یوسف محه‌مه‌د بۆ ‌ھاوڵاتی: بەرپرسانی ھەرێم حەوت ملیار دۆلاریان بردووەتە سویسرا

"ئه‌وانه‌ى پاره‌یان له‌هه‌رێم به‌گه‌نده‌ڵى بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ناوه‌کانیان ئاشکرا ده‌که‌ین‌و به‌ڵگه‌کانیش ئاماده‌ن"

4 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات به‌ده‌یان ملیار دۆلار له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ به‌گه‌نده‌ڵى براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌شڵێت:» ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پاره‌یان له‌هه‌رێم به‌گه‌نده‌ڵى بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ناوه‌کانیان ئاشکرا ده‌که‌ین و پارێزراو نابن».

یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌ھاوڵاتی، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات ده‌نگدان له‌سه‌ر بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن بێ که‌موکووڕى نییه‌و کێشه‌ گه‌وره‌که‌ بوونى» ساخته‌کارییه‌« لەپرۆسەی ‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.

سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ ته‌نها له‌وڵاتى سویسرا حه‌وت ملیار دۆلارى به‌رپرسانى هه‌رێم که‌ به‌گه‌نده‌ڵى بردوویانه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌ بووونى هه‌یه‌و ده‌شڵێت:» به‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌ست دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کانى حکومه‌تى عێراقدان.... به‌رپرسانى هه‌رێم پشکى شێریان به‌رکه‌وتووه‌ له‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌و سپیکردنه‌وه‌ى پاره‌و هیچ که‌سێک پارێزراو نابێت و ناوه‌کانیان ئاشکرا ده‌که‌ین».

‌ھاوڵاتی:  ده‌نگ درا له‌سه‌ر بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن له‌په‌رله‌مانى عێراق؟ کورد به‌پێى ئه‌م یاسایه‌ کورسییه‌کانى که‌م ده‌کات یان نا؟

یوسف محه‌مه‌د: له‌بارودۆخێکى ته‌مومژاوى به‌بێ بوونى نیساب ده‌نگدرا به‌بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن، له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ى کێشه‌یه‌ بوونى ته‌زویرى فراوانه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراقدا به‌هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى له‌ 2018 کرا ته‌زویرێکى زۆرى تێدا کراو بووه‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى خه‌ڵک هاتنه‌سه‌ر شه‌قام  له‌پارێزگاکانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق و دواتر کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى به‌دوای خۆیدا هێنا تاهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراقى لێکه‌وته‌وه‌.

راسته‌ گرفت و کێشه‌ له‌سیستمى هه‌ڵبژاردن و بازنه‌کانى عێراقدا هه‌یه‌، به‌ڵام کێشه‌ى سه‌ره‌کى مه‌سه‌له‌ى ته‌زویره‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.

ئه‌و سیستمى بازنانه‌ى که‌ به‌پێى ئه‌م یاسایه‌ دانراون، چاکه‌و خراپه‌ى خۆیان هه‌یه‌و هیچ یاسایه‌کى هه‌ڵبژاردن نییه‌ دادگەرى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، بوونى ته‌زویرو هێزى چه‌کدار له‌ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌ت له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان بوونى به‌رپرسى فاسیدو  گه‌نده‌ڵ واى کردووه‌ که‌ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ئاقارى خۆیاندا بگۆڕین.

بۆ کورد به‌گشتى کورسییه‌کانى که‌مده‌کاته‌وه‌و به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کاندا به‌پێى ئه‌م شێوازه‌ واتا مه‌رج نییه‌ کورد کورسیه‌کانى که‌م نه‌کات له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، ئه‌وه‌ش به‌گشتى کورد له‌عێراقدا تووشى زه‌ره‌رمه‌ندى ده‌کات.

‌ھاوڵاتی: پێتانوایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتى خۆیدا ده‌کرێت له‌شه‌شى حوزه‌یرانى 2021دا که‌ له‌ دوو رۆژى رابردوو مسته‌فا کازمى ته‌ئکیدى کرده‌وه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ى لێى ده‌ڕوانین به‌و ئاماده‌کارییه‌ى هه‌یه‌ به‌ته‌واونه‌کردنى یاساى هه‌ڵبژاردن، چونکه‌ له‌ئێستاوه‌ کار بۆ هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌یه‌ له‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمارو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌گه‌ر بازنه‌کانیش یه‌کلابکرێنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌سیستمى بایۆمه‌ترى و ژماردنى ئه‌لیکترۆنى ده‌نگه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌زمونێکى زۆر خراپ هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها دادگاى فیدراڵى نیسابى یاسایى نییه‌، کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا له‌کۆمه‌ڵێک دادوه‌رى تازه‌ پێکهاتوون و ئه‌زمونى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنیان نییه‌، له‌بوارى کارى کۆمسیۆن هه‌موو ئه‌وانه‌ ئاسان نییه‌ له‌ شه‌شى حوزیران ئه‌نجامبدرێت، ره‌نگه‌ له‌چوار مانگى کۆتایى ساڵى داهاتوو ئه‌نجامبدرێت.

