کارنامەی سپی White Paper ی حکومەتی عێراقی
4 ساڵ لەمەوپێش
سهردار عهزیز
نەریت نیە لەعێراقدا حکومەت کارنامەی سپی هەبێ. کارنامەی سپی یان وایت پەیپەر داهێنەری ئینگلیزەکانە. یەکەم کارنامەی سپی لەسەردەمی چەرچڵدا بوو لەلایەن گێرچووید بڵەوە نووسرا، بۆ حکومەتی بەریتانی دەربارەی میزۆپۆتامیا.
حکومەتی کازمیی و بەتایبەتی کەسی عەلی عەلاوی ئەم نەریتەی کۆتایی پێهێنا یان دەستپێکرد، رۆژانی رابوردوو لەڕاپۆرتێکی (٩٦) لاپەڕەییدا وەزارەتی دارایی لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە کارنامەیەکی سپییان بۆ حکومەت نووسیوە، ئەم کارنامەیە نیوەی دەربارەی رەگی کێشەکانەو نیوەکەی تریشی دەربارەی چارەسەرەکانە، بەگشتی راپۆرتێکی گشتگیرە، بەڵام بەچڕی پشت دەبەستێت بەڕاپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەربارەی عێراق کەساڵی پار بڵاوکرایەوە.
ئەگەر بمانەوێ بەپوختی لەڕاپۆرتەکە تێبگەین ئەوا هیچ نیە جگە لەپلان بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لەئەدەبیاتی ئابوری سیاسییدا بەگونجانی بونیادی structural adjustment ناسراوە، ئەم پلانە لەهەشتاکانی سەدەی رابوردوەوە بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک کۆمەڵە پلانێکی ئامادەکراوو هەروەها وەک کۆمەڵە مەرجێک بۆ ئەو وڵاتانەی کەدەیانەوێت قەرز لەو رێکخراوانە وەربگرن، بەکاریدەهێنێت، ئەم پلانانە خۆی لەبچوککردنەوەی حکومەت و تێچوونە گشتییەکان، دابەزینی بەهای دراو لەپێناو بووژانەوەی هەناردەو ئازادکردنی بازاڕ دەبینێتەوە.
لەڕۆژانی یەکەمی گەیشتنی پۆڵ برێمەر لەسەردەمی Coalition Provisional Authority یان هاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی هەوڵی ئەوەیدا کەوڵات لەسەر بنەماکانی ئابوری بازاڕو فەلسەفەی نیولیبرالیزم بەڕێوەببات، ئەو کاتە گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی نووسی، ئەگەر پلانەکە سەربگرێت ئەوا عێراق دەبێتە یەکێک لەهەرە کەپیتالیستترین وڵاتانی دونیا، بەڵام پلانەکەی برێمەر سەرکەوتوو نەبوو، ئەو رۆژگارە، عەلی عەلاوی وەزیری بازرگانی بوو بەوەکالەت لەکۆمێنتێکیدا لەسەر سیستەمی ئابوری دەڵێت، سەردەمێک سۆشیالیزم و سەردەمێکی کرۆنی کەپیتالیزم و ئەم رۆژگارەش بەدەست فەندەمینتاڵیزمی بازاڕەوە دەناڵێنین. بەڵام دوای چەندین ساڵ عەلاوی خۆی دێتەوەو ئەو رێگایە بەتاکە رێگا دەزانێت.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ٢٠٠٣ دەرفەت هەبوو هەتا ئەو رەوتەی لەحەفتاکانی سەدەی رابوردوەوە دەستی پێکردبوو کەخۆی لەفراوانبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت و کەرتی گشتی و حکومەتی کرێخۆریدا دەبینییەوە کۆتایی پێبهێرێت و بازاڕ ئازادبکرێت، بەڵام لەکاتێکدا هیچ کام لەوانە نەکران دابەشکاریی تایفیشی هاتەسەر.
ئێستا حکومەتی عێراقی هیچ بژاردەیەکی تری نیە جگە لەقەرز نەبێت و ئەو پلانانەی کەدایناوە خێرا فەراهەم نابن، دەکرێت بڵێین کەڕاپۆرتەکە چەند پایەیەکی هەیە:
یەکەم: کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت، بەنیوەکردنی موچەی فەرمانبەران، لە ٢٥٪ بودجەوە بۆ ١٢.٥٪ بودجە، وەستانی وەرگرتنی فەرمانبەری نوێ و هەوڵدان بۆ پێدانی هەموو کارەکان بەکەرتی تایبەت.
دووەم: دابەزاندنی نرخی دینار، عەلای بڕوای وەهایە کەئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کەعێراق بتوانێت کێبڕکێ بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ئەم دیدە رەنگە بۆ هەندێک وڵاتانی وەک کوێت و سعودیەو ئوردون راست بێت، بەڵام بۆ وڵاتانی وەک سوریا، تورکیا و ئێران راست نیە لەکاتێکدا کەزۆربەی هاوردەکان لەو وڵاتانەوەن.
پایەی سێیەم: کۆتایی هێنانە بەهەموو پشتیوانی، دەعم، یان سەبسیدیی، بەتایبەتی لەبوارەکانی وزەو کارەباو هەروەها بوارەکانی تردا. بانکی نێودەوڵەتی و ئای ئێم ئێف هەمیشە دژ بەپشتیوانی حکومین بەهەر کاڵایەک چونکە لەڕوانگەی بازاڕەوە نابەرابەری دروستدەکات و ئەو داهاتەی حکومەت بەفیڕۆدەچێت، لەم رووەوە کەرتی کارەبا لەدڵی ئەم پرسەدایە، کارەبا وەک کونی رەشی عێراقی لێهاتووە، هەرچەند بلیون دۆلاری تێدەکەن هەر باش نابێت، لوئەی خەتیب لەگۆڤاری فۆرن پۆلیسی بابەتێکی نووسیوە لەسەر کەرتی کارەبا، وەک وەزیری پێشووی کارەبا، زۆر لایەنی ئەم بوارە بەبەرپرس دەزانێت بەرامبەر ئەم دۆخە، دیارە کەپرسی کارەبا لەعێراقدا راستەوخۆ پەیوەندی بەئێرانەوە هەیە وەک سەرچاوەی دابینکردنی وزەو هەروەها کارەباش.
هەڵسەنگاندن
ئەگەر لەپایە سەرەکیەکانی راپۆرتەکە بنواڕین دەبینین هەموو لەسودی حکومەت و بەقورسی لەسەر خەڵک دەکەوێت، یەکەم، ئەگەر لەڕوانگەی حکومەتەوە لەدابەزاندنی بەهای دینار بنواڕین ئەوا بێگومان هەنگاوێکی لۆجیکییە، چونکە حکومەت بەدۆلار نەوت دەفرۆشیت و کاتێک دۆلار نرخی بەرزدەبێتەوە بەرامبەر دینار ئەوا حکومەت دەبێتە خاوەن دیناری زیاتر، لەهەمانکاتدا حکومەت ئەو پشتیوانییەی کە بۆ دینار دەیکات دەیوەستێنێت، دیارە ئەو پشتیوانییە سەرچاوەیەکی گەندەڵی زۆر گەورەیە لەوڵاتدا.
بەڵام ئەم هەنگاوە بەزیانی خەڵکە لەچەند روویەکەوە: یەکەم، خەڵکی ئەو پارەیەی کەوەریدەگرن بەهای کەم دەکات، کەواتە ئەگەرچی فەرمانبەران هەمان بڕ وەردەگرن، بەڵام بەپێی دابەزینی نرخی دینارەکە نرخەکەی کەم دەکات. دووەم، هەڵاوسان دروست دەبێت، سێیەم، توانای کڕینی خەڵکی کەم دەبێتەوە، چوارهەم، ئەوانەی کە لەبازاڕدا کاردەکەن زەرەرمەنددەبن چونکە ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت توانای کڕینی کەمترە.
بەهانەیەکی تر بۆ ئەم هەنگاوە دەهێنرێتەوە ئەوەیە کەدەتوانرێت کێبڕکێی کاڵای وڵاتانی دراوسێ بکرێت، هەردوو ئێران و تورکیا نرخی دراویان بەئاستێک نزمە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت کێبڕکێیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەوەی گرنگە لەموچەدا لەعێراق و هەروەها کوردستانیش تەنها بڕی پارەیە کەدەگاتە بازاڕو لەبازاڕەوە دەگاتە دەستی بازرگانی بچوک و مامناوەند. بەم پێیە موچە تەنها بڕی پارەیە کە لەکۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوەو دەبێتە هۆکاری زیندوێتی بازاڕو دەستاودەستکردنی دراو. هەرچەندە ئەم بونیادە ئابورییە بووەتە هۆکاری دروستبونی کەرتی بەرفروان لەبەرخۆرو کوشتنی بەرهەمی خۆماڵی، حکومەت وەها باشترە تاریفەو رێکخستنی کاڵاکان بکات لەبڕی دابەزاندنی نرخ، چونکە یەکێک لەهۆکارەکانی تری بەرزی نرخی دینار ئەوەیە کە لەئەدەبیانی ئابوری سیاسییدا بە نەخۆشی هۆڵەندی ناودەبرێت، ئەمەش بریتیە لەبەرزبوونەوەی برخی دراو، لەبەر بوونی زۆری دراوی قورس لەبازاڕدا بەهۆی هەناردەی سامانی سروشتییەوە، ئەمەش وەها دەکات هەموو جۆرە بەرهەمهێنانێک لەناوخۆی وڵاتدا بە گران بکەوێت، بەبەراورد بەوڵاتانی تر، کەخاوەنی سامانی سروشتی نین، دەکرێت دینار نیمچە ئازاد بکرێت لەبری ئازادی تەواو.
بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە رەنگە حکومەتی عێراقی بژاردەکانی کەمبێت و ناچاربێت ئەم هەنگاوانە هەڵنێت. ئارگومێنتێکی ئەوانەی کەپشتیوانی هەنگاوەکانی کارنامەی سپین ئەوەیە کەئەگەر حکومەت ئەم هەنگاوانە هەڵنەنێت ئەوا لەکاتی داڕمانی نرخی دیناردا دۆخەکە زۆر سەختتر دەبێت و حکومەت هیچ توانایەکی نابێت بۆ ئەوەی هیچ هەنگاوێک هەڵنێت، بەڵام زۆرێک لەوانەی کەڕەخنەیان لەکارنامەکە هەیە وەهای دەبینن کەهەنگاوی تری زۆر هەیە حکومەت دەتوانێت بیاننێت، وەک نەهێشتنی بندیوار، چەند موچەیی، هەروەها کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کەرتی بەرگریی و ئاسایش.
لەهەردوو کوردستان و عێراقیش بڕی زۆری داهاتی وڵات دەچێت بۆ کەرتی چەکداریی. ئەم کەرتە نەک هەر نابێتە هۆکاری بوژانەوەی ئابوری، بەڵکو رێگرە لەوەی کەحکومەت بتوانێت بەئاسانی کار لەسەر گەشە بکات. کەرتی چەکداریی نەبووەتە هۆکاری هاتنەئارای ئاسایش لەعێراقدا، ئەگەر عێراق بیەوێت زەمینە بسازێنێت بۆ راکێشانی کۆمپانیاو سەرمایەی دەرەکی، ئەوا دەبێت ئاسایش لەئارادابێت، بەڵام هێزی چەکدار جۆرێکی تایبەت لەئابوری نانیشتمانییان دروستکردووە کە ئاسان نیە بۆ هیچ لایەک بەئاسانی بتوانێت بێتە ناویەوە.
بەڵام وەها دیارە زۆربەی لایەنەکان بەکارنامە رازیین، چونکە بژاردەی بەدیل زۆر خراپترە لەکاتێکدا چاوەڕوان ناکرێت بەمزووانە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.