هەرێمی سلێمانی، هەنگاوی یەكەم بۆ هەستانەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
ئەم سێ حیزبە حوكمڕانەی ئێستای كوردستان، پارتی، یەكێتیو گۆڕان... هاوپەیمانەكانی پێشوتریشیان لە گوتارو حوكمڕانیدا، كارێكیان بەم هەرێمی كوردستانە كردوە، وەك ئەڵێن با بە دەواری شڕی نەكردبێ. ئەو راستییەی كە هەر لایەنێك بە پێی سەنگی بەشدارییەكەیو وەختی خەتاكەی خەتم ئەكرێ، هیچ لەو هێزی تاوانكارییە ناگۆڕێ و كەمناكاتەوە كە ئەوان بەرامبەری خەڵكوخوای ئەم دەڤەرە كردویانە, بە هەمو یاسایەكی مرۆیی، بە شەرعیو عەشایەریو هەتا شەواریعی، تاوانكارو هاوڕێكەی، بێدەنگبوەكان لە تاوان و ئەوەشی روی تاوانبار سپی ئەكاتەوە، گشت وەكو یەك بەر نەفرەت ئەكەون، ئێمەومانانیش كە رۆژێك گەر بە وشەیەكیش بەرگریمان لەو تاوانكارانە كردبێت، گەر داوای لێبوردن نەكەین، پشكێكمان هەر بەردەكەوێ.
تێكچونی تەونی كۆمەڵایەتیو ئاشتی كۆمەڵایەتی كۆمەڵی كوردەواری لە قۆناغێكی هێندە مەترسیداردایە، ئیتر قسەگەلی فڵان سەركردە چەتەیەو فڵان حیزب خەتایەتیو فڵان بنەماڵە مافیان و...هتد, هیچ سودێكی نەماوە، جگە لەوەی بەنزین بەو ماڵە سوتاوەی كوردا ئەكات هیچیتر نابەخشێ, كاتێك دەرفەت هەبو بۆ چاكسازی كەس لە خەمیدا نەبو, كەس نەیكرد. كاتێك دەرگایەك بۆ گۆڕانكاری لە كۆی پرۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە, دایانخستو تێپەڕی، كاتێكیش لافاوێكی جەماوەریی بۆ راماڵینی كۆی حیزبەكان هەڵسا، پیاوەكانی هەردو قۆناغی چاكسازیو گۆڕانكاری بە تاكو بە كۆمەڵ تەسلیم بون، بون بە بەربەست، دواجار هەمو پێكەوە گەلو نیشتیمان تاوانبار ئەكەنو بە پرەنسیپی ئەو قوڕە ئەو تۆزەی لێ هەڵئەسێ لۆمەكە بەسەر هەمواندا، ئەبەخشنەوە. ئێ خۆ رەنگە هەندێ كەسی بێ ئاگا لە نوسەری ئەم دێڕانە بڵێ ئەی خۆشت لەگەڵیان نەبوی؟ ناچار بڵێم: بەڵێ لە ژێر تۆپو تەیارەی بەعسدا، لە بەرگری لە جینۆسایدكردنی میلەتەكەم، لەگەڵ زۆرێك لە پیاوە جوامێرەكانی میلەتەكەمدا، لە یەك سەنگەردا بوم, هەندێ لەم جڕوجانەوەرانەشمان لە تەكدا بون, ئێستاش زەمەن بگەڕێتەوە هەر هەمان ڕێگەی زیندانو شاخ و پێشمەرگایەتی هەڵەبژێرمەوە, بەڵام خۆ نوسینەكانم ماونو خۆشبەختانە یەك لە قەسیدەكانم سرودێكەو ساڵی نەوەدو دو، دوای راپەڕینو لە سەرەتای یەكەم كابینەی حكومەتدا، نوسیومە كە بە گومانم لە مانەوەی ئەو پیاوە خائینانە لەسەر كورسی حوكمداریو هەر ئەو كات داوا دەكەم تۆڵەی خیانەتكردن لە شەهیدو ئەنفالكراو و قوربانیەكانیان لێبكەنەوە ,لەسەر ئەو گوتارەش, چ بە كاری سیاسی یان بە نوسین و كاری ئەدەبی, بەردەوام بوم. بەڵام ئێستاو ئیتر گرێی چارەسەركردنی كێشەكان، لە گەستنیش دەرچوە، هیچ حیزبو حكومدارێ گوێ بە ئایندەی كورد و مەسەلە رەواكەی نادا ، هیچیان لە خەمی تێكچونی شیرازەی كۆمەڵ و ئاشتی كۆمەڵایەتیدا نین، بەڵكو بە بەرنامە كار بۆ زیاتر تێكدانو هەڵوەشاندنەوەی ئەكەن.
بەش بەحاڵی خۆم نزیكەی چل ساڵە كاری سیاسی ئەكەمو بە لێكدانەوەو لێكۆڵینەوەی هەمو ئەو مێژوە، ئێستاو ئایندە، لەگەڵ دەستەیەك لە هاوڕێكانماندا، گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی تەنیا چارەسەر كۆبونەوەی هەر شارو شارۆچكەیەكە بە كۆمەڵ و بە جیاواز, لەژێر سایەی فۆرمێك یان فۆرمی جیاجیادا، رەنگە پێمان بڵێن ئەوە پەرت بونو دابەش بونە، راستە وایە ! بەڵام ئەبێ دەسەڵات لەم هەرێمەدا پەرتو دابەش بكەین ، بەڵام گەر ئەوە رو نەدا و هەر بازنەیەك بە پرۆژەیەكی خۆماڵی لەم قۆناغەدا خۆی نەگرێتەوە، هەتا هەتایە ئەم میلەتە شیرازەی كۆمەڵایەتی یەكناگرێتەوە و مەسەلە رەواكەشی كە سەدان ساڵە قوربانی بۆ ئەدا، لەدەست ئەدات, ئایندەشی نارونو نادیار ئەبێت. بۆ ئەو كارە پیرۆزەش پرۆژەیەكی دەستوریی یاساییمان پێشنیازكردووە, كە بەدەنگی خەڵك ئەتوانین سەرەتا بە جیاكردنەوەی هەرێمی سلێمانی, هەرێمی كوردستان بكەین بە دوو هەرێمی سەربەخۆلە عێراقدا, ئەو هەرێمەی جیائەبێتەوە ئەتوانێ خۆیو لەناو خۆیدا بە پشتیوانی خەڵكی پسپۆرو شارەزا پرۆژەی سیاسی, ئیداری, كۆمەڵایەتی بۆ هەستانەوەو رێكخستنەوەی تواناكانی میلەتەكەمان بە ئەنجام بگەیەنێ, وەك نمونەیەكی تەندروستی حكومڕانی بكرێ بە وانەیەك پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان چاوی لێبكەنو لەناوخۆی هەرێمی پارێزگای سلێمانیشدا بە بەرنامەی دابەشكردنی دەسەڵاتو گەڕاندنەوە بۆ رای خەڵكی ناوچە جیاجیاكان, خەڵك لای خۆیەوە شیرازەی خۆی بگرێتەوە دەستو لە خاڵێكی سەرەتاوە دەستپێبكەن, وەك دەڵێن لە هەنگاوی یەكەمەوە بە توانای خەڵك هەزاران میل بۆ پێشەوە بڕۆینو گرنگترین تێشوی رێگەكەشمان دروستو راستی هەنگاوی یەكەممانە.