که‌رتى تایبه‌ت و بازاڕیش کردووه، ئێمه لەچارهسهرکردنداین و داوامان له‌حکومه‌تى هه‌رێم کردووه‌و ده‌یان رێگامان پیشانى حکومه‌تداوه، که‌چۆن داهات زیادبکات له‌ڕێگه‌ى پێدانى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر به‌پارێزگاره‌کان و له‌وه‌ى دهستکراوهتربین و باشتر رێکبخرێته‌وه به‌هه‌ده‌ردان که‌مبکرێته‌وه، گه‌نده‌ڵى نه‌هێڵرێت، له‌هیچ سێکته‌رێکدا به‌نه‌تیجه‌ش ئه‌گه‌ر مووچه‌ش له‌کاتى خۆیدا بدرێت داهاتى حکومه‌ت زیاد ده‌کات من گره‌نتیت ده‌ده‌مێ، بۆ نموونه له‌شوێنێکى وه‌کو تاپۆکانى سلێمانى ئه‌گه‌ر له‌م بارودۆخه‌دا بتوانن له‌ماوه‌ى مانگێدا (10) بۆ (15) ملیار دینار داهاتیان بێت، دڵنیات ده‌که‌مه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌وام سروشتى ببێته‌وه که‌ى سروشتى ده‌بێته‌وه که‌موچه‌یان سروشتى بێته‌وه، ئه‌وان ئه‌وکاته داهاته‌که‌یان ده‌بێته (20) بۆ (25) ملیار دینار، واته داهاته‌که ده‌بێته دوو ئه‌وه‌نده، به‌ڕاستى پێم سه‌یره ده‌بێت حکومه‌ت هه‌موو شتێک بوه‌ستێنێت له‌پێناوى موچه‌ى خه‌ڵکدا، به‌ڵام موچه‌ى خه‌ڵکیش ده‌بێت به بوێرانه ئه‌وانه‌ى کهموچهخۆرى راسته‌قینه‌ن پایه‌کانى ئه‌م حکومه‌ته‌یان راگرتووه‌و داخوازى هاووڵاتیان وه‌ڵامده‌ده‌نه‌وه‌و خزمه‌تگوزارییه‌کان جێبه‌جێده‌که‌ن و به‌فیعلى له‌ئه‌رکدان و جیایان بکه‌نه‌وه له‌وانه‌ى له‌سێبه‌رى لایه‌نه سیاسییه‌کان دانیشتون یان بندیوارن یان چه‌ند موچه‌یه‌کیان هه‌یه، کاتى ئه‌وه‌یه حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بوێرانه له‌جیاتى ئه‌وه‌ى ده‌ست بۆ موچه‌ى ئه‌وانه به‌رێ که بهکردارى ئیشه‌کان ده‌که‌ن و مافى خۆیانه موچه‌که‌یان به‌زیاده‌وه پێبدرێت تێکه‌ڵى ئه‌وانه‌یان نه‌که‌ن که‌ئه‌گه‌ر مافێکیشیان هه‌بێ مافن به‌سه‌ر حزبه‌کانه‌وه، ماف نین به‌سه‌ر حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه.
ھاوڵاتی: کازمى که‌هات بۆ سلێمانى کۆمه‌ڵێک داواکاریتان پێشکه‌شکرد، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى بۆچوونى چی بوو له‌سه‌ر سلێمانى، چ به‌ڵێنێکیدا بۆ جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کان؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئه‌و راى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و سلێمانى زۆر زۆر باشه، به‌ڵام عێراق خۆى له‌م ماوه‌یه‌دا گرفتى گه‌وره‌ى دارایی و ئابورى زۆر قووڵى هه‌یه، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى له‌به‌رده‌ستى به‌ڕێز کازمیدایه ته‌نیا (295) ملیۆن دیناره، تا ته‌واوبوونى کابینه‌که‌ى ئه‌و میزانییه‌ى بۆ دانراوه، ئه‌و هه‌ڵبژاردنى سه‌رتاسه‌رى عێراقى له‌به‌رده‌مدایه، ئه‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو داوا ره‌واکاندا بووه، هه‌موویانى به‌داواى رهواو ده‌ستوریى زانیوه، بهڵێنیدا هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنی بدات، به‌تایبه‌تى ئه‌و پێى وابوو تاوه‌کو 2021 ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یان بۆ هه‌رێمى کوردستان دیاریکردووه (320) ملیاره، له‌سه‌رى به‌رده‌وام ده‌بن کورد‌و ئه‌وانیش و هه‌موو لایه‌کانى تریش ده‌بێت کاربکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌میزانییه‌ى نوێى حکومه‌تى ئیتیحادى که‌ده‌چێته په‌رله‌مانه‌وه به‌شى هه‌رێمى کوردستان جێگیربکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌م بارودۆخه ناجێگیره رزگارمان ببێت، بۆ مه‌سه‌له‌ى پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بهڵێنیدا به‌سێ به‌ش ئه‌و پاره‌یه خه‌رج بکات، له‌به‌رئه‌وه‌ى دارایی عێراق رێگه به‌وه‌نادات هه‌مووى به‌یه‌ک جار خه‌رج بکرێت و ده‌ستى به‌خه‌رجکردنى هه‌ندێکیان کردووه.
له‌مه‌سه‌له‌ى سوته‌مه‌نیدا به‌ڵێنیداوه هه‌رچه‌نده بڕێکى که‌میان به‌ئێمه راگه‌یاندووه له‌قۆناغى یه‌که‌مدا په‌نجا ملیۆن، له‌قۆناغى دووه‌م په‌نجا ملیۆن، بۆ هه‌موو هه‌رێمى کوردستان نه‌وتى سپى دابین ده‌کات، به‌ڵام ئێستا لهگفتوگۆکردنداین له‌گه‌ڵیاندا به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌کانى هه‌رێمدا بۆ ئه‌وه‌ى پێداویستى هه‌رێم به‌پارێزگاى سلێمانیشه‌وه وه‌ک هه‌موو پارێزگاکانى عێراق نه‌وتى بۆ دابینبکرێت، له‌مه‌سه‌له‌ى پێداویستى ته‌ندروستى به‌ڵێنیانداوه‌و له‌ڕابردووش کردوویانه، هه‌ماهه‌نگ بن له‌مه‌سه‌له‌ى دائیره ئیتیحادییه‌کاندا موچه‌ى ئه‌و پێنج مانگه‌ى ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌یان خه‌رجکرد، زۆرشوێنى تریش هه‌یه ده‌چێته چوارچێوه‌ى داموده‌زگا ئیتیحادییه‌کان و داوامانکردووه موچه‌کانیان ئه‌وان دابینى بکه‌ن، وه‌کو فڕۆکه‌خانه‌و به‌نداوه‌کان، ئه‌و فه‌رمانگه ئیتیحادیانهى لێره هه‌ن پێویستیان به‌ئامێرو سه‌رچاوه‌ى مرۆیی هه‌یه‌و پێویسته نوێ بکرێنه‌وه‌و خه‌ڵک دابمه‌زرێنن، هه‌موو ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌پاره‌وه هه‌یه، ئه‌و په‌یوه‌ستی کردووه به‌قه‌یرانى داراییه‌وه له‌عێراقدا، به‌ڵام هه‌موویانى به‌داواى ره‌وا زانى، پێى وابوو ئه‌گه‌ر حکومه‌ت له‌نگه‌ر بگرێ و له‌به‌غداوه بتوانێ ده‌وڵه‌تدارییه‌کى راسته‌قینه دروستبکات و لایه‌نه‌کان هاوکارى بن، ئه‌و داواکارییانه هه‌موویان قابیلى جێبه‌جێکردنن.
ھاوڵاتی: له‌مه‌سه‌له‌ى سوته‌مه‌نیدا سلێمانى چه‌ندى پێویسته‌و له‌و بڕانه‌ى باستکرد چه‌ندى به‌رده‌که‌وێت و چه‌ند ده‌مێنێ؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئێمه پێویستمان به (108) ملیۆن لیتره بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ساڵێکدا به‌رمیلێک نه‌وت بده‌ین به‌هاووڵاتیان، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ى له‌قۆناغى ئێستادا دیاریکراوه ته‌نیا (20) ملیۆن لیتره، ئه‌وه‌ى که‌من ده‌یڵێم به‌ئیداره‌ى راپه‌ڕین و گه‌رمیان و بۆ هه‌موو پارێزگاى سلێمانى به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌شه‌وه، به‌ناوچه‌کانى 140ى که‌رکوکیشه‌وه به‌ناوچه‌ى خانه‌قینیشه‌وه، ئێمه له‌هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بڕه زیادبکه‌ین، (10) رێگامان پیشانى حکومه‌تى هه‌رێمداوه که‌بتوانێت نه‌وتى سپی لێوه دابین بکات، دوو جار کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌کانى ناوخۆ‌و سامانه سروشتییه‌کان و به‌ڕێز وه‌زیرى هه‌رێم بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ناوه‌ندى کردووه، خاڵه‌کان و پێشنیازه‌کانى ئێمه‌یان پهسهندکردووهو خستویانه‌ته به‌رده‌مى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئومێد ده‌که‌ین به‌زوویى بڕیار له‌باره‌یانه‌وه بده‌ن.
ھاوڵاتی: له‌ڕووى داراییه‌وه حکومه‌ت لاوازه چى ده‌که‌ن بۆ بره‌ودان به‌پرۆژه‌کان به‌تایبه‌تى له‌م شاره‌دا کۆمه‌ڵیک سه‌رمایه‌دار هه‌یه‌و په‌ناتان بۆ نه‌بردوون هه‌ندێ له‌پرۆژه زه‌رووره‌کان بکه‌ن؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئێمه که‌رتى تایبه‌تى نیشتیمانى و هاووڵاتیان و لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌م پارێزگایه هاوکارو پشتیوانى گه‌وره‌مان بوون، حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى له‌توانایدا بووه له‌ڕووى داراییه‌وه پشتیوان بووه، ئه‌مانه پێویستیان به‌ڕێکخستنه‌وه‌و دانانى ماستهرپلانى ئابورى هه‌یه بۆ دۆخى قه‌یرانه‌کان، که‌رتى تایبه‌ت ئاماده‌یی هه‌موو هاتنه پێشه‌وه‌یه‌کى هه‌یه، به‌ڵام پێویست به‌وه‌ده‌کات حکومه‌تیش بێته پێشه‌وه، چونکه ئه‌و دۆخه‌ى به‌سه‌ر هه‌رێمدا هاتووه زیانى ته‌نها به‌که‌رتى گشتى نه‌گه‌یاندووه، زیانى به‌که‌رتى تایبه‌ت و بازاڕیش گه‌یاندووه، ئه‌وانیش پێوست به‌وه‌ده‌کات به‌مۆدێلێکى تر‌و دوور له‌قۆرخکارى و دوور له‌داواکردنى پشک و به‌ش به‌شێنه رێکبخرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن رۆڵى کاریگه‌رى خۆیان ببینن.
ھاوڵاتی: کارکردن له‌شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى به‌رده‌وامه؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: به‌رده‌وامه له‌ئێستادا، ئه‌و کێشانه‌ى هاتنه به‌رده‌مى لیژنه‌مان بۆ دروستکردوون، خه‌ریکین ئیشیان له‌سه‌ر ده‌که‌ین، کێشه‌ى سه‌ره‌کى قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌یه، داوامان له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى کردووه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه داببه‌زێننه پارێزگاکان و شاره‌وانییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى به‌خێرایی ئیشیان له‌سه‌ربکه‌ین، ئێمه زه‌ویمان هه‌یه بتوانین به‌زه‌وى ئه‌و که‌سانه قه‌ره‌بوویان بکه‌ینه‌وه، هیچ نه‌بێت گرفتى قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌که له‌سه‌ر شه‌قامى (100) مه‌ترى نه‌مێنێت.
ھاوڵاتی: باست له‌وه‌کرد پرۆژه‌ى کشتوکاڵى مۆڵه‌تیان پێ ده‌درێ چه‌ندى بۆ سلێمانییه؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئه‌م پرۆژانه ئه‌وانه‌ن که‌پێویستمان پێیه‌تى و راگه‌یه‌ندراوه نه‌ک پرۆژه‌یه‌ک بن و خه‌ڵک هاتبن بڵێ من ده‌یانکه‌م، ئێمه نه‌توانین بیانپارێزین، ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌توانین به‌باشى سنوره‌کان کۆنترۆڵ بکه‌ین، ئه‌وه هیچ که‌سێک زاتى ئه‌وه ناکات له‌که‌رتى گه‌شتیارى و کشتوکاڵیدا وه‌به‌رهێنان بکات، چونکه تۆ ناکرێ ته‌ماته به‌رهه‌مبهێنیت و له‌ولاوه به‌قاچاخ داخڵى بکه‌یت، تۆ ناکرێ به‌رهه‌مبهێنیت له‌باتى ئه‌وه‌ى بینێریته ده‌ره‌وه هاورده‌ى بکه‌یت، په‌له‌وه‌رو سامانى ماسیش به‌هه‌مانشێوه، بۆیه پێش ئه‌وه‌ى پرۆژه رابگه‌یه‌نرێت که‌ئه‌مه کارێکى گرنگه، گرنگتر له‌وه پارێزگارى له‌به‌رهه‌مى خۆماڵى بکه‌ین و پشتیوانى له‌به‌رهه‌مى جوتیاره‌کانى خۆمان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێى خۆمان بوه‌ستین، هه‌تاوه‌کو به‌رهه‌مى ئه‌و به‌ڕێزانه ئابورى و داهاتى ئه‌وان نه‌پارێزین له‌و بڕوایه‌دام هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک بکه‌ین به‌زه‌ره‌ر ده‌که‌وێته‌وه نه‌ک قازانج.
