هەرێمی کوردستان لەنێوان دەسەڵاتخوازیو بێ حکومەتیدا!
4 ساڵ لەمەوپێش
سیروان حهمه رهشید
ئەرک و رۆڵی حکومەت لەبەرامبەر ئاسایش و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیاندا چییە؟ ئایا دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان خاوەن ئەو حکومەتەیە کەهەڵگری خەم و بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و نیشتیمانیی بێت؟ گەر بەمانا دروستەکەی حکومەتمان هەیە ئەی ئەو هەموو نەهامەتی و برسیبوون و زەلیلکردنەی هاووڵاتییان لەکوێوە هاتووە؟!!! یان ئەوە تەنها گرووپی دەسەڵاتە کۆمەڵێک دامەزراوەی رۆتین و بیرۆکراسی دروستکردووەو ناوی لێناوە حکومەتی هەرێم ، کە لەسایەی سیاسەتەکاندا دۆخی خەڵک و هاووڵاتییان بەم ئاستە قورس و دژوارەدا گەیشتووە؟
پرۆفیسۆر (مەهدی جابر مەهدی) لەپێشەکی کتێبی (حوکمڕانی باش)دا بەم جۆرە پێناسەی حکومەت دەکات دەڵێت: «حکومەتی باش گوزارە لەخواستەکانی مرۆڤ دەکات بەئاڕاستەی هێنانەدی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی، لەبەر ئەمەشە کە لەئەدەبیاتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا وەک پێداویستییەکی شێڵگیرانەیە بۆ پێشکەتن و گەشەپێدان ئاماژەی پێدراوە».
زۆر گرنگە هەموو حکومەتێک پایە بنچینەییەکانی تێدا بێت و بەرپرسیاربێت لەدەستەبەرکردنی لانی کەمی ئاسایش و گوزەرانی میللەتدا. گەر بەشێوازێکی زانستی شرۆڤەکاری بۆ حکومەتی هەرێم بکەین توێژەرە نازانێت کام میتۆدی زانستی گونجاوە بۆ ناسین و هەڵسەنگاندنی، چونکە هیچ جۆرە پێوەرو بنەماو خەسڵەت و سیمایەکی حکومەتی تێدا نییە تا توێژەر پەنا بۆ رێبازێکی دیاریکراو بەرێت!!! حکومەتێک دوای (28) ساڵ لەتەمەنی و ئەو هەموو سەروەت و سامانە زۆرو زەوەندەی لەکوردستاندا هەیە، کەچی هێشتا ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانی لەوپەڕی خراپیدایەو بەڕادەیەکی ترسناک سنوری گەندەڵ و فەسادی سیاسی و ئابووری گەیشتووە بەئاستی مافیاگەری و تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کەلێن و دەلاقەی یاسایی، ئەم جۆرە حکومەتە موچەی (12) مانگی فەرمانبەرانی کردووە بە چوار مانگ بەلێبڕینی بەشێکی موچەکەیان ؟ یان چاوی لەسواڵ و سەدەقەی حکومەتی ناوەندییە، سەرباری ئەوەش نزیکەی (30) ملیار دۆلاری قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی هێنابێتە سەر شانی. بەکورتی لەهەموو سیستمێکی تەندروستی سیاسی جیهانیدا خاوەندارییەتی حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ خودی میللەت، وەک ئامرازێک دەبێتهمایەی خێرو خۆشی بۆ تەواوی چین و تووێژەکان، نەک وەک ئەوەی لەهەرێمدا دەبینرێت خەڵک خۆی خاوەن حکومەت نییە. بەڵکو ئەو حکومەتە شکڵییەی هەرێمە بۆتە قورسترین بارگرانی و دێوەزمە بەسەر شانی میللەت. لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لەبۆشایی بێ حکومەتیدایە، ئەوەی کەهەیە تەنها گڕووپگەلی دەسەڵاتخوازن نەک پێکهاتەی حکومەت.. تا میللەت و هەرێم نەبێتە خاوەن حکومەتی نیشتیمانی و مەدەنی و هاووڵاتیبوون دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و ژیانی خەڵک و فەرمانبەران لەمەی ئەمڕۆ کەهەیە، بەدڵنیاییەوە گەر خراپتر نەبێت باشتر نابێت..