کشانەوەی ئەمریکا حەتمیە!
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
لەناوەندە جیاوازەکانی ئەمریکاو لەچاودێرانی ناوچەکە بەلێشاو کۆمێنت و راوبۆچون و شیکاری دەنووسرێت ئەم رۆژانە. هەموو ئاماژە بەئەوە دەدەن کەسیاسەتی چەند دەیەی رابردووی ئەمریکا لەناوچەکە گەیشتوەتە بنبەست و کاتی وەرچەرخانە. ئایا ئەم سیاسەتە چی بوو لەکوێوە هات؟
ئەمریکا پاش روخانی دیواری بەرلین، چەند وێناو باوەڕێکی لەلا دروست بوو. یەکەم، ئەو وڵاتانەی کەدیکتاتۆریان تیادایە خەڵکەکەی تینوی ئازادی و دیموکراسین و هەر هێزێک یارمەتییان بدات بۆ ئەم مەبەستە ئەوا دەبنە دۆستی. ئەم مۆدێلە لەسەر وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بونیادنراوە، کە رامسفێڵد بەئەوروپای نوێی ناودەبرد. ئەم کۆمەڵگایانە دۆستی ئەمریکان و نەیاری روسیان. دووەم، ئەم مۆدێلە دەکرێت لەشوێنی تریش پیادەبکرێت و هەمان دەرئەنجامی هەبێت. سێیەم، دیموکراسی و ئازادی و سەرمایەداری ئەو مۆدێلانەن کەقەدەری هەموو دونیان و هەموو کۆمەڵگاکان بەرەو ئەو ئامانجە دەڕۆن. هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق لەئەنجامی ئەم پاشخانەوە بوو. عێراق دیکتاتۆربوو، خەڵکەکەی دەیاناڵاند، بنەمای ئەوەی هەبوو کە ببێتە وڵاتێکی سەرکەوتوو لەبەر هەبوونی سامان و خەڵک و پێگە. بەڵام ئەمانە هیچی وەها دەرنەچوو. لێرەدا دەکرێت پرسیاری ئەوە بکەین ئایا دیموکراسی و ئازادی بەهای گەردونین یان رۆژئاوایین؟ لێرەدا پێویستە کەمێک زیاتر وردبینەوە. ئەوانەی بڕوایان وەهایە کەهەموو مرۆڤایەتی وەک یەکەو هەموو دەتوانن ببنە خاوەن هەمان سیستەمی دیموکراسی زۆرن. لەهەمانکاتدا واقیع شتێکی ترمان پێدەڵێت. جۆزیف هێنریش لەزانکۆی هارڤەرد لێکۆڵەرە لەبواری ئەنترۆپۆلۆژی کەلتورییدا. دوا کتێبی جۆزیت بەناوی The WEIRDest People in the World: How the West Became Psychologically Peculiar and Particularly Prosperous لێرەدا یارییەکی زمانەوانی هەیە لەناونیشانەکەدا وییەرد بەزمانی ئینگلیزی یانی غەریب و عەجیب، بەڵام لێرەدا کورتکراوەی Western, Educated, Industrialized, Rich, and Democratic کە بەمانای رۆژئاوایی، خوێندەوار، پیشەسازی، دەوڵەمەندو دیمۆکراسی دێت. بەدیدی جۆزیف کۆمەڵگای رۆژئاوایی ئاسایی نیە و لەهیچکام لەکۆمەڵگاکانی تری سەر زەوی ناچێت. وەرچەرخانێک لەکۆمەڵگای رۆژئاواییدا روویداوە، لەکۆمەڵگاکانی تردا رووینەداوە، ئەویش دروستبوونی تاکە. جۆزیف سەرەتای ئەم وەرچەرخانە دەگەڕێنێتەوە چەندین سەدە لەمەوپێش کاتێک ئاینی مەسیحی خزمخوازی یان مارەکردنی خزمی قەدەغەکرد، هەروەها فرەژنی. لەدەرئەنجامی ئەمەدا ئەم کۆمەڵگایانە کرانەوە بەسەر یەکتردا. دەرئەنجامی زۆر گۆڕانکاری تر لەئەنجامدا مرۆڤێکی جیاوازی بەرهەمهاتووە. ئەم مرۆڤە هەتا ئاستێکی بەرز تاکگەرایە، فۆکەسی لەسەر خۆیەتی، کۆنترۆڵکراوە لەلایەن خۆیەوە، راڤەکارەو هەروەها دەستوبرد شتەکان قبوڵناکات. ئەمانەو کۆمەڵێک خەسڵەتی تری زۆر. بڕێکی زۆر لەم خەسڵەتانە لەکۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان نیە. بۆیە بەدیدی جۆزیف ناکرێت وەک یەک مامەڵە بکرێن. هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق و سەرنەکەوتنی تەنانەت لەیەک ئامانجیشدا گەواهی روونی ئەوەن کەهیچ بنەمایەکی دیموکراسی لەم کۆمەڵگایەدا بوونی نیە. لەعێراقدا تاکگەرایی، عەقڵانیەت، عەلمانیەت، بڕوابون بەبوونی بەرژەوەندی گشتی، رێزگرتنی یەکتر، بەهیچ شێوەیەک بوونی نیە. بە نەمانی دیکتاتۆریەت لەعێراقدا ئەوەی هاتە ئاراوە حزب و عەشیرەت و گروپی توندوتیژیین کەهەموو شتێک دەکەن لەپێناو دزینی سامانی گشتیدا. زۆر لایەن لەواشنتۆن ئێستا بەم رایە گەیشتون و جێهێشتن بەڕێگاچارەی گونجاو دەزانن. ئەوانەی سەر بەقوتابخانەی جێهێشتنن زۆرن و جیاوازن. هەندێکیان هەر لەسەرەتاوە دژ بەهاتنی ئەمریکا بوون بۆ ناوچەکە، هەندێکیان وەها هەست دەکەن ئەمریکا هیچ ئامانجێکی نەماوە، هەندێکی تریش لەو نائومێدییەوە دونیا دەبینن کەئەمریکا بەچەندین دەیان هەزار سەربازەوە توانای ئەوەی نەبوو هیچ شتێک بکات، چیدی بەچەند هەزار سەربازێکی کەمەوە هیچی بۆ ناکرێت. بەڵام لەپشت کشانەوەوە وەرچەرخانێکی تری گەورەتر لەئارادایە، ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکا بەهەمان رۆڵی جاران لەدونیادا هەڵناسێت و لەناوەوە فشاری لەسەرە کە بەجۆرێکی تر مامەڵە بکات. ئەوەی وەک بەهانەی سەرەکی بۆ ئامادەیی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا بریتی بوون لەنەوت، ئاسایشی ئیسرائیل، رێگرییکردن لەزاڵبونی هەر وڵاتێک بەسەر سەرچاوەکانی وزەو رێڕەوەکانی وزەدا. ئێستا هەموو ئەم مەترسییانە گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە. نەوت رۆڵ و بەهای بۆ ئەمریکا گۆڕاوە. ئەوەی نیگەرانە لەئاسایشی وزەی کەنداو چینە نەک ئەمریکا، چونکە چین ٦٠٪ی وزەی لەکەنداوەوە دابین دەکات، هەر قەیرانێک لەئەم بڕەدا دەبێتە هۆکاری فشار لەئاسایشی وزەی چین و پاشان ئاسایشی گشتی وڵات. ئێستا ئەمریکا ئەو خزمەتە بۆ چین دابین دەکات، هەرچەندە ئەو دوو وڵاتە وەها خۆیان دەردەخەن کەبەرەو کێبڕکێ و ململانێ بڕۆن. هەرچی دەستبەسەراگرتنی سەرچاوەی وزەیە ئەوەی کەدەتوانێت ئەو هەنگاوەبێت ئێرانە. بۆیە ئێران کرۆکی پرسی مانەوەی ئەمریکایە لەکەنداو، بەڵام ئەم پرسەش لەنێوان دوو قوتابخانەدا جۆلانێیەتی، قوتابخانەیەک کەپێی وایە بەدیپلۆماسی دەتوانرێت رێگە لەچەکی ئەتۆمی ئێران و خواستە فراوانخوازییەکەی بگیرێت، هەندێکی تریش دەڵێن لەڕێگای فشاری راستەوخۆوە. بەڵام ئێران تەنها هەتا ئەو ئاستە بۆ ئەمریکا گرنگە کەڕێگریی لێدەکات بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵێت. ئەگەر پرسی ئێران چارەسەر بکرێت ئەوا هیچ بەهانەیەک نامێنێت بۆ مانەوە بەپێی زۆرێک لەچاودێران. ئەگەر جاران ئاسایشی ئیسرائیل گرنگ بوو ئێستا ئیسرائیل جێگای مەترسی نیەو سود لەمەترسی ئێران بینرا بۆ ئەوەی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاشت بکەنەوە. بەجۆرێک هەندێک دەڵێن ئەگەر ترەمپ مامانی پرۆسەی ئاشتییە ئەوا خامنەئی باوکی ئەو پرۆسەیەیە.
یەکێک لەگەورەترین فاکتەرەکانی کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق نەمانی بەهانەیە. ئایا ئەمریکا بۆچی لەعێراقە؟ رەنگە تەنها وەڵامێکی ئامادەباش بۆ ئەم پرسیارە ئەوەبێت هەتا رێگریی لەهاتنەوەی داعش بکات، یان میلیشیا عێراقییەکان سنوردار بکات. بەڵام ئەم بەهانانە جودان لە دیموکراتیزەبوون و لیبرالیزم و حوکمداریی باش و کردنی عێراق بەکرۆکی گۆڕانکاری لەناوچەکەدا. عێراق نەک نابێت بەهیچ کام لەم شتانە، بەڵکو دەبێتە مایەی مەترسی بۆ ناوچەکە. عێراق وەک راپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەریدەخەن، هەروەها کارنامەی سپی وەزارەتی دارایی دەریدەخەن کەعێراق توانای خۆبژێوی نەماوە. بەشی هەرە زۆری سامانی هێزە سیاسییەکانی قۆرغیان کردووەو دەوڵەت هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریدا نیە. هەموو ئەمانە وەها دەکەن کەسێکی وەک ستیڤ کوک، وەک چاودێرێکی نزیکی ناوچەکە، پێشنیاری ئەوە بکات کە باڵیۆزخانەی ئەمریکی بدرێت بەزانکۆی بەغداو ئەمریکا هیچ بەهانەیەکی نەماوە بۆ ئەوەی باس لەخەونە دیزنییەکانی بکات لەو وڵاتەدا. ستیڤ کۆنتەیمێنیت بەسیاسەتێکی گونجاو دەزانێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکەدا. بەکورتی ئەمریکا نە خەون و ئامانجی ماوە لەعێراق، نە ئەو خەون و ئامانجانەی هەیە کەجاران هەیبوو کاتێک هات بۆ عێراق لەئاستی دونیادا. هاتنی بۆ عێراق وەهایکرد کە بەئاستێک سەرقاڵی بکات کەهێزێکی وەک چین هەڵکشێت بەبێ هیچ رکەبەرییەک، ئێستا ناچارە دەست بەململانێ بکات لەگەڵ ئەو هێزەدا. لەسەروی هەمویەوە هیچ سیاسییەک نیە بیەوێت خۆی بکاتە خاوەن هیچ پرۆژەیەک لەعێراق هەموو چەند دروشمێکیان هەیە، یەکەم، هێنانەوەی سەربازەکانمان، دووەم، کۆتایهێنان بەشەڕی ناکۆتا. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە هەرکاتێک ئەمریکا ویستبێتی ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵێت ئەوا ناچاری کردووە بەگەڕانەوە، وەک لەنمونەی داعش و ئۆبامادا بینیمان.