ھاوڵاتی: کێ به‌رپرسیارى ئه‌مه‌یه حکومه‌ت یان که‌رتى تایبه‌ت و خه‌ڵک یان پارێزگار‌و فه‌رمانگه‌کانى تر؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: به‌پله‌ى یه‌که‌م حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رپرسیاره له‌سنوره‌کانى خۆى، له‌هه‌موو روویه‌که‌وه، له‌و رووهوهى که سنوره‌کانى خۆى له‌ئاسایش و سه‌ربازیى و سیاسییه‌وه بپارێزێت، تۆپ و فرۆکه‌ى وڵاتان نه‌یه‌ته سه‌ر خاکه‌که‌مان و ره‌زو باخه‌که‌مان نه‌سوتێنێت، له‌خاکى وڵاته‌که‌ى خۆماندا نه‌بین به‌ئاواره، ئه‌رکیه‌تى ده‌روازه‌و سنوره‌کان بپارێزێت، ئه‌رکیه‌تى هیچ داهات و باج و گومرگێک له‌غه‌یرى ده‌وڵه‌ت له‌لایه‌ن هیچ که‌سێکه‌وه کۆبکرێته‌وه، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌هێزى حکومه‌ت، من له‌چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ک و به‌به‌ڕێز سه‌رۆکى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانم وتووه ده‌بێت حکومه‌ت ده‌روازه‌کانى خۆى قایم بکات بۆ ئه‌وه‌ى که‌س به‌دز نه‌زانێت.
ھاوڵاتی: ئاگادارن چه‌ند که‌سێک پرۆژه‌ى به‌هه‌رێمکردنى سلێمانییان راگه‌یاندووه قسه‌ى تۆ چیه‌و ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایت؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: من له‌گه‌ڵ گه‌ردونیی بووندام و له‌گه‌ڵ ناوچه‌یی بووندا نیم، ناوچه‌یی بوونم بۆ ئه‌وه ده‌وێ که‌بتوانێت نه‌خش و ره‌نگ و ده‌نگى تۆ له‌وێنه گشتییه‌که‌ى گه‌ردووندا به‌جوانى بناسێنێت، وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێمه بۆ سلێمانیمان کردووه، له‌کۆنگره‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ وزەو نوێ کردوومانه به‌ئه‌ندامى کارا له‌برۆکسل، له‌شاره ئه‌ده‌بیه‌کانى دنیا، له‌یونسکۆ، له‌پاریس کردوومانه به‌ئه‌ندامى کارا، ئێستا یه‌کێک له‌وانه‌ى له‌ڕیزى پێشه‌وه‌یه له‌ئاستى بازرگانی و په‌روه‌رده‌یی و گه‌شتیارى و ئاسه‌واریدا بردوومانه‌ته سه‌ر ئاستێکى نێوده‌وڵه‌تى.
توانیومانه له‌ته‌ندروستى و گه‌شتیاریدا له‌کۆنگره‌ى ئوردوندا خه‌ڵاتى یه‌که‌مى پێببه‌خشرێت، ئێمه پێمانوایه سه‌رده‌مى ئه‌وه نه‌ماوه خه‌ڵک به‌ته‌نیا بژى و پێداویستییه‌کانى دابینبکات، ئه‌و داوایانه‌ى ئه‌وان رێزلێگیراوه‌و گوێ له‌هه‌موو بیر‌و بۆچوونێک ده‌گرین، به‌ڵام کێشه‌ى ده‌ستوریى هه‌یه‌و کێشه‌ى یاسایی هه‌یه، له‌ده‌ستورى عێراقیدا ئێره وه‌کو هه‌رێمێک ناوى هاتووه، وه‌ک پارێزگایه‌ک ناوى نه‌هاتووه، بۆیه جارێکى تر جیاکردنه‌وه‌ی هه‌رێمێک له‌هه‌رێمێکى تردا ئه‌وه لایه‌نێکى یاساییه ده‌بێت قوڵتر‌و فراوانتر تێى بڕوانین.
له‌هه‌مانکاتدا له‌ڕابردوو ئه‌زموونى ئه‌وه‌مان هه‌یه، ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونێکى یه‌کلایه‌نه‌و تاکڕه‌وانه له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م ناوچه‌یه دواکه‌وتووه له‌باتى ئه‌وه‌ى پێشبکه‌وێت، من ده‌توانم پێت بڵێم له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه تا سه‌ره‌تاى 2006یش ته‌نیا یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان به‌ڕێوه‌ى بردووه، به‌ڵام ئایا گه‌شه‌کردنه‌کان ده‌رفه‌تى کارکردن و بووژانه‌وه له‌و ئاسته‌دا بووه کهدڵخوازمان بووه دیاره نه‌خێر، بۆیه بهبڕواى من ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه پێگهوپایهى هه‌رێمى کوردستان به‌جۆرێک به‌هێزبکه‌ین، بتوانین رێگاى بازرگانى و رێگاى گرنگ بۆ گه‌شه‌کردنى سلێمانى بدۆزینه‌وه، ناکرێت سلێمانى لهجوغزێکى دیاریکراودا ئه‌وه بکه‌ین.
سلێمانى (518) کیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى ئێراندایه‌و باقى سنوره‌که‌ى تر‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ئیتیحادییه، ئه‌م دوو سنوره وایلێده‌که‌ن ته‌نیا له‌گه‌ڵ دوو ده‌وڵه‌تدا مامه‌ڵه‌ى هه‌بێت، به‌ئاسانى نه‌کرێته‌وه، بۆ نموونه به‌ڕووى ئه‌وروپادا که ئه‌مه بۆ سلێمانى شاده‌مارێکى سه‌ره‌کییه، که‌لتورو سروشتى سلێمانى واهه‌ڵکه‌وتووه، بۆیه ناکرێت رێگاى کرانه‌وه له‌خۆمان بگرین، ناکرێت به‌کاردانه‌وه پرۆژه پێشکه‌ش بکه‌ین، ده‌کرێت به‌کردار هه‌وڵبده‌ین له‌سلێمانى مۆدێلێک دروستبکه‌ین، من به‌ئه‌مانه‌ته‌وه پێت ده‌ڵێم ئه‌و مۆدێله‌ى له‌سلێمانى دروستمانکردووه ئێستا لهههولێرو دهۆک و هه‌ڵه‌بجه‌و به‌غداش له‌سه‌رى ده‌ڕۆن، مۆدێله‌که‌ش ئه‌وه‌یه مۆدێلى حوکمڕانى خه‌ڵک و سه‌روه‌ریى یاسایه به‌دادپه‌روه‌رانه، جیاکردنه‌وه‌ى حوکمڕانییه له‌حزبڕانى، جیاکردنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تدارییه له‌ده‌سه‌ڵاتدارى، حکومه‌ت حکومەتى خه‌ڵکه، پێش ئه‌وه‌ى خه‌ڵک تایه بسوتێنێت و داواى محاویله بکات، من خه‌ریکى دابینکردنى محاویلهم پێش ئه‌وه‌ى رێگا بگرێت و داواى تۆڕى ئاو بکات، ئێمه خه‌ریکى دابینکردنى بودجه‌ین و تۆڕى ئاوه‌که‌ى بۆ چاک ده‌که‌ین، واته ده‌بێت ئێمه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داخوازیى خه‌ڵک بین نه‌ک به‌فشارو ناڕه‌زایه‌تى کاره‌کان بکه‌وێته‌وه، تائاستێکى زۆر باش وامانکردووه، هه‌فته‌ى پێشوو باڵیۆزى یه‌کێتى ئه‌وروپا لێره‌بوو، سوپاسى فه‌رمى یه‌کێتییه‌که‌ى گه‌یانده ئێمه، چۆن له‌و دۆخه پڕ ته‌حه‌داو نه‌هامه‌تى و نه‌بوونى و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌دا باشترین حوکمڕانى و ئیداره‌مان داوه، ئه‌م پارێزگایه ده‌یان سوپاسى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، لهباڵیۆزخانهکان و یه‌کێتى ئه‌وروپاو رێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی به‌ده‌ستگه‌یشتووه.
ھاوڵاتی: ئه‌وان بۆچوونێکیان هه‌یه ده‌ڵێن داهاتى سلێمانى بۆ خۆى و هه‌ولێر بۆ خۆى و ده‌ڵێن سلێمانى وه‌ک لادێیه‌کى گه‌وره‌ى لێهاتووه به‌به‌راورد به‌هه‌ولێر؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: خۆمان به‌شێکین له‌تێکدانى دیمه‌نى سلێمانى، بڕواتان هه‌بێت ئه‌و گه‌شه‌کردنه‌ى له‌سلێمانى هه‌بووه له‌که‌م شوێنى کوردستان و عێراقیشدا هه‌بووه، به‌راورد ناکرێت به‌زۆر شوێنى ده‌ره‌وه‌ش، له‌ساڵى 91دا بیناى (310) قوتابخانه له‌سلێمانى به‌پێوه مابوو، ئێستا دوو هەزارو(720) قوتابخانه‌مان هه‌یه، بزانه چه‌ند دار‌و مه‌ڕوماڵات و لادێمان، بۆ نموونه له دوو هەزارو (550) گوند هه‌مووى ده‌ورى (50-60) گوندمان مابوو، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى نزیکى شاربوون، وه‌کو قلیاسان و کانى به‌ردینه‌و ئه‌وانه‌ى تر هه‌مووى ته‌ختکراو خەڵکەکەی ئه‌نفال و کیمیاباران کرابوون، ئێستا نزیکه‌ى دوو هەزارو (500) گوند ئاوه‌دانن، له (16) قه‌زا چواریان به‌پێوه مابوو، ئێستا لهکهمیاندا هەیە زانکۆ نه‌بێت، ئێمه تەنیا یه‌ک په‌یمانگەمان هه‌بوو، ئێستا (13) زانکۆ‌و (26) په‌یمانگەمان هه‌یه، پێنج هه‌زار پزیشکى پسپۆڕمان هه‌یه، بڕۆ بۆ که‌رتى په‌روه‌رده‌و ئه‌وانى تر.
من ناڵێم ئه‌مانه به‌که‌متر سه‌یریان بکه‌یت، سلێمانى له‌ئاستى ته‌ندروستى و پهروەردهو گه‌شتیارى و که‌لتورو شاره‌وانى، ئێستا له‌ڕیزى پێشه‌وه‌ى هه‌موو عێراقدایه، نه‌ک هه‌رێمى کوردستانیش، داهاتى سلێمانى بۆ سلێمانى خه‌رج ناکرێته‌وه‌و هى به‌سڕه‌ش بۆ به‌سڕه خه‌رج ناکرێته‌وه، به‌پێى یاساکانى وه‌زاره‌تى دارایی له‌عێراق و هه‌رێمیش داهات مه‌رکه‌زییه، لێره له‌هه‌ولێر کۆده‌بێته‌وه، له‌عێراقیش له‌به‌غداو جارێکى تر دابه‌شده‌کرێته‌وه.
ئێمه ده‌کرێت داواى ئه‌وه‌بکه‌ین لامه‌رکه‌زیى کارگێڕى و دارایی هه‌بێت، بهدادپهروهریانه بودجه دابه‌شبکه‌ین، ئێمه ده‌بێت حسابى ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانیه بکه‌ین که له هه‌شت پرۆسه‌ى ئه‌نفالدا حه‌وتیان له‌سلێمانى بووه، له‌هیچ پارێزگایه‌کى عێراق و هه‌رێمیش به‌قه‌ده‌ر سلێمانى گوندى نهڕووخاوهو خه‌ڵکى ئه‌نفال نه‌کراوه‌و جینۆساید نه‌کراوه، زیندانى سیاسى و که‌مئه‌ندامى به‌قه‌ده‌ر ئێره نیه.
ھاوڵاتی: مانگانه چه‌ندێک داهاتتان له‌به‌رده‌ستدایه بۆ جێیه‌جێکردنى کاره‌کانتان؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئێمه له 2014وه هیچ بودجه‌یه‌کمان بۆ پرۆژه نه‌هاتووه‌ته به‌رده‌ست غه‌یرى ئه‌و بودجانه‌ى که‌هى پارێزگاى سلێمانى بوو، ئێستا به‌هۆى ئه‌م بارودۆخانه‌وه راگیراوه، له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌داین له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستى پێبکه‌ینه‌وه، بودجه‌ى ساڵانى 2009 بۆ ساڵى 2013، ئه‌وانه‌ى که‌مابوو ئێمه دۆزیمانه‌وه، که نه بودجه‌که‌یان پاکتاوکرابوو، نه پرۆژه‌کانى. هاتین پاره‌یه‌ک مایه‌وه به‌وانه ده‌ستمان به‌پرۆژه کرد، ئه‌وانه‌ى هى په‌ره‌پێدانى پارێزگاکان بوون له 2014وه نه‌هاتووه، ئه‌وانه‌ى هى وه‌زاره‌ته‌کانه له‌ڕێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانه‌وه ده‌کرێت راده‌یه‌کى زۆر که‌مى بۆ سلێمانى ته‌رخانکراوه، واته هیچ بودجه‌یه‌کى راسته‌وخۆ نه‌هاتووه‌ته به‌رده‌ستى ئێمه پرۆژه‌ى پێبکه‌ین، هه‌رچیه‌کیش ده‌که‌ین ته‌واوکردنى پرۆژه‌کانى 2009 بۆ 2013یه.
به‌ده‌ستپێشخه‌رى خۆمان و به‌پشتیوانى که‌رتى تایبه‌ت و هاووڵاتیان پرۆژه‌مان کردووه، بۆ نموونه چه‌ند به‌نداوێکمان دروستکردووه به‌پشتیوانى به‌هره‌مه‌ندانى گوندنشینه‌کان له‌ته‌کیه‌و بهلهکجارو به‌پشتیوانى حکومه‌تى خۆجێى و به‌ده‌ست و مه‌چه‌ک و بازووی خۆیان کراوه، چه‌ندین پارکمان دروستکردووه به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئه‌و سێکته‌رانه‌دا هه‌ڵمه‌تى سه‌وزایی له‌گۆیژه ده‌که‌ین و که‌رتى تایبه‌ت هاوبه‌شه له‌گه‌ڵمان، ئێمه توانیومانه متمانه‌یه‌ک دروستبکه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و سێکتهرانهو پشتیوانیمان بکه‌ن، ده‌خوازین بهچاکبوونى بارودۆخى دارایی کوردستان ده‌بێ لایه‌کى جددى له‌سلێمانى بکاته‌وه، چونکه ئه‌و پرۆژانه‌ى له‌سلێمانى هه‌ن و ته‌واونه‌کرێن ده‌بێت به‌زیان بۆ حکومه‌ت، بۆ نموونه یه‌که‌ى نیشته‌جێبوونه‌کانى سیته‌ک و زڕگوێزمان هه‌یه، ده‌بوایه 2009 بدرانهیه به‌خه‌ڵک، ئێمه هه‌وڵمانداوه ته‌واویان بکه‌ین و تا مانگى نۆی ساڵى پار بودجه‌مان بۆ داینکردووه له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه، له‌مانگى نۆوه بودجه‌که راگیراوه‌و له‌سه‌دا پێنجى ماوه، ئه‌گه‌ر پاره‌ى ئه‌و له‌سه‌دا پێنجه خه‌رج نه‌که‌ن و ته‌واوى بکه‌ین و بیده‌ین به هەزارو (500) که‌س، ئه‌وه له‌ساڵى ئاینده‌دا ئه‌و ئیشه‌ى تیاماندا کردووه وێران ده‌بێ و ده‌بێت به‌هێلانه کۆترو ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌که‌ى ده‌دزرێ، حکومه‌ت پرۆژه‌ى زۆر زۆر باشى هه‌یه‌و حکومه‌ت ئاگادارده‌که‌ینه‌وه له‌وه‌ى بهبودجهیهکى زۆر که‌م و ئه‌و پارانه‌ى که لهبانکى هه‌رێم له‌سلێمانیه هه‌یه‌و ته‌نیا ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر بده‌ن به‌ماوه‌یه‌کى زۆر پێوانه‌ییدا ده‌یان له‌و پرۆژانه ته‌واوبکه‌ین، ئه‌و یه‌که‌ى نیشته‌جێبوونانه ده‌درێته کرێنشینان، به‌پێى ئامارێک لهبەڕێوهبهرایهتى ئامار ئه‌و به‌ڕێزانه‌ى داوایان پێشکه‌شکردووه‌و خاڵبه‌ندییان هه‌بووه ناویان تۆمارکراوه.
ھاوڵاتی: ئه‌وکاته‌ى ئێوه له‌تورکیا بوون سنهوبهرەکانى رێگای تاسڵوجه سوتێنران ده‌وترێ ئه‌وه ده‌کرێ به‌پێشانگاى ئۆتۆمبیل، قسه‌ت چیه له‌سه‌ر ئه‌وه؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئێمه به‌هیچ جۆرێک رێگه ناده‌ین له‌سلێمانى ده‌ستکارى سروشت و سه‌وزایی بکرێت، سلێمانیمان کردووه به ئه‌ندامى کاراى په‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ وزه‌ى جێگره‌وه‌و ژینگه، پشتیوانى له‌زیادکردنى سه‌وزایی ده‌که‌ین، ده‌توانم بڵێم له‌ماوه‌ى ئه‌م سێ ساڵه‌دا زیاتر له (200) هه‌زار نه‌ماممان له‌سه‌ر بودجه‌ى خۆمان و پشتیوانى که‌رتى تایبه‌ت و رێکخراوه خۆبه‌خشه‌کان چاندووه‌و هه‌ڵمه‌تى به‌رده‌واممان هه‌یه بۆ ئه‌مه.
ئێستا خه‌ریکین (500) دۆنم زه‌وى له‌گۆیژه سه‌وز ده‌که‌ین، ئه‌وه‌ى روویداوه له 6ى 7 روویداوه، له‌و کاته نیه که من له‌تورکیا بووم، لێکۆڵینه‌وه‌مان کردووه سوتانێکى عه‌فه‌ویی بووه، ده‌یان ئاگر که‌وتووه‌ته‌وه له‌ئه‌مساڵدا، که‌مته‌رخه‌مى یه‌که‌م بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه له 2014وه بودجه‌و سه‌رمایه‌و ئامێر‌و که‌لوپه‌لى پێویستى بۆ فه‌رمانگه‌کان دابیننه‌کردووه بۆ ئه‌وه‌ى بیانپارێزن، فه‌رمانبه‌ر یان که‌سێک نییه چاودێرییان بکات، ده‌یان شوێنمان هه‌یه لیوای یه‌کى پاراستنى سلێمانى و پێشمه‌رگه‌مان داناوه پارێزگارى لێبکات له‌به‌رئه‌وه‌ى پۆلیسمان نیه، (10) ساڵیشه یه‌ک که‌س بۆ ئاسایشى سلێمانى دانه‌مه‌زراوه له‌پله‌ى رائید که‌مترمان نییه له‌ئاسایش، ئه‌مانه کاره‌ساتى گه‌وره‌ن له‌ئیداره‌دان.
ئه‌وه جه‌زره وه‌سه‌تیه وه‌ک خۆى ده‌مێنێته‌وه‌و به‌هیچ جۆرێک لانابرێت، ئه‌گه‌ر له‌شوێنێک پێویست بکات دارێک لابه‌رین، کردوومانه به‌مه‌رج (10) تا (100) دار ده‌بێ له‌جێگه‌ى بنێژرێته‌وه، ئێمه پێمان وایه مرۆڤ ده‌مرێ به‌ڵام سروشت نامرێ.
ئه‌وه‌ى که‌باسکرا به‌شێکى په‌یوه‌ندى بهململانێى سیاسیى لایه‌نه‌کانه‌وه هه‌یه، له‌ناوخۆیاندا ئه‌وانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى حوکمڕانین دژى حوکمڕانین، جا له‌په‌رله‌مان بن یان لهحزبهکانیان بن، له رێکخستنه‌کانیان بن، له‌میدیا بن، رۆشنبیربن که‌چوونه حوکمڕانى به‌رگرى لێده‌که‌ن، که له‌ده‌ره‌وه بوون دژى ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین نابێ یه‌که‌م رێگه‌یان دیواره‌کانى فه‌یسبوک و راگه‌یاندن بێت، به‌پێى ئه‌و یاسا‌و رێسا‌و په‌یڕه‌وانه‌ى هه‌یه ده‌بێ به‌م شێوازه‌بێ، سه‌ره‌تا ئه‌وان بێن، ده‌توانن ئه‌نجومه‌نى پارێزگا‌و ئێمه راسپێرن، ده‌توانن په‌رله‌مان و داواکارى گشتى راسپێرن لێکۆڵینه‌وه بکات، ده‌توانن ده‌سته‌ى نه‌زاهه یان خۆیان لێکۆڵینه‌وه بکه‌ن، ئه‌گه‌ر هیچیان وه‌ڵامیان نه‌دانه‌وه‌و متمانه پێکراو نه‌بوو ده‌توانن داوا تۆماربکه‌ن ئینجا ده‌توانن له‌ڕاگه‌یاندن و میدیا وازى لێنه‌هێنن، ئێستا که‌س باسى ئه‌و که‌یسه ناکات، نابێ بێیت بۆ پاڵه‌وانبازى باسى که‌یس بکه‌یت، به‌ڵام دوایی به‌دواداچوونى بۆ نه‌که‌یت.
ھاوڵاتی: په‌یوه‌ندیت چۆنه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى بۆ جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانى سلێمانى؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: ئێمه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى و وه‌زیره به‌ڕێزه‌کان و ده‌سته سسه‌ربه‌خۆکان و هێزو لایه‌نه سیاسییه‌کان و رێکخراوه‌کان و میدیا‌و هاووڵاتیان، په‌یوه‌ندى زۆر باشمان هه‌یه، هیچ ده‌رگایه‌ک به‌ڕوومان دانەخراوهو له‌کۆبوونه‌وه‌و نووسراوه‌کانمان داواکانى خه‌ڵکمان گه‌یاندووه.
ھاوڵاتی: په‌یوه‌ندیت چۆنه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى هه‌رێم داوات لێنه‌کردووه سه‌ردانى سلێمانى بکات؟
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر: زۆرجار له‌ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنییه‌وه قسه‌مان کردووه، له‌بۆنه‌و کۆبوونه‌وه‌کان یه‌کتر ده‌بینین، هێشتا پێویستى به‌وه نه‌کردووه که ئێمه داخوازیى ئه‌وه‌مان هه‌بێت و داوا له‌سه‌رۆکى هه‌رێم بکه‌ین بێته سلێمانى بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان، به‌ڵام داوامانلێکردووه ده‌ورى هه‌بێت لهیهکخستنهوهى ناوماڵى کورددا، له‌دروستکردنى پاکێج و ئامانجێکى نیشتیمانیدا، هه‌وڵى لێک نزیککردنه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌کان بدات، هه‌وڵبدات ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌ناو حکومه‌تدان قه‌ناعه‌تیان پێ‌بکات له‌ناو حکومه‌ت پشتیوانى بکه‌ن و له‌ده‌ره‌وه‌ش دژایه‌تى نەکه‌ن، هه‌وڵبده‌ین حکومه‌تێکى سه‌رتاسه‌رى بێت دادپه‌روه‌رانه کار بکات و جیاوازى له‌نێوان ناوچه‌کان نه‌کات