هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندیى به‌یەکێتی‌و پارتییەوە هەبێت به‌ر نه‌فره‌ت دەکەوێت لەسۆشیال میدیا، تا سەر ئێسقان ئازاری خەڵکیان داوە

یاسین ئافتاو پسپۆڕى کۆمه‌ڵناسى کلتورو مامۆستاى زانکۆ بۆ ‌هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حهسهن

یاسین ئافتاو پسپۆڕى کۆمهڵناسى کلتورو مامۆستاى زانکۆ لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هاوڵاتی-دا سەبارەت بەدیاردەی جنێو لەسۆشیال میدیادا، ئاماژە بەوەدەکات ههر شتێک پهیوهندیى بەیەکێتی و پارتییەوە هەبێت بهر نهفرهت و جنێوو سووکایهتیى دهکهوێت لەسۆشیال میدیا، چونکە ئەو دهسهڵاته دووقۆڵیی تاسهر ئێسک ئازارى داون.

 لەبەشێکی وتەکانیدا سەبارەت بەو هیرشانەی کرانەسەر دوو کەسایەتی کە لەم مانگەدا کۆچی دواییان کرد، ئەویش یەکێکیان بابهشێخ بوو کەکەسایەتییەکی ئاینیی ئێزیدییەکان بوو، ئەوی تریش نووسەر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان مههاباد قەرەداغی بوو کەپێشتر راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بووە.

یاسین ئافتاو وتی «بابهشێخ که میرى ئێزیدیانه، زۆرتر لهلایهن بهشێک لهمرۆڤه موسوڵمانه باوهڕدارو دۆگماتیکهکانهوه پهلامار درا -بێگومان باوهڕدارانێکیش ههبوون دڵخۆش نهبوون-، بهڵام مههاباد قهرهداغى بهرفراوانتر پهلامار درا، چونکه بهبڕواى پهلاماردهران؛ ئهم ژنه بهرگریکار بووه لهگهندهڵکاران.

یاسین ئافتاو بۆ سنووردارکرنی  دیاردەی جنێو دەڵێت «بریتییه لهچاککردن و گهشهپێدانى ژێرخانى کۆمهڵگه، دهبێت خهڵک لهڕووى داراییهوه باش بن، دهبێت رێ بگیردرێت لهدهوڵهمهندبوونى ناڕهوا».

هەروەها دەڵێت «ههر رێکارێکى سزادان و چاوسوورکردنهوهو ههڕهشه بهیاساو کارى لهو جۆره دهرهنجامهکهى پێچهوانه دهبێت، بگره خراپتریش دهبێت، چونکه ئهو رێکارانه بهبێ چاککردنى ژێرخانهکه؛ لهدۆخى توندوتیژیى مهعنهوییهوه بهرهو خراپترین جۆرهکانى توندوتیژیى فیزیکیمان دهبات».

هاوڵاتى: دیاردهى جنێودان و سووکایهتییکردن لهناو سۆشیال میدیادا زۆر بووه، بهبڕواى تۆ وهک شارهزایهکى رشتهى کۆمهڵناسی هۆکارهکانى ئهم دیاردهیه چین؟

یاسین ئافتاو: ئهم دیاردهیه دیاردهیهکى کۆنهو لهسۆشیال میدیادا بهبهرگێکى تازهو گوڕێکى بههێزترهوه دهرکهوتۆتهوه، سۆشیال میدیا ژینگهى تهشهنهسهندنى فهراههم کردووه، بگره لهوهش زیاتر دهڕۆم و دهتوانم بڵێم سۆشیال میدیا ناوهندێکى ئێجگار نموونهیى و لهبارى بۆ جنێودان خوڵقاندووه، ئهوهى سهرنجى تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان «بهتایبهتى فهیسبووک» بدات، سهرى لهو ههموو جنێوو ناوزڕاندن و توندوتیژییه زارهکییه دهسووڕمێت، من داتایهکم لهبهردهستدا نییه تا بهدیاریکراوى قهبارهى ئهم دیاردهیهت پێ بڵێم و شیکارییهکى کۆمهڵناسییانهى شایستهى لهبارهوه بکهم، بهڵام ههر بهسهرنجدانێکى سهرپێیى ههست بهبهربڵاویى دیاردهکه دهکهیت.

هیچ دیاردهیهکى کۆمهڵایهتى نییه زیاد لههۆکارێکى نهبێت، جنێودانیش یهکێکه لهو دیاردانهى کهزیاد لههۆکارێکى ههیه؛ خۆى لهبنهڕهتدا جنێودان دیاردهیهکى سۆسیۆسایکۆلۆجییه، واته ههندێک لههۆکارهکانى کۆمهڵایهتیى و ههندێکیشیان دهروونین، ههریهکێک لههۆکارهکان لهیهکێک لهم شوێنانهوه دێت: پهروهردهى خێزانی، کۆڵان، قوتابخانه، گرووپى هاوڕێیان، میدیا، بهڵام لهههموویان گرنگتر ژینگهى ژیانى کۆمهڵایهتییه، ئهم ژینگهیه تا چهند شڵهقاوو بێ ناکۆکیى و نادادیى و تاوانکاریى بێت، هێندهش ئهم دیاردهیه بهگوێ و توندوتیژتر دهبێت.

لهههر کۆمهڵگهیهکدا پهیوهندییهکان لهسهر بنهماى رێزگرتنى ئهوی دیکهو پێکهوهژیان و رێزگرتن لهجیاوازییهکان دانهمهزرابێت، چوارچێوهیهکى کولتووریى و یاسایى و سیاسیى و ئهخلاقى بۆ پهیوهندییهکان و کێبڕکێ و ململانێیهکان دانهڕێژرابێت، ئهو کۆمهڵگهیه ژینگهیهکى لهباره بۆ ههموو جۆرهکانى توندوتیژیى و لهناویشیاندا جنێودان وهکو یهکێک لهجۆرهکانى توندوتیژیى مهعنهویی.

هاوڵاتى: گیان لهدهستدانى باباشێخ-ى میرى ئێزدییان و مههاباد قهرهداغى نووسهرو چالاکوان؛ کاردانهوهى زۆرى لێکهوتهوه، زۆریش لهبۆچوونهکان بهبیانوى پاڵنهری ئاینیى بوون هۆکارى ئهمه چییه؟

یاسین ئافتاو: دیسانهوه ئهمهش کۆمهڵێک هۆکارى لهپشته، یهکهمیان پهیوهسته بهدهسهڵاتى سیاسییهوه، دووهم بهئایینهوهو سێیهمیش ئابووریى و کۆمهڵایهتییه. لهڕووى سیاسییهوه؛ ئێستا لهکوردستان دهسهڵاتێکى هاوپهیمانى ههیه، بهڵام داینهمۆى سهرهکیى دهسهڵاتهکه یهکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانن، ئهو دوو هێزه بهتایبهتى لهدواى ساڵى ٢٠١٣هوه کوردستان لهقهیرانێکهوه بهرهو قهیرانێکى دیکه دهبهن، ئهم دوو هێزه بهدرێژایى مێژووى خۆیان لهناو کۆمهڵگهى ئێمهدا هێنده بێزراوو نهخوازراو نهبوون، ههرشتێک پهیوهندیى بهو دوو هێزهوه ههبێت بهر نهفرهت و جنێوو سووکایهتیى دهکهوێت.

ههر فیگهرێکى سیاسیی، هونهری، کۆمهڵایهتیى رۆژێک لهڕۆژان لهبهرژهوهندیى ئهو دوو هێزه کارى کردبێت و لێدوانى دابێت و وهلائى خۆى بۆ دهربڕیبن و هێشتاش بهردهوام بێت، ئهوا لهههر دۆخێکدا کهڕووبهڕووى دهبێتهوه، جا خۆش بێت یان ناخۆش؛ بهر هێرشى ههموو ئهوانه دهکهوێت که دهسهڵاته دووقۆڵییهکهى یهکێتیى و پارتى تا سهر ئێسک ئازارى داون.

ئهم قسانهى من دهیانکهم پاساوهێنانهوه نیین بۆ دڵخۆشبوونى زۆرێک لهخهڵک بهمردنى ئهو دوو فیگهره، لێشت ناشارمهوه کههیچ ههستێکم بۆ مردنى ئهو دوو فیگهره نهبوو، نه پێم خۆش بوو نه ناخۆش، ههربۆیه رهنگه باشتر لهوانى دیکه بتوانم بابهتییانه لهبارهیانهوه بدوێم. کهیسى بابهشێخ ئایینییهو هى مههابادیش زۆرتر سیاسییه، بابهشێخ که میرى ئێزیدیانه، زۆرتر لهلایهن بهشێک لهمرۆڤه موسوڵمانه باوهڕدارو دۆگماتیکهکانهوه پهلامار درا «بێگومان باوهڕدارانێکیش ههبوون دڵخۆش نهبوون»، بهڵام مههاباد قهرهداغى بهرفراوانتر پهلامار درا، چونکه بهبڕواى پهلاماردهران؛ ئهم ژنه بهرگریکار بووه لهگهندهڵکاران، سوودمهند بووه لهئیمتیازاتى زۆرو بهشێوهیهکى ناشاییستهش. ئهوه جگه لهوهى بهرهى پهلاماردهرهکانى مههاباد ئهوانهش لهخۆدهگرێت که لهسهر دیده فێمنیستیى و یهکسانییخوازهکانى پهلاماریان دا.

لێرهدا گرنگه ئاماژه بهیهکێک لههۆکاره ههره سهرهکییهکانى ئهم پهلامارو جنێوو توندوتیژییانه بدهم، دهسهڵاتى دوولهتى یهکێتیى و پارتی، دۆخێکى ئابووریى و سیاسیى و یاسایى وایان خوڵقاندووه کهپڕه لهههژاریى و نهداریی، لهترس و نادڵنیایی، لهپێشێلکردن و ئازاردان، لهدۆخێکى لهو جۆرهدا کهخهڵک بهدهست بێدهسهڵاتیى و پهرتهوازهیى و نهبوونى هێزێک کهبهرگرییان لێبکات؛ دهناڵێنن. لهدۆخێکى وادا بهرگریى و هێرش بۆسهر خوڵقێنهرانى ئهو دۆخه دهبێتهوه بهئاکتێکى تاکهکهسییانه، ئاکتى تاکهکهسییانهش ههمیشه لهفۆرمى لهم جۆرهدا بهرجهسته دهبێت.

هاوڵاتى: چى بکرێت بۆ کۆتاییهاتنى ئهو قسانه، ههروهها بۆ ئهوهى سۆشیال میدیا نهبێته شوێنى فڕێدانى جنێوو قسهى نهشیاو؟

یاسین ئافتاو: بێگومان ئهو جۆره قسهکردن و جنێودانانه ههرگیز کۆتاییان نایهت، ههتا مرۆڤ ههبێت قسهى زبرو جنێوو تانهدان لهیهکدى دهمێنن، بهڵام دهبێت قسهکهمان لهبارهى سنووردارکردنهوه بێت، دهبێت بڵێین چى بکهین بۆ ئهوهى ئهو رووبهره فراوانهى جنێودان تهسک بکهینهوهو ئهو ژماره زۆرهى جنێودهران و زبرزمانان و لاقرتهپێکهران کهمبکهینهوه؟

بۆ کارێکى لهم جۆره دهبێت کۆمهڵگهیهکت ههبێت که بهشه جیاوازهکانى پهیوهندییهکى یهکانگیرو هارمۆنییان پێکهوە ههبێت، دهبێت دامهزراوه کۆمهڵایهتیى و سیاسیى و پهروهردهیى و میدیاییهکان پهیوهندیى هاوکارانهو ههرهوهزکارانه لهنێوانیاندا ههبێت، دهبێت پێکهوه دۆخێک بهێننه ئاراوه کهجنێودان کارێکى قێزهون و جنێوفرۆش کهسێکى نزم و بێزراو بێت، بهڵام ئهمهش سهرناگرێت ههتا دۆخێکى ئابووریى هاوسهنگ، رهوشێکى سیاسیى ئارام و ژینگهیهکى کۆمهڵایهتیى لهسهر رێزى بهرانبهرو پێکهوه ژیان بونیاد نهنرابێت. ههژارى دایک و باوکى ههموو جۆرهکانى توندوتیژییه، ههژارى بۆ نزمترین ئاستهکان داببهزێنه، لهگهڵیدا ههموو جۆرهکانى توندوتیژیى لهکهمیى دهدهن، خۆ لهخۆڕا کورد نهیوتووە «کاسهى پێ ئاشتیى ماڵه».

نایهکسانیى و لهپڕبوونهکوێ و تاڵانیى و گهندهڵیى و نهبوونى سزادان و لێپێچینهوه لهوانهى ههر له خۆوه دهبنه خاوهنى ههموو شتێک؛ هۆکارێکى دیکهى توندوتیژییه، لهحاڵهتى ههرێمى کوردستاندا؛ ههژاریى و نایهکسانیى دوو پاڵنهرى ههره سهرهکین بۆ توندوتیژیى و بهتایبهتیى بۆ جنێودان.

بهڵام ئهم قسانهى پێشهوه بهو مانایه نایهن کهدهبێت سهرچاوهکانى دیکهى جنێودان و توندوتیژى زارهکیى فهرامۆش بکهین. پهروهردهى خێزانیی، هى خوێندنگهو پهرستگه و میدیایى کارایى گهورهیان ههیه لهتهشهنهسهندن یان کهمبوونهوهى ئهم دیاردهیهدا.

باشترین رێگه بۆ کهمکردنهوهو سنووردارکردنى دیاردهى جنێودان بریتییه لهچاککردن و گهشهپێدانى ژێرخانى کۆمهڵگه، دهبێت خهڵک لهڕووى داراییهوه باش بن، دهبێت رێ بگیردرێت لهدهوڵهمهندبوونى ناڕهوا، ئینجا رێکاره پهروهردهییهکان بهپلهى دووهم دێن، پاشان رێکاره یاسایى و سزایى و لێپێچینهوهکان بهپلهى سێیهم. بهکورتییهکهى پێداویستیی بنهڕهتییان بۆ خهڵک دابین بکه، پهروهردهى دروستیان بکه، هۆشدارییان پێبدهو بیانترسێنه، خۆبهخۆ ئهم دیاردهیه و ههموو دیارده نهشیاوهکانى دیکهش کهم دهبنهوه.

هاوڵاتى: کێ دهتوانێت کاریگهرى ههبێت بۆ چاککردنى ئهو بارودۆخه؟

یاسین ئافتاو: بهر لهههمووان دهسهڵاتى سیاسیی، دهبێت بهباشیى کارهکانى خۆى جێبهجێ بکات، دهبێت دۆخێک بێنێته ئاراوه کهههموو ئهوانهى دهتوانن لهم پرسهدا رۆڵیان ههبێت کارێک بکهن، تۆ که بازاڕت خاپوور کردبێت، کهشى سیاسییت پێ کردبێت لهترس و توندوتیژی، کهمووچه نهدهیت و قوتابخانهکانت کردبێته کهلاوه، تۆیهک کهدهرفهتت دابێت بهژمارهیهکى کهمى خهڵک باشترین ژیانیان ههبێت و زۆرینهش بهدهست نهبوونى و دهسکورتی و مهراق و خهفهتهوه وهخت بێ دیق بکهن؛ هێشتاش چاوهڕێ دهکهیت جنێو نهدهن؟! ئهوه نامومکینه، ههر رێکارێکى سزادان و چاوسوورکردنهوه و ههڕهشه بهیاساو کارى لهو جۆره دهرهنجامهکهى پێچهوانه دهبێت، بگره خراپتریش دهبێت، چونکه ئهو ڕێکارانه بهبێ چاککردنى ژێرخانهکه؛ لهدۆخى توندوتیژیى مهعنهوییهوه بهرهو خراپترین جۆرهکانى توندوتیژیى فیزیکیمان دهبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار