حزبه‌ سیاسییه‌کان بوونه‌ته‌ هۆکارى دابه‌شبوونى کۆمه‌ڵگەو دروستبوونی دیاردەی جنێودان

د.محه‌مه‌د قادر، پزیشکى ده‌روونى بۆ ‌هاوڵاتى:

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

د.محهمهد قادر، پزیشکى دهروونى لهچاوپێکهوتنێکدا لهگهڵ هاوڵاتى سهبارهت بهدیاردهى جنێودان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژه بهوه دهکان کە حزبه سیاسییهکان بوونهته هۆکارى دابهشبوونى کۆمهڵگە بۆ چهند لایهنێکى جیاو ناتهباو دروستبوونی دیاردەی جنێودان.

د.محهمهد قادر، هەروەها دەڵێت پهروهردهو ژینگهى گهورهبوونى مرۆڤ، دواى هۆکارى بۆماوهیى گهورهترین هۆکارن بۆ دروستکردنى کهسایهتى تاک و چۆنیهتى ههڵسوکهوتکردنى کهسی جنێودەر، بهدرێژایى ژیانی.

هەروەها وتى «بههۆى زۆربوون و ئاسان بهریهککهوتنى بیره جیاوازهکان و لهههمان کاتدا ئاسانى دهستگهیشتن بهتۆڕه کۆمهڵایهتییهکان. ئێستا ههموو کهسێک بهشارهزاییهکى کهم و تێچوویهکى زۆر کهم دهتوانێ لهچهندین تۆڕى کۆمهڵایهتى بهشداربێت و بیروڕاى خۆى دهرببڕێت».

هاوڵاتى: دیاردهى بهرفراوانى جنێوو سوکایهتیکردن لهم دواییانهدا لهناو سۆشیال میدیا زۆر بووه، وهک پسپۆڕێکى دهروونى بۆچى دهگهڕێنیتهوه؟

محهمهد قادر: بهرفراوانبوونى ئهم دیاردهیه بهم دواییانه کۆمهڵێک هۆکارى لهپشتهو ناتوانرێت ههر ههمووى تهنها به نهخۆشێ یان ناڕێکى دهروونى لێکبدرێتهوه. بهڵام هیچ گومانێک لهوهدانیه که ئهم دیاردهیه لهگهڵ دهرکهوتن و چالاکبوونى تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان بهشێوهیهکى بهرچاو زیادى کرد، بێگومان ئهمهش بههۆى زۆربوون و ئاسان بهریهککهوتنى بیره جیاوازهکان و لهههمان کاتدا ئاسانى دهستگهیشتن به تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان. ئێستا ههموو کهسێک بهشارهزاییهکى کهم و تێچوویهکى زۆر کهم دهتوانێ لهچهندین تۆڕى کۆمهڵایهتى بهشداربێت و بیروڕاى خۆى دهرببڕێت.

هاوڵاتى: ئهو کهسهى جنێو دهدات به نهخۆش ههژماردهکرێت؟

محهمهد قادر: ناتوانرێت بڵێین کهسى جنێودهر نهخۆشیى دهروونى ههیه، بۆ دهستنیشانکردنى کهسێک به نهخۆشییهکى دهروونى کۆمهڵیک مهرج و بهدواداچوونى ورد ههیه، بهڵام لهڕووى دهروونییهوه ئهو کهسانهى ناجێگیر بن و کێشهیهکى دهروونى یان نهخۆشییهکیان ههبێت، لهکهسانى دیکه زیاتر تووشى ههڵجوون و پهرچهکردار دهبن، لهوانهش جنێودان. بهمانایهکى دیکه، ئهوهى جنێو بدات مهرج نیه نهخۆشیى دهروونى ههبێت، بهڵام ههندێک حاڵهت یان نهخۆشیى دهروونى وادهکهن کهسێک ههڵهشه بێت و کهمتر کۆنترۆڵى ههڵسوکهوتهکانى بکات بهجنێودانیشهوه.

هاوڵاتى: لهڕووى سایکۆلۆژییهوه، هۆکارى جنێودان چییه؟ واته بهکارێکى ئاسایی دادهنرێت یان نا؟

محهمهد قادر: مرۆڤ توندوتیژ دهبێت کاتێک رووداوێک ههڕهشهیه لهسهر مانهوهى لهژیان یان لهسهر پێگهى کۆمهڵایهتیى ئهو کهسه. بێگومان ئهوهى یهکهمیان پێویستى بهکۆمهڵێک میکانیزمى فیزیکى ههیه بۆ ئهوهى ههڕهشهکهى لهسهر نهمێنێت، که ئهمه بابهتهکهى ئێمه نیه، بهڵام ههڕهشه لهسهر پێگهى کۆمهڵایهتى لهکاتى ئێستادا زیاتر بههۆى زمانهوه یهکلایى دهکرێتهوه، که ئهمهش لهڕێى ههڕهشهو جنێودانهوه دهردهبڕدرێت.

ئهگهر سهرنج بدهینه جنێوو نووسینه ههڕهشه ئامێزهکانى ناو تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان، بهشى زۆرى هێرشه بۆ سهر پێگهى کۆمهڵایهتى ئهو کهسه یان ئهو لایهنه که جنێوى پێدراوه. ئهمهش لهپێناو کهمکردنهوهى پێگهى کۆمهڵایهتى ئهو کهسه بهدانهپاڵى کۆمهڵێک کارهکتهرى ناشرین بهو کهسه، بەبهکارهێنانى وشهگهلێک کهجێگهى شهرمن لهناو کۆمهڵگه بۆ لێدان لهپێگهى ئهو کهس و لایهنه.

ئهم حاڵهتانه لهکهسێک بۆ کهسێک و لهخێزانێک بۆ خێزانێکى ترو تهنانهت لهنهتهوهیهک بۆ نهتهوهیهکى تریش جیاوازه، کۆمهڵیک هۆکار رۆڵى خۆیان دهبینن سهبارهت بهوهى که چۆن و چ کاتێک ئهو کهسه جنێو دهدات یان ههڕهشه دهکات. وهکو تهمهن،  پهروهردهى خێزانی، ئاستى زیرهکى سۆزداری، پێگهى کۆمهڵایهتى و بارى دهروونى تاک، چونکه ئهوهش دهبێت بزانین که ههمان کهس لهکاتێک بۆ کاتێکى دیکهو لهبابهتێک بۆ بابهتێکى دیکه جیاوازه.

هاوڵاتى: لهڕووى سایکۆلۆژییهوه، چۆن چارهسهر دهکرێت؟

چارهسهرى بنهبڕ بۆ ئهم بابهته ئاسان نیه، چونکه ئهمه دیوێکى سۆسیۆلۆژیشى ههیه، کۆمهڵگە ناتوانرێت بهئاسانى بهئاراستهیهکى دیاریکراو گۆڕانى بهسهردابێت. بهڵام لهسهر ئاستى تاک لهڕێى پسپۆڕى دهروونى و توێژهرى کۆمهڵایهتییهوه دهکرێت تاکهکان بهرهو ئاستێکى دیکه باشتر بهرزبکرێنهوه. لهسهر ئاستى کۆمهڵگە دهبێت کهسانى کاریگهر بهپلانى دیراسهکراوو درێژخایهن کارى بۆ بکهن.

هاوڵاتى: کاریگهرى ئهمانه لهسهر سایکۆلۆژى خهڵکى تر چۆنه؟ واته کهسی تر کاریگهرى لهسهریان دهبێت، فێرى جنێو بن؟

محهمهد قادر: بێگومان کاریگهرى ئهمانه لهسهر کهسانى دیکهش زۆره بهشێوهیهکى نهرێنی، ههندێکجار پهرچهکردار دروستدهکات لهلایهنى بهرامبهر یان لایهنگرانى و ئهمهش سهردهکێشێت بۆ جهمسهرخوازى لهناو کۆمهڵ و دهرئهنجامى نهخوازراوى لێدهکهوێتهوه، لهههندێ بارى دیکهشدا کهسانى دیکه هاندهدات بۆ ئهوهى ههمان کار دووباره بکهنهوهو شهڕانگێزى دهروونییان پراکتیز بکهن.

هاوڵاتى: لهههفتهی ڕابردوودا دوو حاڵهت ههبوو، یهکێکیان گیانلهدهستدانى باباشێخ رابەرێکی رۆحی یهزیدى و دواى ئهو ژنه نووسهرێک مهاباد قهرهداغى بوو، کاردانهوهى زۆرى لێکهوتهوه، زۆریش لهبۆچوونهکان به بیانووى پاڵنهرى دینی، ئهو قسانه دهکهن، هۆکارهکهى چییه؟

ههموو لایهک ئهوه دهزانین کههیچ ئاینێک هاندهرى ئهو جۆره دهربڕین و گوفتارانه نییه، بهڵکو  ههمیشه ئایینهکان بانگهشهى پێچهوانهى ئهو دهربڕینانهیان کردووه، بهڵام لهبهر ئهو هۆکارانهى پێشتر باسمان کردو دروستبوونى ئهم جهمسهرگیرییهى ئێستا لهناو تاکهکان ئهو جۆره پهرچهکردارانه چاوهڕوانکراوهو بێگومانم لهوهى لهزۆر کۆمهڵگەى دیکهش ئهم ئاکاره ناشرینانه ههیه.

هاوڵاتى: زیاتر کام لهمانه کاریگهریى ههیه، حزبه سیاسییهکان و پهروهردهى خێزان؟

محهمهد قادر: پهروهردهو ژینگهى گهورهبوونى مرۆڤ، دواى هۆکارى بۆماوهیى گهورهترین هۆکارن بۆ دروستکردنى کهسایهتى تاک و چۆنیهتى ههڵسوکهوتکردنى ئهم کهسه بهدرێژایى ژیانی، حزبه سیاسییهکان بهداخهوه بوونهته هۆکارى دابهشبوونى کۆمهڵگە بۆ چهند لایهنێکى جیاو ناتهبا، بهڵام ئهمه بیانوو نادات بههیچ کهسێک کهجنێودان بهئاسایى نیشان بدات.

هاوڵاتى: کاریگهریى ئهو قسهو کردهوانه بۆ سهر نهوهکانى داهاتوو چى دهبێت؟

محهمهد قادر: ناتوانین بڵێین کاریگهرییهکانى لهسهر نهوهى داهاتوو چۆنه، ئهمه کات بڕیارى لەسەر دهدات، لهڕووى دهروونییهوه کۆمهڵیک کهسایهتى ههن لهئهنجامى بهرکهوتنى بهردهوامییان بۆ توندوتیژى، لهوانهیه ببنه کهسانى زهرهرمهندو کهسایهتى ناڕێک و زیان بهخشییان لێ دهربجێت بۆ خۆیان و دهوروبهریان، جنێودان و ههڕهشه بهئاشکرا لهتۆڕى کۆمهڵایهتى لهوانهیه ببێته هۆکارى زیادبوونى ئهم تاکانه، ههرچهنده ئهم بابهته قووڵتره که ههروا بهئاسانى بڕیارى لهسهر بدرێت و تووێژینهوهى زانستیى وردى پێویسته.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار