کاردۆ محەمەد، بەرپرسی ژووری پەرلەمانی گۆڕان بۆ ھاوڵاتی: دەبێت پەرلەمانتارەکانمان بزانن گۆڕان جوانی کردوون، حەقە رێزی بگرن
خەڵکی تێریان خوارد لەم دروشمە توندانە... فڕێدانی قسە تەنھا بۆ خۆپاڵەوانکردنەو خزمەت بە نەیارەکانمان دەکات
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: نازەنین گۆران
کاردۆ محەمەد، بەرپرسی ژووری پەرلەمانی گۆڕان سەبارەت بەهەڵوێستی نەیاری هەندێک لەپەرلەمانتاری حزبەکە بەرامبەر بە گۆڕان داوایان لێدەکات کە رێزی حزبەکەیان بگرن و دەڵێت چونکە گۆڕان لەناو خەڵکدا جوانی کردوون و ناساندوونی.
کاردۆ محەمەد، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ھاوڵاتی داوادەکات پەرلەمانتارەکانیان دەست لەدروشمی توند هەڵبگرن و راستگۆبن لەگەڵ بەرنامەی گۆڕان.
هەروەها دەڵێت «زۆر خەڵکمان بینی ئەوەندە توندبوو پاش ماوەیەک لەشوێنێکی تر بینیومانەتەوە، پێمخۆشە مرۆڤ راستگۆبێت کاتێک دروشمێک هەڵدەگرێت دروشمەکە جێبەجێبکات، فڕێدانی قسە تەنها بۆ خۆپاڵەوانکردنەو خزمەت بە نەیارەکانمان دەکات.
ھاوڵاتی: بۆچی گۆڕان هەمان ئەو نەفەسەی سەرەتای نیە کەتازە دروست ببوو؟ کەپێشتر وادەبینران بەرگریی لەمافی خەڵکی دەکەن بەڵام خەڵکی ئێستا وای نابینێت؟
کاردۆ محەمەد: دوو نەفەسی جیاواز هەیە، تۆ کاتێک لەپێگەی ئۆپۆزسیۆنی جیاوازترە، بۆچوونەکانت لەڕاگەیاندنت لەدەربڕینت، بەڵام کاتێک تۆ لەحکومەتی زیاتر داواکارییەکانت یان با بڵێین گوتارەکانت، خۆت بەشێکی لەنوێنەرایەتیکردنی، بۆ ئەو کارکردنە، واتا جیاوازە کاتێک تۆ لەدەرەوەی حکومەتی و رەخنەت لەحکومەت هەیە گۆڕانکارییەکانیش ئەوەیە کە تۆ بەرنامەیەکی جیاوازت هەیە بۆ ئەم حکومەتە، پێت وایە ئەم حکومەتە سەرچاوەی ئەم قەیرانەیە، بەڵام تۆ ئێستا بەشداری لەحکومەت دەتەوێت بەکرداری ئەو کارنامەیە جێبەجێ بکەی، کە لەسەری رێککەوتوی.
ھاوڵاتی: سەبارەت بەپرساندنی سەرۆکی حکومەت بۆچی گۆڕان سەرەتا لەکۆی (12) پەرلەمانتار (10) پەرلەمانتاری ئامادەنەبوو واژو بکات ئایا مەگەر بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان شتێکی یاسایی نییە؟
کاردۆ محەمەد: زۆر ئاساییە پەرلەمانتاران بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیان هەر رێگایەک بگرنەبەر بۆ چاودێریکردنی حکومەت، بەڵام کاتێک هێزێکی سیاسی لەگەڵ ئەم حکومەتە بەشدارە پێویستە خۆی بەپێی ئەو رێکەوتنەی کەکردوویەتی، مامەڵە لەگەڵ پرساندن بکات، نەک هێزی ئۆپۆزسیۆن، ئەمە دوو شتی جیاوازە.
گۆڕان ئێستا هێزێکە بەشدارە لەحکومەت، جیاوازی هەیە لەگەڵ هێزێکی تر کە لەئۆپۆزسیۆنە. ئەمە مانای ئەوەنییە کەئێمە دژی چاودێریکردنی حکومەتین، ئێـمە ئەگەر بمانەوێت لەحکومەت بکشێینەوە دەبێت هێزە سیاسییەکە پێشتر بڕیاربدات و رێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئینجا داوای متمانە سەندنەوە لەسەرۆکی حکومەت بکات.
قسەکەی من ئەوەیە کێشەکە کێشەیەکی سیاسییە، قسەکە لەسەر ئەوەنیە کەئێمە لەگەڵ ئەوەنین پەرلەمان چاودێرێکی بەهێز بێت و پرساندن بکات، هەموو رێگاکانی پەیڕەو رێگە دەدات بەپەرلەمانتار، بەڵام ئێە هێزێکی سیاسیین، ئەم هێزە سیاسییە رێککەوتنێکی سیاسی هەیە، کاتێک دەزانێت ئەم رێککەوتنە سیاسییە شکستی خواردووە، پێویستە هێزە سیاسییەکە هەڵوێست دەرببڕێت ئینجا پەرلەمانتاران تەرجومەی ئەم هەڵوێستە سیاسییەی بکەن، نەک هێزی ئۆپۆزسیۆن دەستپێشخەری بکات و چەند پەرلەمانتارێکی تۆ بچێتە ناو ئەو دەستپێشخەرییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو رێککەوتنانەی کە کردووتە، ئەمە جورێکە لەکێشەی نێوان پەرلەمانتارو هێزە سیاسییەکەی خۆی، نەک رێگربێ لەچاودێریکردنی حکومەت.
ھاوڵاتی: واتا ئێوە هیچ گرفتێکتان نیە لەگەڵ بانگکردنی سەرۆکی حکومەت بۆ پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە؟
کاردۆ محەمەد: ئێمە پێمانوایە پەرلەمان هێزێکی سەرەکییە، بۆ چاودێریکردنی حکومەت، دواتر دیوانی چاودێری بۆ بەدواداچوون و
دەستەی دەستپاکی، ئینجا داواکاری گشتی کەسەربەخۆبن لەکوردستان و رۆڵی خۆیان هەبێت لەچاودێریکردندا، بەڵام ئێمە جیاوازی دەکەین لەنێوان هەڵوێستی سیاسی و بەکردارکردنی چاودێری حکومەت ، لەڕاستیدا ئێمە دروشم لەپێناوی دروشم بەرزناکەینەوە، ئێمە لەگەڵ کردارین.
ھاوڵاتی: ماوەیەک لەمەوبەر فراکسیۆنی گۆڕان لەبەغدا لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و رێکخەری گشتی، بوو بەدەمەقاڵەیان تەنانەت پەرلەمانتارێکی خۆتان لەفەیسبوک بڵاویکردەوەو هێرشی کردەسەر بزووتنەوەکە؟
کاردۆ محەمەد: ئێمە پێمان وایە پەرلەمانتاران کاتێک لەپرۆسەی هەڵبژاردن کاندید بوون، لەسەر بەرنامەیەکی بەڵێنی هەڵبژاردن بووە، نوێنەرایەتی بزوتنەوەیەکیان کردووە، دەبێت پابەندی ئەم بەڵێنەو بەرنامەی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە بن کە پرانسیپێکە خەڵک لەسەر ئەو بنەمایە دەنگی پێداوە، نەک بەئارەزووی خۆی. پەرلەمانتار لەبازنەی پرنسیپی نیشتمانی ئازادە نەک لەمەسەلەی حزبی، ئەمە دوو شتی جیاوازن، تۆ پەیامێکی سیاسی و نوێنەری هێزێکی سیاسیت، دەبێ کارەکانت ئاماژەبن بۆ پەیامە سیاسییەکەت.
لەگەڵ پرەنسیپە نیشتمانیەکە هیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام ئێمە جیاوازیمان هەیە لەگەڵ هێزێک کە بەشدار نیە لەگەڵ حکومەت، ئێمە نوێنەرەکانمان لەحکومەت دەبێت نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن، جیاوازین لەگەڵ ئەوانەی بەشدارنین لەحکومەت و هەڵوێستیان لەسەر حکومەت هەیە، بۆیە پەرلەمانتارانمان دەبێت بزانن، کەئێمە بەشدارین لەحکومەت و لەکاری پەرلەمانی چاودێرین بەسەر حکومەت بەو شێوەیەی پەیڕەو رێگەدەدات نەک پێش هێزە سیاسییەکە هەڵوێست بەسەر هێزە سیاسییەکە بسەپێنێت.
ھاوڵاتی: لەم ماوەیەدا پەرلەمانتارێکتان بەوەزیرێکی خۆتان دەڵێت رەنگت زەرد بووە ئایا مەبەستی ئەوەبووە کە بووە بەپارتی یان لەپشتی ئەو لێدوانە بابەتێکی تر هەیە؟
کاردۆ محەمەد: پێموایە بەشێک لەخەڵک لەناهۆشیاریی خۆی یان مەبەستدارە یان بەرنامەی خۆیەتی، خزمەتی نەیارەکەی دەکات بەم لێکدانەوانە بۆ ئەو هێزە، هەر هێزێک باسی پرانسیپی نیشتمانی کرد بۆ دەبێت ببێتە هێزی نەیار؟ کێ رێگای لەخەڵک گرتووە کەئینتما بکات بۆ حزب بەئاشکرا.
ھاوڵاتی: باسی ئەوەت کرد کەسانێک بەبێ بیرکردنەوە بڕیاردەدەن لەناهۆشیارییان یان بەمەبەست، باشە لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لێدوانە لەلایەن پەرلەمانتارەکانتانەوە هیچ دیسپلینێکتان نیە؟ لەکاتێکدا وەکو بەڕێزت ئەوە دەچێتە خزمەتی نەیارەکانتانەوە؟
کاردۆ محەمەد: من دەمەوێت راشکاوبم لەگەڵ خەڵکی کوردستان، هەر کەسێک کارێک دەکات لەقازانجی میللەتەکە، من خۆم رێزی بۆ دادەنێم، بەڵام نە میللەت بە قسە رزگاری دەبێت، نە بەدروشم، خەڵکی کوردستان تێریان خوارد لەم دروشمە توندانە. دروشمێک کە دواتر دەچێتە سەنگەری بەرامبەر، زۆر خەڵکمان بینی ئەوەندە توندبوو پاش ماوەیەک لەشوێنێکی تر بینیومانەتەوە، بۆیە پێمخۆشە مرۆڤ راستگۆبێت کاتێک دروشمێک هەڵدەگرێت دەبێت دروشمەکە جێبەجێبکات، یەعنی ئەم فڕێدانی قسەیە جگە لەخزمەتکردنی نەیارەکان و ئەو هێزە سیاسییەی کە گوایە ئەوان دژین. بەشێوەیەک هێزە نەیارەکەت بەهێز دەکەیت کەکەسێکی هێزەکەی خۆت وا نیشان دەدەیت لەگەڵ هێزێکی تردایە، لەکاتێکدا ئەوە زۆر دوورە لەڕاستییەوە، بەس بۆ خۆپاڵەوانکردن و خۆ جوان نیشاندانە لەسەر حسابی خەڵکی تر.
ھاوڵاتی: ئایا لەسەر ئەم جۆرە لێدوانانە ئێوە هیچ هەڵوێستێکتان دەبێت بەرامبەریان؟
کاردۆ محەمەد: داوا لەپەرلەمانتارانی خۆمان دەکەین کەبزانن گۆڕان لەژیانی سیاسی و لەناو کۆمەڵگە، زۆر جوانی کردوون، حەقە رێز لەو بزوتنەوەیە بگرن، کە ئێمەی کردووە بەوێنەیەکی جوان کاراکتەرێکی جوان لەناو کۆمەڵگە، چ پۆستی پێ بەخشیوین چ کردبێتین بەنوێنەر، حەقە رێز لەو بزوتنەوەیە بگرن کە توانیویەتی ئەو پایەیان بداتێ، نەک بەپێچەوانەوە، ببنە خاڵی لاوازی بزوتنەوەکە بەلێدوانی ناڕاست و بە ناشیرینکردنی بزوتنەوەکە. گۆڕان تائێستا لەبەرەی میللەتە، کێشە نیە لەئۆپۆزسیۆن بین یان دەسەڵات، گرنگ ئەوەیە نوێنەرەکانی ئێمە پشتگیریی لەو بەرنامەیە بکات کەبەڵێنیان بەخەڵک دابوو.
ھاوڵاتی: ئایا لێدوانی هەندێک پەرلەمانتاری ئێوە لادانی دیسپلین نیە ؟ ئایا هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ دەکەن؟
کاردۆ محەمەد: لێپێچینەوە نیە، من بڕوام بەئازادی هەیە، بە پرەنسیپ هەیە، بەڵام راستی پەرلەمانتاران کاتێک بەشدارییان کردووە، پابەندبوونیان هەیە، پابەندبونی قانونی و سیاسی و ئەخلاقییان هەیە بە بزوتنەوەکە، دەبێت پابەندبن بەوانە کەئەمە بۆ من و بۆ ئەوان، بۆ هەموو ئەوانە کە ئارەزومەندانە کۆبووینەوە لەبزوتنەوەیەک کە پێمانوایە ئامانجی سیاسییمان هەیە. من وەک خودی خۆم هەر لێدوانێکی لەو شێوەیە بینی بێت لەئۆرگانی رەسمی لەچڤاتی نیشتمانی، لەشوێنە رەسمیەکان دەڵێین حەقە پرەنسیپ و بەرنامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بپارێزن یان لەڕێگەی ئۆرگانە رەسمییەکانەوە داوامان کردووە.
ھاوڵاتی: ئایا لێدوانی جیاوازی ئەو پەرلەمانتارانە لەگەڵ هێزە سیاسییەکە، لەبەرئەوەیە کەئێوە ئەوان بەگۆڕان ناژمێرن؟ یان ئەوان ئێستا خۆیان بە گۆڕان ناژمێرن؟
کاردۆ محەمەد: ئێمە پێمان وایە گۆڕان بوون جوڵانەوەیەکی جەماوەریی ومەدەنی بووە، خاوەنی پەیام بووە، بۆیە گۆڕان بوون بەکردارەو بەجێبەجێکردنی پەیامی گۆڕانە.
ھاوڵاتی: وا دەبینرێت کە پەرلەمانتارانی کوردستان زیاتر دیسپلینکراوەتر دیارن بەراورد بەوانەی بەغدا ئایا هۆکارەکەی ئەوەیە ئێوە لەکوردستان لەحکومەت بەشدارن و بەرژەوەندیتان لەگەڵ حکومەتە، بۆیە پەرلەمانتارەکانتان کەمتر قسەدەکەن بەراورد بەوانەی بەغدا؟
کاردۆ محەمەد: ئەرکی پەرلەمانی بەغدا دیارە، خەڵکی کوردستان ئەم خەڵکەی هەڵبژاردووە لەبەغدا، کورد مافی دەستوری هەیە، کێشەی بەشداریکردنی هەیە لەعێراقدا، کێشەی خاکی هەیە، مادەی (140)ی هەیە، یەعنی ئەرکی پەرلەمانتارانی بەغدا بەرگرییکردنە لەمافەکانی کورد، لەنوێنەرایەتی کورد لەبەغدا، پەرلەمانتارانی کوردستان نوێنەرن لەکوردستان بۆ چاودێریکردنی حکومەت، ئێمە ئۆرگانمان هەیە کەدەتوانێت لەڕێگەی نوێنەرەکانی گوزارشت لەو داوایە بکات، تەنانەت ئەگەر نوێنەرانی بەغداش هەیان بێت، تەنانەت ئـەگەر کێشەیەکیش هەبێ لەکوردستان پەیوەندی بە بەغدا بێ، ئەوان وەڵامبدەنەوە.
بەڵام بەڕاستی کوردستان پەرلەمانی هەیە بەرگریی بکات لەمافەکانی خەڵکی کوردستان و پەرلەمانتارانی عێراق بەرگریی با لەمافەکانی کورد بکەن و رێگری بکەن لە(تەعریبی) خەڵکی کوردستان ، لەمووچەو لەجێبەجێکردنی ماددەی (140)، لەبودجە و چاودێربن بەسەر حکومەتی عێراقەوە، ئـەگەر ئەوەبکەن، ئەوکاتە دەتوانن هاوکارییەکی گەورەی بزوتنەوەکە و هێزەکانی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش چاودێرییەکە توندتر بکەن
ھاوڵاتی: پێشبینی ئێوە چیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی داهاتوو پێتانوایە گۆڕان دەنگ دەهێنێت لەکاتێکدا بەشێکی خەڵک لەئێوە زوویرە؟ یاسای فرەبازنەیی ئەگەر جێبەجێبکرێت بەزیانی ئێوە ناشکێتەوە؟
کاردۆ محەمەد: ئەگەر پرۆژە یاسای فرەبازنەیی ببێ لەقازانجی کورد نیە، تەنانەت بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، بۆ زاڵبوونی حزبە بەهێزەکان، ئێمە پێمانوایە ئەم کێشانە دروستدەکات، بەڵام بەگشتی، پێمانوایە گۆڕان خاوەن پرۆژەیەکی نیشتمانی دەبێت، کە خەڵک متمانەی پێبکات، بەشێوەیەک هەتا هەڵبژاردن دەیسەلمێنین کە ئێمە نەک وەکو نەیارەکان باسی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، بەڵکو بەکردار ئەو بەڵێنانەی بەخەڵکمان دابوو جێبەجێی دەکەین، پێمانوایە خەڵکی کوردستان درێغی ناکات لەبەخشینی متمانە بەئێمە