‌ھاوڵاتی: به‌ڕێزتان چه‌ند جار باستان له‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ملیاران دۆلار کردووه‌ به‌گه‌نده‌ڵى و به‌شێوه‌ى سپى کردنه‌وه‌ى پاره‌ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستاندا؟ ئایا به‌ڵگه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: ئێمه‌ له‌دانیشتى سه‌رکردایه‌تى عێراقدا له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا ئه‌وه‌مان وتووه‌ که‌ تەئکیدمان کرده‌وه‌ هیچ چاکسازییه‌ک ماناى نییه‌ ئه‌گه‌ر رۆشتنى پاره‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌گه‌نده‌ڵى کۆنترۆڵ نه‌کرێت، ئه‌و پارانه‌ى ته‌هریب کراوه‌و نێردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى به‌رپرسه‌کانى عێراقه‌وه‌ له‌دواى 2003وه‌ چ له‌عێراق و هه‌رێم نه‌گه‌ڕێندرێنوه‌و نه‌کرێنه‌ که‌ره‌ستەیەک بۆ بنیادنانى ئابوورى وڵات.

ئێستا له‌سه‌ر ئاستى عێراق بابه‌تى ته‌هریبکردنى پاره‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانى گه‌نده‌ڵه‌وه‌، بووه‌ته‌ باسێکى گرنگ، خواستى میدیاى عێراقى و عه‌ره‌بییه‌، به‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌ستدا هه‌ن سه‌باره‌ت به‌و پارانه‌ى له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ نێردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نها ته‌حقیق نه‌کراوه‌و ژماره‌ى پاره‌کان به‌ته‌واوى کۆنه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌داوى گرنگ هه‌یه‌و چه‌ند به‌رپرسێکیش ده‌ستگیرکراون له‌عێراقدا.

‌ھاوڵاتی: له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ تاچه‌ند هاوکارى حکومه‌تى عێراقن بۆ ئه‌م پرسه‌؟ ئایا ئه‌و وڵاتانه‌ ئاماده‌ن پاره‌کان بده‌نه‌وه‌ به‌لایه‌نى حکومه‌تى عێراق؟

یوسف محه‌مه‌د: له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ زه‌مینه‌ى باش کراوه‌ که‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ هاوکارو هه‌ماهه‌نگ بن له‌م پرسه‌دا.

هه‌ندێک به‌دواداچوون ده‌کرێت له‌ئه‌مریکا بۆ ئه‌و پارانه‌ى له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌ندێک له‌وڵاتانى ئه‌وروپاش ده‌کرێت بۆ ئه‌م پرسى گه‌نده‌ڵییه‌، له‌به‌شێک له‌په‌رله‌مانى وڵاتى ئه‌وروپا یاساى بۆ ده‌رکراوه‌ که‌ رێگه‌خۆشکه‌رن بۆ ئه‌وه‌ى کاریان له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌وه‌ش جێگه‌ى دڵخۆشییه‌.

ئه‌وکاته‌ى له‌په‌رله‌مانى کوردستان بووم له‌ساڵى 2016 سه‌ردانى په‌رله‌مانى سویسرامان کرد یه‌کێک له‌و باسانه‌ى کردمان پرسى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى پاره‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سویسرا باسمان کردووه‌ که‌ یاسایه‌ک له‌په‌رله‌مانى سویسرا ده‌رچووه‌ رێگه‌ ده‌دات به‌ده‌وڵه‌تان ئه‌و پارانه‌ى براوه‌ته‌ سویسرا بیبه‌نه‌وه‌ بۆ وڵاته‌کانى خۆیان و بیانگه‌ڕێننه‌وه‌، که‌  سویسرا شوێنێک بووه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ى پاره‌و سندوقێکى ره‌ش بووه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ى پاره‌، سویسرا ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ناوه‌، چه‌ند وڵاتێک سودمه‌ند بوون له‌و یاسایه‌ى سویسرا، تونس توانى پاره‌ى ده‌سه‌ڵاتى پێشوو بگه‌ڕێنێته‌وه‌ نه‌یجیریا به‌هه‌مان شێوه‌، زه‌مینه‌ى له‌بار هه‌یه‌و پێویستى به‌ئیراده‌یه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ده‌کرێت له‌عێراقدا ده‌توانرێت بکرێته‌ کارتى فشار بۆ هێنانه‌وه‌ى ئه‌و پارانه‌.

‌ھاوڵاتی: له‌هه‌رێم ئه‌و پارانه‌ى براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌گه‌نده‌ڵى به‌خه‌مڵاندن چه‌ندە؟ ئایا له‌هیچ وڵاتێک باسى پاره‌ى به‌رپرسانى هه‌رێمیان بۆ کردوون؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌وکاته‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستاندابووین  سه‌ردانى وڵاتانمان کردووه‌و کارمان له‌سه‌ر کردووه‌و هه‌ر بۆ زانیاریشتان له‌به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو سویسرا کارمان له‌سه‌ر کردووه‌،

له‌سه‌رچاوه‌یه‌کى ره‌سمى به‌شێوه‌ى ناڕه‌سمى  پێمان وترا که‌ حه‌وت ملیار دۆلارى به‌رپرسانى هه‌رێم له‌و وڵاته‌یه‌و به‌گه‌نده‌ڵى و فه‌ساد براوه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌.

له‌خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق فراکسیۆنى گۆڕان کارى له‌سه‌ر کردووه‌، له‌م خوله‌دا زیاتر کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، چونکه‌ هیچ ئیسڵاحێک له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان هیچ مانایه‌کى نابێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پارانه‌ى به‌گه‌نده‌ڵى به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێمه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت.

‌ھاوڵاتی: قه‌باره‌ى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌و سپى کردنه‌وه‌ى پاره‌ له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌خه‌مڵاندن گه‌یشتووه‌ته‌ چه‌ند؟

یوسف محه‌مه‌د: ئه‌و پارانه‌ى براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌یان ملیار دۆلارن، باسى (140) ملیار دۆلار ده‌کرێت که‌ له‌دواى 2003 له‌لایه‌ن به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ به‌گه‌نده‌ڵى براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و پاره‌ى میلله‌ت و خه‌ڵک بووه‌، به‌ڵام تا ته‌حه‌قیقى دادگا نه‌کرێت ناتوانین به‌ته‌واوه‌تى حه‌جمى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ گه‌وره‌یه‌ بزانین.

‌ھاوڵاتی: له‌ 2003وه‌ تائێستا هه‌رێم (25) ملیار دۆلاریان بردووته‌ ده‌ره‌وه‌؟ یا زۆر زیاتره‌ له‌و ژماره‌یه‌؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌گه‌نده‌ڵى و سپى کردنه‌وه‌ى پاره‌ له‌و (25) ملیار دۆلاره‌ى باسى ده‌که‌یت زۆر زیاتر براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، ته‌نها له‌نێوان کابینه‌ى شه‌شه‌م و حه‌وته‌مدا (6) ملیار دۆلارى شیرینى گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان دیارنه‌ما ، بێجگه‌ له‌وه‌ى که‌ساڵانه‌ له‌ به‌غداوه‌ له‌دواى 2003 و 2004وه‌  پاره‌ هاتۆته‌ هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ى موازه‌نه‌و پاره‌ى دیکه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ى موازەنه‌، حه‌جمى ئه‌و پارانه‌ دیار نین زۆر گه‌وره‌ترن له‌و ژماره‌یه‌ى که‌ باست کرد، چونکه‌ قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵییه‌کان زۆر گه‌وره‌ن.

‌ھاوڵاتی: ئێوه‌ ده‌ڵێن به‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌ستن و ئاماده‌ن ته‌نها لێکۆڵینه‌وه‌ى ماوه‌، ئه‌گه‌ر ناوى به‌رپرسانى هه‌رێم له‌و دۆسیه‌ى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى پاره‌ به‌رچاوتان بکه‌وێت یان به‌ڵگه‌کانت به‌رده‌ست بکه‌وێت ئاماده‌ن بڵاویبکه‌نه‌وه‌ بۆ راى گشتى؟

یوسف محه‌مه‌د: به‌دڵنیایى ئه‌وه‌ ئه‌رکى سه‌رشانمانه‌، ئه‌وه‌ حه‌قى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان و هه‌موو عێراقییه‌کانیشه‌ کێ به‌گه‌نده‌ڵى سودمه‌ند بووه‌ ده‌ستپارێزى له‌که‌س ناکه‌ین و ئه‌زمونمان هه‌یه‌و چاوپۆشی له‌ اوى هیچ به‌رپرسێک ناکه‌ین و پارێزراو نابێت، به‌ڵگه‌کان له‌دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کانى عێراقدان و ته‌نها ته‌حقیقیان ماوه‌ تا ئاشکرایان بکه‌ین.ؤ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار